رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشییەکی دەگمەن بە ناوی سوورێژەی مەیموون، لەناو بەشێک لە پیاوانی وڵاتانی رۆژئاوا تۆمار دەکرێت. بەرپرسانی تەندروستیش دەڵێن هەندێک لەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون: "هاوڕەگەزخوازن".
رۆژی پێنجشەممە 19ـی ئایاری 2022 بەرپرسانی سوێد یەکەم تووشبوونیان بە نەخۆشی سوورێژەی مەیموون راگەیاند، ئەوە لەکاتێکدایە ژمارەیەک تووشبووی ئەو نەخۆشییە "دەگمەنە" لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور تۆمارکراون.
ئاژانسی تەندروستیی گشتیی سوێد لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، روونبووەتەوە کە کەسێک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە و نەخۆشەکە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.
هاوکات دکتۆر کلارا سۆندێن، پزیشکی نەخۆشییە گوازراوەکان و توێژەر لە ئاژانسی تەندروستیی سوێد رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نازانن نەخۆشەکە چۆن و لەکوێ تووشی ڤایرۆسەکە بووە و دەشڵێت، لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بزانن چەند تووشبووی دیکە لەو وڵاتەدا هەن.
هەر رۆژی پێنجشەممە، ناوەندی ئەوروپی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی و رێگریکردن لێی بڵاویکردەوە، لە نزیکەوە چاودێریی نەخۆشییەکە دەکەن و هەفتەی داهاتووش راپۆرتێک لەبارەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئامادە دەکەن. گوتیشی، ئەوانەی گومانی تووشبوونی نەخۆشییەکەیان لێدەکرێت پێویستە جیابکرێنەوە و پشکنینیان بۆ بکرێت.
رۆژی دووشەممە 16ـی ئایار، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردەوە، ئەوان "لەنزیکەوە" چاودێریی نەخۆشییەکە دەکەن و گوتیشی، ڤایرۆسەکە لە بەریتانیا لەوانەیە لەنێوان هاورەگەزخوازەکاندا گوێزرابێتەوە.
نەخۆشیی سوورێژەی مەیموون لە سەرەتای مانگی ئایار لە چەند وڵاتێکی رۆژئاوا تۆمارکرا، بەڵام ئیستا زیاتر بڵاوبووەتەوە.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا بەریتانیا تووشبوویەکی تۆمارکرد، بەڵام رۆژی چوارشەممە 18ـی ئایار 9 تووشبووی دیکە لەو وڵاتە راگەیێندران.
ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا (UKHSA) کە دەزگایەکی پاراستنی تەندروستی گشتییە، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، چوار تووشبوویان تۆمارکردووە کە سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن یان خۆیان بە هاوڕەگەزخواز دەناسێنن.
هەریەکە لە وڵاتانی ئیسپانیا، پورتوگال، کەنەدا و ئەمریکا تووشبوون بە ڤایرۆسەکە یان گومانلێکراوی ئەو نەخۆشییەیان تۆمارکردووە.
شەوی پێنجشەممە ئاژانسی تەندروستیی گشتیی کەنەدا رایگەیاند پشکنینیان بۆ 17 گومانلێکراو کردووە و دەرکەوتووە دوو کەسیان هەڵگری ڤایرۆسەکەن.
رۆژی چوارشەممەش بەرپرسانی تەندروستیی ئیسپانیا رایانگەیاند، 8 کەسیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە کە گوماندەکرێت هەڵگری ڤایرۆسەکە بن؛ ئاماژەیان بەوەشکرد، هەموو گومانلێکراوەکان "پیاون".
ئیلێنا ئاندراداس، بەرپرسی تەندروستی گشتی لە هەرێمی مەدرید بە رادیۆی کادینا سێری راگەیاندووە، هەموویان پیاوی گەنجی پێگەیشتوون و زۆربەیان پیاون کە پەیوەندی سێکسیان لەگەڵ پیاوانی دیکەدا هەیە، بەڵام هەموویان نا.
هاوکات بەرپرسانی تەندروستیی پورتوگال رایانگەیاند ، 5 تووشبوویان تۆمارکردوون و لانیکەم 15 کەسی دیکەش گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت؛ دەشڵێن، ئەو کەسانە هەموویان لە رەگەزی نێرن و گەنجن.
سوورێژەی مەیموون چییە؟
- رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: لەوانەیە لەنێو هاوڕەگەزخوازاندا بڵاوببێتەوە.
- لە رێگەی بەریەککەوتنی راستەوخۆوە دەگوازرێتەوە.
- لە ساڵی 1958 لە مەیمووندا دۆزراوەتەوە.
- لە ساڵی 1970 یەکەم تووشبوو لە کۆنگۆی دیموکرات تۆمارکرا
نیشانەکانی چین:
- تا.
- ئازاری ماسوولکە.
- هەڵاوسانی لیمفەکانی لەش، کە بەربەرستن لە دروستکردنی بەرگری دژی ڤایرۆسەکان.
- ماندووبوون.
- دروستبوونی خاڵی سوور لەسەر دەست و رووخسار.
چارەسەری چییە؟
سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی و رێگریکردن لێی CDCـی ئەمریکی دەڵێت، هیچ چارەسەرێکی سەلمێندراوی سەلامەت بۆ ئەو نەخۆشییە نییە، بەڵام دەکرێت ڤاکسینی سوورێژەی بۆ بەکاربهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ