58٪ـی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان بەهۆی نەزانینی تورکییەوە لە پشکنینی شێرپەنجە سوودمەند نابن

27-11-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئامەدی باکووری کوردستان کراوە، 58٪ ـی ئەو ژنە کوردانەی تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵییەوە و لە ناوچە گوندنشینەکان نیشتەجێن، ناتوانن لە پشکنینی شێرپەنجە سوودمەند بن، چونکە زمانی تورکی نازانن.
 
سەندیکای کرێکارانی خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتیی تورکیا، راپرسییەکی لەگەڵ 347 ژنی دانیشتووی ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای ئامەد ئەنجامداوە و دەرکەوتووە 58٪ی ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵەوەیە و زمانی تورکی نازانن، بێ هاوەڵێکی دیکە ناتوانن بچنە سەنتەری دەستنیشانکردن و پشکنینی شێرپەنجە.
 
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە ژنان نایانەوێت لەگەڵ هاوەڵی پیاو بچنە نەخۆشخانە، بەتایبەتی بۆ پشکنینی شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی منداڵدان، هەر بۆیەش دواکەوتوون لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
 
لە ئەنجامی راپرسییەکە دەرکەوتووە، 58٪ ـی ژنان نەیانتوانیوە دەستیان بە چاودێریی تەندروستی ئەو بوارە بگات، چونکە نەیانتوانیوە خزمەتگوزاری چاودێریی تەندروستی بە زمانی کوردی وەربگرن. 
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا دەیان ملیۆن کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. ئەو هاونیشتمانییانەی لە تورکیا دەژین و تورکی نازانن، لە ناوەندە فەرمییەکان و لە سەنتەرەکانی پەیوەندی کە خزمەتگوزاریی خێرا پێشکەش بە خەڵک دەکەن، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ و بژارەی زمانی کوردی، ناتوانن بە زمانی دایک گوزارشت لە کێشە و پێداویستیەکانی خۆیان بکەن و وەک پێویست لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند نابن. 
 
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رۆژی 26ـی ئابی 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پێنج زمانی دیکە لە نێویاندا زمانی عەرەبی بۆ سیستمی "رەچەتەی ئەلیکترۆنیم"زیاد کراوە. 
 
زمانە زیادکراوەکان بریتین لە ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و رووسی؛ زمانی کوردی لە نێو زمانە زیادکراوەکاندا نەبوو. 
زیادنەکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خزمەتگوزارییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
بەشێكی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە باکووری کوردستان و تورکیا ئەو پرسیارەیان کرد، "ئەگەر زمانی کوردی بۆ رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکرابا، وڵاتی دابەش دەکرد؟" 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە