رووداو – تەندروستی
پسپۆڕێکی خەو لە هیندستان شێوازەکانی خەوتن بە گوێرەی تایبەتمەندیی کەسەکان دەستنیشاندەکات و دەڵێت: لەکاتی خەوتن خانەکانی جەستە نوێدەبنەوە و خانە تێکچووەکانیش چاکدەبنەوە، بەمەرجێک ئەگەر خەوێکی تەندروست و باشت هەبێت.
دکتۆر ئەبهیناڤ سینگ، پسپۆڕی خەو و سەرۆکی ناوەندی خەو لە هیندستان ئاشکرای دەکات، هۆکاری ئازاری جەستەی بەیانیان بەهۆی ناڕێکی لە شێوازی خەوتن دەگەڕێتەوە.
پسپۆڕەکە لەبارەی باشترین دۆخی خەوتن دەڵێت: ''پێویستە بڕبڕەی پشت راستبێت، کەمترین گوشاری لەسەربێت و هاوسەنگ بێت، بۆئەوەی گوشاری سەر بڕبڕەی پشت کەمببێتەوە و ماسوولکەکانیش ئارام و خاو بن.
پسپۆڕەکە سێ شێوازی خەوتن باس دەکات:
1- خەوتن لەسەر لا
دکتۆر ئەبهیناڤ سینگ دەڵێت: خەوتن لەسەر لا بۆ 'خانمانی دووگیان، تووشبووانی دڵەکزێ، ئەوانەی ئازاری پشت و پرخەیان هەیە یاخود بەساڵاچووان' پێویستە، چونکە شێوەی بڕبڕەی پشت بە رێکی دەهێڵێتەوە، بەڵام بە مەرجێک ئەگەر سەرینێک لەنێوان هەردوو قاچدا دابنرێت.
توێژینەوەیەک لە دانیمارک دەریدەخات، 60٪ـی خەڵک لەسەر لا دەخەون کە زۆربەیان پیاون، بە گوتەی پسپۆڕەکەش، خەوتن لەسەر لای راست پەستانی زیاتر دەخاتە سەر ئەندامەکانی جەستە و پێشنیازدەکات، خانمانی دووگیان و تووشبووانی دڵەکزێ بەلای چەپدا بخەون.
پسپۆڕەکە سوودی خەوتن لەسەر لای چەپ رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''سووڕی خوێن چالاکدەکات، بەمەش بڕێکی زیاتر خوێن بۆ کۆرپەلە و ئەندامەکانی دایکەکە دەچێت.''
2- خەوتن لەسەر پشت
پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، شێوازی خەوتنەکە هاندەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ئێسکەکانی بڕبڕەی پشت، هەروەها جەستە بە هاوسەنگی دەهێڵێتەوە، دکتۆر ئەبهیناڤ دەشڵێت: خەوتن لەسەر پشت یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازاری شان، مل و پشت، هەروەها بەسوودە بۆ 'ئەوانەی ئازاری پشت و ملیان هەیە، ئەوانەی بەدەست زیپکەوە دەناڵێنن و ئەوانەی هەستیاری و هەوکردنی لووتیان هەیە.
هاوکات پسپۆڕەکەی خەو گوتیشی: ئەم شێوازی خەوتنە پێشنیازناکرێت بۆ 'خانمانی دووگیان و ئەوانەی کێشەی کەمخەوییان هەیە یاخود بۆ کەسانەی قەڵەو و بەساڵاچوو'.
3- خەوتن لەسەر سک
دکتۆر ئەبهیناڤ سینگ رایدەگەیێنێت، هەرچەندە دۆخێکی ناباوە، بەڵام ئەوانەی پرخەیان هەیە دەتوانن سوودی لێ وەبگرن، هەروەها دەشڵێت: ئەم دۆخی خەوتنە ماندوویێتیی جەستە ناحەسێنێتەوە، هاوکات بۆ خانمانی دووگیان و ئەوانەی ئازاری مل و پشتیان هەیە خراپە.
لە بارەی ئەو کەسانەی تووشبووی هەوکردنی قوڕگ و هەستیارین یاخود لووتیان گیراوە، کۆمەڵەی خەو لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پێویستە سەرینێکی بەرز بخەنە ژێر سەریان، بۆئەوەی سەریان بەرزتربێت و کەمتر تووشی هەناسەتەنگی ببن، هەروەها دکتۆر ئەبیناڤ پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەو جۆرە کەسانە نابێت لەسەر پشت بخەون و ئاستی سەریان لەگەڵ جەستەیان یەکسان بێت، چونکە دەبێتەهۆی گیرانی لووتیان و بچووکبوونەوەی بۆڕی هەناسەیان.
پسپۆڕەکەی خەو رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە دەتوانن بەو شێوە و بارودۆخە بخەون کە جەستەیان ئاسوودە بێت و کاتێک لەخەو هەڵدەستن هەست بە نوێبوونەوە بکەن، هەروەها لەو شێوازانەش دووربکەونەوە کە تووشی ئازاری دوای لەخەوهەڵسان و ناڕێکیی دەروونییان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ