رووداو دیجیتاڵ
جێگری کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران و ئەو هەواڵانەی لەبارەی هێرشەکانی داعش بڵاودەبێتەوە، ترسیان لای کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دروستکردووە بێنە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن. لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەش دەڵێت: هەنگاوەکان خاون و رێگرییەکان زۆرن، پێویستە ئیرادەی سیاسی هەبێت بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پیشمەرگە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.
سڤین موسلەر، جێگری کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی بڕگەی سەرتێشت دا لە تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی لەگەڵی ئەنجامی دا، باسی لە چەندین پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد.
لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، سڤین موسلەر گوتی، نزیکەی 800 کۆمپانیای ئەڵمانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەروەها 30 کۆمپانیاش نووسینگەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێشتا کۆمپانیا ئەڵمانییەکان نیگەرانن لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "وەک کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا هەوڵمانداوە نیگەرانییەکانیان بڕەوێنینەوە و هانیان بدەین لە هەرێمی کوردستان کاربکەن."
جێگری کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لەبارەی زۆریی رێکارەکانی پێدانی ڤیزا بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەوڵمانداوە ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا "بکەین و داواش لە خەڵک دەکات پارە بە نووسینگەکان نەدەن و راستەوخۆ داواکاریی وەرگرتنی ڤیزا لە پێگەی فەرمیی کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا پێشکێش بکەن. هەروەها گوتی: ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کار هەیە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.
لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیاش بۆ دەنگدان بە پڕۆژە بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، سڤین موسلەر دەڵێت، ئەڵمانیا گرنگیی زۆر بە ئێزدییەکان دەدات و بە جینۆساید ناساندی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیش "واتای پەیوەستبوونمانە بە کەیسی ئێزدییەکان."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سڤین موسلەر، جێگری کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان:
رووداو: ژیانی رۆژانەت لە هەرێمی کوردستان چۆن بەڕێدەکەی، توانیوتە تێکەڵ بە کولتووری کورد ببیت؟
موسلەر: هەوڵ دەدەم ئەوەندەی بۆم بکرێت بچمە دەرەوە، بۆ ئەوەی تێکەڵی خەڵکی کورد ببم و بیانبینم. پێموایە ئەمە شتێکی گرنگە بۆ ئەوەی وڵاتەکە، هەرێمەکە بناسی. هەوڵ دەدەم ئەوەندەی بۆم بگونجێت هەرێمی کوردستانی عێراق بگەڕێم.
رووداو: ماوەی ساڵێکە لە هەرێمی کوردستانیت هەموو شارەکان گەڕاویت؟
موسلەر: رەنگە دانە بە دانەی شوێنەکان نا، بەڵام زۆر گەڕاوم، چوومەتە دهۆک، سلێمانی، زاخۆ و بارزان و چیای کۆرەک. ئینجا بەم نزیکانەیش سەردانی هەڵەبجە و کفریم کرد. هەوڵدەدەم سەردانی زۆرترین شوێن بکەم و زۆرترین کەسیش ببینم.
رووداو: چ شتێک زۆر سەرنجی راکێشاوی لە هەرێمی کوردستان؟
موسلەر: میواندۆستیی خەڵکەکەی. هەمیشە ئەوە سەرنجڕاکێش بووە کە ببینیت چۆن بە باوەشی کراوەوە پێشوازیمان لێ دەکرێت. میواندۆستیی کورد زۆر سەرنجڕاکێشە، پێم خۆشە بڵێم کە پەیوەندییەکی تایبەت لەنێوان کوردستان و ئەڵمانیادا هەیە؛ وەک دەزانن ژمارەیەکی زۆر رەوەندی کورد لە ئەڵمانیان. ئینجا دووەم شت خواردنەکانتانە. ئەمانەی کە لە بەردەمماندان. بە راستی حەزم لە خواردنی کوردییە، بەڵام دەبێت وریا بم کە زۆر نەخۆم بۆ ئەوەی کێشم زۆر زیاد نەبێت.
رووداو: بۆچی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان پێشناکەون؟
موسلەر: بازرگانییەکی بەرچاو لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق هەیە، هەرێمی کوردستایش وەک بەشێک لە عێراق. نزیکەی 800 کۆمپانیای ئەڵمانیایی بە شیوەی بەردەوام لەگەڵ عێراقدا بازرگانی دەکەن و ئامارێکمان وەرگرت کە پشکی هەرێمی کوردستان لەمەدا نزیکەی 20٪ بۆ ٪30ـە. هەروەها 30 کۆمپانیای ئەڵمانیاییمان هەیە کە لێرە نووسینگەیان هەیە، بەڵام دەبێت راستگۆبین، کە هەندێک کێشە و گرفتیش هەن، دەبێت بەسەریاندا زاڵ ببین، دۆخی ئاسایش هێشتا مایەی نیگەرانیی هەندێک کۆمپانیایە، دوودڵن لەوەی لێرە وەبەرهێنان بکەن، هەندێک جاریش لەبەر ئەوەی هێشتا وێنەیەکی شێواویان لەبارەی دۆخی ئاساییشی ئێرە هەیە، دەبێت راستگۆ بین کە بوریۆکراسیش هەیە. هەروەها دوایەمینیشیان ئەوەیە کە کێشەمان لەگەڵ گەندەڵیدا هەیە. هەر وەک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی نوێ رایگەیاند کە کاری سەرەکی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. ئەم هەموو گرفتانە تا رادەیەک رێگری لە بازرگانی دەکەن، بەڵام هەرچۆنێک بێت لەنێوان ئەڵمانیا و کوردستاندا بازرگانی هەیە.
رووداو: لە هەرێمی کوردستان مەترسیی ئەمنی هەیە لەسەر کۆمپانیا و بازرگانە ئەڵمانییەکان؟
موسلەر: لە ئەڵمانیا زۆربەی کۆمپانیاکان ئەو وێنەی چەند ساڵێک پێش ئێستای شەڕی داعشیان لەبەرچاوە. ئەوە هێشتا لە مێشکی زۆر کەسدایە، دەبێت ئەوە بڵێم کە کێشەکانی وەک هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە ئەڵمانیا دەبنە سەردێڕی هەواڵەکان، بۆیە ئەوان هەندێک جار لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە ئەم وێنەیەیان لە مێشکدایە. جا ئەمە بەشێکە لە کاری ئێمە کە وەک کۆنسوڵخانە بە شێوەی تایبەت راوێژیان بدەینێ و بۆیان روون بکەینەوە کە دۆخی ئاسایش لێرە جیاوازە، باشترین شت ئەوەیە بێن بۆ ئێرە و بە چاوی خۆیان دۆخەکە ببینن.
رووداو: چۆن دڵەڕاوکێی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لەبارەی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان دەڕەوێننەوە؟
موسلەر: ئەمە بەشێکە لە کارەکەمان و بەشێکە لەوەی کە ئێمە پێویستە وەک کۆنسوڵخانە بیکەین. وەک پێشتر گوتم، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە بە راستی خەڵک بانگهێشت بکەین بێنە ئێرە و خۆیان دۆخەکە ببینن. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دروستبکەین. ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا لە بەغدا و هەولێر نووسینگەی هەیە. ئەوان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەڵمانیادا راوێژ دەکەن، ئێمە دەتوانین کارەکان باشتر بکەین، وەک ئەوەی تۆ ئاماژەت پێ دا. ئەمە بەشێکە لە کاری رۆژانەم.
رووداو: ئایا ئێستا هاووڵاتیی ئەڵمانیا کە وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە لە کوردستان زۆرن؟
موسلەر: لە راستیدا ژمارەی فەرمیمان نییە، چونکە بۆ ئەوەی بزانین ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانیانەی لە هەرێمی کوردستان چەندن، باشترە ئەوان بێن لای ئێمە خۆیان تۆماربکەن. تەنیا 93 کەس خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام دەزانین کە ئەمە ژمارە راستەقینەکە نییە، مەزەندە دەکەین کە نزیکەی 5000 هاووڵاتیی ئەڵمانی لێرەبن لە هەرێمی کوردستان، لە ماڵپەرەکەماندا لیستی ئەڵمانیەکانمان هەیە، ئەگەر هاووڵاتیی ئەڵمانیا بیت، دەتوانیت خۆت تۆماربکەیت، ئێمە دەتوانین خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین، بەڵام زۆربەیان خۆیان تۆمارناکەن، بەڵام مەزەندەیش دەکەین کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کە لێرەن هەڵگری دوو وڵاتینامەن.
رووداو: تاوەکو چەند بایەخ بە ئاست و کاروباری قوتابخانەی ئەڵمانی دەدەن لە هەولێر؟
موسلەر: زۆر بایەخ بە قوتابخانەی ئەڵمانی دەدەین. قوتابخانەیەکی زۆر سەرکەوتووە. لە رووی داراییەوە تا رادەیەکی زۆر لە لایەن حکومەتی فیدراڵیی پشتیوانی دەکرێت. خەڵکی ئەڵمانی هەن کە وەک مامۆستا لێرە کاردەکەن. خۆم بەردەوام بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن دەکەم، من ئەندامی راوێژکاری ئەنجوومەنی بەڕیوەبردنی قوتابخانە ئەڵمانییەکانم. چەند هەفتەیک پێشتر لەوێ بووم و بەردەوام لەگەڵیاندا لە ئاڵوگۆڕی زانیاریداین.
رووداو: خەڵکێکی زۆر بۆ گەشتیاری، بازرگانی و چارەسەری تەندروستی حەزدەکات بچێتە ئەڵمانیا، بەڵام رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا سەختن، بیر لە ئاسانکردنی رێکارەکان دەکەنەوە؟
موسلەر: زۆر سوپاس بۆ تۆ کە ئەم دەرفەتەت دامێ کەمێک رێکارەکان روون بکەمەوە. شتەکە ئەوەیە رێکارەکان و یاساکان لە لایەن یاسای [یەکێتی] ئەوروپاوە نووسراون کە ناسراوە بە کۆدی شنگن. ئەوەیش یاسایەکی وڵاتانی ئەورووپایە کە دیاریی دەکات تۆ لە چ دۆخێکدا دەتوانیت ڤیزا وەربگریت، بۆیە ئەمە ئەو چوارچێوەیە کە ئێمە وەک کۆنسوڵخانە لە بەشی ڤیزادا دەبێت جێبەجێیان بکەین. ئێمە ئەو رێسایانەمان دانەناون، بەڵکو دەبێت جێبەجێیان بکەین. ئەوەی لە کۆنسوڵخانە دەیکەین ئەوەیە وا بکەین پرۆسەکە تا دەکرێت ئاسان بێت بۆ ئەو کەسانەی داوای [ڤیزا] دەکەن و بە گوێرەی چوارچێوەی ئەو یاسایانە بێت، بەڵام ئەوەی پێمخۆشە جەختی لێ بکەمەوە دوو خاڵە: یەکەم، زۆر گرنگە هەموو داواکارێک سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکات، هەموو زانیارییەکانی تێدایە و دەتوانێت بیاندۆزێتەوە، دەتوانیت بزانیت پێویستت بە چ جۆرە زانیارییەکە بۆ ئەوەی پێشکێشی بکەیت. بەداخەوە هەندێکجار هەندێک لە داواکارییەکان تەواو نین، ئەوەی کە بەڵگەنامەیەک لەگەڵ داواکارییەکەدا دانەنراوە. جا ئەمەیش لە بواری ڤیزادا بۆ ئێمەیش کێشەیە.
دووەم خاڵیش ئەوەیە کە پێویست ناکات بچیت بۆ کۆمپانیای گەشتیاری یان نووسینگەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەوەی ڤیزا وەربگریت. دەتوانیت لە رێگەی ماڵپەڕی [ VFS ]کە خزمەتگوزاری پیشکێش دەکات ناوی خۆت تۆمار بکەیت و بە چاوپێکەوتنی ئۆنلاین داواکارییەکەت بنێریت، بەڵام هەر وەک ئەوەی پێشتر گوتم، بە راستی ئەوە زۆر گرنگە کە داواکارییەکە تەواو بێت و هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانی لەگەڵ بێت، چونکە ئەمە بە یاسا بڕیاری لەسەر دراوە. ئەمە شتێک نییە کە ئێمە بتوانین گوێی پێنەدەین، بڵێین پێویستمان بەوە نییە.
رووداو: کەسانێک بانگەشەی ئەوەدەکەن بەرامبەر بڕێکی زۆر پارە ڤیزای ئەڵمانیا بۆ خەڵک وەردەگرن ئەوە راستە؟
موسلەر: خۆی هەر وەک ئەوەی پێشتر گوتم، پێویست ناکات ئەم پارە زۆرە بە نووسینگەی گەشتیاری یان نووسینگەی وەرگرتنی ڤیزا بدەیت. ئەوەی دەتوانیت، هەرکەسێک دەتوانێت لە رێگەی ماڵپەرەکەوە، ماڵپەڕی کاتی چاوپێکەوتن دیاریبکات. هەموو کەسێک دەتوانێت داواکارییەکە بە تەواوی بکات، بە هەموو پێویستی و بەڵگەنامەکانیشەوە پێشکێش بکات، بۆیە دەمەوێت جەخت بکەمەوە کە ئەو بڕە پارە زۆرە پاشەکەوت بکەن، ئەو بڕە پارەیە مەدەن، لەجێی ئەوەدا زۆر بە باشی داواکارییەکە پێشکێش بکەن. ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر داواکارییەکی ناتەواومان بەدەست بگات، هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانی تێدا نەبێت، ئەوا هیچ بژارەیەکمان نابێت و دەبێت داواکارییەکە رەتبکەینەوە. ئەمە لە لایەن کۆدی شنگنەوە کە پێشتر باسم کرد، دیاریکراوە.
رووداو: ئێستا هەندێک شوێن هەن لە هەرێمی کوردستان زمانی ئەڵمانی فێری خەڵک دەکەن و کار و شوێنی خوێندن لە ئەڵمانیا بۆ خەڵک دەدۆزنەوە بەشێوەی یاسایی، ئایا ئەوان ئاگاداری ئەوەن؟
موسلەر: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. پەیمانگەی گۆتە هەیە و پێموایە هەموو کەسێک پەیمانگەی گۆتە دەناسێت. خولی فێربوونی زمانی لێ دەگوترێتەوە. ئێستاش بەم دواییانە ئەکادیمیایەکی نوێمان هەیە بە ناوی BIA، ئەوانیش خوولی زمان پێشکێش دەکەن. لە رێگەی گۆتە و BIA دەتوانیت بڕوانامەی پێویست دەستبخەیت کە پێویستن بۆ هەندێک لە ڤیزاکان، بۆیە بەڵێ تەواو ئاگاداری ئەوانەم و روونیشە پەیوەندیی نزیکم لەگەڵیاندا هەیە.
لەبارەی خوێندکارانیشەوە پێمخۆشە جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە DAAD مان هەیە، ئەکادیمیای ئەڵمانیا بۆ ئاڵوگۆڕی خزمەتگوزاری کە لێرەش لە هەولێر نووسینگەی هەیە. هەروەها هاوکارییەکی زۆر زۆر نزیک لەنێوان زۆربەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکان ی ئەڵمانیادا هەیە. جا ئێمەیش زۆر شانازی بەم هاوکارییە بەهێزەوە دەکەین.
رووداو: تاوەکو ئێستا هەنگوینی کوردیت خواردووە، ئاگاداری ئەوەیت کە باشترین هەنگوینە لەسەر ئاستی جیهان؟
موسلەر: بەڵێ، بەڵی، بە دڵنیایییەوە، دەبێت بڵێم کە هەر کاتێک دەگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا، بە زۆری حەز دەکەم دوو شت ببەمەوە کە هەنگوین و هەنارن. هەناری هەڵەبجە کە پێم وایە لە جیهاندا باشترینە.
رووداو: بیرتان لەوە نەکردووەتەوە هەناری هەڵەبجە بنێرن بۆ ئەڵمانیا؟
موسلەر: بەڵێ، خۆی ئەمە شتێکە کە ئێمە وەک کۆنسوڵخانە ناتوانین بیکەین، چونکە ئێمە لەنیو هاوردە و هەناردەی بازرگانیدا نیین، بەڵام بەڵێ پێموایە کە دەبێت خەڵکی ئەڵمانیا تامی هەناری هەڵەبجە بکەن، لەبەر ئەوەی وەک پێشتریش گوتم، پێموایە لە جیهاندا باشترینە. بە دڵنیاییەوە رەنگە دەرفەت هەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی ئەڵمانی ئەوە بکات. بە دڵنیاییەوە.
رووداو: ئەڵمانیا بەشدارە لە پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگە، چەند لە پرۆسەکە رازین؟
موسلەر: باش بوو باسی ئەوەت کرد. لە پێنج ساڵی رابردووەوە سەروکاریمان لەگەڵ چاکسازیی پێشمەرگەدا هەبووە کە ئەمەیش بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ سێ وڵاتی دیکە دەیکەین، ئەمریکا و بەریتانیا و هۆڵەندا. هەندێک بەرەوپێشچوونمان هەبووە و، ئەوەیش راستە کە ئێمە پێمان خۆشە بەرەوپێشچوونی زیاتر ببینین. هەندێک شت تاوەکو ئیستا بەدینەهێنرادون. من بڕوام وایە کە دەبوو بمانتوانیایە زیاتر بەرەوپێش بچین، بەڵام ئەوەی پێویستمان بە پابەندبوونێکی سیاسیی ئاشکرایە لە هەموو لایەنەکانەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەمە بکرێت، چونکە ئێمە تەنیا دەتوانین راوێژ بدەین، ئێمە لە راستیدا لای خۆمانەوە ناتوانین چاکسازیی پێشمەرگە ئەنجامبدەین، بۆیە بە راستی هیوادارین ئەو پابەندبوونە سیاسییە ئاشکرایە لە هەموو لایەنەکانەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئەم یەکگرتنەوەیەی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستبهێنرێت.
رووداو: تاوەکو کەی بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانتان بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە؟
موسلەر: خۆی ئێمە زۆر ئارامگرین، پێموایە هەموو وڵاتەکان تێدەگەن کە ئەمە ئاڵنگارییەکی زەحمەتە و چاکسازییەکی زۆرئاڵۆزە، بۆیە لام وایە دەبێت ئارامگر بین، بەڵام ئەوەیش راستە کە پێویستمان بە بەرەوپێشچوونە. پێویستمان بە پابەندبوونێکی ئاشکرایە، وەک ئەوەی گوتم، بۆ ئەوەی ئەوە بە دەست بهێنین کە هەموومان پێکەوە دەمانەوێت بەدەستیبهێنین، بۆیە بە راستی هیوادارین بتوانین لە 2023ـدا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو ببینین.
رووداو: هیچ پلانتان هەیە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی شنگال؟
موسلەر: سوپاس بۆ بە بەرباسخستنی ئەم بابەتە. رەنگە تۆیش بزانیت کە چارەنووسی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەڵمانیا سەرنجێکی زۆری لەسەرە. لە سەرانسەری جیهاندا ئێمە لە ئەڵمانیا زۆرترین رەوەندی ئێزدیمان هەیە، بۆیە هەر لە 2014ـەوە ئێمە زۆر بە جیددی گرنگیمان بە ئێزدییەکان داوە لە رێگەی گەلێک پڕۆژەوە. لە شنگالیش پڕۆژەی زۆرمان هەیە. لە کەمپەکانیشدا هاوکاریمان پێشکێش کردوون و هەوڵمان داوە یارمەتیی خەڵکی ئاوارە بدەین، کۆمەڵگەی ئێزدی، بۆیە ئێمە کاری زۆریان بۆ دەکەین. ئێستاش کە دەرفەت رەخساوە، من حەز دەکەم ئەوە باس بکەم کە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە 19-ی کانوونی دووەم لە بەرنامەیدایە بڕیارێک پەسەند بکات کە لەو بڕیارەدا ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێزدی کراوە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە ئەنجامدراون وەک جینۆساید دانی پێدا دەنرێت. ئەمەیش لە 19ی کانوونی دووەم دەبێت. ئەمەیش پابەندبوونی ئاشکرای ئەڵمانیا لەم بارەیەوە پیشان دەدات.
رووداو: هیچ دەکەن بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان؟
موسلەر: خۆی ئەمەیش بابەتێکی دیکەیە. هەوڵمان داوە یارمەتیی ئاوارەکان بدەین، بە تایبەتی و بە شێوەیەکی سەرەکی ئێزدییەکان، بەڵام هاوکات زۆر بە جیددی یارمەتیی پەنابەرە سوورییەکانیشمان داوە و پشتیوانیمان کردوون. هێشتا زۆربەیان لە کەمپەکاندان، بە شیوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان. ئەڵمانیا لە سەرانسەری جیهاندا یەکێکە لە گەورەترین بەخشەرەکانی هاوکاریی مرۆیی، بۆیە بەڵێ ئێمە زۆر بایەخ بەم لایەنەش دەدەین. جا چ راستەوخۆبێت لە رێگەی رێکخراوە ئەڵمانییەکانی وەک جی ئای زێدەوە، یان پارەیەکی زۆر دەدەین بە یونیسێف و یوئێن ئێچ سی ئاڕ بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئەم خەڵکە بکەین.
رووداو: دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەڕبڕین لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
موسلەر: مافی مرۆڤ بۆ ئێمە بابەتێکی زۆر گرنگە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی مافەکانی مرۆڤ دەکەین. بەڵێ، لە رابردوودا هەندێک نیگەرانی هەبوون، ئێمەیش بە ئاشکرا نیگەرانیمان دەربڕی. ئێمە رەخنەمان هەبووە سەبارەت بە هەندێک بابەتی تایبەت بە ئازادیی رۆژنامەگەری، کاری رۆژنامەگەری. ئێمە ئەوەمان بە ئاشکرا لەگەڵ هەندێک وڵاتی هاوڕا راگەیاندووە، هەروەها بە هاوبەش لەگەڵ یونامی. ئەمە بابەتێکە کە هەمیشە لە دیدارەکانماندا باسمان کردووە، ئێمە هەموومان پابەندییەکمان هەیە کە دەبێت رێگە بە رۆژنامەڤانان بدەین، رۆژنامەڤانی وەک تۆ، بۆ ئەوەی پیشەکەی خۆیان بە ئازادانە بکەن. ئەمە بابەتێکە ئێمە زۆر بایەخی پێدەدەین و لە نزیکەوە چاودێری دەکەین.
رووداو: وەڵامی نیگەرانییەکانتان دراوەتەوە؟
موسلەر: بەڵێ ئێمە لە گفتوگۆداین. پێمخۆشە بڵێم کە پێکەوە دەتوانین بەرەوپێش بچین. ئەوە گفتوگۆیەکەی بەردەوامە کە پێکەوە لەگەڵ چەند وڵاتێکی هاوڕادا دەیکەین، وەک پێشتریش باسم کرد، بۆیە پێمخۆشە بڵێم کە ئەوە گرنگە لە گفتوگۆ بەردەوام بین و هەرکاتێک نیگەرانیمان لەبارەی هەندێک پێشهاتەوە هەبوون، ئێمە هەست دەکەین پابەندین باسیان لێوەبکەین.
رووداو: ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کار هەیە، لە چ بوارێکدا خەڵکتان پێویستە، چۆن هاوکاریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن بێنە ئەڵمانیا؟
موسلەر: بەڵێ، سوپاس. تۆ بە تەواوەتی راست دەکەیت. ئێمە لە ئەڵمانیا لە دەستی کاردا کورتهێنانمان هەیە. هەر لەبەر ئەوەیشە پێویستمان بەوەیە سەرنجی کرێکارانی دەرەوە و لەنێویشیاندا کرێکارانی هەرێمی کوردستان رابکێشین. ئێستا لە ئەڵمانیا گفتوگۆیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران و هەروەها وەک روونە لە پەرلەمان دەکرێت، کە چۆن ئاسانکاری بکەن بۆ ئەم جۆرە رێکارانە بۆ خەڵکی کە داواکاریی کار لە ئەڵمانیا و ڤیزا پێشکێش بکەن. ئەمە گفتوگۆیەکی بەردەوامە کە لەم چەند مانگەی دوایی چڕت بووەتەوە. هیوام وایە بەم زووانە بگەنە چارەسەرێک، چونکە تۆ راست دەکەیت، ئێمە ئەم کورتهێنانەمان هەیە و پێویستمان بە کرێکاری شایستە لە دەرەوە هەیە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەم بارەیەوە نەدراوە.
رووداو: لە چ بوارێکدا پێویستان بە دەستی کار هەیە، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لەو دەرفەتە ببین؟
موسلەر: بەڵێ، پێموایە. بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. پێموایە لە ئاستێکی فراواندا خەڵک پێویستن و بە تایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت کاری مینت، بە مانای میکانیک و ئای تی و زانستە سرووشتییەکان و تەکنەلۆجیا. لەم بوارانەدا خەڵک پێویستن. هەروەها ئەگەر باس لە کەرتی تەندروستی بکەین، بەداخەوە دەبێت بڵێم لە ئەڵمانیا دانیشتووانێکی بە تەمەنمان هەیە، بۆیە پێویستمان بە خەڵکی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی چاودێری بە تەمەنەکان بکەن، بۆیە لەم بوارەدا پێویستمان بە کرێکاری دەرەکی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدەن.
رووداو: چۆن دەڕواننە هەنگاوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا؟
موسلەر: زۆر سوپاس بۆ خستنەبەرباسی ئەم بابەتە زۆر گرنگە. دەبێت هەموومان پێکەوە لەم لایەنەوە کار بکەین. ئەمە ئاڵنگارییەکی جیهانییە، وەک گوتت. ئەمە ئاڵنگارییەکی جیهانییە کە دەبێت هەموومان رووبەڕووی ببینەوە، بە تایبەتی دەبێت عێراقیش بیکات، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی لە پێنج وڵاتی یەکەم داناوە کە زۆرترین کاریگەربوون بە گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش لەسەر ئاستی هەموو جیهان، بۆیە دەبێت ئیش لەسەر ئەوە بکەین، ئێمە پێمان وایە کە دەبێت کاری زۆر زیاتر بکرێت.
من هەست دەکەم کە بەرپرسانی عێراق و لێرەیش لە هەرێمی کوردستان لەمە تێگەیشتوون. دەبێت کاری زیاتر بکەین. بۆ نموونە زۆر زیاتر پشتیوانیی وزە نوێیەکان بکرێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی لەم جۆرەدا کە هەموو رۆژێک خۆر بە دەرەوەیە، پێویستە وزەی خۆر یەکێک بێت لە سەرچاوە سەرەکییەکانی وزە، بۆیە لێرە دەبینم کە پڕۆژەی زۆرتر هەن و لە زانکۆی دهۆک بینیومە کە شوێنێکیان بۆ وزەی خۆر تەرخان کردبوو کە زۆر ناوازە بوو. دەتوانم بڵێم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ئێرە کە ساڵێک و نیوێک دەبێت، کارم لەسەر دانانی تەختی وزەی خۆر کردووە لەسەر بینای کۆنسوڵخانەکەمان، چونکە دەمەوێت ئەمە وەک نموونەیەک پێشانبدەم. هەروەها هەوڵیشمان داوە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بهێنین بۆ ئێرە لەم بوارەدا کار بکەن. بە راستی زۆر گرنگە لەم بوارەدا هەنگاوی کردەیی بنێین، چونکە ئێمە هەر ئیستا دەتوانین ئەنجامەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا ببینین. وەک کەمبوونەوەی ئاو و شەپۆلی خۆڵبارین، بۆیە زۆر پێویستمان بەوەیە کار لەسەر ئەوە بکەین و بە راستی پێویستمان بەوەیە هەوڵەکانی خۆمان زیاتر بکەین.
ئینجا دەتوانم ئەوەش زیاد بکەم، دەتوانین ئیش لەسەر بەرزکردنەوەی هۆشیاری بکەین، چونکە هەندێکجار هەست بەوە دەکەم کە مەترسی هەنووکەیی، هەموو کەسێک لەم ئاڵنگارییە وەک مەترسییەکی هەنووکەیی تێنەگەییشتووە، بۆیە ئێمە پشتیوانیی دارایی ژمارەیەک پڕۆژە دەکەین لە قوتابخانەکاندا بۆ ئەوەی نەوەی نوێ لە گۆڕانی کەشوهەوا تێبگەن و بزانن کە دەبێت چی بکرێت.
رووداو: گفتوگۆ لەگەڵ جەنابت خۆشە، بەڵام دەرفەتمان هەر ئەوەندەبوو، هیچی دیکەت ماوە بیڵێت؟
موسلەر: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. زۆر سوپاس بە ئەم میواندارییە و ئەم خواردنە خۆشانە. من هیچ نەبێت کەمێکم خوارد. ئینجا دەمەوێت بڵێم کە سوپاسی خەڵکی کورد دەکەم بۆ میواندۆستییان و هاوڕێیەتییان لەگەڵ ئەڵمانیادا. ئەمە هەر زۆر مایەی نرخاندنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ