رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەڵێت، دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان "مایەی نیگەرانییانە و نیگەرانن هەرێمێک نەتوانێت پرۆسەیەک ئەنجام بدات کە کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەی دیموکراتییە." هاوکات دەڵێت، چاکسازییەکانی پێشمەرگە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و هیواخوازن وڵاتەکەیان بتوانێت بەردەوام بێت لە هاوئاهەنگی و هاریکاریی هێزەکانی پێشمەرگە.
کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا؛ باس لە دۆخی سیاسی، ئاسایشی ئێستای عێراق، هێرشی گرووپە چەکدارەکان و ئاییندەی پەیوەندییەکانی بەرلین و بەغدا دەکات.
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەڵێت، "عێراق زیاتر دەوڵەتێکی ناوەندییە نەک فیدراڵی و پاراستنی مافی هەرێمەکان." لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، "پێویستە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکەن بۆ راگرتنی هاوسەنگی تاوەکو خەڵک هەست بە خۆشگوزەرانی بکەن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق:
رووداو: وەکو دیپلۆماتکارێک، هەست بە ئاسایش دەکەیت بەهۆی هێرشەکانی گرووپە میلیشیا شیعەکان و وەڵامەکانی ئەمریکاوە لە عێراق؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێویستە بڵێم بەڵێ هەست بە ئاسایش دەکەم، چونکە لە ساڵی رابردوودا پەرەسەندنمان لە دۆخی ئەمنیدا بینی، بەتایبەتی وەکو دەزانیت زۆربەی کات من لە بەغدا دەژیم، لەوێ بە شێوەیەکی بەرچاو دۆخەکە ئارامتر بوو، هەروەها هەڵکشانێکی کەمی هێرشی میلیشیاکانمان هەیە بۆسەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، وەڵامیش بۆیان هەیە. بەڵام بەگشتی پێموایە دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە، ئەوەش بۆ هەموومان گرنگە.
رووداو: دۆخی ئێستای عێراق نیگەرانت دەکات؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: نەخێر نیگەرانم ناکات، ئەوە شتێکە پێموایە دەکەوێتە سەر سیاسەتڤانان کە لەڕاستیدا چۆن بتوانن لایەنە جیاوازەکان کۆبکەنەوە و چارەسەرێک بدۆزنەوە.
رووداو: چۆن دەڕوانیتە هێرشەکان بۆسەر هەولێر لەلایەن ئەو گرووپە شیعانەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: خاڵەکە بۆ من ئەوەیە کە هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان لێرە لە عێراق، یەکەمجار لەڕاستیدا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم وڵاتەیە، بۆئەوەی بەهێزتر بێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت، لەبەر ئەمەیە کە پاڵپشتیی پێشمەرگە دەکەین، هەروەها ئەو پاڵپشتییەی لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پێشکێش دەکرێت، هەروەها پێدانی راوێژ، مەشقپێکردن و دابینکردنی کەرەستە و هەموو ئەمانە، بۆیە ئەمە دووژمنەکە نییە، لەڕاستیدا ئێمە لێرەین بۆئەوەی یارمەتیی عێراق بدەین بۆئەوەی هەتا دەکرێت بەهێز بێت.
رووداو: دەوترێت دۆخی ئەمنیی ئێستا، رەنگدانەوەی دۆخی سیاسییە لە ناوچەکەدا بەگشتی، ئایا ئەوە هیچ کۆسپێکی لەبەردەم پاڵپشتییەکانتان بۆ عێراق دروستکردووە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: لەڕاستیدا نەخێر، بە پێچەوانەوە، ئەوە تەنانەت هۆکارێکی زیاترە کە ئێمە دەبێت پاڵپشتیی عێراق بکەین، چونکە ئەوەی کە هاوبەشە بۆ هەموومان، ئەوەیە کە دەمانەوێت خۆمان لە هەڵقوڵانی بەدوور بگرین. دۆخێکمان هەیە کە ئاڵۆزی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرزە و عێراقیش دانەبڕاوە لەم ناوچەیە، بۆیە لەڕاستیدا گرنگترە بۆ بەهێزترکردنی عێراق و دامەزراوەکانی عێراق تاوەکو لەسەر پێی خۆیان بوەستن، بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەن و دۆخی ئەمنی لەم وڵاتەدا لەژێر کۆنترۆڵدا بهێڵنەوە.
رووداو: ئایا داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر عێراق؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: لەژێر جۆرێک کۆنترۆڵدان، بەڵام ون نەبوون و پێموایە ئەمە گرنگترینە بۆ هەمووان، بۆئەوەی چاوکراوە بن، پێموایە ئەو هێرشەی هەفتەی رابردوو روویدا وەبیرهێنانەوەیەکی باشە، لەکاتێکدا جەنگی دژی داعش رەنگە لە 2017 برابێتەوە، بەڵام هێشتا دۆخەکە لە رەش و سپییەوە دوورە، هێشتا شانەمان هەن کە چالاکن، ئەمەش واتای ئەوەی دەبێت چاوکراوە بمێنینەوە و کاردانەوەمان هەبێت.
رووداو: ئەڵمانیا بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بەڵام لەم رۆژانەدا دەنگی زیاتر دەبیستین لە لایەنە سیاسییە شیعەکان و تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراقیش. محەممەد شیاع سوودانی، کە داوای دەرکردن و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات، بۆچوونتان لەمبارەیەوە چییە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێش هەموو شتێک، هێزەکان بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق هاتن؛ دووەمیش، لە یەکەم رۆژەوە ئەوە روون بوو کە نەهاتوون بۆ تاهەتایە لێرە بمێننەوە و کۆتاییەک هەیە بۆ مانەوەی سەربازە نێودەوڵەتییەکان. پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە، ئەم دەرچوونە چۆن بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت و هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن کارەکان دەگرنە دەست؟ پێموایە ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە کاری لەسەر دەکەین و ئێستا زیاتر لە ساڵێکە کاری لەسەر دەکەین.
رووداو: پێتوایە ئێستا دۆخەکە لە ناوچەکە بەگشتی گونجاوە بۆ هەنگاوێکی لەم شێوەیە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێوایە ئەمە لەسەر پسپۆڕە تایبەتەکانە، کە بەڕاستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، دۆخێکمان هەیە کە هێزە ئەمنییەکان ئێستا مەشقیان پێدەکرێت و پڕچەک و کەرەستە دەکرێن تاوەکو ئامادەبن بەرپەرچی دۆخێک بدەنەوە لەوەی کە گەشە بکات، بۆیە خاڵێک هەیە کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ناتۆش، ئەو نێردانەی لە وڵاتەکەدان، لێرەن تاوەکو پێویستبوونی مانەوەی خۆیان نەهێڵن، ئەوەی ئێستاش پرسی کاتەکەیە کە ئەمە چۆن روودەدات و لە کوێ روودەدات بە دیاریکراوی؟ بەڵام پێویستمان بە گفتوگۆیە تاوەکو ببینین و ئەمە بکەین بەبێ ئەوەی بۆشاییەک لە دۆخی ئەمنیی وڵاتەکەدا دروستبکەین، ئەمە ئەو شتەیە کە کەس نایەوێت، چونکە ئامانجی سەرەکیی هەبوونی عێراقێکی سەقامگیر و سەرکەوتووە، هەمووان هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەوە دەدەین.
رووداو: لایەنە سیاسییە شیعەکان گوشار لە حکومەت دەکەن بۆ کشانەوەیەکی خێرا، وەکو گوتت، ساڵێکە گفتوگۆ لەمبارەیەوە هەن تاوەکو کشانەوەکە بە شێوەیەک بێت، بۆشایی دروست نەبێت وەکو ئەوەی لە 2011 روویدا. پێتوایە ئەمە هەڕەشە دروستدەکات کە رەنگە کشانەوەکە لەژێر گوشار و بە خێرایی رووبدات بۆشایی رووبدات؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: ناتوانم بڕیار بدەم کە ئایا مامەڵەیەکی دروستە لەلایەن حکومەتەوە یان نا، بەداخەوەش گۆچانی سیحریم نییە تاوەکو پێتبڵێم دۆخی ئەمنی لە ماوەی شەش مانگ یان هەشت مانگدا چۆن دەبێت، مەبەستەکە ئەوەیە کە ئێمە دەبێت پێکەوە ئەم کارە بکەین، هەردوولا، هێزە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراق باشترین رێگە بدۆزنەوە و بە باشترین هەڵسەنگاندن، کە دەکرێت دۆخی ئەمنی چۆن بێت و بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات، پێموایە ئەمە بەرپرسیارێتییەکە کە هەموومان بەرامبەر عێراق و هەروەها خەڵکی عێراق هەمانە.
رووداو: ئەڵمانیا لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش، بەشێکن لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، چۆن دەڕواننە ئەم پرۆسەیە و هەڵیدەسەنگێنن، پێتوایە پرۆسەکە خاوە یان بەو شێوەیە دەڕوات کە پلانی بۆ دانراوە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: بۆ ئێمە بەو شێوەیە دەڕوات کە پلانی بۆ دانراوە، چونکە مەبەستەکە قورسکردنی ئەرکی سەرشانی پێشمەرگە نییە، چونکە ئەمە راهێنان و کەرەستە و هەموو ئەو شتانەیە و پێویستت بە کاتە، بە دوو یان سێ کاژێرێک فێری شت نابیت، بۆیە پێویستی بە راهێنانە و پێویستی بە دووبارەکردنەوەیە.. هتد. بۆیە ئەمە شتێکە وەکو پڕۆسە دەیبینین و بە شەو و رۆژێک ناتوانین شت بکەین، ئێمە بەرەوپێشچوونێکی گەورەمان کردووە و هاوئاهەنگییەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. هیوادارین بتوانین بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە.
رووداو: لەڕووی ئابوورییەوە، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و عێراق چۆنە ئێستا؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: زۆر چڕە، مەبەستم ئەوەیە کە ساڵی رابردوو چڕتر بوو، ئێمە ساڵیادی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران سوودانی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا شۆڵتز لە بەرلین دەکەینەوە، کە هەردووکیان لەسەر ئەجێندایەکی کارکردنی زۆر ئاواتخواز رێککەوتن، کە بەشێکە لە پلان و ئاواتەکانمان، کە چۆن دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بنەخشێنین، ئەوەش لە هاوئاهەنگییەکی سیاسیی نزیکترەوە دەستپێدەکات تاوەکو قسەکردن لەبارەی کێشانەوەی جێی نیگەرانیی هەردوولان، گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێتەوە. بەڵام هەروەها سیاسەتی هەرێمی و هاوتاکردنی سیاسەتەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە، بەو شێوەیە.. بەڵام زۆرینەی لەبارەی پەرەپێدانی ئابوورییە، چونکە ئەمە وەکو گەورەترین ئاڵنگاری بۆ عێراق دەبیندرێت، کە چۆن کار دروستبکەین بۆ ئەو هەموو خەڵکەی بەشوێن کاردا دەگەڕێن.
رووداو: بێگومان کاتێک باسی ئەڵمانیا و عێراق دەکەین، رێککەوتنی حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سیمینسمان بۆ دابینکردنی کارەبا دێتەوە یاد، بەڵام لەڕووی کردارییەوە رێککەوتنەکە لە چ قۆناخێکدایە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: چەند گرێبەستێک هەن، هەندێکیان واژۆکراون و هەندێکیان لە پرۆسەی تەواوکردندان، ئەمە بەرنامەیەکی زۆر گشتگیرە و تەنیا یەک دانە نییە، کارکردن هەیە لەسەر هێڵەکانی کارەبا، هەروەها بگۆڕەکان، بۆ یەکەم جار کارکردنیش دەبێت لەسەر گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەو گازەی دەردێت، کە ئێستا تەنیا دەسووتێندرێت.
رووداو: ئێستا چەند کۆمپانیای ئەڵمانی لە عێراقدا هەن، هیچ ژمارەیەکت لایە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە، بەڵام ئێستا کە قسە دەکەین، زیاتر لە 100 کۆمپانیا هەن، زۆرینەیان کۆمپانیای بچووک و مامناوەندن، کە چالاکن، هەر لە دراوی عێراقەوە کە لەڕاستیدا لە ئەڵمانیا بەرهەم دەهێندرێت، تاوەکو پاسپۆرت و ناسنامەکەت کە لە بەغدا بەرهەم دەهێندرێت لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا. هەروەها کۆمپانیای دەرمان و بەرهەمی بیناسازی، بەو شێوەیە.
رووداو: پلانت چییە بۆ بەرزکردنەوەی ئەم هاوبەشییە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە ئەمە هاوبەشییە لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێمە وەکو باڵیۆزخانە و من وەکو باڵیۆز، کە بچمەوە ئەڵمانیا و لەوێ بانگەشە بۆ ئەو دەرفەتانە بکەم کە لێرەدا کراونەتەوە، لەبەر ئەمەشە کە دۆخی ئەمنی زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر تۆ بازرگانێک بیت و بڕیار بدەیت ئایا دەتەوێت خەڵکەکەت بنێریت بۆ شوێنێک و بتەوێت وەبەرهێنان بکەیت، پێویستت بە هەلومەرجە بۆ ئەوە، ئاسایشیش یەکەم و لەپێش هەموویانەوەیە. بۆیە ئەمە بۆ ئێمە هاوبەشییەکی دوولایەنەیە، کە پێیان بڵێین، وەکو دەشزانیت ئەم هەفتەیە لە بەغدا پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەڕێوەچوو، لێرەدا 20 کۆمپانیای ئەڵمانیا هاتن و مەراقێکی زۆر هەیە، پرسیارمان لێدەکرێت ئایا بەڕاستی سەلامەتە بێین بۆ ئەوێ، ئیدی بەم شێوەیە، ویستەکە گەورەیە، ئێستا دەبێت دڵنیابین ئەو ویستە گەشە بکات و پرۆژە و بازرگانیی راستەقینە ببینین.
رووداو: هیچ ژمارەیەکت لایە لە 2023 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئەڵمانیا چەند بووە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: بەداخەوە دوایین ئاماری ساڵی رابردوومان نییە، بەڵام لە ساڵی 2022 زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بوو.
رووداو: پێشبینی دەکەیت ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو، بەرهەمی زیاتری کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا ببینی لە بازاڕەکانی عێراق؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: دڵنیا نیم ئەوە دەبینین، بازاڕێکی گەورەیە، هەروەها دەکەوێتە سەر بەکاربەران کە خواستی چی دەکەن، مەبەستم ئەوەیە کە... بازاڕێکە کە ئێستا پەیوەندییەکی بەهێزی بەکاربردنی بەرهەمی بە ئاڕاستەی تورکیادا هەیە، هەروەها وڵاتانی کەنداو، پێویست دەکات بەکاربەران بە بەرهەمی جیاواز رابێن، بەتایبەتی لە بەرهەمە بەکاربەرییەکاندا، هێشتا کۆمپانیام نەبینیوە کە ئامادەکاری بکات بۆ هەناردەکردن بۆ عێراق، بەڵام هەرگیز ناڵێین هەرگیز.
رووداو: چۆن دەڕواننە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە، هەمیشە جێی خەمبارییە ئەگەر هەرێمێک نەتوانێت شتێک بکات، کە پێموایە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئەویش ئەوەیە خەڵک بتوانن ویستی خۆیان دەرببڕن، ئەمە ئەوەیە کە دەیکەن کاتێک دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.. بۆیە بەداخەوەم کە جارێکی دیکە دواخرا و هیوادارم ببینین ئەم هەڵبژاردنە لە 2024دا بکرێت، چونکە ئەمە زیندووییە، هەر وەکو تۆ چۆن ئاڵنگاری دەکەیت یان چۆن زیندووێتیی کۆمەڵگە دەبینیت، هەروەها ئەمە دەبینیت لەڕێگەی ئەوەی خەڵک ویستی خۆیان دەرببڕن، سیاسەتڤانان دەبنە نوێنەر، نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک، ئەمەش بەشێکی دەرکەوتنی دیموکراسییە. بۆیە بۆ ئێمە ئەمە دەربڕینێکی بنچینەییە، هەربۆیە بەڵێ، دەمانەوێت ئەم هەڵبژاردنانە ببینین کە دەکرێن.
رووداو: چۆن دەڕوانیتە دۆخی دامەزراوەکان و ئازادیی سیاسی و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە ئەمە پەرەسەندنێکی گشتییە لە عێراق وەکو وڵات، بە هەرێمەکانیەوە، شتێکە کە هەنگاو بە هەنگاو پەرەسەندنت دەبێت، بۆیە بێگومان بەرەوپێشچوونت هەیە کە کراوە، رووداویشمان هەن کە بەرەپێشچوونەکان پاشەکشێیان کردووە. دووبارە، دەزانین هەندێک ئاڵنگاری هەن، بە دیاریکراوی بۆ رۆژنامەڤانان، بۆئەوەی کار بکەن و ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، لەڕاستیدا دەبێت ئەوە بەهێزیی هەر کۆمەڵگەیەک بێت کە میدیاکان میدیایەکی ئازاد بن، بۆیە ئەوە یەکێکە لە ئاڵنگارییەکان لێرە، بەڵام ئاڵنگاریی دیکەمان هەن لە مافەکانی مرۆڤ، تووندوتیژیی خێزانی کێشەیەکە لە سەرانسەری وڵاتەکە، ئاڵنگاری هەن، بەڵام هیچ کۆمەڵگەیەک بێ کێشە نییە، تەنانەت کۆمەڵگەی ئەڵمانیاش، بۆیە پێموایە ئەمە جۆرێکە لە شتێک کە ببینین بەرەوپێشچوون روودەدات، پێویستیشە هەموو ئەو دەستکەوتانەی پێی گەیشتوون پتەویان بکەین، هەڵنەوەشێنەوە و پاشەکشێ نەکرێت، دەبێت تەنیا باشتر بکرێن نەک خراپتر.
رووداو: لە ساڵانی رابردوودا هەندێک رەخنەمان بینی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە لەبارەی ئازادییەکان، ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسی و هتد، تەنانەت کۆنسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر چەمکی پاشەکشێی بەکارهێنا بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئایا ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان هەیە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: هەمیشە نیگەرانیمان هەن، ناڵێم پاشەکشێ، بەڵام هەمیشە نیگەرانیمان هەن کە بە بەهێزی کۆمەڵگە، جا ئەگەر هەرێم بێت یان هەموو وڵاتەکە، دەکەوێتە سەر ئەوەی دانیشتووان چۆن دەتوانن بەشداری بکەن و نوێنەرانی دانیشتووان چۆن دەتوانن باسی دۆخی خۆیان بکەن، بۆیە دیموکراسی دەمرێت کاتێک ناتوانیت ئازادانە دەربڕین بکەیت و ئەگەر بەڕاستی نەتوانیت مافەکانت پەیڕەو بکەیت، بۆیە ئەمە ئاڵنگارییە بۆ هەمووان.
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جارێک لە دیداری مێری باسی دیداری خۆی و راوێژکاری ئەڵمانیای کرد، گوتی تەنیا داوای ئەوەم لێکردووە هاوکاری و پاڵپشتیمان بکات لە رێکخستن و جێبەجێکردنی فیدراڵییەت و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان، ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا سێ مووچەی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، حکومەتی عێراق لە رێگەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریسەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، بەشی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی فیدراڵی نادات، تۆ لە وڵاتێکەوە دێیت کە یەکێکە لە پێشکەوتووەکانی جیهان لەڕووی سیستمی فیدراڵی و پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم دۆخە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پەیکەربەندییەکانی فیدراڵی هەمیشە ئاڵنگارین و ئێمە لە ئەڵمانیا لە کۆتایی ساڵانی چلەکانەوە ئەمە پەیڕەو دەکەین، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم هیچ کات ئاسان نەبووە، بۆیە بەڵێ، پەیکەربەندییەکی سەرەکیمان هەیە؛ هەروەها بودجە چۆن باڵانس دەکرێت و پارەکان چۆن دابەش دەکرێن، بەڵام ئەگەر چاودێریی سیاسەتە نێوخۆییەکانی ئەڵمانیا بکەیت، هەموو ساڵێک لەسەر دابەشکردن شەڕە، مەبەستەکە ئەوەیە کە پێویستە بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت، تاوەکو بگەیتە ئەنجامێک و ببیتە یەک، کە وڵاتەکە بەهێزتر بکات و لاوازی نەکات، پێموایە ئەمە گەورەترین شتە، ئەوە نییە کە نەتوانیت گفتوگۆ بکەیت چی باشترین رێگەیە و چۆن رێکبخرێت، بەڵام دەبێت بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت کە عێراقێکی گەشەسەندوو و پڕ ئاشتیت دەوێت، کە خەڵک بتوانن گوزەرانیان دابین بکەن، باشە چۆن ئەمە رێکدەخەیت؟ ئەمە ئاڵنگارییەکەیە بۆ هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە باڵانسی ئەمە بکەن، چارەسەرێکی خێرا نییە و ئەوەش نییە بڵێیت سیستمی ئەڵمانی هەیە و وەکو سیستمی ئەڵمانی بکەیت، ئەوە بۆ ئەڵمانیا کار دەکات، بەڵام خۆ لە نەمسا جیاوازە، کە ئەویش وڵاتێکی فیدراڵییە، بۆیە هەر وڵاتێک پێویستە رێگەی تایبەتی خۆی بدۆزێتەوە کە چۆن جێبەجێی دەکات؛ بەڵام پرەنسیپەکە هەمیشە ئەوەیە کە دەتەوێت کار بکەیت بۆ بەهێزترکردنی هەمووان لە رێگەی پێشخستنی هەموو شتێک.
رووداو: چۆن عێراق دەبینیت، وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی یان زیاتر ناوەندی؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: زیاتر دەوڵەتێکی ناوەندییە، کە پەیکەربەندییەکی هەیە هەرێمی کوردیی تێدایە، کە مافی زیاتری هەیە، بۆیە ئەمە جۆرێکە کە دەتەوێت ناوی بنێیت ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی، ئەمە شتێکە دەبێت خۆتان لەسەری رێکبکەون، بەڵام خاڵەکە ئەوەیە، بێگومان قەوارەیەکی تایبەتت هەیە لێرە و بە هەر شێوەیەک ئەمە پێشبخەیت و چۆن باڵانسی ناوەند و هەرێم دەکەیت، شتێکە پێویستە لە نێوخۆدا شەڕی بۆ بکرێت، بەڵام بە وشە، نەک بازوو.
رووداو: ساڵی رابردوو 210 کۆچبەر کە مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ عێراق، ئەو پرۆسەی ناردنەوەیە چۆن دەکرێت؟ ئایا ئەڵمانیا ئێستا سیاسەتێکی دیاریکراو دژی کۆچبەران پەیڕەو دەکات؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: با لە دووەمەوە دەستپێبکەم، نەخێر؛ چونکە دەتوانیت داوای پانەبەری لە ئەڵمانیا بکەیت، بۆیە دەرگاکان کراوەن، خاڵەکە ئەوەیە، کاتێک داواکارییەکەت بۆ پەنابەری رەتکرایەوە، هەنگاوە یاساییەکانت بڕی، چونکە هێشتا دەتوانی تانەی لێ بدەیت و جارێکی دیکە پرۆسەکە دەکرێتەوە، کاتێک هەموو ئامرازە یاساییەکان بەکاردەهێنیت، بۆ ئەوەی پێی بڵێیت شایەنی پانەبەرییت و ئەوە رەتبکرێتەوە، ئەو کاتە ناچاری وڵاتەکە جێبهێڵیت، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە حکومەت گوتی، باشە پێویستە لەوە دڵنیابین کە ئەوانەی پێویستە ئەڵمانیا جێبهێڵن، چونکە چیدیکە هیچ دۆخێکی یاساییان نییە وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمە ئەوەیە کە زیاتر جەختی لێکراوەتەوە و ئێستا جێبەجێ دەکرێت، بۆیە خەڵک هێشتا دەتوانن داوا پێشکێش بکەن.
رووداو: ئایا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیان گوتوون کە رازین ئەو پەناخوازانە وەربگرنەوە کە دیپۆرت دەکرێنەوە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێویستە هەمیشە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بکەیت کە وەریاندەگرێتەوە، چونکە هەنگاوێک هەیە تەنانەت پێشتریش، چونکە پێویستە نووسراوی ناسنامە بۆ ئەو کەسانە دەربکرێت، بۆیە بێگومان ئەمە شتێکە کە هاوئاهەنگی دەکەیت و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەیت.
رووداو: خەڵکێکی زۆر هەن لە عێراقەوە دەیانەوێت لە ئەڵمانیا بخوێنن یان کار بکەن، چۆن بە رێگەی یاسایی ئەمە دەکرێت؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: دەتوانیت لە ئەڵمانیا بخوێنیت و داوا پێشکێش بکەیت بە زانکۆیەک، بەداخەوە پێویستە زمانی ئەڵمانی بزانیت، بۆیە ئاڵنگارییەکە هەیە، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت فێری زمانی ئەڵمانی ببن، پێویستە لێرە بچیتە پەیمانگەیەک. دەرفەت هەیە و دەتوانیت داوای دەرفەتی جیاوازی خوێندن بکەیت ئەگەر بتەوێت بخوێنیت، هەروەها دەتوانیت بچیت و راهێنانی پیشەیی وەربگریت، ئەمە دەکەوێتە سەر ئەوەی کە گرێبەستت هەبێت، ئەگەر خاوەن کارێک هەیە بیەوێت داتبمەزرێنێت، دەتوانیت داوای ڤیزا بکەیت لە بەشەکانی پێدانی ڤیزا.
رووداو: پێدانی ڤیزا بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆنسوڵخانەکەتانەوە زۆر زەحمەت بووە، رەتکردنەوە زۆر بووە و ئەوانەی وەریشی دەگرن بۆ ماوەیەکی کەم پێیان دەدرێت، بۆچی؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: لەبارەی ماوەی کەمەوە، ئێمە جۆرێک لە هەرەممان هەیە، پێویستە چەند ڤیزایەکی ماوە کورتت هەبێت پێش ئەوەی بتوانیت ڤیزای درێژخایەن وەربگریت. ئەمە دەکەوێت سەر ئەوەی لەڕاستیدا دەبێت بیسەلمێنیت کە ویستت هەیە بۆ گەڕانەوە، لەبەر ئەمەشە سەرەتا ڤیزای کورتمەودا دەدرێت، بەڵام دوای ئەوەی چەند ڤیزایەکی کەم وەردەگرێت، ئەوکاتە دەتوانیت ڤیزای درێژخایەن وەربگریت و ژمارەیەک کەسمان هەن لێرە کە ئەو ڤیزایە وەردەگرن.
رووداو: ئەی هۆکاری زۆر رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پێدانی ڤیزا چین، ئایە رێنوێنییەکانتان گۆڕیون؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: نەخێر، سیاسەتەکە هەر وەکو خۆیەتی، لەڕاستیدا ئەوەی من ئاگادارم ژمارەی ئەو ڤیزایانەی بە خەڵکیان دەدەین زیادیان کردووە، هاوکات ژمارەیەکی زیاتریش خەڵک داواکاری پێشکێش دەکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا، رەنگە پێشبینییەکە ئەمە بێت، بەڵام ژمارەی ئەو ڤیزایانەی دەیاندەین زیاترن لە دوو ساڵ پێش ئێستا و ئەمە ئەگەریشە کە خەڵک بەدوای کاردا بگەڕێت لە ئەڵمانیا و ئینجا بێت ڤیزا وەربگرێت بۆئەوەی بچێتە ئەڵمانیا، هەموو ئەمانە رێیان تێدەچێت و زانراون.
رووداو: پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بە جینۆساید ناساند و بڕیاریدا یارمەتیی ئێزدییان بدرێت، ئێستا ئێوە بە کردەوە چی بۆ کوردانی ئێزدی دەکەن و چیتان کردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: هەر لێرە جێبەجێ دەکرێت لە عێراق، بە دیاریکراوی بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان، یارمەتی دراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، هەروەها ئەو یارمەتییەی کە دەیدەینە یونیتاد، کە دامەزراوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەڵگەنامە کۆدەکاتەوە بۆ شوێنکەوتن و دادگاییکردنی ئەو تاوانانەی کراون، پێمانوایە ئەوانەی جینۆسایدەکەیان کرد، دەبێت سزا بدرێن.
رووداو: لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگالەوە، رووبەڕووی هیچ ئاستەنگێک دەبنەوە بەهۆی ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنییەی لە شنگال هەیە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: تاوەکو ئێستا هەوراز و نشێوی تێدا بووە. دەتوانین پڕۆژەکانمان جێبەجێ بکەین و هەندێک ئاڵنگاریمان هەبوون، بەڵام لەڕاستیدا کەس پێشبینیی نەکرد ئەمە پڕۆسەیەکی ئاسان بێت، دەزانین دەچینە ناوچەیەک کە وێران بووە بەهۆی شەڕەوە و ئەمەش پرۆسەیەکی ئاسان نییە کە بونیادی بنێیتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێنیتەوە شوێنی خۆیان، بەڵکو بەشێکی زۆر لەوەی کە هەیانبوو، ئەو شوێنانەی تێیدا دەژیان، چیدی نەماون.
رووداو: زۆرینەی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیان، هەندێکیان کاروباری کۆکردنەوەی خێزان لە هەولێر دەکەن، ئێستا ئەو پڕۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: هیچ کات پڕۆسەیەکی خێرا نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری مامەڵەی کۆکردنەوەی خێزانمان هەن، تەنانەت لە عێراقیشەوە کە دەچنە ئەڵمانیا، کارەکە دەکرێت، بەڵام هەر کەیسێک بە جیا، هەر یەکێکیان دەبێت بە تەنیا کاری تێدا بکرێت و دەبێت تەماشای ئەوەش بکرێت کە دەتوانن لە کوێی ئەڵمانیا بگیرسێنەوە و بەو شێوەیە. بۆیە پرۆسەیەکی خێرا نییە، داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام روودەدات و دەکرێت.
رووداو: ئەڵمانیا لە چەندین بواری جیادا هاوکاریی عێراق دەکات، هەروەها هاوکاریی دارایی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق دەکات، لە ساڵی 2023 بە بڕی چەند هاوکاریتان پێشکێش بە عێراق کردووە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: لە 2023 حەفتا ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ