رووداو - تەندروستی
خولێکی راهێنان لە بواری 'ئاسایشی ئەتۆمیی نیشتمانی' بۆ چەندین فێرخوازی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەکرێتەوە و یەکێک لە فێرخوازەکان؛ بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنە لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر و دەڵێت، ئامانجی خولەکە ئاشناکردنی پسپۆڕانە لە بەکارهێنانی وزەی ناوەکیی تیشک بۆ کوشتنی وەردەزیندەوەرەکان ''میکرۆب''.
رۆژی شەممە 20-5-2023 دکتۆر ئارەزوو حەسەن بەرزنجی، بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، خولەکە دوو هەفتە دەخایەنێت و لەلایەن زانکۆی هونان و بەشی وزەی ناوەکیی چین دەگوترێتەوە.
دکتۆر ئارەزوو روونی دەکاتەوە، بایەخدان بە بەکارهێنانی تیشکیی گاما لە کۆنتڕۆڵکردنی ''میکرۆبەکان'' و پاکژکردنەوەی ئامێرە پزیشکییەکان کاتێکی زۆرترمان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەجۆرێک دەتواندرێت بە یەک خولەک سەرجەم ''میکرۆبەکان'' بکوژرێن کە ئێستا بە ئامێری دیکە دوو کاژێر دەخایەنێت.
دکتۆر ئارەزوو گوتیشی، سەرپەرشتیاری خولەکە باسی سوودێکی گرینگی تەکنەلۆژیاکەی کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەجۆرێک لە چین لە ماوەیەکی کەمدا توانیویانە زۆرترین ئامێر و کەرستەی گەورەی پزیشکی پاکژبکەن و لە ''میکرۆب'' پاکی بکەنەوە.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئەم تەکنەلۆژیایە لە بوارەکانی 'کشتوکاڵ و بەروبوومی ئاژەڵی' بایەخی زۆری بۆ باشترکردنی دۆخی ئاسایشی خۆراک دەبێت، بەجۆرێک ماوەی پاراستن و مانەوەی خۆراکەکان درێژتردەکاتەوە و دەیانپارێزێت لە وردە زیندەوەرەکان.
بە گوتەی دکتۆر ئارەزوو بەرزنجی، لە خولەکەدا جەخت لەسەر خۆپارێزی لە تیشکە زیانبەخشەکان لەلایەن کارمەندانی تەندروستی دەکرێت و بنەماکانی چۆنێتی فڕێدان و چارەسەرکردنی پاشماوە پزیشکییەکان بۆ فێرخوازان دەخرێنەڕوو، هەروەها هیواخوازە لە هەرێمی کوردستانیش ئەم تەکنیکە لە کەرتی تەندروستی و کشتوکاڵیدا بایەخی زیاتری پێبدرێت.
ئارەزوو بەرزنجی دەڵێت: ''لە هەرێمی کوردستان وزەی ناوەکی وەکو 'تیشکی گاما' بۆ هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان بەکاردەهێندرێت و پێویستە بەهەمان شێوە لە بواری پزیشکیشدا لە پاکژکاری و فڕێدانی پاشماوە پزیشکییەکانیشدا بەکاربێت.''
دکتۆر ئارەزوو لەبارەی تیشکی گاماوە دەڵێت: ''له بواری پزیشكیدا بەکاردێت بۆ پاکژکردنی خوێن، پێكهاتهی دهرمان و ئەو کەلوپەلە پزیشکییانەی ناتواندرێت به مادهی كیمیایی یاخود لهژێر پلهی گهرمیی زۆر پاکژبکرێن.''
خولەکە بە ناونیشانی ''ئاسایشی ئەتۆمیی نیشتمانی بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم'' لەلایەن دەستەی وزەی ناوەکیی چین و زانکۆی نێودەوڵەتی هونان بۆ 40 فێرخوازی پسپۆڕ لە وڵاتانی جیهانی سێیەم بەڕێوەچوو، هاوکات ئەمە دووەمجارە ئەم خولە دەکرێتەوە و پسپۆڕانی کوردیش تێیدا بەشداردەبن.
کۆلێژی پیشەیی بازرگانی نێودەوڵەتی هونان یەکەم کۆلێژە وەکو بنکەی راهێنان بۆ بەرپرسانی نێودەوڵەتی لەلایەن حکومەتی چینەوە پەسندکراوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 397 پرۆگرامی راهێنانی نێودەوڵەتی رێکخستووە و زیاتر لە 10 هەزار بەرپرس و پسپۆڕی تەکنیکی راهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ