توێژینەوەیەک: قەڵەویی ژنانی دووگیان مەترسیی لەسەر منداڵەکەیان دروستدەکات

18-05-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی نوێ لە ئیسپانیا دەریدەخات، منداڵی ئەو دایکانەی قەڵەون یاخود تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و ناڕێکیی بۆماوەیی زیاترە. 
 
توێژەرانی نەخۆشخانەی جێنێراڵ دی ڤالێنسیا لە ئیسپانیا رایدەگەیێنن، قەڵەوی و نەخۆشیی شەکرەی ژنانی دووگیان دەکرێت ناڕێکی لە جینی منداڵ دروستبکات و لە داهاتوودا دووچاری نەخۆشیی درێژخایەنی بکات. 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی نەخۆشییەکانی دڵ بڵاوکراوەتەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ڤالێنسیا و ناوەندی توێژینەوەی شارەکە کراوە و دەریدەخات، رەفتار و تەندروستیی ژنان لە ماوەی دووگیانیدا، کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی لەسەر تەندروستیی داهاتووی منداڵ دەبێت، پسپۆڕێکی خانمانیش دەڵێت: ''30٪ـی ژنان لە ماوەی دووگیانیدا دووچاری قەڵەوی دەبنەوە.'' 
 
دکتۆر ماریۆ فراگا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: ''قەڵەویی ژنی دووگیان دەشێت گۆڕانکاری لە جینی کۆرپەلە بکات و لە داهاتوودا مەترسیی بۆ سەر ژیانی دروستبکات، بەجۆرێک تووشی نەخۆشیی شەکرە، قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵی بکات.'' 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، خانمانی دووگیانی قەڵەو مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزە پەستانی خوێن و مەیینی خوێن زیاترە، ناوەندەکە رینوێنیی ژنانیش دەکات، 'دابەزاندنی کێش، رێکخستنی کاتی خەو و خواردنی خۆراکی تەندروست' پێش دووگیانبوون و کاتی دووگیانبوون جێبەجێبکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە