یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: بایدن وەک چەقی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەیری عێراق دەکات

02-03-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر رایگەیاند، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا 360 پلە بەرەوپێش چووە. گوتیشی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا عێراق وەک چەقی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەیردەکات.
 
رۆژی سێشەممە 28-2-2023، کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە رێکخراوە دەستیپێکرد، لە کۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک ناوەندی لێکۆڵینەوەی هەرێمی و جیهانی بەشدارن. مژاری سەرەکی کۆڕبەندەکە بریتییە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
 
جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یەکێک بوو لەوانەی لە پانێلی "رکابەری و رۆڵی وڵاتە زلهێزەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"ـدا قسەکەر بوو. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە گرنگییەوە باسی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئەمریکا کرد.
 
گاڤیتۆ جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق نابێت تەنیا لە بازنەی ئاسایش و بەرگریدا بمێننەوە، بەڵکو دەبێت فراوانتر بکرێت. لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمریکا پەیوەندییەکی قووڵی ستراتیژی و دوورمەودای لەگەڵ عێراق هەیە؛ ئەمەش خۆی بەڵگەیەکە [بۆ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق] کاتێک لە گفتوگۆیەکی هاوشێوەدا باسی لێوە دەکرێت. لە ساڵی 2008 ئەمریکا و عێراق رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژییان واژۆکرد، کە دۆخێک دروستبکات پەیوەندییەکان لە هاوئاهەنگی ئاسایش زیاتر بن".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێنیفەر گاڤیتۆ گوتی، "ئێستا دەتوانین وا باسی پەیوەندییەکە بکەین کە 360 پلە بەرەوپێشچووە، بۆیە ئێستاش کە حکومەتی نوێی عێراق لە شوێنی خۆیەتی، هەلی لە رادەبەدەر زۆرمان لەبەردەستە کە هاوبەشییەکەمان قووڵبکەینەوە."
 
جێنیفەر گاڤیتۆ لە پانێلەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، عێراق دەبێت بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی دەبێتەوە، پشت بە ئەمریکا ببەستێت؛ کە ئەوانیش گەندەڵی، قەیرانی کەشوهەوا، قەیرانی ئاودێری، هەڵاوسانی ئابووری و سەروەریی خاکە.
 
بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، هیچ کام لەو بەرەوپێشچوونانە نایەنە بوون ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی نەبنەوە.
 
گاڤیتۆ گوتی: "هەموومان ئەوە دەزانین باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بنەمای گەیشتنمانە بە هەموو ئامانجە هاوبەشەکانمان. ئەوە سوودی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت و، سەروەری خاکی عێراقیش بەهێز دەکات و سەقامگیری و ئاسایشیش دەهێنێتە ناوچەکەوە".
 
گاڤیتۆ لەبارەی پابەندیی ئەمریکاوە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق گوتی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا "وەک چەقێک بۆ تەواوی ناوچەکە سەیری عێراق دەکات، هەربۆیە بینیتان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندەکەی کرد لە 9ی شووبات، کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئابووریی باڵایان وەک بەشێک لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ستراتیژی ئەمریکا و عێراق کرد".
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لەبارەی هەژموونی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەوڵدانی بۆ جێگەگرتنەوەی ئەمریکا لە بواری بازرگانیدا گوتی، ئەمریکا نایەوێت گوشار بخاتە سەر هاوبەشەکانی، بەڵکو تەنیا دەیەوێت لەوە دڵنیابێتەوە هاوبەشەکانی لە باشی و کواڵێتی بەرهەم و سیاسەتی ئەمریکا شارەزان. گوتیشی: "کۆمپانیاکانمان و تەکنەلۆژیاکەمان نەک تەنیا باشترینن لە جیهاندا، بەڵکو دەتوانن پارێزگاری و ئاسایش پێشکێش بکەن، کە راستییەکەی ئەمەش لە کۆمپانیا چینییەکاندا نابینرێت".
 
دەقی وەڵامەکانی جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا:
 
بەڕێز بلینکن (وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) لە ماوەی پێشوودا لەبارەی رکابەریی وڵاتانی زلهێزەوە گوتبووی، ئێمە داوا لە هاوبەشەکانمان ناکەین کێ هەڵبژێرن، بەڵام دەمانەوێت لەوە دڵنیابینەوە هەڵبژاردەیەکیان لەبەردەستدا بێت. ئەوەش ئەو تێڕوانینەیە کە ئەمڕۆ من دەمەوێت لەگەڵتان باسی بکەم. ئەمریکا پەیوەندییەکی قووڵی ستراتیژی و دوورمەودای لەگەڵ عێراق هەیە؛ ئەمەش خۆی بەڵگەیەکە [بۆ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق] کاتێک لە گفتوگۆیەکی هاوشێوەدا باسی لێوە دەکرێت. لە ساڵی 2008 ئەمریکا و عێراق رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژییان واژۆکرد، کە دۆخێک دروستبکات پەیوەندییەکان لە هاوئاهەنگی ئاسایش زیاتر بن. 
 
ئێمە پێشکەوتنی زۆرمان لەو پەیوەندییەدا بینیوە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئێستاش 15 ساڵ دوای رێککەوتنەکە ئێمە بەردەوامین لە بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، کە بە جۆرێک بێت زۆر سێکتەری دیکە بگرێتەوە، نەوەک تەنیا هاوئاهەنگی ئاسایش و بەرگری. 
 
ئێستا دەتوانین وا باسی پەیوەندییەکە بکەین کە 360 پلە بەرەوپێشچووە، بۆیە ئێستاش کە حکومەتی نوێی عێراق لە شوێنی خۆیەتی، هەلی لە رادەبەدەر زۆرمان لەبەردەستە کە هاوبەشییەکەمان قووڵبکەینەوە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، ئەمەمان لە کۆبوونەوەی دیپلۆماتکارە باڵاکانی نێوان عێراق و ئەمریکا باس کرد کە لە واشنتدا کران، (باسی ئەوەمان کرد) پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق، دەبێت بەهێزتر بکرێت. ئێمە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتی سەرۆکوەزیران سوودانیدا دڵخۆشین کە ئێستا (حکومەتەکەی سوودانی) دامەزراوە و چاوەڕێدەکەین لە نزیکەوە کار بەیەکەوە بکەین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان. هەروەک لە راپۆرتی تشرینی دووەمی 2022ـدا لەسەر ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتمانی خۆی دڵنیایی لەبارەوە داوە، ئەمریکا بە قووڵی پابەندە بە ئاشتی هەرێمی و سەقامگیری و روونییەوە و هەروەها بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
بەشێوەیەکی دیکە بڵێم، ئەمریکا خواستی لەگەڵ سەرکەوتنی ناوچەکەدایە. لە تێڕوانینی سەرۆکەوە عێراق وەک ناوەندێک بۆ تەواوی ناوچەکە سەیر دەکرێت، هەربۆیە بینیتان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندەکەی کرد لە 9ی شووبات، کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئابووریی باڵایان وەک بەشێک لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی ستراتیژی ئەمریکا و عێراق ئەنجامدا. شاندەکەی فوئاد حوسێن بەرپرسی باڵای لە تەواوی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بوو، کە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەکەی ئێمەدا کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بە جوانی پاڵپشتی قووڵ و فراوانی ئەمریکای بۆ عێراق وەک هاوبەشێکی ستراتیژی روونکردەوە، تاوەکو بەیەکەوە ئامانجی هاوبەش بۆ دروستکردنی عێراقێکی سەقامگیر و روون و پارێزراو بەدەستبێنن. لە کۆبوونەوەکەدا پابەندی و پاڵپشتی سەرۆک بایدنیش بۆ چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق باسکرا. هەروەها پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقیش بە بەرنامەی نوێ لەوانە یارمەتیدانی عێراق لە سێکتەری ئابووری، وزە، بنیاتنان و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کە هەموو ئەمانەش لە سوودی خەڵکی عێراقە. ئێمە زۆر شانازی بە راگەیاندنی پەیوەندییە 360 پلەییەکەمان لەگەڵ عێراق دەکەین، چونکە ئەمە واتای ئەوە دەگەیێنێت ئێمە پابەندین بە فراوانکردنی هەموو سێکتەرەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەمان لە دەرەوەی ئاسایش و بەرگری. ئەو بابەتانەش بریتین لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا، فراوانکردنی کەرتی تایبەت، دروستکردنی هەلی کار، باشترکردنی خزمەتگوزاری، بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە و بەهێزکردنی سەروەریی عێراق. گفتوگۆی ئەنجوومەنە باڵاکانمان سەرنجی لەسەر بەرژەوەندیی ئەمریکایە لە سەربەخۆبوونی عێراق لە بواری وزەدا و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی کەشوهەوا. ئەم دوو کێشەیەش بە گشتی دوو لایەنی هەمان بابەتن. ئێمە تێڕوانینمان وایە، کە پێشکێشکردنی بەرنامەیەکی بەهێزی سەربەخۆیی وزە زۆر گرنگە بۆ زیادکردنی روونی لە ئابووریی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی. ئەم خواستەش دەبێت لە دەستکردن بە هەوڵەکان بۆ راگرتنی گازی گڕگرتووی [سەر بیرە نەوتەکان]، نوێکردنەوەی ژێرخانی وزەی عێراق، گەڕان بە شوێن وزەی نوێبووەوە و بەستنی هێڵی کارەبای عێراق بە وێستگەکانی دیکەی ناوچەکە لەخۆبگرێت. لە کاتی سەردانەکەیدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکە سەرنجیان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بوو. ئەندامانی شاندەکەی عێراق بەشدارییان لە چەند گفتوگۆیەکی پەیمانگای نیشتمانی زانستەکانیشدا کرد، کە پێکهاتبوو لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق. قەیرانی کەشوهەوا خەریکە دەبێتە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانی؛ عێراق یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکانی جیهان لەو رووەوە. بەهۆی قەیرانی کەشوهەواوە عێراق رووبەڕووی قەیرانی نەبوونی ئاو و خۆڵبارینی لە رادەبەر و بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرما بووەتەوە. ئەوەی لەسەر ئێمەیە، ئەمریکا نیازی وایە بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا لە عێراق پەرەپێبدات و لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری لە هاریکاریی بەرەوپێشبردنی ئەو سێکتەرەدا خەرجکردووە. بنەبڕکردنی دەردانی گازی میسان لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی گازە سووتاوەکانەوە باشترین رێگەیە بۆ ئەو وڵاتە کە گەرمبوونی زەوی خاوبکاتەوە و خەڵکی عێراق لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا بپارێزێت. 
 
قەیرانی ئاو لە عێراق و وێرانکردنی سەرچاوە ئاوییەکان وایکردووە خەڵک ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن و روو لە شارەکان بکەن، ئەمەش گوشارێکی زۆری کردووەتە سەر شارەکان کە خۆیان ژمارەی دانیشتووانیان سەرووی ئاساییە. ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق کار بۆ ئەوە دەکەین باشترین ئەزموونی خۆمانیان لەگەڵدا بەش بکەین لە سێکتەری ئاودێری و ئاودانی زەویوزاردا. ئێمە لە کۆنفرانسی hcc لە واشنتن بانگهێشتی شارەزایانی ئاودێریی عێراقمان کرد تاوەکو بەشداری لە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن لەگەڵ شارەزا ئەمریکییەکانی ئەو بوارە. هەروەها گرنگە حکومەتی عێراق کار لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و ئابووری وڵاتەکە بکات؛ عێراق دەکرێت وڵاتێکی سوودبەخشبێت لە بازرگانیکردن لەگەڵیدا، بۆیە لە 10ـی شووباتی ئەمساڵدا نزیکەی 40 کۆمپانیای ئەمریکی بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ شاندی عێراق کرد، کە لەلایەن ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا و عێراقەوە رێکخرابوو. ئەم کۆبوونەوەیە زۆر گرنگ بوو لە نزیکردنەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا لە چەندین سێکتەردا. کۆمپانیا ئەمریکییەکان تەنیا چارەسەرن لە جیهاندا کە بتوانن ئابووریی عێراق رێکبکەنەوە و بیبوژێننەوە، یەکێک لەو رێگایانەش فراوانکردن و بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی جیاوازە لە سێکتەری وزەدا. 
 
هەموومان ئەوە دەزانین باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بنەمای گەیشتنمانە بە هەموو ئامانجە هاوبەشەکانمان. ئەوە سوودی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت و سەروەری خاکی عێراقیش بەهێز دەکات و سەقامگیری و ئاسایشیش دەهێنێتە ناوچەکەوە. 
 
ئیدارەکەمان بەردەوام پابەندە بە هاریکاریکردنی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان؛ ئەوەش بەگوێرەی دەستووری عێراق. ئێمە رۆڵێکی چالاکمان هەیە لە گوشارخستنە سەر لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری دوورمەودا بۆ ئەو کێشە کۆنانە، کە یەکێکیان دابەشکردنی داهاتە بە پشتبەستن بە یاسای سەقامگیر بە زووترین کات. ئەمە رووکاری سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە لە عێراق لە یەک ساڵی رابردوودا و پێشوازی لە هەر نیشانەیەک دەکەین پیشانمان بدات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە گەیشتن بە چارەسەرێکی یەکجاری. 
 
کاری زۆر ماوە بەیەکەوە بیکەین، گەورەترین ئاڵنگاریش دەکرێت رووبەڕووی ببینەوە بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکە باشانەی ئەنجوومەنی باڵای ئەمریکا و بەردەوامیدان پێیان. لەکاتێکدا عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر گەورە دەبێتەوە، هێشتا شتی زۆر ماوە لەبارەیەوە گەشبین بین؛ لەوانەش بەرنامەی چاکسازی سەرۆکوەزیران سوودانی، زیادبوونی فرەڕەنگی و فرەکلتووری لە عێراق و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کە دەکرێت هەلی زیاتر بدات تاوەکو عێراق ببێتە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووتر و بەرهەمدارتر. ئێستا 50٪ـی دانیشتووانی عێراق لە خوار تەمەنی 20 ساڵییەوەن، بۆیە زۆربەی کارەکانمان سەرنجیان لەسەر ئەو پێکهاتەیەیە. گەنج لە عێراق بەبێ هیچ گومانێک بە بەهاترین سەرچاوەن بۆ دروستکردنی عێراقێکی دەوڵەمەند و کۆکراوە و دیموکراسی، کە ئێستا لە بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشدان لە دوای چەند ساڵێک لە جەنگ و پەتای کۆڤید 19. بۆیە ئێستا ئەرکەکە لەسەرشانی سەرۆکوەزیران سوودانییە، کە هەموو یاسایەک بخاتە کار کە ژیانی خەڵک بەرەو باشتر دەبەن. 
 
ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاردەکەین تاوەکو هاوکارییان بکەین فەرمانگەکانیان رێکبخەن و بەهێزی بکەن، رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و یاسا جێبەجێبکەن و سەرچاوە ئابوورییەکانیشیان فرەڕەهەند بکەن. بە دڵنیاییەوە هێرشە نایاساییەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کاریگەریی لەسەر عێراق و ناوچەکەش هەیە، ئەویش بە ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی خواردن و ئاسایش و بەرزکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان. جەنگەکە وایکردووە هاوپەیمانی رووسیا ئێرانیش زیاتر بێت، ئەو هاوپەیمانییەش وای لە ئێران کرد تەکنەلۆژیای ئاسمانی بداتە رووسیا تاوەکو لە ئۆکراینا بەکاریبێنێت و هەڕەشەی ئەوەش بکات کاریگەرییە وێرانکارییەکانی جەنگەکەی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فراوانتر بکات. بەڵام هێشتا ئەم جەنگە سوودی بۆ عێراق هەیە، دەتوانێت سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهان ببینێت و بەرهەمهێنانی وزەی نێوخۆیی زیاتر بکات، تاوەکو وزەی پێویست بۆ خۆی دابین بکات و ئاستی هەناردەی وزەش زیاتر بکات بۆ ئەوروپا. عێراق دەتوانێت ببێتە ئەندامێکی بەرپرسیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، ئەویش لە رێگەی دژوەستانەوەی جەنگەکەی رووسیا، لە پێناو دیموکراسی و جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئێمە سوپاسی عێراق دەکەین بۆ پاڵپشتیکردنی سەروەریی خاکی ئۆکراینا و یەکگرتوویی خاکەکەی کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا رایگەیاند و هەروەها سوپاسی دەنگدانیشی بە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقاگیری لە ئۆکراینا دەکەین لە 23ی شووباتی ئەمساڵ. هێزی گەورە، جەنگ دروست ناکات، هێزی گەورە تێڕوانینێکی باش پێشکێشی ناوچەکە دەکات کە لە سوودی هەموو لایەک بێت. ئەمریکا لەو جۆرە سیاسەتە نێودەوڵەتییەدا زیاتر پێشدەکەوێت کە دڵنیایی ئاسایش، دادوەری و روونی پێشکێشدەکات لە رکابەرییکردنی یەکتر بۆ بیرۆکەی نوێ و بەرژەوەندیی بازرگانیدا. ئێمە هاوکاری وڵاتانی هاوبەشمان دەکەین لە کەرتی ئاودێریدا، هەروەها لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا و بەهێزکردنی ئابوورییەکەیاندا. 
 
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیبەخشینە عێراق لەگەڵ تێڕوانینی سەرۆکوەزیران سوودانی هاوتەریبە و پێگەی خۆشی گرتووە. ئێمە زۆر شانازی دەکەین کار لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەین لەسەر بنەمای بەرنامەیەک کە ژیانی خەڵکی عێراق باشتر بکات و هەلی باشتری پێشکەوتن بۆ ناوچەکە بهێنێت. دووبارە سوپاس کە رێگەتاندام ئەمڕۆ قسە بکەم.
 
پرسیار: تۆ بە وردی و دوورودرێژی لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق قسەت کرد، لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە قسەت کرد،  لەبارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەوپێشبردنی ئابووری عێراقیشەوە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا قسەت کرد. بە نزیکەیی لەبارەی هەموویەوە قسەتکرد. بەڵام ئەوە نهێنی نییە، کە عێراق ئێستا لە ژێر سەرنجی سیاسەتڤانانی دەرەوەی ئەمریکا لاچووە. باس لەوەشدەکرێت ئەوە لە خۆیەوە رووینەداوە و بە تەواوەتی هۆکاری خۆی لە پشتەوە بووە، کە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە و لەو کاتەشەوە باش نەبووە، ئێستا سەرنجێکی راستەوخۆ لەسەر عێراق نەماوە. هەروەها کە ئەو سەرنجە کەمبووەتەوە، وەک ئەمریکییەکان خۆتان دەڵێن بە واتای کەمکردنەوەی سەرچاوەکان و کەمکردنەوەی ئامادەبوونی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق دێت، هەروەک بە واتای کەمبوونەوەی دیپلۆماتەکان و کەمبوونەوەی ژمارەی سەربازی ئەمریکی دێت؛ دەشکرێت لە ماوەی داهاتوودا ئەمە واتای کەمبوونەوەی فرۆشتن و هاریکاریی سەربازی و دەرەوە بگەیێنێت. کەواتە ئەمریکا چی دەکات ئەگەر رووبەڕووی چەند کێشەیەکی وردبوونەوە. ئەی تۆ لە نووسینگەکەی خۆت لە وەزارەتی دەرەوە چی دەکەیت تاوەکو ئەو پەیوەندییە لە بەرژەوەندیی سیاسەتی ئەمریکادا بهێڵیتەوە؟
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: دەمەوێ قسە لەسەر ئەو گوتەیە بکەم کە دەڵێت عێراق سەرنجی سیاسەتەکانمان نییە، بەدڵنیاییەوە لەماوەی رابردوو و بەتایبەتیش ساڵی رابردوو بینیمان کە دۆخی نێودەوڵەتی زۆر ئاڵۆز بوو، پرسیاری نوێ دروستبوون و ئێمەش لە هەوڵی گەیشتنین بە کارە لەپێشنینەکانمان هەریەکەشیان لەکاتێکدا، بەدڵنیاییەوە لەنێویاندا هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و ئەمجۆرە شتانە، ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆک بایدن زۆر بە روونی گوتوویەتی، بەر لە هەموو شتێک عێراق بۆ ئەو شتێکی زۆر کەسییە، کاتێک دەڵێین عێراق بووەتە چەقی سەرنجەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو هەستێکی شەخسی هەیە لەسەر پشکی سەرۆک کە بەشێک لە سیاسەتەکانمان لەمەدا رەنگدانەوەی هەبووە، بەدڵنیاییەوە کاتێک سەیری شەڕی ئاڵۆزی ئۆکراینا دەکەی... دەبینی کە کاریگەری بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، ئینجا چ لە رووی ئاسایشی خۆراکەوە بێت، یاخود ئەو کێشانەی ئێمە رووبەڕوویان بووینەتەوە. بۆیە گوتنی ئەوە تەواو راستە کە دەڵێت عێراق لەئەجێندای واشنتنەوە پاشەکشێی کردووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سرووشتی پەیوەندییەکە کۆتایی پێهاتووە، ئێوە ئاماژەتان بە دەرەنجامی قسەکانم کرد، کە باس لە لاوازی سەرنجی ئەمنی دەکەم. سەیرکە، ئەمن و ئاسایش هەمیشە بنەمای ئەو پەیوەندییەیە، ئێمە بەردەوامدەبین لە ئاستی پێشکێشکردنی پاڵپشتی و راوێژ و هاوکاری بۆ بەرەوپێشبردنی، بەردەوامیش دەبین لە کارکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە بۆ تێکشاندنی یەکجارەکی داعش، هەروەکو بەمدواییانە بینیمان کە هەڕەشەیان بۆ سەر ناوچەکە دروستکرد. بۆیە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە، ئێمە زۆر تێوەگلاوین لەم مەیدانەدا، ئەمە لەکاتێکدایە، کاتێک بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا و وەبەرهێنان دێتە گۆڕێ، ئەمە رەنگدانەوەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لەگەڵ عێراق بەڕاستی بەرەوپێشچوون. ئێمە لەوەوە بەرپرسیارین و عێراقیش خاوەن سەروەریی خۆیەتی، بۆیە گرنگە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت بکەین و پاڵپشتی لە ئامانجە هاوبەشەکانی یەکدی بکەین.  ئێمە بەردەوامین لە پێشکێشکردنی هاوکای سەربازی و کۆنگرێسیش لەو بابەتە پاڵپشتی عێراق دەکات، کە هەرواش دەمێنێتەوە. لە تێڕوانینی من و لە تێڕوانینی وەزارەتی دەرەوە، هاوبەشییەکانمان لە چەندین رووەوە فراوانبوون، بۆ نموونە ساڵی رابردوو دەستمانکرد بە بەرنامەی کارسازی، هەمووشی بە هاوئاهەنگی و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانان لە ئەوروپا و هەروەها بەتەنیاش لەلایەن ئەوروپا، بەو هیوایەی ئەم کارسازییە کەرتی تایبەت بەرەو پێشببات. ئێمە بەدوای رێگەی کۆنکریتیدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو پرۆسەیە بکەین و هاوکاری عێراق بکەین ئامانجی زیاتری لا دروستبێت. ئامانجی نیشتیمانی زیاتر بن.
 
پرسیار: سوپاس بۆ ئەو وردەکارییانە. من قایلم بەوەی کە ئەمریکا عێراقی لەبیر نەکردووە. تۆ لە گوتەکانی پێشوودا چەند جارێک باسی ئۆکراینا و رووسیات کرد. نوێنەرێکمان لێرە هەیە کە تاوتوێی سیاسەتی چین دەکات. ئێمە هیچ کەسمان نییە لێرە باسی سیاسەتی رووسیا بکات. باڵیۆزی رووسیا لەم کۆڕبەندەیە. ئەوەی دەمەوێت دیدی ئەمریکایە لەبارەی گۆڕانی کێبڕکێ لەگەڵ رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە. تا چەند گۆڕان لە کێبڕکێکاندا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبینین؟ ئایا هیچ سیاسەتێکمان دەگۆڕین؟ ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەوتی رووسیا یان نیازەکانی لە عێراق یان لە ناوچەکەدا دەبینیت؟
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: هاوڕێکەم پێشتر چەند خاڵێکی لەم بارەیەوە خستەڕوو. هەموو شتێک ئێستا لە بارەی رووسیاوە زۆر نیگەرانکەرە. سەرەتا، لە ناوچەکەدا، بڵاوکردنەوەی بازرگانیی چەک، دابینکردنی درۆن و چەکی دیکە لە ئێرانەوە بۆ ئەوەی لە ئۆکراینا بەکاربهێندرێن، شتێکە کە زۆر جێی نیگەرانییە نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پرسەکە بۆ سەقامگیریی هەرێمیش جێی نیگەرانییە. ئێمە قووڵبوونەوەی پەیوەندیی نێوان رووسیا و ئێران دەبینین. ئێمەش بەباشی کار دەکەین بۆ رێگریکردن لەمە. ئەوەشی لەبارەی هەڵبژاردنی شوباتەوە کرا، کۆدەنگییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەوەی رووسیا لە ئۆکراینا دەیکات بێپاساو، تۆقێنەر و دەستدرێژیکارییە. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی، کە ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا دەسەپێندرێن کاریان پێدەکرێت و رێزیان لێدەگیرێت بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ رووسیادا بکرێت و سنوورێکی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی نەتوانێت دۆخەکە خراپتر بکات. دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی کە سەروەریی خاکی ئۆکراینا رێزی لێبگیرێت. ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی سەرتاسەری ناوچەکە دەکەین بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکەینەوە، کە هەموومان یەکدەنگین و زۆر زۆر لەبارەی ناسەقامگیرییەکانەوە نیگەرانین".  

 

پرسیار: تۆ هەروەها باسی ئەوەتکرد سەرۆکایەتی چین هیچ نیازێکیان نییە، جێگەی زلهێزکانی دیکە بگرنەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت عێراق یان دووریان بخەنەوە. دەتەوێت باسی ئەو خاڵە بکەیت یان تێڕوانینی ئەمریکا لەو بارەیەوە روونبکەیتەوە یان بیروڕایەکی جیاواز پێشکێشبکەیت؟

 
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێش هەموو شتێک من پێموایە نیازی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمان ئەو نیازەیە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهان هەیەتی. ئێمە زۆر نیگەرانین لەبارەی بازرگانی و تەکنەلۆجیای چین و سستەمی نیشتمانی ئەو وڵاتە، بەڵام من نامەوێت باس لەوە بکەم، بەڵکو ئەوەی من دەمەوێت پێشکێشی بکەم ئەجێندای ئەمریکایە وەک هەڵبژاردەیەکی باش لە ناوچەکەدا. کۆمپانیاکانمان و تەکنەلۆجیاکەمان نەک تەنیا باشترینن لە جیهاندا، بەڵکو دەتوانێت پارێزگاری و ئاسایش پێشکێشبکات کە راستییەکەی ئەمەش لە کۆمپانیا چینییەکاندا نابینرێت. هەروەک لە پێشەکی قسەکانمدا گوتم، ئێمە داوا لە هاوبەشەکانمان ناکەین لەنێوان ئێمە و چیندا لایەنێک هەڵبژێرن، چونکە ئەوان هەر بازرگانی لەگەڵ چیندا دەکەن، ئەوە دەزانین، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەوە دڵنیابکەینەوە کە هەڵبژاردەیەکیان لەبەردەستدایە. دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە دەتوانن لە نێوان تەکنەلۆژیای پارێزراو و ناپارێزراودا راستەکە هەڵبژێرن. دەمانەوێت لەوە دڵنیابینەوە، کە هاوبەشەکانمان بتوانن بازرگانییەکی بەردەوام و دوورمەودا هەڵبژێرن، کە ئێمە پێشکێشی دەکەین. هەروەها ئەو کواڵێتی و سەروەری و پاڵپشتییەی ئێمە پێشکێشی دەکەین بۆ گەشەکردن. نامانەوێت هاوبەشەکانمان بۆ هێرشی تەکنەلۆژی هیچ کەسێک جێبهێڵین. دووبارە، نامەوێت بچمە لایەنێکی هێرشکارییەوە، پێموایە لە هاوبەشی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا، بوارەکانی برەودان بە وزە، سەرمایەداری و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هەموویان بەڵگەن بۆ ئەوەی ئەمریکا سەلماندوویەتی کە دەتوانێت هاوبەشێکی بەهێز بێت؛ کە دەتوانێت لە رێگەی کۆمپانیاکانمان و کەرتی تایبەتەوە باشترین تەکنەلۆژیای جیهانی و باشترین هاوئاهەنگیکردن و باشترین خزمەتگوزاری فڕۆکەوانی پێشکەشبکات. بەردەوامدەبین لە مانەوەمان بەو شێوەیە تاوەکو بتوانین ئەو تێڕوانین و هەڵبژاردنە پێشکێشی عێراق بکەین و لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوامی بە هاوبەشییەکەمان بدەین بۆ سوودی هەردوو وڵاتەکەمان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە