رووداو-هەولێر
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، بەپێ رۆشتن وا دەکات مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختە کەمببێتەوە؛ بۆ ئەوەش توێژینەوەکە پێشنیازدەکات هەر مرڤێک رۆژانە 10 هەزار هەنگاو بنێت.
زانایان توێژینەوەیان لەسەر بەپێ رۆیشتنی مرۆڤ کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، هەر هەنگاوێک سوود بە تەندروستی دەگەیێنێت تاوەکو دەگاتە 10 هەزار هەنگاو، لەوە بەدواوە کاریگەرییە سوودبەخشەکانی کەمدەبنەوە. ژماردنی هەنگاوەکان وەکو توێژینەوەکە دەریدەخات، دەکرێت بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە سوودی زۆری هەبێت کە بێ جووڵە و کەم چالاکن، وەکو ئەوانەی لە ماڵەوە کاردەکەن.
بۆرجا دێل پۆزۆکروز، مامۆستا لە زانکۆی ساوزن دانیمارکی شاری ئۆدێنسی دانیمارک و توێژەر لە زانستە پزیشکییەکان، لە زانکۆی کادیزی ئیسپانیا کە هاوکات یەكێکە لەوانەی لە توێژینەوەکەدا بەشداربووە، دەڵێت: "بۆمان دەرکەوتووە ئەو هەنگاوانەی رۆژانە بەشێوەیەکی رێکخراو دەنرێن، پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی مەترسیی شێرپەنجە و نەخۆشیی دڵ هەیە".
دکتۆر ئەندرو فریمەن، بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ لە شاری دێنڤەری ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا، کە لە توێژینەوەکەدا بەشدار نەبووە، لەبارەی توێژینەوەکەوە دەڵێت: "پێموایە توێژینەوەکە بەباشی ئەنجامدراوە و شتێک لە بناخەی ئەو زانینەوە زیاد دەکات کە پێمان دەڵێت راهێنانکردن شتێکی باشە".
فریمەن دەشڵێت، چالاکیی جەستەیی شتێکی باشە، بەڵام کاتێک لەگەڵ ئەوەشدا خواردنێکی تەندروست دەخۆیت کە پێکهاتەی رووەکی تێدابێت، بەشی پێویست بخەویت و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیت لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەبێت، "ئەوە باشترین رێنمایی تۆیە و دەکرێت بڵێین کانیاوی بە گەنجییەتی مانەوەتە".
بەپێ رۆیشتن مەترسیی خەڵەفان کەمدەکاتەوە
پێشتر بۆرجا دێل پۆزۆکروز و تیمەکەی توێژینەوەیەکی هاوشێوەیان بڵاوکردبووە و تێیدا بۆیان دەرکەوتبوو کە رۆیشتنی 10 هەزار هەنگاوی رۆژانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی 50٪ مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە. بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە کاتی نانی سێ هەزار و 800 هەنگاو، مەترسییەکە بەرێژەی 25٪ کەم دەبێتەوە.
توێژینەوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەگەر بۆ ماوەی 30 خولەک بە خێرایی بڕۆیت، مەترسییەکە کەمتر دەکاتەوە و تووشبوونیش بە نەخۆشیی بیرچوونەوە 62٪ کەمدەکاتەوە. دەشڵێت، ئەو 30 خولەکەی رێکردنی خێرا مەرج نییە هەمووی بەیەکەوە ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەکرێت بەسەر رۆژەکە دابەش بکرێت. دێل پۆزۆکروزیش دەڵێت کە "چڕیی هەنگاونان گرنگە".
لە توێژینەوە نوێیەکەدا کە رۆژی دووشەممە لە گۆڤاری جاما ئینتێرناڵ مێدیسنی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، 78 هەزار و 500 کەس لە تەمەنی نێوان 40 بۆ 9 ساڵیدا خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و ئامێری ژماردنی هەنگاوەکانیانی بۆ ماوەی یەک هەفتە بۆ بەستراوە. بەشداربووانی توێژینەوەکەش هاووڵاتیی ئینگلاند، سکۆتلاند و وەیڵز بوونە.
لەدوای ژماردنی هەنگاوەکانی هەر کەسێک لە ماوەی 24 کاژێردا، توێژەران خەڵکەکەیان بۆ دوو گرووپ دابەش کردووە: ئەوانەی لە خولەکێکدا کەمتر لە 40 هەنگاو دەنێن، وەکو ئەوەی لە ژوورێک دەچییە ژوورێکی دیکە، هەروەها ئەوانەشی لە خولەکێکدا زیاتر لە 40 هەنگاو دەنێن یان ئەوەی کە پێی دەگوترێت پیاسەکردنی درێژ.
جگە لەو دوو گرووپە، گرووپێکی دیکە بۆ ئەوانە دروستکراوە کە رۆژانە نیو کاژێر، زۆرترین هەنگاو دەنێن.
حەوت ساڵ دوای چاودێریکردنی ئەم کەسانە و تۆمارکردنی هەنگاوەکانیان، توێژەران بەراوردکارییەکیان بۆ ئامارەکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی لە خولەکێکدا زۆرترین هەنگاو دەنێن، واتە لە خولەکێکدا نزیکەی 80 هەنگاو دەنێن؛ زیاتر لە هەرکەسێکی دیکە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختە کەمبووەتەوە.
هاوکات، توێژەران پەیوەندییەکیان لەنێوان بەرزترین ئاستی ئەو 30 خولەکە و کەمبوونەوەی مەترسیی ئەو نەخۆشییانە بەدیکردووە.
دێل پۆزۆکروز باس لەوە دەکات کە لەو ماوەیەدا، کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە 62٪ کەمبووەتەوە. گوتیشی کە ئەوەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە "بەڕێوەچوون دەبێتە هۆی بەکارخستنی ماسوولکەی زیاتر، گەورەبوونی دڵ و دروستبوونی لەشێکی رێک". هەموو ئەوانەش فاکتەری پاراستنن لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
هەناسەدانت فراوان بکە
فریمەن دەڵێت، بەپێ رۆیشتنی خێرای رۆژانە سوودی زیاتری بۆ کەمکردنەوەی گوشاری خوێن دەبێت، "بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هەمیشە هەمان ئامانج جێبەجێ دەکرێت: لە هەرئاستێکی لەشڕێکیدابیت، کێبڕکێ لەگەڵ خۆتدا بکە. سەرەتا لەگەڵ پزیشکەکەت دابنیشە، بەڵام ئامانجی تۆ ئەوەیە کە رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەک هەناسەبڕکێت بێت". مەبەستیش لێی ئەوەیە بەپێ بڕۆیت کە ئەویش دەکرێت دابەشی سەر 24 کاژێری رۆژەکە بکرێت.
فریمەن ئامۆژگاریی دەکات "با رۆژانە 30 خولەک تووشی هەناسەبڕکێت بیت؛ جا بە هەر خێراییەک دەڕۆیت کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ خۆت بکەیت و هەمیشە بەرەو ئاستێکی بەرزتر بڕۆیت تاوەکو هەناسەدانەکەت باشتر و باشتر دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ