رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان دەڵێت، پارێزگای وان دیمەنی سەرنجڕاکێشی هەیە، بەڵام نەبوونی ژێرخان و ئاگادارنەبوونی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکەی تورکیا و جیهان وایکردووە، گەشتیاری زۆر رووی تێنەکەن.
نەجدەت تاکوا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، لە ساڵی 2015ـەوە بایەخ بە کەرتی گەشتیاری دەدەن و لە چەندین ساڵی رابردوودا تەنیا سەرنجیان لەسەر گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە، بەڵام پلانیان هەیە لەمەودوا کار لەسەر راکێشانی سەرنجی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەو چوارچێوەیەشدا دوای جەژنی رەمەزان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
نەجدەت تاکوا باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە وایانکردووە وان لە بوارە جیاوازەکانەوە پێشکەوتنی کەم بەدەستبێنێ و دەڵێت، هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانە و لەوبارەوە قسەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش کردووە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سڵاو و رێز بەڕێز نەجدەت تاکوا. کەشی شاری وان ساردە و شاخەکانی بە بەفر داپۆشراون. ئێستا بینەرەکانمان لە هەرێمی کوردستان دەمانبینن و دەڵێن، خۆزگە لەوێ بوواین.
نەجدەت تاکوا: گامێش قڕان تازە کۆتاییهاتووە. بەم کاتە دەڵێین گیسکێ پێرێ و لەم کاتەدا کەشوهەوا لە وان ساردە. کاتێک شاخەکانی دەوروبەری شاری وان بە بەفر دادەپۆشرێن، سەرمای بەفرەکە بەرەو شارەکە دێت. پێمان وایە لە 10 رۆژی دیکەدا کەشەکە دەگۆڕێت.
رووداو: کاتێک باسی وان دەکەین، ئاو هەیە، شاخ هەیە و سرووشتێکی زۆر جوان دەبینین، واتە هەموو شتێک لە وان هەیە. وان یەکێکە لە شارە هەرە خۆشەکانی کوردستان. ئەی دۆخی بازرگانی چۆنە؟
نەجدەت تاکوا: لەراستی دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەراورد بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی شارەکانی دیکەی تورکیا بەرز نییە. بازرگانی لێرە بەرەو پێش نەچووە و شارەکە زۆر بەڕووی دەرەوەدا نەکراوەتەوە. داوا و هیوامان ئەوەیە کە وان لەگەڵ هەموو شوێنێکی جیهان بکەینە دۆست و پەرە بە بازرگانی و ئابووریی شارەکە بدەین.
ئێمە لە ئێرانەوە نزیکین و بە دووری 180 کیلومەتر سنووری هاوبەشمان هەیە و دەروازەشمان هەیە کە دەکەوێتە سنووری شاری خۆی؛ هەروەها لەگەڵ شاری ورمێ لەلای گەڤەرەوە لە جۆلەمێرگ سنوورمان هەیە. تاوەکو ساڵی 2015 نەماندەزانی گەشتیاری ئێرانی بۆ ئێمە دەوڵەمەندییە، واتە لەڕووی گەشتیارییەوە لە بایەخەکەی تێنەگەیشتبووین. لە ساڵی 2015ـەوە بایەخی زۆر بە کەرتی گەشتیاری و گەشتیاری ئێرانی بەتایبەتی دەدەین. بەوجۆرە پێشکەوتنمان بەدەستهێنا. لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 800 هەزار گەشتیاری ئێرانی سەردانی وانیان کرد و لێرە کاتیان بەسەربرد. بۆیە دەبێت بڵێم، کەرتی گەشتیاری گەشەیەکی کردووە و دۆخی باش بۆ بازرگانیی وان دروستبووە. زۆر دڵخۆشین بەوە، بەڵام ئەوەی بەدەستهاتووە کەمە.
نابێت وان لە بواری گەشتیاری دا تەنیا پشت بە ئێران ببەستێت؛ لە پلانماندایە کار لەسەر هەرێمی کوردستانیش بکەین. ئێمە و هەرێمی کوردستان بە هەمان زمان قسە دەکەین؛ یەک گەلین؛ دەمانەوێت خەڵکی وان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و خەڵك لە هەرێمی کوردستانەوە بێن بۆ شاری وان. بۆ ئەم ساڵ ئەوەمان لەبەرچاوە، پڕۆژەمان هەیە و هەوڵەکانمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن. بە بۆچوونی من، دوای رەمەزان و جەژنی رەمەزان، دەچین بۆ هەرێمی کوردستان و هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بەربەستەکانی بەردەم بازرگانیی نێوانمان چین تاوەکو دۆخێک بۆ بازرگانیی هەرێمی کوردستان و شارەکەمان دروست بکەین کە کاریگەر بێت.
لەنێو 81 پارێزگای تورکیادا، شاری هەرە هەژار لەڕووی ئابوورییەوە وانە. ئەوەش شتێکی سەیرە بەڕاستی. هەندێک بەربەست هەن؛ بەربەستی هەرە گەورە بریتییە لە روانگەی دەسەڵات بۆ وان، واتە بەرپرسەکانمان بۆ پێشکەوتنی وان هەوڵی باش نادەن. ئێمە هەموو رۆژێک رەخنە لەو شتانە دەگرین؛ رەخنەشمان بۆ بەرژەوەندی و دەوڵەمەندی گەلەکەمانە. ئەگەر پشتیوانیی دەسەڵات نەبێت، شارەکەمان گەشە ناکات.
بەربەستەکان زۆرن و ئێمەش دەمانەوێت بناخەیەک دابنێین بۆ گەشەکردنی شارەکە. دەبێت ئاستەنگەکانی وەک رێگەوبان نەهێڵدرێن، چونکە ئەگەر ئەوانە چارەسەر نەکرێن، ئابووری گەشە ناکات. پێویستە لەسەر ئەو بناخەیە ئابوورییمان گەشە پێ بدەین. ئەو بناخەیەش پێویستە بە پشتیوانی دەسەڵات و ئەنقەرە ئامادە بکرێت. پێویستە خەڵکی وان هێزی خۆی یەکبخات و بەوجۆرەش بناخەی ئابووری دابنێت و بتوانین گەشە بە بازرگانیمان بدەین.
دووەمین شت ئەوەیە کە نزیکەی 40 ساڵ شەڕ هەبوو و ئەوەش ئاستەنگی گەورە بوو. ئێستا دۆخەکە باشە و ئێمەش بەوە دڵخۆشین. وان دەرفەتی زۆری لە بواری گەشتیارییەوە هەیە، بەتایبەت کاتێک دەبینین هەموو شت لە وان هەیە.
بەربەستێکی دیکە زۆریی ژمارەی کۆچبەرانە لە وان. لە ساڵی 2010ـدا ژمارەی دانیشتووانی وان لەنێوان 900 هەزار تاوەکو 950 هەزار بوو؛ لە ساڵی 2011 دوو بوومەلەرزە لە وان روویاندا و دوای بوومەلەرزەکانیش ژمارەی دانیشتووانی وان بەرزبووەوە بۆ یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس. ئێستاش ژمارەی دانیشتووان دەگاتە سەرووی یەک ملیۆن و 150 هەزار کەس. ژمارەیەکی زۆری کەس هاتن بۆ وان، بەڵام بە توانای کەسی و بە پڕۆژەوەوە نەهاتن. گەنجەکانمان و ئەوانەی خوێندەواریان نییە، بێکار ماون، هەرچەندە هەندێکیان ئێستا چوونەتە رۆژئاوای تورکیا و لەوێ کار دەکەن.
رووداو: وان شارێکی گەشتیارییە و کارتان زیاتر بە گەشتیارییەوە گرێدراوە. لەڕووی پیشەسازییەوە دۆخەکە چۆنە؟ ئایا لێرە پیشەسازی هەیە؟ شتێک بەرهەم دەهێنرێت؟
نەجەت تاکوا: بەڵێ، ناوچەی پیشەسازی هەیە کە ناوچەی پیشەسازیی ئۆرگانیزە. ئێستا لە ناوچەی پیشەسازیی وان نزیکەی 200 کارگە هەن کە لە کەرتی بیناسازی، خۆراک، ئاژەڵداری و چەندین کەرتی دیکەدا خەریکی کار و چالاکین.
ئەگەر سەیری قەڵای وان بکەی، لەوبەری قەڵاکە ناوچەی بازرگانی و پیشەسازی هەیە کە نزیکەی 200 کارگەی تێدایە. ناوچە پیشەسازییەکە هێشتا بە تەواوی ئامادە نەکراوە و زۆر کەموکورتی هەیە، تەنانەت لە بناخەکەشیدا زۆر کەموکورتی هەن. کارگەی خۆشم لەوێیە؛ دەرفەتی زۆر هەیە کە بەرەو پێشەوە بڕوات.
کەموکورتی هەیە و پێویستە خەڵک لە دەوروبەرەوە بێن و سەیری دەرفەتەکانی بەردەم پێشکەوتنی وان بکەن. ئێمە هەمیشە داوا لە خاوەنکار و بازرگانان دەکەین کە بێن و سەیری دەرفەتەکانی بەردەم وان بکەن؛ ئەوان پێویستە شارەزای وان بن و دواتر بڕیارێک لەسەر کارێک یان بازرگانییەک بدەن. پێویستە زیاتر کار بکەین بۆ ئەوەی زیاتر شارەکەمان بناسێنین.
رووداو: ئێوە دوای رەمەزان دەچنە هەرێمی کوردستان. چ پەیوەندییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و شاری وان هەیە؟ لە چ کەرتێکدا دەرفەتی وەبەرهێنان لەوێ هەیە کە ئێوە بتوانن هاوکار بن؟
نەجدەت تاکوا: سەرەتا پێویستە چەندین ساڵ هاتووچۆمان هەبێ بۆ ئەوەی شارەزای هەرێمی کوردستان بین و لە دەرفەتەکانی ئاگاداربین. پێویستە بازرگان و خاوەنکارانیش لەوێوە بێنین بۆ ئێرە تاوەکو سەیری دەرفەتەکانی بەردەمیان بکەن. بازرگانان کەسانی ژیرن و ئەگەر نەزانن دۆخەکە چۆنە و دەکرێت لە داهاتوودا چی رووبدات، کار ناکەن. سرووشتی مرۆڤ وایە.
ئێمە بەگشتی کار لەسەر کەرتی گەشتیاری دەکەین. کاتێك خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری دەرفەتەکانی ئێرە دەبن و خەڵکی پارێزگای وان و دەوروبەریشی شارەزای هەولێر، دهۆک، زاخۆ، سلێمانی و شارەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبن، لەو بڕوایەدام ئیدی لەنێوان دوو تاوەکو سێ ساڵ دا پەیوەندییەک لە نێوانیاندا دروست دەبێت.
گەشتیاری بناخەی هەموو کەرتەکانە. ئەگەر بازرگانەکان بێن بۆ ئێرە، دەتوانن بە سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر کارێک بکەن؛ بە سوود وەرگرتن لە ئاو کارێک بکەن؛ لەڕووی گەشتیارییەوە کارێک بکەن. بۆ نموونە، وان لەنێو ئاناتۆڵیادا پێش ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە پایتەخت بووە. باسی ئەوە دەکرێت ئەم شارە حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا پایتەخت بووە، واتە بناخە و کولتوورێکی لەو شێوەیەی هەیە. لەسەر ئێمە پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەین و ئێرە بە گەلانی دیکە بناسێنین.
بە بڕوای من، دراوسێ هەرە نزیکەکانی وان بریتین لە هەرێمی کوردستان، ئێران و ئەرمینیا. خۆزگە دەمانتوانی شارەکەمان بە خەڵکی ئەو شوێنانە بناسێنین. ئێمە و هەرێمی کوردستان یەک گەلین، ئەوەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە و هەرێمی کوردستانیش.
رووداو : باست لەوە کرد کە بەربەستی زۆر گەورە هەبوون و بۆ چەندین ساڵ لێرە شەڕ هەبوو. ئێستا شەڕ لە ناوچەکەدا نەماوە، بەڵام سەقامگیری سیاسیش نییە. ئەوە چەند ساڵە هەڵبژاردن دەکرێت و سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێردرێت، بەڵام کیشەی سیاسی هەر هەیە و قەییووم دادەنرێت. ناسەقامگیریی سیاسی لەنێو شار تاوەکو چەند کێشەیە بۆ ئێوە، بازرگان و پێشکەوتنی پیشەسازی وان؟
نەجدەت تاکوا: ئەو شتانەی باسیان دەکەیت کێشەی هەرە گەورەن بۆ شارەوانی و دەسەڵاتی خۆجێیی. 15 ساڵە قەییووم دادەنرێت. بۆ نموونە، لە شارەکانی خۆتان وەک سلێمانی و هەولێر، کاتێک بەربەستێکتان هەبێت، دەچن بۆ لای سەرۆکی شارەوانیی خۆتان کە دەیناسن، بەڵام ئێمە ئەو دەرفەتەمان نییە.
لە 10 ساڵ دا شەش قەییووم دانراون، واتە هەر قەییوومێک تێکڕا ماوەی ساڵ و نیوێک لە دەسەڵات دا بووە. هەر کاتێک قەییووم دەگۆڕدرێت، سەرۆکی شارەوانیش دەگۆڕدرێت. هەردوو پۆست بە یەک کەس بەڕێوەدەبردرێن. قەییوومەکان کێن؟ یان پارێزگارەکانن یانیش قایمقامەکانن. ئەوانیش دوو تایبەتمەندییان هەیە. یەکەمین شت ئەوەیە کاری خۆیان دەکەن و دووەم شتیش ئەوەیە کاروباری شارەوانی بەڕێوەدەبەن.
کاتێک قەییووم دەگۆڕدرێت، سەرۆکی شارەوانیش دەگۆڕدرێت. کە سەرۆکی شارەوانیش گۆڕدرا، پڕۆژەکان دەگۆڕدرێن، گۆڕانکاری بەسەر روانگەکان دا دێت و هەموو شت دەگۆڕدرێت. 15 ساڵە بەم شێوەیە بەربەستمان لە پێشە و پێشنەکەوتووین.
ئەگەر پڕۆژەیەک ببەیت بۆ لای سەرۆکی شارەوانی یان بۆ لای قایمقامی شارەکەت، هێشتا لە پڕۆژەکە و بنەماکەی تێنەگەیشتووە دەگۆڕدرێت و ئیدی هەموو شتێک دەمێنێتەوە. کاتێک قەییوومێکی نوێ دادەنرێت، ئەو کەسە تاوەکو لەگەڵی رادێت، دەگۆڕدرێت. ئەمە کێشە و بەربەستێکی زۆر گەورەیە لەبەردەم پێشکەوتنی شارەکان.
ئەگەر سەرۆک شارەوانییەک بۆ پێنج ساڵ هەڵبژێردرا، پێویستە بۆ پێنج ساڵ خزمەتی شارەکەی و خەڵکەکەی بکات. ئەگەر ئەو کارە نەکات، پڕۆژەکە سەرناگرێت. پێویستە گەل ئەم بەربەستانە ببینن و بڕیاری خۆیان بۆ شارەکەیان بدەن. بە چ شێوەیەک بڕیار بدەن؟ بەردەوام دەڵێم، سیاسەت، ئایین و مەزهەب نییە، بەڵکو دەگۆڕدرێت.
رووداو: ئەنقەرە تاوەکو چەند هاوکاریی وان دەکات بۆ ئەوەی خێراتر پێشبکەوێت؟ بە بیرم دێت لە ساڵانی رابردوودا بۆردێک لێرە هەبوو، وەک بۆردی ناوچەی خابوور، شرنەخ و شوێنی دیکە... ئایا هیچ هاوکارییەک لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ وان هەیە؟
نەجدەت تاکوا: ئێستا ناتوانین بڵێین پشتگیری، هاوکارییەکی دیار بۆ وان هەیە، لەڕاستی دا ئەوە تاوەکو ئێستاش نییە. بەڵام ئەوان ناچارن رۆژێک دەرفەتەکانی بەردەم شارەکە ببینن، چونکە دەسەڵاتدارن.
کەموکورتییەکان زۆرن. پڕۆژەیەک هەیە بەناوی رێگەی گەشەپێدان؛ رێگەکە دەیان ساڵە تەواو نەکراوە. ئەو رێگەیە ئیبراهیم خەلیل-خابوور تاوەکو وان و لە وانیشەوە تاوەکو دەریای رەش دەڕوات.
ئێستا لە وان دوو رێگەمان هەن کە ئەگەر بمانەوێت بەرەو هەرێمی کوردستان بڕۆین یان لە هەرێمی کوردستانەوە بێن بۆ وان بەکاردەهێندرێن. یەکێکیان رێگەی چەلێ و دەروازەی سنووریی سەرزێڕە کە ئەویش لەڕووی ژێرخانی رێگەوبانەوە کێشە و کەموکورتی هەیە. ئەوی دیکەشیان لە رێگەی ئیلێهەوەیە کە دێت بۆ دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل کە لانیکەم شەش کاژێر کاتی پێویستە تا وەکو گەیشتنە سنوورەکە.
ئەگەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وان و ناوچەکانی دەوروبەری سوودی زۆری دەبێت. ئەو رێگەیە پڕۆژەیەکی ستراتیجییە. بێگومان ئەگەر تورکیا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکات و رێگەکە بە تەواوی بکرێتەوە، ئەو شەش کاژێرەی نێوان وان و ئیبراهیم خەلیل بۆ دوو کاژێر و لەوانەیە کەمتریش کەم بێتەوە.
ئەگەر رێگەی دەروازەی سنووریی سەرزێڕیش ئامادە بکرێت و فراوانکردنی تەواو بکرێت، لەو رێگەیەوە بە سێ کاژێر دەتوانی بگەیە وان. ئەو رێگەیەش بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام بە کردنەوەی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکە گۆرانکارییەکی گەورە بۆ وان روودەدات. چەند رۆژێک پێش ئێستاش کە سەرۆککۆمار هات بۆ وان، یەکەمین و سەرەکیترین داواکاریمان لێی ئەو رێگەیە بوو؛ داوامان کرد کە سەرۆککۆمار ئەو رێگەیەمان بۆ ئامادە بکات، واتە ئێمە هەموو سەرنجمان خستووەتە سەر ئەو پڕۆژەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ