عەباس عامری: چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکات

12-03-2023
هەوراز گوڵپی @Hawrazgulpi
هەڤەیڤینی رووداو لەگەڵ عەباس ئەلعامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی
هەڤەیڤینی رووداو لەگەڵ عەباس ئەلعامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، پێشتر جێبەجێکردنی ماددەی 140 ئەستەم بوو، بەڵام ئێستا حکومەت بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی و دەشڵێت، دەبێ دەستوور جێبەجێ بکرێت. گوتیشی، یەکێک لە هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال پەیوەستە بە بوونی چەند لایەنێکی بیانیی لە دەرەوەی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراقی لە ناوچەکە.
 
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی لەگەڵی ئەنجامی دا و ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-03-2023، پەخشکرا، لەبارەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ماددەی 140، رێککەوتنی شنگال، دۆخی نێوخۆی شیعەکان، پەیوەندیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ رەوتی سەدر و چەند بابەتێکی دیکەیش قسەی کرد.
 
ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات و دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو حیزبانەی زۆر پێداگرە لە مانەوەی ئەم هاوپەیمانییە. دەشڵێت، "بەدڵنیاییەوە هەر لایەنێکی پێکهێنەری ئەم هاوپەیمانییە چاوی لە بەرژەوەندیی گرووپەکەی، جەماوەرەکەی، ناوچەکەی، پارێزگاکەی هەیە."
 
عەباس عامری پێیوایە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکات و دەڵێت، رێککەوتننامەی شنگال چەند لایەنێکی تێدایە، بوونی ئەم هەموو لایەنە دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، "یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەن، کە سوپای فیدراڵیی عێراق دۆسیە ئەمنییەکە بگرێتە دەست. هەروەها یەکێک لە هۆکاری جێبەجێ نەکردنیشی پەیوەستە بە بوونی چەند لایەنێکی بیانیی لە دەرەوەی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراقی."
 
دەقی هەڤەیڤینی رووداو لەگەڵ عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی:
 
رووداو: سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت بینەرە بەڕێزەکان، ئەم کاتەتان باش. لەگەڵمان بن لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتمان لەگەڵ بەڕێز دکتۆر عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی. بەڕێز عامری سوپاس بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە. با لە هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەتەوە دەست پێبکەین، ئایا هاوپەیمانییەکە بەگوێرەی ئەو هەلومەرجانەی لەپێناوییەوە دامەزرا، درێژە بەکارەکانی دەدات؟
 
عەباس عامری: بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، بەڵێ لەسەر بنەمای رێککەوتنەکانەوە، حکومەت پێکهێندرا. لەپێناو جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو رێککەوتنانەی لایەنەکانی هاوپەیمانییەکە لەسەری رێککەوتوون، لیژنەیەکی تایبەت لە نێو ئەمیندارێتیی گشتیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراوە. ئەرکی ئەم لیژنەیە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی سەرجەم رێککەوتنەکان و کارنامەکانی حکومەت دەکات. لیژنەکە راپۆرتی هەفتانە پێشکێشی سەرۆکوەزیران دەکات و تاوەکو ئێستاش سەرجەمیان پابەندی وادە دیاریکراوەکانیانن.
 
رووداو: ترستان لە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هەیە؟
 
عەباس عامری: پێموانییە هیچ لایەنێکی پێکهێنەری هاوپەیمانییەکە سوودمەند بێت لە هەڵوەشاندنەوە یاخود دەرچوون لە هاوپەیمانییەکە، بەهۆی ئەوەی سەرجەم لایەنەکانی هاوپەیمانییەکە سوورن لەسەر بونیاتنانەوەی دامەزراوە حکومییەکان و گەڕاندنەوەی هێز بۆ کایەکانی. بنەماکانی بونیاتنانی بەهێزی دامەزراوەکان لە رێگەی تۆکمەیی و یەکڕیزی ئەم لایەنانە و بە پاڵپشتیکردنی ئەم حکومەتە بەدی دەکرێت. هەموویان کۆکن بۆ سەرخستنی ئەم حکومەتە.
 
رووداو: هیچ ترسێکتان لە کشانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هەیە؟
 
عەباس عامری: پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو حیزبانەی زۆر پێداگرە لە مانەوەی ئەم هاوپەیمانییە. بەدڵنیاییەوە هەر لایەنێکی پێکهێنەری ئەم هاوپەیمانییە چاوی لە بەرژەوەندیی گرووپەکەی، جەماوەرەکەی، ناوچەکەی، پارێزگاکەی هەیە. هەروەها بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەگشتیی و بەڕێز سەرۆک بارزانی بەتایبەت لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە باوەڕیان بەم حکومەتە هەیە. هەروەها بەڕێزیان لەو باوەڕەدان ئەم حکومەتە یەکێکە لە باشترینەکان لە رووی بایەخدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراو و کەڵەکەبووەکانی نێوان هەرێم [هەرێمی کوردستان] و ناوەند.
 
رووداو: کورد و سوننە گلەییان لە جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەیە، گلەییەکانیشیان زیاتر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە تا لە حکومەت، بە بڕوای ئێوە گلەییەکانیان لە جێگەی خۆیەتی؟
 
عەباس عامری: گومان لەوەدانییە، دیارە کۆمەڵێک شت بەرجەستەکراون بۆیە گلەیی هەیە، بەڵام دەبێ جیاوازی لەنێوان دوو دەستەواژە بکەین. یەکەمیان چوارچێوەی هاوئاهەنگیی دوای پاڵپشتیکردنی لە حکومەت، کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت و تەنیا وەک لەئامێزگرێکی سیاسیی دەمێنێتەوە. رێکارە حکومییەکانیش، رێکاری سەربەخۆن و کەس دەستوەردانی تێدا ناکات، تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بۆی نییە دەستوەردان بکات، بۆیە ئەگەر کێشە و گلەیی هەبێت، دەبێ پێشکێشی حکومەت بکرێت. 
 
خاڵی دووەمیش، حکومەت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی نێو کارنامەکەی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەل و نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان پاشگەز نەبووەتەوە. هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ جێبەجێکردنیان لە هەردوو لایەنە جێبەجێکار و یاسا داڕێژەرەکەیەوە. بەڕێز سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکاندا هەموو پێشهات و بەسەرهاتێکدا لایەنی هاوپەیمانییەکە ئاگادار دەکاتەوە و زانیارییان پێدەدات. 
 
دوایین کۆبوونەوەش دوو رۆژ پێش ئێستا بوو کە لە نووسینگەی بەڕێز عامری بەڕێوەچوو، کە بەڕێزیان دوایین زانیارییەکانی پێشکێشی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە کرد و هەر لەم کۆبوونەوەیەشدا نوێنەرانی هەردوو پێکهاتە بەڕێزەکەش ئامادەی بوون. ئەوانیش پێیانوایە دۆخەکە بەپێی ویست و خواستی ئەوانیشەوە بەڕێوەدەچێت.
 
رووداو: لەسەتا چەندی رێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جێبەجێکراوە؟
  
 
عەباس عامری: رێژەکە بەپێی وادە دیاریکراوەکانەوە، 35٪ـی تێپەڕاندووە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەشێک لە بڕگەکان پەیوەندییان بە لایەنی جێبەجێکار و یاسادانانەوە هەیە و حکومەت پابەندی هەبوو بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی تەمەنیدا جێبەجێیان بکات. 
 
بەڵێنەکان بەگوێرەی وادە دیاریکراوەکانەوە دیاریکراوە، لە سێ مانگی یەکەم، 100 رۆژی یەکەم، شەش مانگ و تا دوایی. لە 100 رۆژی تەمەنیدا، ئەوەی پێی راسپێردراوە لەم ماوەیەدا جێبەجێکراون. ئەوەی ماوەتەوە، یاسای هەڵبژاردنە و پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێ بکرێت.
 
رووداو: بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بۆچی؟
 
 
عەباس عامری: بەڵێ، بەڵام ئەمە کەمتەرخەمیی حکومەت نەبووە، بەڵکو رێکارێکە لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانییەکە مەبەستیانە لایەنەکانی دیکەش هاوڕا و کۆک بن بەتایبەتی ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی حکومەت و پەرلەماندان و بەتایبەتیش برا بەڕێزەکانمان لە رەوتی سەدر. گرنگە راوبۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت بۆ ئەوەی یاسایەکی ناڕێک دانەڕێژرێت.
 
رووداو: با تیشک بخەینە سەر ئەو خاڵ و بابەتانەی تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون، لەمانە ماددەی 140، بەکوێ گەیشت؟
 
عەباس عامری: ماددەی 140 خۆی...
 
رووداو: ئایا ماددەی 140 لە سەردەمی کابینەی سوودانیدا جێبەجێ دەکرێت؟
 
عەباس عامری: هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بەم ماددە دەستوورییەوە هەیە، بەشێکیان تەکنیکین و بەشێکیان رێگەچارەسی سیاسین لەو ناوچانەی کە ناکۆکی لەسەرن و بەشێکن لە کایەی جێبەجێکردنی ماددەی 140. لە راستیدا حکومەت لایەنێکی ئەم ناکۆکییە نییە، راستە حکومەت لایەنی بەرپرسیارە لە چارەسەرکردنی بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی لە باکوورەوە تا باشوور هەیە، بەڵام هێشتا کێشەی سنوور، کێشەی بوون و بەرژەوەندییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە. 
 
پێموایە پێشتر جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە ئەستەم بوو، بەڵام ئێستا ئەم بابەتە راستەوخۆ بەندە بەلایەنە پەیوەندیدارەکان و هەر ئەوان دەتوانن پێشنیازەکانیان پێشکێشی حکومەت بکەن و لە بەرامبەردا حکومەتیش لە رووی جێبەجێکردنیدا بەرپرسیارە.
 
رووداو: لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێتانوایە ماددەی 140 ماددەیەکی مردووە یان زیندوو؟
 
عەباس عامری: شتێک نییە بەناوی ماددەیەکی مردوو یان زیندوو، دەستوورێک هەیە و دەبێ ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت. تەنانەت دەبێ هەموو ماددەکانی ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت و هەر ماددەیەک دەبێ یاسای بۆ دابڕێژرێت. هەندێکجار خشتەی کار بەپێی وادە دیاریکراوەکانەوە ریز دەکرێت و کار بۆ ئەوە دەکرێت لە رێگەی یاساکان و لەرۆشنایی دەستوور پابەندییەکان جێبەجێ بکرێت. 
 
هەموو یاسایەک گرنگە لەسەرووی هەمووشیانەوە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و دادگەی فیدراڵی و دوایین یاسا دارێژراوەکە کە یاسای دەزگای دژەتیرۆر بوو دەبێ بەهەمان شێوە قاڵبی یاسایی بەخۆیەوە ببینێت. بەهەمان شێوە ماددەی 140 کە چەند بڕگەیەکی بچووکی چارەسەرنەکراو لەخۆ دەگرێت و ئەمەس دەکرێتە یاسا. 
 
بەش بەحاڵی خۆم گەشبینم لە جێبەجێکردنی و پێموایە ئەگەر هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەم ریتم و توانا بەهێزەی بەردەوام بێت، دڵنیام لەوەی ئەو کێشانەش چارەسەر دەکرێن کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا چارەسەر نەکرابوون.
 
رووداو: لە سەردەمی سوودانیدا ماددەی 140 جێبەجێ دەکرێت؟
 
عەباس عامری: پەنابەخوا. ماددەی 140 وەک ئاماژەم پێدا پێویستی بە ژمارەیەک هەنگاو هەیە، حکومەتی بەڕێز سوودانیش رژدە بۆ جێبەجێکردنی. بەشێک لە بڕگەکانی پەیوەندیدارن بە ناوچە جێناکۆکەکان و بەشێکی دیکەشیان پەیوەندییان بە داڕشتنی یاسا هەیە، ئەگەر ئەم سێ بنەمایە خرایەڕوو، حکومەت ئەوسا دەبێتە لایەنی جێبەجێکاری ئەم پرۆژەیە و بەمەش یەکێک لە بەڵێنە هەرە گرنگەکانی کە بە گەلی داوە جێبەجێ دەکرێت.
 
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا هەنگاوێکیشمان بەدی نەکرد بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال؟
 
عەباس عامری: بەڕێزتان دەزانن، رێککەوتننامەی شنگال چەند لایەنێکی تێدایە، بوونی ئەم هەموو لایەنە دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەن، کە سوپای فیدراڵیی عێراق دۆسیە ئەمنییەکە بگرێتە دەست. هەروەها یەکێک لە هۆکاری جێبەجێ نەکردنیشی پەیوەستە بە بوونی چەند لایەنێکی بیانیی لە دەرەوەی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراقی و بەشێکیان پەیوەندییان بە دۆسیەی دەرەکیی هەیە لەگەڵ تورکیای دراوسێمان.
 
هەرچی حکومەتە، پابەندی تەواوی خۆی راگەیاندووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال بەهۆی ئەوەی دامەزراوە پسپۆڕەکانی دەوڵەت لە حکومەتی پێشوودا کاریان لەسەرکردووە. حکومەتی ئێستاش لەو قەناعەتەدایە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکات و پێموایە چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم کێشەیە دەدۆزرێتەوە. چونکە دواخستن و چارەسەرنەکردنی لە بەرژەوەندیی گەلەکەماندا نییە و پێویستە ئەم دۆخە ئاڵۆزە چارەسەر بکرێت.
 
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ئیرادەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگالی هەیە؟
 
عەباس عامری: چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پاڵپشتیی لە سەرجەم هەنگاوەکانی ئەم حکومەتە دەکات و لەنێویاندا هەنگاوەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال.
 
رووداو: کەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت؟
 
عەباس عامری: هەڵبژاردنی خۆجێیی یان پەرلەمانی؟
 
رووداو: پەرلەمان. با سەرەتا لە پەرلەمانەوە دەست پێبکەین و دواتر هەڵبژاردنی خۆجێیی.
 
عەباس عامری: پێموایە لە کارنامەی حکومەت و پێش کارنامەکەش، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتانەی حکومەت بەهۆیەوە پێکهات، ئاماژە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات. گومان لەوەدانییە، هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، بەڵام ئەمەش کات و کاری دەوێت، وەک ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی یاسای نوێی هەڵبژاردن و یاسای کۆمیسیۆن و بودجەی تایبەتی هەڵبژاردنەکان.
 
ئامانجی سەرەکیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو لە هەڵبژاردن گرنگتر چارەسەرکردنی ئەو کێشە و قەیرانانەیە کە هۆکار بوو لە هەڵوەشاندنەوە و دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی کە لەسەر داوای جەماوەرییەوە بەم ئەنجامە گەیشت و حکومەتی بەڕێز کازمی دامەزرا و زۆربەی بابەتە داواکراوەکان جێبەجێ نەکران و گواسترانەوە بۆ حکومەتی بەڕێز سوودانی. واتا داواکاریی سەرەکیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە بەڵکو جێبەجێکردنی ئامانج و خواستی گەلە کە لە تشرین داواکرا.
 
رووداو: هەڵبژاردنی پێشوەختە کەی دەکرێت؟
 
عەباس عامری: سیاسەتڤانە بڕیاربەدەستەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.
 
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، یان بەڕێز سوودانی چوار ساڵەکەی تەواو بکات؟
 
عەباس عامری: ئەمە بە ئیرادەی پەرلەمانەوە بەندە. ئەگەر یاسا پێویستەکان دابڕێژێت و زەمینەسازیی بۆ بکات، حکومەت دەتوانێت بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات. ئەم بەڵێنە لە دەقی کارنامەکەدا هەیە و پێداگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، بۆیە ئەمە بەندە بە رێکارە یاساییەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی حکومەت.
 
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر بنەمای چ سیستمێکی هەڵبژاردن بکرێت؟
  
 
عەباس عامری: چوارچێوەی هاوئاهەنگیی زۆر بە راشکاوانە هەڵوێست و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان راگەیاندووە کە سیستمی سانت لیگۆ بێت لەنێوان 9 بۆ 7 و هەر پارێزگایەک بازنەیەک و عێراقیش فرەبازنەیی بێت و تەنانەت بۆچوونی خۆی لەبارەی ژماردنی دەنگەکان و هەڵاوێرکردنیان راگەیاندووە. ئیدی ئەمانە بابەتە لاوەکییەکانن، گرنگترین دوو بابەت کە بایەخی پێ دەدەین بابەتی بازنەکان و بنەماکانی سیستمی سانت لیگۆ بوو کە بە براوەی گەورە و دۆڕاوی گەورە ناودەبرێت. 
 
ئەمە هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، بەڵام هەرگیز بیروبۆچوونەکانی خۆی بەسەر لایەنەکاندا ناسەپێنێت و مەبەستیەتی هەمووان کۆک بن. هەروەها هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش راوبۆچوونی خۆی هەیە و زۆرینە بە ئاراستەی سانت لیگۆ دەچن. بۆچوونی جیاوان لەنێوان 9 و 7 و  4  هەیە بەڵام لایەنەکان لەسەر زۆربەی خاڵەکان لێکنزیکن.
 
رووداو: را و بۆچوونی رەوتی سەدر لە یاسای هەڵبژاردندا بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند گرنگە؟
 
عەباس عامری: زۆر گرنگە، رەوتی سەدر لایەنێکی گرنگی گۆڕەپانی سیاسییە و بەدڵنیاییەوە راوبۆچوونەکانیان بەڕێزەوە وەردەگیرێت و لەگەڵ بۆچوونەکانی دیکە دەگونجێندرێن. وەک چۆن مەبەستمانە راوبۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان وەربگرین، بەهەمان شێوە راوبۆچوونی رەوتی سەدریش بۆ ئێمە گرنگە. 
ئەم رەوتە لە گۆڕەپانی سیاسیی و جەماوەریدا زۆر کارا و کاریگەرە و بایەخ بە راوبۆچوونیان دەدەین.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر چۆنن؟
 
عەباس عامری: لە رووی سیاسییەوە پەیوەندیی نییە، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی و رەوتی سەدر زادەی یەک خێزانن. ئەم خێزانە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بەهەموو لایەنەکانییەوە لەخۆ دەگرێت. 
 
هەروەها رەوتی سەدر لایەنێکی کارا و کاریگەری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بوو، هەڵوێستێکی سیاسیی نواند و چووە دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. رەوتی سەدر هەڵوێستی کۆمەڵایەتیی نەگرتووەتەبەر، هیچکام لەلایەنەکان دەستبەرداری ئاین و بیروباوەڕەکانی نەبووە و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە وەک ئەوە نەبووە باوک دەستبەرداری کوڕ و کچەکەی بێت یان بەپێچەوانەوە. ئەوان، تەنیا لە رووی سیاسییەوە ناکۆکن.
 
رووداو: هیچ نێوەندگیرییەک هەیە بۆ لێکنزیککردنەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر؟
 
عەباس عامری: لە راستیدا ئەمە خەمی گەورەی دەستەبژێری سیاسیی شیعییە و ئێمەش لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و فیکری و بوارە جیاوازەکاندا گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵیاندا هەیە و تەنانەت لە قاوەخانە و دانیشتنە تایبەتییەکانیشدا قسەوباسمان هەیە.
 
رووداو: هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی هەبووە؟
 
عەباس ئعامری: گفتوگۆی وردمان هەیە، دیالۆگی زۆرمان هەیە لەبارەی گرنگیی هەبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولایەندا، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی فەرمیی لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی و رەوتی سەدر نەبووە.
 
رووداو: هیچ گوشارێکی دەرەکی و نێوخۆیی لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەڕێز موقتەدا سەدر؟
 
عەباس عامری: برا پێویستی بە نێوەندگیریی دەرەکیی نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ برای خۆی ئاشت ببێتەوە. بابەتەکە تەنیا جیاوازی بۆچوونی سیاسییە، واتا دوژمنداریی نییە.
 
رووداو: هەڵوێستی ئێران لەسەر ناکۆکیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی چییە؟ ئەوان گوشار ناکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان؟
 
عەباس عامری: ئێرانییەکان وەک برا و دۆستی هەردوولایەن نیازی کاری چاکەیان هەیە بۆ ئەوەی ئاشتیان بکەنەوە بەڵام تاوەکو ئێستا...
 
رووداو: گوشار ناکەن؟
 
عەباس عامری: هیچ گوشارێک نییە، ئێرانییەکان دەخوازن ئاشتیان بکەنەوە وەک چۆن هاوڕێ و دۆستە عەرەب و بیانییەکان دەخوازن هەردوولایەن لێکنزیک ببنەوە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە کاری بونیاتنانەوەی دەوڵەت و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومی. 
 
هەمووان ئەمە دەخوازن و ئێمەش وەک لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەنێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەمان شت دەخوازین، بەڵام تاوەکو ئێستا جیاوازی سیاسیی بەردەوامە و ئەمەش لە هەموو سیستەمێکی کارا و دیموکراسیدا کارێکی ئاساییە لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەبێت.
 
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگی سازش لە بەشێکی داواکارییەکانی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە هەنگاوێک لەپێناو لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ رەوتی سەدر؟
 
عەباس عامری: چ داواکارییەک؟ ئێستا حکومەت پێکهاتووە. داواکارییەکان پێش دامەزراندنی حکومەت بووە، ئێستا بابەتەکە گۆڕاوە. هیچ داواکارییەک نییە بۆ ئەوەی سازشی لەبارەیەوە بکرێت.
 
رووداو: پێتانوایە موقتەدا سەدر چاوەڕێ دەکات و دەیەوێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە چوارچێوەی حکومەت دووربخاتەوە، بەهۆی چارەسەرنەکردنی هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراوی وەک دۆسیەی: ئاو، دۆلار، کارەبا و خزمەتگوزاری؟
 
عەباس عامری: سەماحەتی بەڕێز موقتەدا سەدر و رەوتی سەدر تێڕوانینێکیان هەبووە بۆ چاکسازیکردنی سیستەمی سیاسیی بەسەرجەم کەرتەکانییەوە. هەروەها پێیوانوابوو ئەم چاکسازییە تەنیا بە حکومەتێک دەکرێت کە تەنیا خۆیان بەڕێوەی ببەن. 
 
چونکە پێیانوابوو ئەزموونی سازان سەرینەگرت و شکستخواردوو بووە. ئەمە تێڕوانینی برایان بووە لە رەوتی سەدر و سەماحەتی بەرێز سەدریش بووە. لە سەرەتاوە مەبەستی بوو تەنیا خۆیان لەناو لایەنە شیعییەکان پێکەوە لەگەڵ چەند لایەنێکی نیشتمانیی هەنگاو بنێن. لە بەرامبەردا چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پێچەوانەکەی بیردەکردەوە و پێیانوایە کە عێراق هێشتا پێویستی بەوەیە لە بازنەی سازانی نیشتمانیی هێزە سیاسییەکاندا بمێنێتەوە و ناکرێت حیساب بۆ لایەنێکی دیکە نەکرێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق نییە. 
 
ئەمە خودی کێشەکە بووە. هەرچی بەڕێز موقتەدا سەدر و رەوتی سەدر پێیانوابوو چاکسازیی تەنیا لە رێگەی بەتەنیا پێکهێنانی دەسەڵات بووە. هاوکات چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لەوباوەڕەدایە چاکسازییەکان بە گەیشتن بە دەسەڵات دەبێت دەسەڵاتیش بەتەنیا نابێت، بەڵکو بەهاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەوە دەکرێت.
 
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگی چۆن دەڕوانێتە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەدژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان؟
 
عەباس عامری: ئەگەر لە دژی هەرێمی کوردستان بێت ئەمە قسەوباسی لەسەرە، بەڵام پێموانییە بڕیارەکان لە دژی هەرێمی کوردستان بێت و بابەتەکان پەیوەندییان بە رێکخستنەوە هەیە، هەندێکیان   لە 2003یەوە هەڵپەسێردراون و ماونەتەوە...
 
رووداو: تەنانەت سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیارەکانی بە هاوشێوەی بڕیاری دادگاکانی بەعس ناوبرد؟
 
عەباس عامری: لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیی، بەڵام ئەم لێکچوواندنە زۆر قورسە. دادگای فیدراڵی دادگایەکی سەربەخۆیە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بەهیچ شێوەیەک هەژموونی بەسەر دادگاکە و دادوەرانی نەبووە، بەپێچەوانەوە ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کاریگەریی بەسەر دادگاکە هەبووایە، سەرجەم بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەبوو، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی ستراتیژییان هەیە. کەواتە خاڵی یەکەم چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بەهیچ شێوەیەک دەستی لەم بڕیارانە نەبووە و..
 
رووداو: تەنانەت بڕیاریدابوو..
 
عەباس عامری: خاڵی دووەمیش، دادگەی فیدراڵی هیچکاتێک دادگەی سەرکردایەتیی شۆڕش نەبووە، بەڵکو دادگایەکی عێراقیی دیموکراسیی بووە و برایانی کورد رۆڵیان لە دامەزراندنی هەبووە و تێیدا بەشدارن و چەند ئەندامێکی کوردیش هەن.
 
رووداو: باشە، بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ قەدەخەکردنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەرژوەندیی هەرێمی کوردستان نییە؟
 
عەباس عامری: ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین ستەم لە هیچ تاکێکی رۆڵەی گەلی عێراقی بکرێت. کوردیش رۆڵەی رەسەنی گەلی عێراقن و هاووڵاتیی ژمارە یەکن، وەک رژێمی پێشوو بە هاووڵاتیی ژمارە دوو هەژمار نەکراون و ناکرێن. 
 
بەڵام پێمانوایە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بڕیاری رێکخستنن، دەکرێ بەرەو راستکردنەوەیان هەنگاو بنێین. هەڵە و کێشە هەیە لە پرۆسەی نەوت و وزە، لەبارەی فرۆشتن و بەرهەمهێنانیان بەگشتی....
 
رووداو: ئێوە لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە رێککەوتوون. ئەگەر ئەم بابەتە پێچەوانەی دەستوورە، بۆچی رێککەوتن؟
 
عەباس عامری: نەخێر، دووپاتی دەکەمەوە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بڕیاری رێککەوتنی سیاسیی نین، بەڵکو بڕیاری تەواو سەربەخۆن و لە روانگەی یاساکانەوە دەدرێن. هیواخوازبووین کاریگەریمان بەسەر هەر بڕیارێک هەبووبێت بۆ ئەوەی شتێکی دیکە روون بکەینەوە، بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لەسەر دەروونی برایانی کورد بە سەرکردایەتیی و گەلیشەوە هەبووایە، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە بڕیارەکە بڕیاری دادوەرییە و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی رای لەسەر نەبووە. رێککەوتنی سیاسیش کۆکن لەسەر جێبەجێکردنی رێکار و رێوشوێنەکان لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور.
 
رووداو: ئایا دۆسیەی نەوت و پرسی شاییستەی دارایی هەرێمی کوردستان دراوەتە دەست دادگای فیدراڵی؟
 
عەباس عامری: نەخێر هەرگیز وانییە. ئەمە بڕیارێکی حکومییە، رێکارێکی جێبەجێکارییە و ئەرکێکی حکومییەو ئێمەش سیستەمێکی دیموکراسین و باوەڕمان بەجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە. بەهیچ شێوەیەک هەنگاوێکی راست و دروست نییە، دۆسیەیەکی وەها لە دەسەڵاتێکەوە بگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی دیکە.
 
رووداو: کام لە داواکارییەکانی سوننەکانتان جێبەجێکردووە؟ بەتایبەتی بۆ کوتلە سونییەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؟
 
عەباس عامری: راستە رێککەوتنە سیاسییەکان لەنێوان لایەنە کوردی، سوننی، کریستیان و تورکمان کراوە، بەڵام لەهەمان کاتدا لە گۆشەنیگای کارنامەی حکومیدا دیاریکراوە کە بۆ تەواوی گەل داڕێژراوە و ئیدی بووەتە پەیڕەوێکی حکومی بۆ هەموو عێراقییەکان و کارنامەیەکی تایبەتی بۆ کابینەی حکومەتی عێراقی. 
 
لەناو کارنامەکەدا هیچ بڕگەیەکی تایبەتی دیاریکراو بۆ لایەنێک ئاماژەی پێنەکراوە، بەڵکو وەک خواستی هەموو گەل تۆمارکراوە و حکومەت پابەندی خۆی بۆ جێبەجێکردنی دەربڕیووە. لەسەر ئەم بنەمایەش، سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانی پەرلەمان دەنگیان پێدا و بەمەش بووەتە کارنامەیەکی حکومی بۆ هەموو عێراق.
 
رووداو: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە پەرلەماندا بەبێ کێشە تێدەپەڕێنرێت؟
 
عەباس عامری: بەدڵنیاییەوە، رێککەوتنمان هەیە و لێرەوە موژدەتان پێدەدەم، لەماوەی هەفتەیەکدا بوودجە تێدەپەڕێندرێت. هەروەها هەموو لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆکن لەسەر ئەوەی بوودجە لەژێر رۆشنایی یاساکان و بوودجەدا تێپەڕێندرێت. پێموایە جگە لە چاوخشاندن بە دەقی کۆتایی، هیچ تێبینییەک لە بابەتی بوودجەدا نەماوە.
 
رووداو: دوای تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی نیازی گۆڕینی محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەیە؟
 
عەباس عامری: بۆچی؟
 
رووداو: بەمشێوەیە قسەوباس هەیە؟
 
عەباس عامری: متمانە و دڵسۆزی دوو تایبەتمەندی دیاری سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. بەهیچ شێوەیەک بەنهێنی و ئاشکرا باس لەم بابەتە نەکراوە.
 
رووداو: رازین لە کارەکانی، ئەی چ تێبینییەکتان لەسەر کارەکانی هەیە؟
 
عەباس عامری: پێشتر کاتێک بابەتی گۆڕینی بەڕێز محەممەد حەلبووسی خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بڕیاریدا بەوەی پێویستە بەڕێز حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بمێنێتەوە و پابەندبوونی بەرێککەوتنە سیاسییەکانیش خاڵی بڕیاردەر و یەکلاییکەرەوەیە.
 
رووداو: پابەندە؟
 
عەباس عامری: تاوەکو ئێستا هیچ کەمتەرخەمییەکی نەبووە و بەڕێز حەلبووسی هەر لە سەردەمی بەڕێز عادل عەبدولمەهدییەوە تاوەکو ئێستا پابەندی سەرجەم رێککەوتنە سیاسییەکان بووە و هیچ کەموکوڕیی لە پابەندییەکان بەدی نەکراوە. 
 
کەسایەتییەکی پابەندە، کارەکانی بە برایانە و بەشێوەیەکی زۆر نایاب بەڕێوەدەبات.
 
رووداو: هیچ تێبینییەکانتان لەسەر کارەکانی بەڕێز حەلبووسی نەبووە؟
 
عەباس عامری: بەڕێز حەلبووسی سیاسەتڤانێکی سەرکەوتووە و لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی زۆر نزیکە و یەکێک لە کارە هەرە نایابەکانی، سەرجەم کارەکانی بەهاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بەڕێوەدەبات.
 
رووداو: خوێندنەوەتان بۆ جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی باڵیۆزی ئەمریکا چییە؟
 
عەباس عامری: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوبەشێکی سەرەکیی عێراقە و حکومەتی ئێستای عێراق لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی هاوسەنگی هەبێت. بەڵام پێویست بەوە دەکات ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای هاوبەشیی ستراتیژییەوە رێک بخرێت لە رووی ئابووریی، گەشەپێدان و وەبەرهێنان بکرێت و دەبێ ئەو خوێندنەوە هەڵەیە وەلانرێت کە باس لەوەدەکرا بنچینەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئەمنی و سەربازیی بووە و بایەخ بە دیوەکانی دیکە بدرێت. 
 
پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا گرنگە، چونکە وڵاتێکی پێشکەوتووە و لە بەرژەوەندی عێراقدایە هاوبەشی ستراتیژی هەبێت. بەڕێز باڵیۆزی ئەمریکا بەگوێرەی رێساکانی دیپلۆماسییەت کاردەکات. رەنگە...
 
رووداو: ئایا عێراق گەڕاوەتەوە سەردەمی پۆڵ بریمەر، حاکمی مەدەنی لە عێراق؟
 
عەباس عامری: بەهیچ شێوەیەک رێگە بەوەنادەین کار و رەفتارێک بکرێت کاریگەری نەرێنی بخاتە سەر سەروەرییەکانمان. ئەمە لە باڵیۆزی ئەمریکی و لە کەسێکی دیکە قبووڵ ناکەین، بەڵام پێمانوایە تاوەکو ئێستا کارەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن. هەروەها حکومەتێکی بەهێز و بوێر هەیە و کەس بۆی نییە عێراق بگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەکەم.
 
رووداو: چەند رۆژێک بەرلەئێستا بینیمان دیسان کاروانی لۆجیستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە سنووری پارێزگای دیوانییە کرانە ئامانج. بۆچی دووبارە بەئامانجکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دەستی پێکردووە؟
 
عەباس عامری: ئەم هەواڵە لەکوێ بڵاوبووەوە؟
 
رووداو: هەواڵەکەمان لە میدیاکانی عێراقی بینی.
 
عەباس عامری: رەنگە کۆن بێت
 
رووداو: نەخێر کۆن نییە، نوێیە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵوێستتان چی دەبێت سەرکۆنەی دەکەن یان پشتیوانن؟
 
عەباس عامری: لە راستیدا هیچ زانیارییەکم لەبارەی رووداوەکەدا نییە تا روونکردنەوە بدەم. حکومەت لایەنی بەرپرسیارە بۆ روونەدانی هەر کارێکی دژ بەسەروەرییەکانی و چەک دەبێ لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت بێت. بەڵام ئەو هێزە نیشتمانییە بەرگریخوازە کە پێشتر هێزەکانی هاوپەیمانانی دەکردە ئامانج، دەرفەتی بەحکومەت داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و ناتۆ و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان رێکبخاتەوە. ئەگەر هەواڵەکە راستبێت لایەنێکی دیکە ئەنجامیداوە.
 
رووداو: لە کۆتاییدا زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز دکتۆر عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
 
عەباس عامری: سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە