سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: مووچە و ماددەی 140 لە کارە لەپێشینەکانمانن

14-01-2022
بێستون عوسمان
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: دەرگەی گفتوگۆمان دانەخستووە و ئامانجمان بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانمانە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: دەرگەی گفتوگۆمان دانەخستووە و ئامانجمان بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانمانە
A+ A-

نووسین: گۆڤەند مستەفا
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دانوستاندنیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پۆستی سەرۆککۆمار رایگەیاند، "لەنێو سیاسەتدا هیچ کاتێک دەرگەکان داناخرێن.. بۆ ئێمە گرنگە مافە دەستوورییەکانمانە لە دەستوور، هاوبەشێکی راستەقینە بین لەنێو حکومەتدا لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان".
 
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆن پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ راگرتنی چالاکییەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و رێککەوتنی پارتی لەگەڵ رەوتی سەدری و لایەنە سونییەکان و چەند پرسێکی دیکەی دایەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی د. ڤیان لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: بە بڕوای ئێوە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە راگرتنی چالاکییەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بڕیارێکی دەستووری و یاساییە، یان بڕیارێکی سیاسی؟
 
د. ڤیان سەبری: بێگومان دیارە دیمەنە سیاسییەکە زۆر ئاڵۆزە، روونە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دادگەی فیدراڵی ئەوەیە بڕیارێکی وەلائی بدات. وەکو راگەیێندراوە ئەو بڕیارەش بڕیارێکی کاتییە بۆ وەستاندنی کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. بڕیاری وەلائیش تانەلێدانی تێدا نییە، چونکە بەپێی ماددە 93 و 94 لە دەستوور تایبەتمەندییەکانی دادگەی فیدراڵی روونە.
سەبارەت بەوەی بڕیارەکە سیاسییە، بە دڵنیاییەوە سیاسەت لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان لەو چوارچێوەیەش دادگەی فیدراڵی، وەکو گوتم واقیعی سیاسی هەندێک ئاڵۆزە لەو رۆژانە، روون و دیاریشە. ئەو بڕیارەشی کە دراوە لەو کاتە هەستیارەدا، لە کۆتاییدا بڕیارێکی کاتییە.
 
رووداو: رۆژی 08-02-2022 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، هیچ گۆڕانکارییەک لەو وادەیە دەکرێت؟
 
د. ڤیان سەبری: ماددە 55 لە دەستووری عێراقدا هاتووە، دەبێت لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەماندا سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن، بەپێی ماددە 5ـی پەیڕەویش تەنیا دوو بابەت بە سەرۆکی تەمەنەوە هەیە، یەکەمیان بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم، دووەم شت هەڵبژاردنی سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم دانیشتنی پەرلەمان بکرێت تاوەکو ئەو تانەیەی لەو دانیشتنە دراوە، لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە یەکلادەکرێتەوە.
 
رووداو: رۆژی 13-01-2021، هێرشێک کرایە سەر لقی پارتی لە بەغدا، پێتانوایە ئەمە هێرشێک بوو وەکو هێرشەکانی دیکەی ساڵانی رابردوو دەمانبینی لە بەغدا، یان نامە و پەیامێک بوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان؟
 
د. ڤیان سەبری: وەکو گوتم بارودۆخەکە لە بەغدا ئاڵۆزە، هەڵبژاردن کرا، هەندێک لایەن براوە بوون، هەندێک لایەن رەنگە نەیانتوانیبێت خۆیان رێکبخەن، شەقامی عێراق هەندێکجار پاداشتی هەندێک لایەن دەداتەوە و هەندێک لایەنیش سزا بدات.
سەبارەت بە ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ئێمە هەموو جارێک لەگەڵ ئەوە بووین لایەنە شیعەکان یەکدەنگ بن و لەنێو خۆیاندا سازانیان هەبێت، بە هەمان شێوە سوننەکانیش. بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ دیمەنەکە ئاڵۆزە، ئەو شتەش راست نییە، ئەوەش هەرگیز لە ئیرادەی ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ناهێنێتە خوارەوە، ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمانداوە، بابەتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکێک لە گرێیەکان بوو، دەبوو ئەمە چارەسەر بکرێت. ئێمە بڕیارێکی دروستماندا.
ماوەی دوو ساڵە دیارە کام لایەنە کە هەمیشە هێرش دەکاتە بنکە سەربازییەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانە.. جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو بابەتە لە گەورەیی و ئیرادەی پارتی دیموکراتی کوردستان ناهێنێتە خوارەوە.
 
رووداو: ئێوە وەکو پارتی بەتەواوەتی خۆتان یەکلاکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ سەدر و سوننەکان؟
 
د. ڤیان سەبری: ئەوە روونە و تەئکیدیش دەکەمەوە، ئەو لایەنە بۆ نموونە دەرفەتێکی هەبوو لە ماوەی سێ ساڵدا، ئێمە لە 2018وە زۆرجار گوتوومانە ئێمە لەگەڵ ئەم لایەن و ئەو لایەن نین، هەمیشە هەوڵ دەدەین ئێمە ئەو پارتە بین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، روونیش بوو هەر کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت دێن و لە هەرێمی کوردستان لەلای جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوان بووە، چونکە ماڵی شیعە ماڵێکی ناکۆکە. دوو بۆ سێ لایەنی تێدایە، وەکو رەوتی سەدری، هەرچەند ئەوان براوەن خاوەنی 73 کورسین، رەنگە هەندێ لە سەربەخۆکانیشیان لەگەڵ بێت. لایەنی دیکەش هەن کە زۆر پەرت و بڵاون کە پێیان دەگوترێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە خۆیان لەنێو خۆیاندا ناکۆکییان هەیە. ئێمە پەیوەندیمان بە ناکۆکییەکانی ئەوان نییە، دیمەنەکە روونە کە چۆنە. لە پێکهێنانی حکومەتدا ئێمە بە هێزەوە بەشدار دەبین، حکومەت حکومەتی فیدراڵییە بێگومان لایەنی براوە وەکو پارتی دیموکراتی کورستان کە زۆرترین کورسیمان هەیە، کە ئێستا 31 کورسییە کە لە بنەڕەت 33 کورسییە و لەسەر ئەو پرسەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین، بە دڵنیاییەوە بەشدار دەبین لە پرسی پێکهێنانی حکومەت.
 
رووداو: ئێوە وەکو پارتی بەتەواوەتی دانوستاندنتان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆتایی پێهێناوە، یاخود هێشتا بەردەوامن لە دانوستاندنکردن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی؟
 
د. ڤیان سەبری: بەپێی مافی دەستووری یەکەمینجار دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن، دووەمجار سەرۆککۆمار و سێیەمیش فراکسیۆنی گەورە دەستنیشانی سەرۆکوەزیران دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت. ئەو بابەتەش بە شەو و رۆژێک ناکرێت، بە دڵنیاییەوە کاتی پێویستە، بێگومان ئەو گفتوگۆیانە چڕتر دەبنەوە تاوەکو ئەو رۆژەی کۆتایی دێت بە پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای ئاستی چاوەڕوانی شەقامی عێراقی و هەرێمی کوردستان، بێگومان بەرنامەی حکومەتیش بۆ ئێمە زۆر گرنگە وەکو کورد لە بەرنامەی حکومەت هەموو مافەکانی خۆمان وەربگرین.
 
رووداو: مەبەستت ئەوەیە وەکو پارتی دەرگەی دانوستاندنتان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێشتا کراوەیە و کۆتایی پێنەهاتووە؟ بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت لەگەڵیان دەچنە گفتوگۆوە؟
 
د. ڤیان سەبری: من نازانم لەو چەند رۆژە چ دەکرێت و چ ناکرێت، هەمیشە دەڵێین لەنێو سیاسەتدا هیچ کاتێک دەرگەکان داناخرێن. گرنگ ئەوەی ئێستا چارەسەری یەکێک لە کێشەکان کرا، تاوەکو دوای یەکلاکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بابەتی سەرۆککۆمار دێت، دواتریش پێکهێنانی حکومەت. بۆ ئێمە گرنگە مافە دەستوورییەکانمانە لە دەستوور، هاوبەشێکی راستەقینە بین لەنێو حکومەتدا لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان.
 
رووداو: پرسیار زۆر ئاڕاستەی پارتی دەکرێت، هەم پارتی و هەم هەرێمی کوردستان چی دەستدەکەوێت لەو هاوپەیمانێتی و رێککەوتنەی ئێوە لەگەڵ سەدر و سوننە هەتانە، قازانجەکەی بۆ هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
 
د. ڤیان سەبری: دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە پێشتریش لە 2018وە ئەمجارە ئەو دەرفەتەمان داوە بۆ ئەوەی شیعەکان و سوننەکان نێو ماڵی خۆیان یەکبخەن، واقیعی سیاسیی عێراق وایە لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردنە، دەبێت ئەو رۆژەش بێت. واتە ناکرێت لایەنێک کورسییەکی زۆری هێنابێت لەگەڵ چەند لایەنێک بە یەکەوە چەند کورسییەکان هەبێت وەکو یەک بخرێنە هاوکێشەیەکەوە.
جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە ئەگەر ناکۆکی هەبێت، لە بنچینەدا ناکۆکی لەنێو ماڵی شیعەدا هەیە، سەبارەت بە ئێمە، بۆ ئێمە گرنگە هاوبەشێکی راستەقینە بین، هاوسەنگییەک هەبێت لەنێو حکومەتدا، ئێمە بەرنامەی کارمان هەیە، پێویستە لەسەر بابەتە نیشتمانی و دەستوورییەکان گفتوگۆ بکەین، ماددەی 140 زۆر گرنگە، بابەتی پێشمەرگە زۆر گرنگە، بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بابەتی مووچەی فەرمانبەران زۆر گرنگە، بابەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، ئەو بابەتانە هەموویان گرنگن، دەبێت هەوڵ بدەین ئەمجارە یاسایەک بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی دەربکەین. لامان گرنگە لەگەڵ هەندێک لایەندا پێکبێین کە خاوەن بڕیار بن لەنێو پەرلەمان و حکومەت. ئەمەش هەمووی بۆ ئەوەیە تاوەکو بتوانین دەستکەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵک و جەماوەری هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنین.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە