پزیشکێکی تەمەن 100 ساڵ باس لە نهێنیی تەمەندرێژیی خۆی دەکات

18-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوارد تەکەر، پزیشکێکی بەناوبانگی ئەمریکیی دەمار و مێشکە، تەمەنی 100 ساڵە و لە لایەن میدیای ئەمریکییەوە بە بەتەمەنترین پزیشکی جیهان دادەنرێت کە هێشتا کار بکات. پزیشکەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی باسی لە نهێنیی تەمەندرێژی و تەندروستیی خۆی کردووە. 
 
هاوارد تەکەر لە ساڵی 1922 لە دایکبووە؛ لە سەردەمێکدا کە تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی پیاوان لە ئەمریکا 58 ساڵ و ژنانیش 61 ساڵ بووە. پزیشکەکە دەڵێت، ئەگەرچی رەنگە دی ئێن ئەی و بەختی "باش" رۆڵی گرنگیان لە دیاریکردنی تەمەندا هەبێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ پابەند بێت بە هەندێ بنەما و نەریتەوە، ئەوا مەترسیی چەندین کێشەی تەندروستی لەسەر خۆی کەم دەکاتەوە. 
 
رەتکردنەوەی خانەنشینی
 
ئەو پزیشکە باس لەوە دەکات کە رەتیکردووەتەوە واز لە کارکردن بهێنێت و نەیویستووە خانەنشین بێت. هاوار تەکەر ماوەی 75 ساڵە کار دەکات و بەنیازە تاوەکو لە ژیاندا مابێت، لە کارکردن کۆڵنەدات. ئەو لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، هەموو رۆژێک چارەسەری پێشکێش بە نەخۆشەکان داوە، کاتێکیش مەترسیی کۆرۆنا نەما، پزیشکەکە لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا دەستی بە چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی دیکە و وانەگوتنەوە بە خوێندکارانی پزیشکی کرد. 
 
چالاکبوون
 
پزیشکەکە هەروەها ئاشکرای دەکات، رۆژانە مەلە دەکات، را دەکات و شاخەوانی دەکات. ئەو پێشتر رۆژانە خلیسکێنەی سەر بەفریشی دەکرد، بەڵام بەهۆی بەساڵداچوون و لاوازبوونی ئێسکەکانی ناچار بووە وازی لێ بێنێت، بەڵام رۆژانە لەسەر ئامێری راکردن (تریدمیڵ) راهێنان دەکات. لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەگەر رۆژانە تەنیا 15 خولەک بە پێ بڕۆیت، ئەوا مەترسیی مردنی ناوەخت بە رێژەی 25٪ لەسەرت کەم دەبێتەوە. 
 
جگەرەنەکێشان
 
هاوارد تەکەر ئاماژە بەوە دەکات، لە گەنجێتیدا هەندێ جار بیری لەوە کردووەتەوە یەک دوو جگەرە بکێشێت، بەڵام کاتێک باوکی باسی لە زیانەکانی تووتن و جگەرەکێشانی کردووە، لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی سییەکان، بڕیاری داوە هەرگیز نزیکی جگەرە نەکەوێت. 
 
چێژبینین لە هەموو شتێک بێ زێدەڕۆییکردن 
 
پزیشکەکە باس لەوە دەکات، خواردنی ئامادەکراو، لەقوتوونراو و سوورکراوە ناخوات، بەڵام جاروبار پارچە گۆشتێک دەخوات. ئەو هەروەها ستاییشی رۆڵی سارای هاوژینی دەکات کە پزیشکێکی دەروونییە و بە چێشتلێنەرێکی نایاب ناوی دەبات. پزیشکە تەمەن یەک سەدەییەکە دەڵێت، هاوژینەکەی یارمەتیی داوە خواردنی تەندروست بخوات بێ ئەوەی تامەکەیان لەدەستبدەن، لەوانەش رۆژانە زەڵاتە و سەوزەکان بەشێکن لە خوانەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.