رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ژمارەیەک نەخۆش لە شاری سلێمانی بە گومانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا پشکنینیان بۆ کرا، دەرکەوت 8 کەس لەوانە تووشبووی نەخۆشییەکەن.
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە ئارێز خالید، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای پشکنینەکان دەرکەوت 8 کەس لە سلێمانی تووشی کۆلێرا بوون".
پێنجشەممە، 22ـی ئەم مانگە، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ژمارەیەک نەخۆش لە شارەکە خەوێندراون کە ئەگەری ئەوەیان هەیە نەخۆشیی کۆلێرایان هەبێت.
سەباح هەورامی داوای لە هاونیشتمانییان کرد، "بەهیچ جۆرێك ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەكارنەهێنن كە لەلایەن قایمقامیەتەوە رێگاپێنەدراون و ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن."
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی گوتی، پشکنینیان کردووە و دەرکەوتووە کە "ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەكان و ماركێتەكان هەیە زۆرینەی بە ئاوی قورس ئاو دەدرێت و بۆ خواردن شیاونین."
ئەو کەسانەی سکچوون و رشانەوە بە قورسی دەگرن گومانی تووشبوون بە کۆلێرایان لێ دەکرێت.
30ـی ئابی 2023 تەندروستی سلێمانی تووشبوونی 10 کەسی لە سنوورەکە بە کۆلێرا راگەیاند.
پزیشکان بۆ خۆپاراستن لە سکچوون و رشانەوە داوای جێبەجێکردنی ئەم رێنوێنییانە دەکەن:
- بەبەردەوامی دەستت بە سابوونی شل بشۆ، بەتایبەت پێش نانخواردن، ئامادەکردنی خۆراک، شیردان بە منداڵ و دوای چوونە توالێت و هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش.
- تانکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵەکانتان بە بەردەوامی پاک بکەنەوە.
- سەوزە و میوە بەباشی بە خوێ یان مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆ پێش ئەوەی بیخۆی.
- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان مەخۆ.
- دڵنیابەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ