لە نەخۆشخانەکانی چەمچەماڵ دەرزیی گزاز نەماوە

24-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە نەخۆشخانەکانی قەزای چەمچەماڵ دەرزیی گزاز نەماوە. جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سنوورەکە دەڵێت، دەرزییەکە حکومەتی عێراق دابینی دەکات.
 
دەرزیی دژەگزاز بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە ئاسنی ژەنگاوی بریندار دەبن. شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حکومەتی عێراق دەرزییەکە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابیندەکات. ئێستا ئەو جۆرە دەرزییە لە سنوورەکەمان نەماوە و لە ئەستۆی ئەوانە بینێرن."
 
بە گوتەی شەریف رەحیم، دەرزییەکە بە شێوەی بازرگانی لە بازاڕدا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کەسێک پێویستی بەو دەرزییە بێت لە چەمچەماڵ، فریاگوزاری سەرەتایی بۆ دەکرێت و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوەی سنوورەکە دەکرێت؛ گوتیشی: "زیاتر خەڵکی ئەم ناوچەیە دەچنە قەرە هەنجیر یان کەرکووک، چونکە لێرەوە نزیکن."
 
هەرچەند دەنگۆی ئەوەش هەیە دەرزیی دژی پێوەدانی مار و دووپشک لە سنووری چەمچەماڵ نەمابێت، بەڵام شەریف رەحیم رەتیکردەوە و گوتی، هەموو جۆرە دەرزی و چارەسەرێک بۆ ئەو کەسانە بەردەستە کە مار و دووپشک پێیانەوە دەدات.
 
لە قەزای چەمچەماڵ و ناحییەکانی کە سەر بە پارێزگای سلێمانین، نزیکەی 200 هەزار کەس دەژین.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC، دەرزیی دژەگزاز دژی جۆرە بەکتریایەک بەکاردێت تاوەکو لەکاتی برینداربوون نەبێتەهۆی هەوکردنی تووند، چونکە دەشێت 'هەناسەتەنگی، گرژبوونی تووندی ماسوولکەکان، داخرانی خوێنبەرەکان، پووکانەوەی مێشک و هەوکردنی تووندی سییەکان پاشانیش گیانلەدەستدان' لێکەوتەکانی بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە