جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: هەزار و 8 خێزان گەڕاونەتەوە عەفرین

11-12-2024
سۆلین حەمەدەمین
 عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا میوانی رووداو بوو
عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا میوانی رووداو بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت، وەکو کورد داوای سیستمی فیدراڵی دەکەن، "کێشەی ئێمە لەسەر قەندیل و پەکەکەیە، ئەگەر ئەوان لای ئێمە نەمێنن، ئێمە و کوردی سووریا هیچ کێشەیەکمان نییە." گوتیشی، "هەموو زیندانییان ئازاد دەکەین و هەوڵدەدەین کەسی سیاسی لە زینداندا نەمێنێت."

رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، میوانی بووڵتەنێکی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و، باسی لە دۆخی عەفرین، سەرێکانی و کورد لە داهاتووی سووریا کرد، رایگەیاند، "پێش لێبووردنی گشتی، 100 گەنج لە زیندان بوون، بەشێکیان ئازاد کراون و بەشێکی دیکەش دادگە بڕیاریان لەبارەوە دەدات و ئێمە نازانین چەندیان ئازاد دەکرێن، بەڵام هەموو زیندانییان ئازاد دەکەین و هەوڵدەدەین کەسی سیاسی لە زینداندا نەمێنێت."
 
جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت، "زۆر جار وەکو کەس، گوتوومە ئەگەر ئەوان بڕۆن؛ قەندیل و پەکەکە لای ئێمە نەمێنن، ئێمە و کوردی سووریا ئەگەر پەیەدەیە یان یەپەگەیە هیچ کێشەیەکمان نییە. کێشەی ئێمە قەندیل و هێزی چەکداری دەرەوەی سووریایە نەک تەنیا لەگەڵ ئێمە، کێشەیان لەگەڵ تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی دیکەش هەیە."
 
عەبدولحەکیم بەشار گوتی، "لە سەرەتاوە دەبێت کورد و هەموو نەتەوەکانی سووریا هاوبەشبن لەم حکومەتە تاوەکو قۆناخی کاتیی تێدەپەڕێت و دەگاتە قۆناخی دەستوور، پێویستە کورد هاوبەشی هەموو شتێک بێت، پێویستە ناو، ئاڵا و چالاکی دەوڵەت بگۆڕدرێت و زمانی کوردی بکرێت بە زمانێکی فەرمی."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سڵاوت لێبێت. سوپاس کە میوانی رووداویت. ئامانجت لە سەردانی عەفرین چییە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: سوپاس.. لە ماوەکانی رابردوودا، هاوڕێیانمان وەکو حیزب و ئەنجوومەن هاوکاربوون کە نزیکەی هەزار و هەشت خێزانیان گەڕاندەوە. هەروەها هەندێک کێشە دروست بوون کە کۆمەڵێک گەنج دەستگیرکراون، سەرۆکی حکومەت لێبووردنێکی دەرکردووە و ئێستا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، بزانین چەند گەنجی ئێمە لە زینداندان و چۆن بتوانین ئازادیان بکەین؟ زۆرینەیان ئازاد دەکرێن، بەڵام هەندێکیشیان دەمێننەوە ئەوانیش چارەسەر دەکەین. ئەوانەشی ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە عەفرین پێیان دەڵێین وەرنەوە، هەندێک سەختیی هەیە، بەڵام ئەوەندەش سەخت نییە بڵێین ژیانی خۆی لە ئاوارەییدا بباتەسەر.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا چەند خێزان گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: هەزار و 8 ماڵ بە هەموو کەلوپەلیانەوە گەڕاونەتەوە عەفرین.
 
رووداو: تۆ گوتت ژمارەیەک گەنج وێڕای دەرکردنی لێبووردنی گشتی لە زیندان ماون، ئەوانە چەند کەسن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: پێش لێبووردنی گشتی، 100 گەنج لە زیندان بوون، بەشێکیان ئازاد کراون و بەشێکی دیکەش دادگە بڕیاریان لەبارەوە دەدات و ئێمە نازانین چەندیان ئازاد دەکرێن، بەڵام هەندێکیان دەمێننەوە، هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین. حکومەتی ئێمە دەڵێت، ئەوانەی لە رابردوودا لەگەڵ هەسەدە وەکو فەرمانبەر کاریان کردووە ئازاد دەکرێن، ئەوانەی بە ناچاری چەکدار بوون ئازاد دەکرێن و چارەسەرێکیش بۆ ئەندامانی ئاسایش دەدۆزینەوە. هەوڵ دەدەین هەموو زیندانیان ئازاد بکرێن، جیا لەوانەی تاوانێکی گەورەی وەکو کوشتنیان کردووە کە زۆر کەمن، بەڵام هەوڵدەدەین کەسی سیاسیی لە زینداندا نەمێنێتەوە.
 
رووداو: خێزانێکی خەڵکی عەفرین بیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی ئێوە گەرەنتیی سەلامەتی دەکەن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناتوانێت گەرەنتی بدات، من چۆن دەتوانم، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێکیان بۆدەدەین. ئێمە دەڵێین هەرکەس بگەڕێتەوە هەندێک سەختی دێتە رێگەی، بەڵام ئەوەندە سەخت نییە بڵێی پەنابەری لە گەڕانەوە باشترە. 
 
رووداو: بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرێکانی رێگە بەو عەرەبانەی نێوەڕاستی سووریا نادرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هەروەها رێگە بە کوردیش نەدراوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: رێگە لە کەس نەگیراوە؛ با بگەڕێنەوە، کێشە هەرچی بێت چارەسەری دەکەین. ناکرێت لە ماڵی خۆیانەوە بڵێن کێشەکانمان چارەسەر بکەن پاشان دەگەڕێینەوە، ئەوە قورسە.
 
رووداو: بەگوێرەی زانیارییەکان گرووپەکان رێگەیان نەداوە عەرەبەکان لە سەرێکانییەوە بگەڕێنەوە دیمەشق؛ ئەو عەرەبانەی لە سەرێکانی جێگیرکراون ئێستا بەشێکیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئاگاداری ئەوە نیم؛ ئەگەر شتێکی وابێت چارەسەری دەکەین و بۆ ئێمە ئاسانە. دەبێت رێگە هەبێت هەرکەس بیەوێت بگەڕێتەوە ماڵی خۆی، هەرکەسیش بیەوێت بگەڕێتەوە رێگەی پێبدرێت. لە عەفرینیش گەڕانەوە دەستیپێکردووە، هەندێک ماڵیان تێکچووە و هیچیان نەماوە، بەڵام خەڵک دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.
 
رووداو: بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەرێکانی چارەسەر چییە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: وەکو عەفرین خەڵک چۆن گەڕاوەتەوە و چارەسەر بووە هەروا دەبێت، دوو ساڵە دەڵێین بگەڕێنەوە هەرچی کێشە هەیە چارەسەری دەکەین. گرنگ ئەوەیە کەسەکە بڕیاری گەڕانەوەی دابێت. خێزانێکی ئێزدی هاتن کێشەیان هەبوو چارەسەرمان کرد.
 
رووداو: نوێنەرایەتیتان لە سەرێکانی هەیە هاوشێوەی عەفرین کە هاوکاریی خەڵک بکەن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: من دەچمە دیمەشق و دەگەڕێمەوە کاردەکەم لە سەرێکانی نووسینگە بکەینەوە. لە رووداوەوە بانگ لە خەڵکی سەرێکانی دەکەم بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان کێشەیەکیان بۆ دروستبێت ئێمە هاوکاریان دەبین بۆ چارەسەرکردنی. 
 
رووداو: بۆچی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێرشیان کردووەتە سەر منبج؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: وردەکاریی سەربازی نازانم، بەڵام من پێشتریش گوتم، هەسەدە یان ببێتە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن یان شەڕی ئۆپۆزیسیۆن نەکات، بەڵام بەداخەوە هەسەدە چوو فڕۆکەخانەی حەلەبی گرت، چووە ناوچەی پیشەسازی و چەند ناوچەیەکی دیکە، هەندێک یارییان کرد، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی هێزە چەکدارەکان شەڕ دژی بکەن.
 
رووداو: واتا هێرش دژی شارەکانی دیکەش دەکرێت وەکو رەققە و دێرەزوور؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: وردەکاریی سەربازی نازانم، بەڵام هیوادارم کە هەسەدە ناوچە کوردستانییەکان نەخاتە بەردەم کێشەی گەورە. وەکو جۆلانی چۆن دوو ساڵ لەمەوبەر گوتی بەشێک نییە لە قاعیدە و جەبهەتولنوسرە، ئەوانیش بڵێن پەیوەندیمان بە قەندیلەوە نییە و بەشێکین لە ئۆپۆزیسیۆن. تاوەکو ئیرادەی ئەوان لە قەندیل بێت وەکو پێشتر بۆیان بەڕێوەناچێت، پێشتر چوار ئیدارە هەبوو، بڕوام وایە هەوڵبدرێت یەک ئیدارە هەبێت لە داهاتوودا.
 
رووداو: هەوڵدانێک هەیە کادیری پەکەکە لە هەسەدە بچنە دەرەوە؟ بۆ ئەوە هیچ گفتوگۆیەک هەیە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: زۆر جار وەکو خۆم گوتوومە ئەگەر ئەوان دەرچن؛ قەندیل و پەکەکە لای ئێمە نەمێنن ئێمە و کوردی سووریا ئەگەر پەیەدە یان یەپەگەیە هیچ کێشەیەکمان نییە. کێشەی ئێمە قەندیل و هێزی چەکداری دەرەوەی سووریایە. نەک تەنیا ئێمە، کێشەیان لەگەڵ تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی دیکەش هەیە.
 
رووداو: دەچیتە دیمەشق لەگەڵ کێ کار دەکەیت؟ لەگەڵ هاوپەیمانی یان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئێستا لە سووریا دۆخێکی نوێ دروست بووە و ئێمەش ئەرکمان لەسەر شانە. دەچم بزانم لە دیمەشق چی دەگوزەرێت؛ رووی دیمەشق لەکوێیە، بۆئەوەی لەنێو رووداوەکاندا بین و لە دەرەوەی هاوکێشەکان نەبین، ئێمەش بەشێکین لەم وڵاتە، کورد دەبێت لەنێو رووداوەکاندا بێت و بزانێت چی دەگوزەرێت بۆ ئەوەی بەگوێرەی ئەوە هەنگاو بنێین.
 
رووداو: واتا بەناوی کوردێکەوە دەچیت نەک هاوپەیمانی؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: بەناوی کوردێکەوە دەچم. دەمەوێت ببینم چی لە دیمەشق هەیە؛ بەگوێرەی ئەوە هەنگاو بنێین، لە دەرەوەی رووداوەکان بین لە قامیشلۆ و لە هەولێر شرۆڤەی ئەوە بکەم لە دیمەشق چی روودەدات، پێموایە ئەوە دروست نییە. 
 
رووداو: ئەو هێزەی لە دیمەشقە هەتەشەیە. دوێنێ جۆلانی، محەممەد بەشیری ئەرکدار کرد کە حکومەتی راگوزەر پێکبهێنێت، کێشە لەنێوان هاوپەیمانی و هەتەشە هەیە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئەگەر بێت و هەتەشە حکومەت بە تەنیا رابگەیێنێت و بڵێت کە هەنگاوێکی باش نییە، ئەگەری هەیە ئیتلافیش کاردانەوەیەکی سیاسی هەبێت، بەڵام ئێمە هیوادارن هەموو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و نەتەوەکانی سووریا، بەشداریی حکومەتی کاتی ببن، ئەمە بۆ قۆناخی کاتی و دوای هەنگاونان بۆ ئاودانکردنەوەی سووریا بە دەستوور. 
 
رووداو: هیچ دانوستاندنێک لە نێوان ئیئتیلاف و هەتەشە دروستبووە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: تائێستا نەخێر، هیچ دانوستانێک نەبووە.
 
رووداو: ئێوە لە حکومەتی راگوزەر وەک کورد جێگە دەگرن؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: وەک کورد؛ ئێمە دەمانەوێت نیشانیان بدەین کە چی لە شام دروست دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە دەمانەوێت هەڵوێستێک وەرگرین کە سوودی کوردی تێدا بێت، تاوەکو ئەو هەڵوێستە وەرگرین دەبێت ئاگاداری رووداوەکان بین لە کاتێکدا ئێمە دوورین لە شام، پێویستە کورد لە دەرەوەی رووداوەکان نەبێت لە ناو رووداوەکان بێت.
 
رووداو: کورد داوای چ مافێک دەکات؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: لە سەرەتاوە دەبێت کورد و هەموو نەتەوەکانی سووریا هاوبەشبن لەم حکومەتە تاوەکو قۆناخی کاتی تێدەپەڕێت و دەگاتە قۆناخی دەستوور، پێویستە کورد هاوبەشی هەموو شتێک بێت، پێویستە ناو، ئاڵا و چالاکیی دەوڵەت بگۆڕدرێت و زمانی کوردی بکرێت بە زمانێکی فەرمی لە سووریا، ئێمە کار دەکەین بۆ سیستمی فیدراڵی.
 
رووداو: واتا داواکاریی ئێوە وەکو کورد سیستمی فیدراڵییە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: بەڵێ، بابەتی ئاڵا و زمانی دەوڵەتیش، لەبەر رەوشی دەوڵەت دەبێ بەشدار بین، وەکو کوردستانی سووریاش دەبێ خۆمان بکەین بە هاوبەش.
 
رووداو: کام لایەنی ئۆپۆزیسیۆن داواکارییەکەی ئێوە (فیدراڵی) قبووڵ دەکات؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن تاوەکو ئێستا بە فەرمی قبووڵیان نەکردووە، بەڵام زۆر خەڵکی سووریایی رۆشنبیر و خوێندەوار پێیان وایە رەوشی سووریا بە فیدراڵی باشتر دەبێت، کۆمەڵێک نووسراو و پەیام بڵاوکراونتەوە لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا سووریا فیدراڵی دەبێت.
 
رووداو: هەڵویستی وڵاتانی دراوسێ لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئەورووپا و ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ ئەم راستییە دەکەن، بەڵام وڵاتانی عەرەبی نەخێر باوەڕناکەم مامەڵە لەگەڵ ئەم راستییە بکەن.
 
رووداو: هەڵوێستی وڵاتان لەسەر سیستمی حکومڕانیی سووریا چییە؟ ئێوە لەگەڵ وڵاتان کۆدەبنەوە، لە پەیوەندیی بەردەوامن؟ چ سیستمێک بۆ سووریا باشە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: دەڵێن سووریا دەبێت بە دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراتی، باسی ئیدارەی خۆجێیی دەکەن، بەڵام ئیدارەی خۆجێیی زۆر نزیکە لە سیستمی دیموکراتی، واتا زۆربەی دەسەڵاتەکان بدەن و بە تەواوی لە سووریا دیموکراتی دروستبێت، لەوانەیە سیستەمی حکومی پەرلەمانی بێت نەک سەرۆکایەتی و گفتوگۆی تێکەڵ بێت، بەڵام سەرۆکایەتی قبووڵی ناکات.
 
رووداو: کامە وڵاتی نزیک لە سووریا پشتیوانیی ئەم بابەتە دەکات؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئەورووپا و ئەمریکا هەموویان پشتیوانیی دەوڵەتێکی مەدەنیی دیموکراتی دەکەن.
 
رووداو: دانوستاندن هەیە کە هێزی لەشکری رۆژ بگەڕێتەوە سنووری رۆژئاوای کوردستان؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: رۆژێک دەگەڕێتەوە، ئێمە ئەم هێزەمان دروستکردووە بۆ ئەوەی لە کوردستانی سووریا کار بکات، کورد بەشێک بێت لە هێزی سووریا، گەڕانەوەی لەشکری رۆژ یەکێکە لەو بابەتانەی لە گفتوگۆدایە.
 
رووداو: دانوستاندنێکی تایبەت هەیە کە لەشکری رۆژ لەسەر سنووری رۆژئاوای کوردستان بڵاوەیان پێبکرێت؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئێمە داوامان کردووە وەکو لەشکری رۆژ و گفتوگۆش لەسەری هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندی لەسەر نەدراوە.
 
رووداو: پێشبینی دەکەن شەڕی ناوخۆ لە سووریا سەرهەڵبدات؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر، شەڕی ناوخۆ زۆر ئەستەمە، من باوڕم وایە ئەو شتانەی روودەدەن ئەگەر خەڵک و بەشە سیاسییەکان، لە شوێنی خۆیانەوە دەستوەردان نەکەن ئەم قۆناخە زوو تێدەپەڕێت.
 
رووداو: ئێوە پیشبینیی ئەم رووداوەتان دەکرد کە ئێستا روویداوە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: تەنیا وەکو شرۆڤە ئێمە پێشبینمان کردبوو کە تاوەکو کۆتایی 2024 گۆڕانکاریی گەورە روودەدەن، بەڵام تەنیا وەکو شرۆڤە، ئێستاش ئەگەر لە قۆناخی حکومەتی کاتی، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و نەتەوەکانی سووریا نەبن بە هاوبەش، ئەوکاتیش گۆڕانکاری گەورە روودەدات و بەردەوامی نابێت.
 
رووداو: هەوڵی وڵاتانی جیهان هەن، بە تایبەتی ئەمریکا بۆ نزیککردنەوەی کورد و هەردوو لایەنە کوردەکان لە ئەنەکەسە و پەیەدە لەم بارودۆخە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: ئەمریکا لە قۆناخێکدایە؛ سەرۆکێک چووە و یەکێکی دیکە هاتووە، بەڵام فەرەنسا لەم ماوەیە هەوڵدەدات، ئێمە بەوانمان گوتووە کە بابەتی ئێمە لەسەر قەندیل و پەکەکەیە، ئەگەر ئەوان لە ناو بابەتەکە بڕۆنە دەرەوە ئەوە کێشە نامێنێت، ئێمە داواکارین کە پەکەکە و پەیەدە بە بوێرییەوە بڵێن کە لە شوێنی خۆیانن و بەشێکن لە خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئەوکات زۆر گۆڕانکاری روودەدات.
 
رووداو: فەرەنسا پێش رووخانی ئەسەد یان دوای رووخانی ئەم هەوڵەی داوە؟
 
عەبدولحەکیم بەشار: پێش کەوتنی ئەسەد بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە