یونیسێف: 26٪ـی تووشبووانی کۆلێرا لە سووریا منداڵی خوار 5 ساڵانن

21-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یونیسێف دەڵێت، 26٪ـی ئەوانەی لە سووریا تووشی کۆلێرا بوون منداڵن و هۆشداریش لە تەشەنەکردنی کۆلێرا لە کەمپەکانی ئاوارەکان دەدات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2022 سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە راپۆرتێکدا گوتی، 26٪ـی تووشبووانی کۆلێرا لە سووریا منداڵی خوار 5 ساڵانن و دەڵێت، ژمارەی ئەو منداڵانەی تووشی پەتاکە دەبن بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
 
لە بەشێکی راپۆرتەکەیدا، یونیسێف باس لەوەدەکات، لە 14 پارێزگاکەی سووریا پێنج هەزار و 856 تووشبووی سکچوون تۆمارکراون و وەکو خۆی دەڵێت، 12 کەس لەوانەش هەڵگری بەکتریای کۆلێرا بوون. دەشڵێت ئەو ناوچانەی زۆرترین تووشبووی کۆلێرای تێدا تۆمارکراوە، ئەو ناوچانەن کە کێشەی ئاویان هەیە.
 
یونیسێف دەشڵێت، 65 تووشبوو لە 10 کەمپی ئاوارەکان لە رۆژئاڤای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تۆمارکراون، لەنێویدا 2 تووشبوو لە کەمپی سەرێکانی لە حەسەکە. هاوکات 441 تووشبووی دیکەش لە کەمپەکانی جەرابلوس، عەفرین و ئەعزاز لە باکووری رۆژئاوای سووریا تۆمارکراون.
 
سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە داوە، وێستگەی ئاوی عەلۆک هێشتا بەکارنەخراوەتەوە و ئەوەش وایکردووە 500 هەزار کەس لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری ناچاربوون بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە، پشت بە سەرچاوەی دیکە ببەستن کە وەکو خۆی دەڵێت، "زۆرجار" سەرچاوەی ناسەلامەت و ناتەندروستن. 
 
بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی لە سووریا، لە 25ـی مانگی ئابەوە تاوەکو نیوەی تشرینی یەکەم، 75 کەس بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە و 20 هەزار و 14 کەسی دیکەش تووشی پەتاکە بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە