دادگەی لاهای: هیچ بەخشەرێکی سپێرم ناتوانێت ببێتە باوکی زیاتر لە 25 منداڵ

29-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی لە دادگەی لاهای لە هۆڵەندا یاسایەکی پەیوەندیدار بە بەخشەرانی سپێرم دەرچوو. بڕیاردرا هیچ بەخشەرێکی سپێرم مافی ئەوەی نەبێت ببێتە باوکی زیاتر لە 25 منداڵ و ناشبێت سپێرم ببەخشێتە زیاتر لە 12 ژن.
 
دەرچوونی یاسا نوێیەکەی دادگەی لاهای دوای ئەوە هات، سەرەتای ئەم مانگە رێکخراوی دۆنەرکایند فاوندەیشن ئاشکرایکرد، پیاوێکی هۆڵەندی بە ناوی جۆنسن ئێم بەهۆی بەخشینی سپێرمەکەیەوە ئێستا باوکی 550 منداڵە.
 
گارت مارک، گوتەبێژی نێوەندیکردن لە داگەی لاهای گوتی، "ئەو چیدیکە رێگەی پێ نادرێت لەبارەی بەخشینی سپێرمەکەیەوە پەیوەندی بە کەسەوە بکات و چیدیکە رێگەی پێ نادرێت سپێرم ببەخشێت. دەشبێت نامەیەک بۆ هەموو بانکەکانی سپێرم بنێرێت کە ئەو سپێرمەی هەیەتی دەبێت لەنێوببرێت."
 
ساڵ بە ساڵ بەکارهێنانی سپێرمی بەخشراو لە ئەوروپا و ئەمریکا رووی لە زیادبوونە؛ گوژمەی بازاڕەکەی لە جیهاندا بە چوار ملیار و 741 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
نرخی بەخشینی یەکجار سپێرم لە ئەمریکا لە نێوان 400 بۆ 2000 دۆلاردایە. لە ئەوروپاش کەمترین نرخی سپێرم لە بەریتانیایە بە 41 یۆرۆ و بەرزترین نرخیش یۆنانە بە 200 یۆرۆ.
 
گارت مارک ئاماژە بەوە دەکات، "دادوەری سەرەتایی سزایەکی بۆ ئەو پیاوە دەرکردووە ئەگەر جارێکی دیکە سپێرم ببەخشێتە دایک و باوکێکی دیکە. سزاکە 100 هەزار یۆرۆ قەرەبوو و هەندێک شتی دیکەش دەگرێتەوە."
 
سپێرمی بەخشراو لە جیهاندا زیاتر لەلایەن هاوژینی هاوڕەگەزخوازی ژن، ژنی تەنیا و هاوژینی ئاسایی کە پیاوەکە نەزۆک بێت بەکاردێت. مەرج بۆ ئەوانەش سپێرمەکانیان دەبەخشن جەستەیەکی تەندروست و سپێرمێکی بەهێزە؛ بە جۆرێک تەمەنی بەخشەر دەبێت لە نێوان 18 بۆ 45 ساڵ بێت و بە نزیکەیی تەنیا سپێرمی 5٪ـی بەخشەرەکان پەسەند دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.