کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر: لە نزیکەوە چاودێریی کێشەی وزەمان لەنێوان هەولێر و بەغدا کردووە

22-11-2022
هەوراز گوڵپی @Hawrazgulpi
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ​
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ​
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
وەرگێڕان: دڵزار زوبێر 

دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ کێشەی وزە لەنێوان هەولێر و بەغدا کردووە، چەند هەوڵێک هەن بۆ ئەوەی لەسەر رەشنووسی یاسای هایدرۆکاربۆن رێکبکەون. دەشڵێت، پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەیە، هانی بازرگانە بەریتانییەکانیان داوە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.
 
دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە بڕگەی سەرتێشتی نوڕۆژ لە رووداو باسی لە کارەکانی لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و گوتی، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا زۆر پتەوە، بەریتانیا پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکات لە کەرتی گازی سرووشتی، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی دارایی و ژێرخانی پێویست دروستبکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو گازە هەناردەبکات.
 
کۆتایی ئەمساڵ دەیڤد هەنت، کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت وەک کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە دەڵێت: "کارکردنم لە هەرێمی کورستان یەکێک بووە لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانم، پەیوەندیی باشم لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە، کاتێک دەگەڕێمەوە بەریتانیا لە وەزارەتی دەرەوە کاردەکەم، لە وەزارەتی دەرەوە کار لەسەر هەرێمەکە دەکەم لە بواری دانانی سیاسەتەکان. پێشبینی دەکەم هەموو پەیوەندییەکانم لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپارێزم کە هەمیشە کارم لەسەریان کردووە بۆ ئەوەی بەرەوپێشیان ببەم."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر
 
رووداو: ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستانیت، تێکەڵاوی زۆرت لە خەڵک و سیاسییەکان هەیە، فێری زمانی کوردی فێربوویت؟
 
دەیڤد هەنت: زۆر سوپاس. خۆشحاڵم کە لێرەم دووبارە قسە بۆ رووداو دەکەم. سوپاس بۆ کاتەکەتان. هەوڵمدا هەندێ زمانی کوردی فێربم پێش ئەوەی بێم. دەتوانم بڵێم کەمێک بەرەوپێشچوونم هەبوو. هەوڵدەدەم زمانی کوردی لە کاتی پێشكێشکردنی گوتار بۆ رای گشتی بەکاربێنم. کاتێک کە گوتار دەدەم. هەوڵدەدەم لە سەرەتا و کۆتاییدا هەندێ وشەی کوردی بڵێم بۆ ئەوەی پێشانی بدەم کە من هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی فێری زمان و کولتوورەکە بم. پێموایە دەبووایە زۆر باشتر بم، بەڵام ئەوەی کە پێمکراوە کردوومە. کوردی زمانێکی زۆر جوانە، بەڵام باشترین زمانزانی جیهان نیم، بەڵام هێندەی پێمبکرێت بەکاریدەهێنم.
 
رووداو: چ وشەیەکی کوردی فێربووی؟
 
دەیڤد هەنت: تۆ من دەخەیتە مەوقیفەوە. من دەستەواژە ستانداردەکان بەکاردێنم بۆ ئەوەی بڵێم بەیانی باش، ئێوارە باش. هەمیشە دەڵێم زۆر سوپاس. هەمیشە هەوڵدەدەم جوامێرانە بم و لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاریبێنم. 
 
رووداو: شتێک کە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەت و گەڕانەوەت بۆ بەریتانیا لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە وەک یادگارییەکی خۆش لەلات بمێنێتەوە چییە؟
 
دەیڤد هەنت: سوپاس. بە راستی ئەوە پرسیارێکی زۆرباشە. زۆر چێژم لەو کاتە بینی کە لە کوردستان بەسەرمبرد. پێموایە فێری زۆر شت بووم و ئەزموونێکی ناوازە بوو بۆ من. هەمیشە گوتوومە، کاتێک کە پۆستەکەم لە کۆتایی ساڵ لە هەرێمی کوردستان کۆتاییدێت، ئەوە تەنیا دەبێتە سەرەتایەک بۆ هاوڕێیەتیی من لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق و خەڵکەکەی. کاتێک کە دەگەڕێمەوە وڵاتەکەم، لە وەزارەتی دەرەوە کار لەسەر هەرێمەکە دەکەم لە بواری دانانی سیاسەتەکان. پێشبینی دەکەم هەموو پەیوەندییەکانم لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپارێزم کە هەمیشە کارم لەسەریان کردووە بۆ ئەوەی بەرەوپێشیان ببەم. هیواموایە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە لێرە بینیوم و ناسیومن لە پەیوەندیدا بمێنمەوە. زۆر یادگارییان لەگەڵ خۆم دەبەمەوە، بە تایبەتیش یادگارییەکانی گەشتکردن بەنێو هەرێمەکە، هەروەها بینین و ئەنجامدانی شتگەلێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان کە ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو. پێش ئەم هەڤپەیڤینە، بیرم لەوە دەکردەوە کە توانیومە بە هەموو هەرێمی کوردستاندا بگەڕێم، چوومەتە شوێنەکانی وەک هەەلەبجە، سلێمانی، رانیە، سۆران و چەندین شوێنی دیکە. زۆر شت فێربووم لە بارەی هەرێمەکە و دەرەوەی پایتەخت، ئەوەش یەکێک بووە لە ئەزموونە هەرە ناوازەکانم لەو کاتەی کە لێرە بووم.
 
رووداو: سەرنجدەدەم لە شولارێکی رێکوپێکت هەیە، لەگەڵ وەرزش نێوانت چۆنە؟
 
دەیڤد هەنت: سوپاس. هەمیشە دەتوانم لە وەرزش و راهێناندا باشتر بم، بۆ ئەوەی راشکاو بم, بەڵام هەموو هەوڵێکمداوە کە لێرە بە لەشڕێکی بمێنمەوە، چونکە خواردنی ئێرە زۆر بەتامە, ئەگەر زۆر راهێنانم نەکردبا، ئەوا رەنگە کێشم زۆر زیاد ببا, بۆیە هێندەی پێمبکرێت، هەوڵدەدەم چالاک بم، بەشێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی کارکردن و راهێنانکردن لە هۆڵی ئاسن، بەڵام زۆر حەزیشم لەو پارکەیە کە لەو دیوی رێگەکەمانە، واتە پارکی سامی عەبدولڕەحمان کە زۆر جار بەکاریدەهێنم و بەشێکە لە رۆتینی هەفتانەم.
 
رووداو: لە بواری وەرزشیدا هیچ هاوکاری و هەماهەنگییەکتان دروستکردووە لەگەڵ وەرزشڤانانی هەرێمی کوردستان، هەوڵتانداوە ئەکادیمیای یانەیەکی بەریتانی بهێننە هەرێمی کوردستان؟
 
دەیڤد هەنت: هیچ شتێکمان لەو بوارەدا نەکردووە، بێگومان من هەمیشە پێشوازی لە پێشنیازی لەم شێوەیە دەکەم، بەڵام ئەوە شتێک نییە توانیبێتمان لە ماوەی کارکردنم لێرە بەدەستیبێنین. هەرچەندە پێموایە زۆرباش دەبێت ئەگەر لە بواری وەرزشدا پێکەوەکارکردنێک لە نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستاندا دروستبێت. دەرفەتی ئەوەم هەبوو سەردانی کۆمەڵەیەکی تۆپی پێ بکەم، کە تایبەت بوو بە کچان، بە بڕوای من شتێکی سەرسامکەر بوو. حەزدەکەم کارکردنی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە بوارەکانی وەکو وەرزشدا ببینم. خەریکە دەچینە نێو وەرزی جامی جیهانییەوە، زۆر شتی ناوازە هەیە بۆ ئەنجامدان، بەڵام رەنگە ئەو کارە بۆ شوێنگرەوەکەم بمێنێتەوە. 
 
رووداو: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا چۆن هەڵدەسەنگێنن، چی دەکەن بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە؟
 
دەیڤد هەنت: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا زۆر بەهێزە. پەیوەندیێکی قووڵ و خۆڕاگرە. پەیوەندییەکە کە بە بڕوای من، لە ماوەی کارکردنم لێرە توانیومانە بەهێزتری بکەین. چەندین شتی زۆر باشمان بینین. یەكێکیان سەردانی نایابی بەڕێز سەرۆکوەزیر مەسروور بارزانی بوو بۆ بەریتانیا، هەروەها لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەریتانیای کرد. ئەمانە ساتی زۆر باشبوون بۆ گفتوگۆی گرنگ لە نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەبارەی بوارەکانی پێکەوە کارکردن و پەرەپێدانی زیاتریی پەیوەندییەکانمان. پێموایە ئەم پەیوەندییە لە بەهێزەوە گۆڕدراوە بۆ بەهێزتر، هەروەها پەیوەندییەکە کە بۆ بەریتانیا گرنگە و بۆ من شەرەفێکی گەورە بووە کە هەوڵی بەهێزکردنیم داوە. 
 
رووداو: قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا چەندە، بەنیازن لە داهاتوودا بیگەیێننە چەند؟
 
دەیڤد هەنت: لەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی، زەحمەتە ژمارەکان بە وردی بزانرێن چونکە زۆربەی ئەو داتایانەی کە هەمانن، داتای هەموو عێراقی فیدڕاڵن. هەندێ نموونەی ئەرێنی هەن لەسەر گەشەی بازرگانی. کۆمپانیاکانی بەریتانیا دەستیان بە زیادکردنی هەناردە بۆ هەرێمی کوردستان کردووە. ژمارەیەک براند هەن کە ئێستا هێنراونەتە بازاڕی ئێرە. سەردانی دابەشکارێکم کرد کە خواردنەوەی رووبیکان دەفرۆشن کە براندێکی بەریتانی مەزنە. چەندین براندی دیکەی بەریتانی لە بازاڕی ئێرەدا هەن، بۆ نموونە لە کەرتی ئۆتۆمبێلدا، بۆ نموونە جاگوار و لاندرۆڤەر دوو نموونەی زۆر باشن کە بازرگانیێکی زۆر باش لێرە دەکەن و هەمیشە بەرەوپێش دەچن. زۆر بواری دیکەش هەن کە هیواخوازم ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی زیاتر و وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت. ئێمە زۆر چالاکانە کاردەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانین زانکۆیێکی بەریتانی بهێنینە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بڕوانامەی بەریتانی لە چەند بوارێکی دیاریکراودا ببەخشێت. پێموایە ئەوە شتێکی زۆر ئەرێنی دەبێت ئەگەر بتوانین بیکەین.
 
هەربۆیەشە زۆر بەباشی کاردەکەین، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە و هۆکاری ئەوەشی کە پێموایە هۆکارەکە زۆر بەهێزە، ئێمە زۆر بەباشی یەکدی دەناسین. هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هاوڕێی دێرینن. دیاسپۆرایەکی گەورەی کوردی لە بەریتانیا هەیە، لەبەرئەوەش، هەموو پێکهاتەیەک کە پەیوەندیی ئێمە ئێمە بەهێز دەکەن، زیاتر پەرەیانپێدراوە. پێموایە پرسەکە لەسەر ئەوەیە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەمە بەردەوام دەبێت. دەبێت بوارێک هەبێت کە تێیدا تیمەکەم و کونسوڵخانە کاربکەن بۆ ئەوەی ببینن لەکوێوە دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی پێشکێشیان بکەن، بونیاتیان بنێن و زیاتر پەرەیان پێبدەن. 
 
رووداو: چەند کۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دۆخی هەرێمی کوردستان بە گونجاو دەزانن بۆ وەبەرهێنان، چۆن هانی کۆمپانیا بەریتانییەکان بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەن؟
 
دەیڤد هەنت: چەند کۆمپانیای بەریتانی؟ بۆ من زۆر قورس دەبێت ئەوە بڵێم. ئێمە ئەو ئامارە زۆر وردەمان لانییە و زۆر قورسە بە یەکجار بتوانم بیڵێم، بەڵام دەتوانم بڵێم کە دەبینین کۆمپانیای زیاتر و زیاتری بەریتانی هەن کە دەیانەوێت هەناردەی زیاتر بکەن و ئێمەش هەوڵدەدەین هەرێمی کوردستان ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان. 
 
ئەوەی ئێمە لە رێگەی ئەرکی راوێژی پێشکەوتووی بازرگانیمان، ئێمە دیاریدەکەین کە دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان لەکوێن و دواتر هەوڵدەدەین کار لەگەڵ بازرگانە بەریتانییەکان بکەین کە خواستی ئەوەیان هەیە یانیش پرسیار لە وەزارەتی بازرگانیمان دەکەن لەسەر ئەوەی کە چۆن دەتوانن شت هەناردەی ئێرە بکەن، ئێمە شوێنی دەرفەتەکان دیاریدەکەین و پەیوەندیی لەنێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا دروستدەکەین. بەوجۆرە، ئێمە ئاسانکاریی بۆ پەیوەندیی بازرگانی دەکەین. ئێمە بەوشێوەیە کاردەکەین بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکەینەوە کە بازرگانیی نێوانمان گەشەدەسەنێت. هەروەها شتەکە لەبارەی ئەوەیە کە لەکوێوە دەتوانین یارمەتیدەربین و لەکوێ دەتوانین هانی بازرگانی بدەین. بەپێچەوانەشەوە، بۆ بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە بەریتانیادا بکەن. ئەمە پرۆسەیەکی سوودمەندبوونی دوولایەنەیە.  
 
رووداو: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەریتانیای نیگەران کرد، هیچ کاریگەری هەبوو لەسەر کاری کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان؟
 
دەیڤد هەنت: ئەمە ئەو کێشەیەیە کە زۆر لە نزیکەوە بەدواداچوونمان بۆ کردووە. هەروەها لەگەڵ کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتیی نەوت لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووین لە بەشێکن لە سیستەمی ئاڵوگۆڕی لەندەن. پەیوەندییەکی زۆر نزیکمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداش هەبووە. ئەوەی کە هەمیشە هەوڵی هاندانی دەدەین، دایالۆگێکە کە چارەسەری یەکسان تێیدا بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی بەغدا و هەولێر پەرەپێدانی کەرتی وزەیان بەردەوام بکەن بەجۆرێک کە پاڵپشتیی لە پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکومەتەکاندا بکات. ئاشکرایە کە دانوستاندنێکی زۆر کراوە دوای ئەوەی کە حکومەت پێکهێندراوە و پێموابێت ئێستا چەند هەوڵێک هەن بۆ ئەوەی لەسەر رەشنووسی یاسای هایدرۆکاربۆن رێکبکەون کە شتێکە هەموو رێکخستنێک کە لەنێوان هەردوو حکومەتەکە لەسەری رێککەوتوون لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت و خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لەلایەن ئەم پرۆسەیەوە پاڵپشتی بکرێت. 
 
رووداو: بەریتانیا چۆن هاوکاری هەرێمی کورستان و عێراق دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا؟
 
دەیڤد هەنت: ئەوە پرسیارێکی زۆر گرنگە. چونکە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لە هەموو کەسێکی جیهان دەکات. ئەو حکومەتەی من کاری بۆ دەکەم زۆر چالاک بووە و ئێمە لە گلاسگۆ سەرکردایەتیی کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوامانکرد و چاومان لەوەبووە بۆ ئەوەی حکومەتەکان لەسەرتاسەری جیهاندا هانبدەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە پلان جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی دەردانی گازی کاربۆن کەمبکەنەوە و پێوەی پابەند بن، ئەگەرنا هەسارەکەمان دەناڵێنێت و هەمووشمان لە داهاتوویەکی نزیکدا هەست بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین. گۆڕانی کەشوهەوا زۆر راستە و بەردەوامە لە روودان. بۆ نموونە هەموو ئەو خۆڵبارینە کە دەبینین کە تووشی دەبن. ئەمانە دەرهاوێشتەی راستەوخۆی خراپبوونی کەشوهەوان. جا ئێمە کاردەکەین و پڕۆگرامەکانمان بەکاردەهێنین، کار لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی پاڵپشتیی لە بڕیاردان بکەین و بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین کە چۆن گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر بکەن. ئەوان دەتوانن کاری زیاتر لەم هەرێمە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن بکەن و رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە کە لەسەر زەمین روودەدات. ئەمەش کێشەیەکی بەردەوامە. 
 
رووداو: بگەڕێمەوە سەر دۆسیەی نەوت و گاز، بەریتانیا چۆن هاوکاری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، چی دەکات بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا زیاتر لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز نزیک ببنەوە و رێککەوتنی ماوە درێژ بکەن؟
 
دەیڤد هەنت:  پرسی یاسای دادگەی فیدڕاڵی و چارەسەرکردنی ئەو پرسە لەنێوان بەغدا و هەولێر، بۆ هەردوولا زۆر گرنگە. ئەوەی ئێمە دەتوانین وەکو بەریتانیا یارمەتیدەر بین، وەکو هاوڕێیەکی نزیک و هاوبەشێکی هەرێمی کورستان و لەرێگەی باڵیۆزخانەمان لە بەغدا، ئەوەیە کە قسە لەگەڵ لایەنی بەشدار لەمەدا بکەین و پاڵپشتیی لە دانوستاندن بکەین بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەربکرێن. ئەوەش لە رێگەی پێشنیازی کۆنکرێتی و لەسەر رێککەوتوو کە دەکرێت یاسای هایدرۆکاربۆن لەخۆبگرێت یانیش دەکرێت کێشەکە بۆ هەمووان چارەسەر بکات. ئێمە ئامادەین بۆ پێدانی راوێژ و پاڵپشتیکردن وەکو هاوڕێیەک و هاوبەشێکی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمانە پرسێکن کە دەبێت لەرێگەی دایالۆگەوە لەنێوان هەردوو حکومەتەکەوە چارەسەر بکرێن. 
 
رووداو: بەریتانیا چۆن هاوکاری دەکات لە پێشخستنی کەرتی گازی هەرێمی کوردستان و گەیاندنی ئەو گازە بە بازاڕەکانی ئەوروپا و جیهان؟
 
دەیڤد هەنت: ئەوەش پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە، من دەزانم کە خواستێک بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ بازاڕی ئەوروپا هەیە، ئەوە شتێکە کە پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیران و نووسینگەی سەرۆکوەزیران. هەروەها بابەتی دانوستاندن بوو کاتێک سەرۆکوەزیران لە مانگی نیساندا سەردانی بەریتانیای کرد. لەئەنجامدا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی دارایی و ژێرخانی پێویست دروستبکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو گازە هەناردە بکات. من لەو پیشەسازییەدا پسپۆریم نییە، بەڵام ئەوە پلانەکە و دیدگاکەیە. لەو کاتەوەی کە لێرەبوومە، کۆمپانیا بەریتانییەکان زۆر چالاک بوونە لە یارمەتیدان و بوونە بەشێک لە کەرتی وزە لێرەدا. دەزانم کە کۆمپانیا بەریتانییەکان بەشدارن لە کۆتاییهێنانی سووتاندنی گاز بۆ ئەوەی وابکەن پیشەسازییەکە سەوزتر و پاکتربێت. کەرتی تایبەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی یارمەتی بدەین، پاڵپشیبکەین و راوێژبکەین لەو شوێنەی کە دەتوانین هاوکاربین. کەرتی تایبەتیش هەر خۆی رۆڵێکی گرنگ دەبینێت.  
 
رووداو: بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەیە زۆر هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کردووە لە شەڕی دژی داعش، لە رووی هاوکاری دارایی و پێدانی چەک و تەقەمەنی بە هێزی پێشەرگە. زۆرجاریش رژدە لەسەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە رێکبخرێتەوە و چاکسازی تێدابکرێت، لەو چاکسازییانەی ئێستا لە هێزی پێشمەرگەدا کراوە رازین؟
 
دەیڤد هەنت: سوپاس، جارێکی دیکە سوپاس بۆ ئەو پرسیارە. من ئەمە دەڵێم: لەو کاتەوەی من لێرەم، هەندێک پێشڤەچوون لە رێکخستنەوەی راستەقینەی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەبووە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە بەریتانیا بەتەنیا ئەندام نییە، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زۆر لە نزیکەوە لەسەر پرسی کەرتی ئاسایش کار لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و ئێمەش لەگەڵیان لە نزیکەوە کاردەکەین، لەنێویدا هاوڕێ هۆڵەندی و ئەڵمانییەکان، هەروەها ئەمریکاش. ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین بیکەین، ئەوەیە کە شارەزایی سەربازی و راوێژمان پێشکێشبکەین لەو رووەی کە چۆن هێزەکانی پێشمەرگە بتوانن بەجۆرێک یەکبگرنەوە کە ببێتە هێزێکی شەڕکەری کاریگەرتر و ئاسایشی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان فەراهەم بکات. ئەمەش زۆر گرنگە. ئەمانە ژن و پیاوی ئازا و دلێرن کە شەڕیان لە دژی داعش کردووە و بەردەوام لەوە. هەوڵەکانیشمان ئەوەن کە پاڵپشتییان بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی پێکهاتەی فەرماندەییان بەجۆرێک دانراون کە لە باشترین پێگەدابن بۆ ئەوەی بەردەوام ئاسایش بۆ هەرێمەکە دابینبکەن. ئەوەش راستە کە ئێمە هەندێک پێشڤەچوونمان لە چەند بوارێکی زۆر دیاریکراودا بینیوە؛ وەکو هەنگاوی یەکخستنەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی کە لە چەندفەوجێکدا بینیومانە. شتی دیکە کە پاڵپشتی هێزەکان دەکات، دروستکردنی یەک هەژماری بانکییە چونکە پاڵپشتیکردنی دارایی پێویستە بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە. پێموابێت، هێشتا زۆر شت ماوە بکرێت. ئەوەش پرۆژەیەکی درێژخایەنە کە بەریتانیا پێوەی پابەندە و دەمانەوێت شانبەشانی پێشمەرگە کاربکەین بۆ ئەوەی لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بن و پێموایە زۆر گرنگە کە وەکو هاوڕێ و هاوبەشێکی ئێوە و وەکو هاوپەیمانێکی ئێوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی لەسەر ئاستێکی دوورمەودادا پاڵپشتی لەوە بکەین. راستە کە هەندێ پێشڤەچوون هەیە، بەڵام زۆربەی ماوە بکرێت و ئێمەش پابەندین بە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە. 
 
رووداو: بەریتانیا هێشتا چاوی لە هێزی پێشمەرگەیە وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش؟
 
دەیڤد هەنت: بە دڵنیاییەوە، ئێمە هێشتا بەشێکین لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ژمارەیەکی بەرچاوی سەربازمان لەسەر زەمین هەیە. ئەمە هاوبەشییەک و  پەیوەندییەکی ئاسایشە لەنێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. ئێمە لەسەر بنەمای ماوەدرێژ پێیەوە پابەندین و ئامانجەکانیشمان بەتەواوی لەگەڵ ئەوەدا هاوتەریبن. 
 
رووداو: با بچینە سەر بابەتێکی دیکە، واز لە سیاسەت و چەک و شەڕ بهێنین، پەیوەندیت لەگەڵ فیلم و دراما چۆنە سەیری هیچ فیلمێکی کوردیت کردووە لەو ماوەیەی لێرەیت؟
 
دەیڤد هەنت:  من هەندێک فیلمم بینیوە بەڵام زۆر نا. من حەزدەکەم زیاتر درامای کوردی ببینم. من هەمیشە بە کارکردنەوە سەرقاڵم، بۆیە کاتی ئەوەم نییە بچمە نێو بازاڕ و زۆر شتی کوولتوری ئەنجامبدەم کە حەزم پێیانە. من هەلی ئەوەم هەبووە گوێ بۆ هەندێک مۆسیقای کوردی بگرم. لە ئاهەنگی لەدایکبوونی شاژندا، هونەرمەندێکی مۆسیقای کوردیمان لابوو کە مۆسیقای بۆ ئامادەبووان دەژەنی. بەڵام من حەزدەکەم زیاتر تێکەڵاوی تەلەڤزیۆنی فیلمی کوردی ببم کاتێک دەرفەتی ئەوەم هەبێت.  
 
رووداو: چیتان کردووە بۆ پێشخستنی کەرتی سینەما لە هەرێمی کوردستان، هیچ هاوکاری و هەماهەنگییەک دروستبووە؟
 
دەیڤد هەنت: ئەمە زیاتر بوارێکی کولتوورییە کە لەگەڵ رێکخراوی ئەنجوومەنی بەریتانیای دەستەخوشکمان یەکدەگرێتەوە. ئەوان نووسینگەیان لە هەولێر و بەغدا هەیە. ئەوان پەرە بە پەیوەندیی کولتووریی نێوان وڵاتەکانمان دەدەن. من زیاتر سەرنجم لەسەر لەسەر سیاسەتە، هەروەکو خۆت گوتت، هەروەها پەیوەستم بە پرسی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و هاوئاهەنگیی ئەمنی و ئەو شتانە، بەڵام دەزانم کە ئەوان زۆر چالاکن. 
 
رووداو: پێشتر زەمالەی خوێندن بۆ دابیندەکرا بۆ خوێندکارانی کورد، دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەرەخسا لە بەریتانیا بخوێنن ئێستا ئەوە ماوە؟
 
دەیڤد هەنت: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە، ئێمە زەمالەی چیڤنینگمان هەیە. ئەوەش دەرفەتێکی ساڵانەیە بۆ ژن و پیاوە گەنجەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بچنە بەریتانیا و بڕوانامەی تەواو پاڵپشتیکراوی ماستەر بخوێنن. هەروەها دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بونیاتنانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و لە زانکۆکانی بەریتانیا بخوێنن و ببنە سەرکردەی پاشەڕۆژ. ئومێدمان وایە کە ژن و پیاوە گەنجەکان کاتێک دێنەوە هەرێمی کوردستان، ببنە بەشێک لە بونیاتنانی داهاتوو و خۆشگووزانیی ئەم هەرێمە و لە ژمارەیەکی زۆر زۆری بواری دیکەدا یارمەتیدەربن. زۆر جێگەی شانازییە کە بڵێم، پێموابێت ئەمساڵ 12 کەسمان ناردە بەریتانیا کە 100٪ ژنی گەنج بوون بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری بەریتانیا بڕوانامەی ماستەر بخوێنن. پێش ئەوەی ئەوان بچن، من لەگەڵیان کۆبوومەوە؛ ئەوان گەشترین و باشترینن. بۆ منیش جێگەی شانازیبوو کە ئەوان دەچنە بەریتانیا و دێنەوە و ئەو ئەزموونە لەگەڵ خۆیان دێننەوە ئێرە و بەو هیوایەی سوود بە کۆمەڵگەکەتان بگەیێنن. 
 
رووداو: جەنابت دەبینیت کە بەشێک لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی نایاسایی کۆچ دەکەن بۆ بەریتانیا، پێدانی مافی پەنابەری لە بەریتانیا هێندە ئاسانە؟
 
دەیڤد هەنت: ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە و شتێکە کە قسەی زۆرم لەبارەیەوە لەگەڵ پەرلەمانتارەکانتان و لیژنەی کۆچکردن لە پەرلەمان کردووە. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە بەداخەوە بەشێکی ئەم گەنجانەی کە هەوڵی ئەم گەشتە دەدەن، قوربانیی دەستی قاچاخچییەکانن. ئەوان دەچەوسێندرێنەوە لاواز دەبن. پارساڵ ئەو تراژێدیایە خراپەمان هەبوو لە نۆکەندی ئینگلیزدا کە ژمارەیەکی زۆری گەنجانی هەرێمی کوردستان لە نۆکەندی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا گیانیان لەدەستدا. ئەوەی ئێمە لێرە دەیکەین، لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆتان و سیاسەتڤانەکانمان ئەوەیە کە هەوڵ بۆ وەستاندنی ئەمە بدەین چونکە ئەمە ریسکێکی زۆر خراپە کە کۆچبەران دەیگرنەبەر. ئێمەش دەمانەوێت ژیانیان بپارێزین و دڵنیابینەوە لەوەی کە رووداوی هاوشێوەی ئەوە هەرگیز دووبارە نابێتەوە. بۆیە ئەمە نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ وەزارەتی نێوخۆ و ئێمەش باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین تاوەکو ئەم جۆرە لە گەشتکردنە نائاساییە بکەین. 
 
رووداو: هەندێک کۆمپانیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڤیزای بەریتانیا بە پارە پەیدا دەکەن لە عێراق، یان بەشێوەیەک پەیدای دەکەن، ئەوە راستە، هیچ بنەمایەکی هەیە؟
 
دەیڤد هەنت:  نەخێر، مەبەستم بنچینەی زۆر دامەزراو هەیە بۆ پێشکێشکردنی ڤیزا. ئێمە ناوەندێکی راییکردنی کاری ڤیزامان لێرە هەیە. هەروەها بەشێوەیەکی ئۆنلاینیش هەیە کە تێیدا زانیارییەکانت و وردەکاریی لەبارەی ژیانی خۆت بۆ ناوەندی راییکردنی ڤیزا دەنێریت. بەوشێوەیە ئەنجامدەدرێت. هیچ کورتەرێگایەکی دیکە نییە راییکردنێکی روون ئەنجامبدات بێجگە لەوەی کە راییکردنێکی زۆر روون ئەنجامدەدات و بەشێوەیەکی ئۆنڵاین بەردەستە. بۆیە من زۆر هۆشداری دەدەم لە هەر زانیارییەکی هەڵە لەوبارەیەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە