پزیشکانی پورتوگال: گیا دەرمان، چارەسەری شێرپەنجە خراپتردەکات نەک باشتر

17-11-2019
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن گیادەرمان، شێرپەنجە
A+ A-

رووداو- هەولێر

پزیشکانی سەنتەری پزیشکی لیسبۆن لە پورتوگال هۆشداریدەدەن لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانە گیاییەکان لەلایەن تووشبووانی شێرپەنجە و رایدەگەیێنن بەشێک لەو دەرمانانە بە نەرێنی کاردەکەنە سەر پرۆسەی چارەسەرکردنی شێرپەنجە.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا پزیشکان لە کاریگەری بەکارهێنانی دەرمانە گیاییەکانیان لەسەر پرۆسەی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، بەشێکی ئەو دەرمانانە پرۆسەی چارەسەری نەخۆش دوادەخەن.

د. ماریا جۆ کاردۆسۆ، پرۆفیسۆری نەشتەرگەری و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە لە سەنتەری پزیشکی لیسبۆن دەڵێت، هەر نەخۆشێک کە گیا دەرمان بەکاردەهێنێت دەبێت پزیشکەکەی خۆی ئاگاداربکاتەوە، یان پێویستە پزیشک لەبارەی بەکارهێنانیان پرسیار لە نەخۆشەکە بکات بە تایبەت ئەوانەی چارەسەری شێرپەنجە وەردەگرن.

پرۆفیسۆرەکەی نەشتەرگەری روونیدەکاتەوە، بەشێکی تووشبووانی شێرپەنجە تێکەڵەیەکی سیر و زەنجەفیل بەکاردەهێنن کە ئەم تێکەڵەیە پرۆسەی چاکبوونەوەی برینەکان لە تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک دوادەخات.

پزیشکانی پورتوگالی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بەکارهێنانی هەندێک جۆری گیادەرمان بە نەرێنی کارلێک دەکەن لەگەڵ چارەسەری هۆڕمۆنی، کیمیایی و فاکتەرەکانی خوێن.

د. ماریا دەڵێت، ئامانجی ئێمە لە ئەوەیە بە هیچ جۆرێک زیان بە نەخۆش نەگەیێنین، بۆیە بەکارهێنانی ئەو گیادەرمانانە نەک تەنیا سوودیان نییە بەڵکو بگرە زیانیشیان هەیە، دەتوانرێت تاراددەیەک ئەو دەرمانانە وەک رێگیرکردن لە نەخۆشییەکان بەکاربهێنرێت  بەڵام ناکرێت بۆ چارەسەکردنی نەخۆشییەکان بەتایبەتی شێرپەنجە بەکاربهێنین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە