رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ئەمریکا بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هۆشداری دەدات لەوەی "نابێت رێگە بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بدرێت بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی 2023 لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە".
نیکۆلاس گرانگەر، نێردەی ئەمریکا بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژی پێنجشەممە 2ـی ئاداری 2023) لە دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر باسی لەوە کرد، واشنتن دژی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سووریا نییە، بەڵام هۆشداریی دا کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی پەراوێزخراو و گەمارۆدراوی ئەو وڵاتە هەوڵدەدات "بۆ مەبەستی خۆی" سوود لەو جموجووڵە دیپلۆماسی و مرۆییە وەربگرێت کە لە دوای بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی شەشی شوبات ناوچەکەی هەژاند.
گرانگەر جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی "سەرمەشق"ـی هەوڵە مرۆییەکانی بەهاناوەچوونی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە بووە و گوتی "ماندوونەناسانە کار دەکەین بۆ ئەوەی یارمەتیی بگەیێنینە گەلی سووریا و ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بکەین".
گرانگەر باسی لەوە کرد، لە سەرەتای شەڕی نێوخۆی سووریاوە، "ئەمریکا سەرووی 15.7 ملیار دۆلاری وەکو هاوکاریی مرۆیی بۆ سەرانسەری سووریا و ناوچەکە دابینکردووە. هەروەها لە هەڵمەتی بەهاناوەچوونی دوای بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەدا، ئێمە 185 ملیۆن دۆلاری دیکەمان بۆ هاوکاریکردنی سووریا و تورکیا دابینکردووە".
نێردەی ئەمریکا بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گوتی "زۆر بە روونییش دەڵێین، سزاکانی ئەمریکا [بۆ سەر سووریا] نابنە هۆی رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە".
واشنتن بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی، گەمارۆی خستووەتە سەر حکومەتی سووریا، بەڵام 9ـی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، سزاکانی بۆ ماوەی 180 رۆژ لەسەر دیمەشق لادەبات بۆ ئەوەی یارمەتیی پێویست بگەیێندرێتە زیانمەندبووەکانی کارەساتەکە.
وێڕای ئەوە، گرانگەر هۆشداری دەدات کە نابێت ئەوە بکرێتە دەرفەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان لە بەرژەوەندیی ئەسەددا.
لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی بە پلەی 7.7ـی رێختەر کە ناوەندەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو و شەپۆلەکانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 6 هەزار کەس، وڵاتانی عەرەبیی هاوپەیمانیی ئەمریکا یارمەتیی مرۆییان بۆ سووریا نارد و سەرکردەکانیان پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بەشار ئەسەد کرد، ئەوەش بە ئاماژەیەک بۆ کرانەوەی ئەو وڵاتانە بە رووی دیمەشقدا لێکدرایەوە؛ پێشهاتێک کە ئەمریکا دژیەتی.
گرانگەر بە ئامادەبووانی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رێکخرابوو، گوت "با زۆر راشکاو بم، ئەمریکا بەبێ پێشڤەچوونێکی راستەقینە و بەردەوام بۆ چارەسەری سیاسی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکاتەوە. هەروەها ئێمە پاڵپشتی لەوانەش ناکەین کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە".
لە بارەی ئەو وڵاتانەشی کە بەنیازن لە بواری ئەمنی هاوئاهەنگی لەگەڵ دیمەشقدا بکەن، گرانگەر گوتی: "هانی ئەو وڵاتانە دەدەین بەشێوەیەکی هۆشیارانە تاوانەکانی رژێم لەبەرچاوبگرن، کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، دژی گەلی سووریا ئەنجامیداون".
بەگوتەی ئەو دیپلۆماتە، واشنتن بەدەر لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە خۆی لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردنێکی پاک بۆ سووریا دەبینێتەوە، هیچ چوارچێوەیەکی دیکە بە گونجاو نابینێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێی نێوخۆی سووریا؛ قەیرانێک کە لە ماوەی نزیکەی 12 ساڵی رابردوودا بە گوێرەی رێکخراوی GCR2P بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 580 هەزار کەس و ئاوارەبوونی 13 ملیۆنی دیکە و کۆچکردنی 6.7 ملیۆنیان بۆ دەرەوەی وڵات".
ئەمریکا بە گوتەی گرانگەر، لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان سەرنجی لەسەر چوار کاری لەپێشینەیە کە "ئامانجیان باشترکردنی دۆخەکەیە بۆ گەلی سووریا و بەرەوپێشردنی چارەسەرێکی سیاسییە: خاڵی یەکەم: جەختکردنەوەیە لە تێکشکاندنی داعش. دووەم: رێگەخۆشکردنە بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان. سێیەم: نەهێشتنی تووندوتیژییە لە سەرتاسەری وڵاتەکە بە دەستگرتن بە ئاگربەستەوە. چوارەم: لێپرسینەوەیە لەو تاوانانەی لەلایەن رژێمی ئەسەد و هێزەکانی سەر بەوەوە کراون".
هەموو ئەم کارانەش، وەکو گرانگەر باسی دەکات "پاڵپشتی لەو دۆخە دەکەن، کە خزمەت بە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی دەکات بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254 کە هێشتا باشترین رێککەوتنە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێت".
دەقی گفتوگۆکە لەگەڵ نیکۆلاس گرانگەر، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا:
پرسیار: ئایا هێشتا ئەگەری چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی سووریا بە سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە؟ ئەو لایەنە کێیە کە کلیلی کردنەوەی ئەم ئاسۆیەی لە هەگبەدایە بۆ چارەسەر؟
نیکۆلاس گرانگەر: زۆر سوپاس بۆ ئەم پێشەکییە جوانە. داوای لێبوردن دەکەم کە نەمتوانی روو بەڕوو لەگەڵتاندا بم، بەڵام هێشتا جێگەی دڵخۆشیمە، کە بە شێوەیەکی ڤێرچواڵ لەگەڵتاندام بۆ ئەوەی تاوتوێی دۆخی سووریا و رەهەندەکانی چارەسەر بۆ قەیرانەکان بکەین. هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە نایابانەش کە ئاڕاستەی منت کردن. ئەم مانگە، مانگی ئادار دەبێتە 12 ساڵ لەو کاتەوەی سووریا رووبەڕووی تراژیدیایەکی لەوێنەنەهاتوو بووەتەوە؛ ئەوەش وەکو دەزانین، جەنگ، تیرۆر، تاوان، ئاوارەبوون، هێرشی کیمیایی، شوێنبزرکردن، کۆرۆنا، کۆلێرا و بوومەلەرزەی ئەم دواییە. هەموو ئەمانە کۆکراوەی شتانێکی زۆر خراپن کە سووریا ناچار بووە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا بەرگەیان بگرێت. دەمەوێت سەرەخۆشی لە قوربانییانی بوومەلەرزەکەی مانگی رابردوو لە سووریا و تورکیا بکەم. لەکاتێکدا یارمەتیی قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەدەین، ئەمریکا نەهامەتییەکانی گەلی سووریای لەبیر نەکردووە کە لەسەر دەستی رژێمی ئەسەد و پاڵپشتیکارانی لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکی رابردوودا چەشتوویانە.
لەمیانەی یارمەتیدانی گەلی سووریای زیانلێکەوتوو بەهۆی بوومەلەرزەکە، ئەمریکا لە سیاسەتەکەیدا هێشتا روون و راشکاوە، کە ناکرێت بەشار ئەسەد ئەم بوومەلەرزەیە بۆ مەرامی تایبەتیی خۆی بەکاربهێنێت و خۆی لە لێپرسینەوە بدزێتەوە کە بەهۆی تاوانەکانییەوە رووبەڕووی دەکرێتەوە. بەشێک لەو تاوانانە چوونەتە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی. ئێستا لەدوای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕ و پێکدادان ئێمە راستبینین لەوەی رەهەندەکانی پەرەپێدانی چارەسەرێکی سیاسی سنووردارن. چارەسەرێک لە ئاست داواکاریی گەلی سووریادا بێت کە بەشێوەیەکی ئازایانە پێش 12 ساڵ داوای گۆڕانکارییان کرد. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پەرەپێدانی سەقامگیرییەکی سیاسیی دادپەروەرانە بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت. هەروەکو ئاماژەت پێکرد، ئەو بڕیارنەمەیە لە ساڵی 2015 دەرکرا و لەو کاتەوە کاتێکی زۆر تێپەڕیوە، بەڵام ئێمە هێشتا پابەندین بە پێشخستنی ئەم سەقامگیرییە سیاسییە بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254.
ئەمریکا سەرنجی لەسەر باشترکردنی دۆخی گەلی سووریایە و بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێت بۆ ئەوانەی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە ناهەقییان بەرامبەر کراوە. ئەمریکا هەروەها سەرنجی لەسەر نەهێشتنی ئەو مەترسییانەیە کە بەهۆی ئەم پێکدادانانەوە خراونەتە سەر دراوسێکانی. چەقی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا سەرنجی لەسەر چوار کاری لەپێشینەیە کە ئامانجیان باشترکردنی دۆخەکەیە بۆ گەلی سووریا و پێشڤەبردنی چارەسەرێکی سیاسی. خاڵی یەکەم جەختکردنەوەیە لە تێکشکاندنی داعش. دووەم، رێگەخۆشکردنە بۆ هاوکارییە مرۆییەکان. سێیەم، نەهێشتنی تووندوتیژییە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بە دەستگرتن بە ئاگربەستەوە. چوارەم کاری لەپێشینەشمان لێپرسینەوەیە لەو تاوانانەی لەلایەن رژێمی ئەسەد و هێزەکانی سەر بەوەوە کراون. هەموو ئەم کارانەش پاڵپشتی لەو دۆخە دەکەن خزمەت بە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی دەکات بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254 کە هێشتا باشترین رێککەوتنە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێت.
ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کۆمەڵگەی سڤیلی سووریا و بڕیاربەدەستەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سیاسیی سووریا و هەوڵە دیپلۆماتییەکانی دیکەدا بەشداربن بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254. ئێمە بڕوامان وایە پێشڤەبردنی هەموو لایەنێکی بڕیارنامەی 2254 گرنگە کە سەربەستکردنی ئەو کەسانەی بە ناڕەوا دەستگیرکراون، گەیشتن بە ئاگربەستێکی سەرتاسەری و گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابەران لەخۆ دەگرێت. ئێمە زۆر بە وردی ئاگادارین کە دۆخی ئابووریی سووریا لەم کاتەدا، لە هەموو کاتێکی دیکەی درێژایی قەیرانەکە خراپترە، پێویستییە مرۆییەکانیش لە بەرزترین ئاستدان. ئەم پێداویستییە مرۆییانەش نەک هەر بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە هاتوونەتە ئاراوە، بەڵکو بەهۆی کۆرۆنا، بڵاوبوونەوەی کۆلێرا، وشکەساڵی و دەرهاوێشتە خراپەکانی جەنگی رووسیا لەسەر ئۆکراینا لەسەر ئاسایشی جیهانیی خۆراک. ئەمریکا شانازی دەکات کە سەرمەشقی بەخشەرە مرۆییەکانە بۆ هاوکاریکردنی گەلی سووریا و بەباشی کار دەکەین بۆ ئەوەی یارمەتیی بگەیێنینە گەلی سووریا و ئاسانکاریی بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بکەین. لە سەرەتای قەیرانەکەوە، ئەمریکا سەروو 15.7 ملیار دۆلاری وەکو هاوکاریی مرۆیی لە سەرتاسەری سووریا و ناوچەکەدا دابینکردووە. هەروەها لە هەڵمەتی وەڵامدانەوەی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەدا، ئێمە 185 ملیۆن دۆلاری دیکەمان بۆ هاوکاریکردنی سووریا و تورکیا دابینکردووە. بەدەر لە هاوکارییەکانی خۆمان، ئەمریکا هانی هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا دەدات بۆ ئەوەی کاری زیاتر بکەن بۆ یارمەتیدانی تورکیا. کاریش بۆ کردنەوەی زۆرترین دەروازەی سنووریی دەکەین بۆ دەربازبوونی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوکاریی دیکە. زۆر بە روونیش دەڵێین سزاکانی ئەمریکا [بۆ سەر سووریا] نابنە هۆی رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە. بۆ ئەوەش، مۆڵەتی کاتیمان دەرکرد بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە کە هاوکاریی پەیوەست بە بوومەلەرزەوە بە رەهایی رێگەپێدراوە بۆ هەموو ناوچە زیانلێکەوتووانی سووریا. سەرەڕای ئەوەش ئێمە دژی ئەو ئاوەدانکردنەوەین کە لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە چاودێریدەکرێت یانیش بۆ ئەو دەکرێت و سزاکانی سەر رژێمی ئەسەد و پاڵپشتیکارانی هەڵناگرین. ئەوەش بە دیاریکراوی لەو چوارچێوەیەدا راستە کاتێک هەوڵی یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەدەین.
با زۆر راشکاو بم، ئەمریکا بەبێ پێشڤەچوونێکی راستەقینە و خۆڕاگر بۆ چارەسەری سیاسی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکاتەوە. هەروەها ئێمە پاڵپشتی لەوانەش ناکەین کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە. بەشێکی وڵاتانی دیکە پەیوەندییان لەگەڵ رژێم بەستووە، یانیش بە نیازن لەبەر چەند هۆکارێک ئەوە بکەن. لەنێویدا، بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانیان. هانی ئەم وڵاتانە دەدەین بەشێوەیەکی هۆشیارانە تاوانەکانی رژێم لەبەر چاو بگرن کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، لە دژی گەلی سووریا ئەنجامیداون. هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی رژێم بۆ رێگریکردن لە دەستگەیشتن بە هاوکاریی مرۆیی و ئەمنیش لەبەرچاو بگرن. ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی لەگەڵ رژێم دەبەستن، دەبێت بیر لە بەرژەوەندیی گەلی سووریا بکەنەوە، وەکو یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە و بەجێگەیاندنی ئامانجەکان بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254. لە ئەنجامدا، ئەمریکا پێیوایە کە سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکەدا تەنیا لەرێگەی پرۆسەیەکی سیاسییەوە بەدیدێت کە نوێنەرایەتیی خواستی گەلی سووریا بکات. بەدەر لە تاوانەکانی ئەسەد، کارێکتەری دیکەش هەن کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەری سیاسیی بۆ شەڕەکە دەکەن. ئێران بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی رژێمی ئەسەد، لەکاتێکدا هێزەکانی ئێران و هێزە نزیکەکانی رۆڵێکی ناسەقامگیرکەرانە لە سووریا دەگێڕن، هەروەک چۆن لە ناوچەکانی دیکەش هەمان شت دەکەن. کامپەینی سەبازیی رووسیا لە سووریا و پاڵپشتیکردنی رژێمی ئەسەد بووەتە هۆی وێرانییەکی زەبەلاح و گیانلەدەستدان و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی سڤیل. هەروەکو جموجۆڵە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیاش بارودۆخی لەبار بۆ چارەسەری سیاسیی بۆ پێکدادانەکە تێکدەدەن. هەروەها رووسیا هیچ هەوڵێکی راستەقینە نەداوە بۆ گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانەی رژێمی ئەسەد بەرامبەر گەلی سووریا.
هاوکات، داعش و قاعیدە هەڕەشەی راستەقینەن، بەدیاریکراوی، هەزاران چەکداری داعش لە گرتووخانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریادان. لە هەمان کاتدا، دەیان هەزار کەسی دیکە کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن، لە دۆخێکی خراپدا لە کامپە قەرەباڵخەکاندا دەژین. بەشێکی زۆری خەڵکی لەم کامپانەدا هاووڵاتیی سووریا نین. ئەمریکا دەستخۆشی لەو وڵاتانە دەکات کە هاووڵاتییەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەڕاندووەتەوە و هانی هەموو ئەو وڵاتانە دەدات کە هاووڵاتییەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، بیانگەڕێننەوە. هەروەها هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئاسانکاریکردنی گەڕاندنەوەیان. بێجگە لە هاوکاریی مرۆیی ئێمە، ئەمریکا هاوکاریی بۆ سەقامگیرکردنی کۆمەڵگەکان دابیندەکات و لە دژی بەدەستهێنانەوەی پێگە لەلایەن داعشەوە دەوەستێتەوە. چالاکییە سەقامگیرییەکانمان سەرنج دەخەنە سەر چارەسەرکردنی ئابووری و ئەمنی، کاراکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان لەو ناوچانەی لە دەستی داعش ئازادکراون و پاڵپشتیکردنی گەڕاندنەوەی و تێکەڵکردنەوەی ئاوارەکانی سووریا. هەموو ئەم شتانە و هەموو ئەو کارە لەپێشینانەی ئەمریکا لە سووریادا کاری بۆ دەکات، وەکو نەهێشتنی توندوتیژی، دەستگەیشتنی زیاتر بە هاوکاری، چەسپاندنی دادپەروەری و لێپرسینەوە و بەزاندنی داعش؛ هەموو ئەم کارە لە پێشینانە هەنگاوی گرنگن بۆ پێشڤەبردنی چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی سووریا بەگوێری بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەکاتێکدا ئەمریکا راستبینە لەبارەی ژمارەیەکی زۆری بەربەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی وەها، ئێمە پابەندین بە بەدەستهێنانی ئاشتییەکی سەقامگیر، دادپەروەرانە و دوورمەودا بۆ گەلی سووریا. سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ