رووداو دیجیتاڵ
سەندیکاى پزیشکانى عێراق سەرجەم لقەکانى ئاگادار دەکاتەوە لەوەى نەشتەرگەریى گۆڕینى رەنگى گلێنەی چاو بە تیشکى لێزەر و چاندنى هاوێنە (عەدەسە)، "مۆڵەتپێدراو و یاسایی نییە." بە گوتەى بەرپرسى سەندیکاکە، ئەو نەشتەرگەرییانە لەلایەن پزیشکى بێ مۆڵەتەوە دەکرێن.
ئەو هۆشدارییەى سەندیکاى پزیشکانى عێراق لە نووسراوێکدا بووە کە 11ـی ئایار ئاراستەى لقەکانى کردووە و دەڵێت، "نەشتەرگەریى گۆڕینى رەنگى چاو بۆ جوانکاری بە تیشکى لێزەر یان چاندنى هاوێنەى چاو، نایاسایی و مۆڵەتپێدراو نییە، بەهۆى ئەوەى مەترسى هەیە و دەبێت لەلایەن پزیشکى پسپۆڕى چاوەوە بکرێت، نەک پزیشکى جوانکاری."
د. حەسەنێن سەفار، نەقیبى پزیشکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە پرۆسەیەکى پزیشکییە و بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە چاویان تووشی بەرکەوتن و زیان بووە، یان زگماکی چاوى کێشەى هەیە و دەبێت پزیشکى پسپۆڕ نەشتەرگەرییەکە بکات.
ئەو هۆشدارییە لەسەر بنەماى وەرگرتنى بۆچوونى پسپۆڕانى بوارى پزیشکى چاو بووە لە زانکۆکانى عێراق، کە سەندیکاى پزیشکان راوێژى پێکردوون.
د. حەسەنێن سەفار ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەى ئەو سەنتەرانەى جوانکاری کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە دەکەن، لە دەرەوەن و پزیشکەکانیان بێ مۆڵەتن، بەڵام بانگەشەکە بە ئاراستەى هاووڵاتییانى عێراق دەکرێت، هەندێکیش لەو سەنتەرانە لە عێراقن کە خۆیان و پزیشکەکەشیان لە وڵاتى خۆى مۆڵەتپێدراو نین.
لە دوو ساڵى رابردوودا زیاتر لە 124 سەنتەرى جوانکاریى "نایاسایی" لە عێراق داخراون، ژمارەى سەنتەرە مۆڵەتپێدراوەکان نزیکەى 190 سەنتەرە.
نەقیبى پزیشکانى عێراق دەڵێت، "هەر نەشتەرگەرییەکی گۆڕینى رەنگى چاو بۆ جوانکاری بێت،" نایاسایی و قەدەخەیە و پێچەوانەى رێکارە تەندروستییەکانیشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ