رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ دەڵێت، لەو پارێزگایەدا کێشەی دەرمان هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، "لە هەوڵداین کێشەی کەمیی دەرمان کەم بکەینەوە."
محەممەد دەلیرزادە، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ بۆ کاروباری خۆراک و دەرمان ئەمڕۆ چوارشەممە 17-05-2023 گوتی، "بەهۆی گەمارۆکان، کێشەی ئابووری، کێشەی بازرگانی و کێشە لە دابەشکردنی نەگونجاوی دەرمان لە ئێران، هەمیشە کێشەی ئەنتی بایۆتیک و سیرۆم هەبووە و لە داهاتووشدا دەبێت."
حکومەتی ئێران بۆ دابینکردنی دەرمان بە نرخی گونجاو، دۆلار بە نرخی حکومی، واتە هەر دۆلارێک بە 28 هەزار و 500 تمەن بە هاوردەکاران دەدات؛ نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد زیاتر لە 50 هەزار تمەنە.
پێشتریش زۆرجار ئەمریکا رایگەیاندووە، گەمارۆکان کەرتی تەندروستی ناگرنەوە و ئێران دەتوانێت دەرمان هاوردە بکات، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانن پارە بۆ کڕینی دەرمان بگوازنەوە و ئەمەش وایکردووە نەتوانن دەرمان بکڕن.
حکومەتی ئێران بۆئەوەی دەرمان هەرزانتر بە دەستی خەڵک بگات، ئەمساڵ پڕۆژەیەکی بەناوی "دەرمانیار" جێبەجێ کرد، بەڵام لەدوای راگەیاندنی پڕۆژەکەی حکومەتەوە، نرخی 1630 دەرمانی ئێرانی 5% تاوەکو 30% گرانتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ