رووداو - تەندروستی
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بەردەوامە و پزیشکان هۆشداری دەدەن لە کەمیی کتێبە پزیشکییەکان بە زمانی کوردی بۆ خەڵک.
د. سەلیم سەعید زەنگەنە، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لەنێو پێشانگەکە تایبەت بە رووداو قسەی کردووە و دەڵێت: کتێبە پزیشکییەکان بە زمانی کوردی کەمن و پێویستە خەڵک بایەخ بە کتێبە پزیشکی و تەندروستییەکان بدەن.
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: چەند هۆشیاریی تەندروستیی تاک زیادبێت، نەخۆشکەوتنیش کەمدەبێتەوە و پێویستە وەکو وڵاتانی دیکە زانستی پزیشکی زمانی خۆمان بێت، چونکە مافی نەخۆشە کە بزانێت چ نەخۆشییەکی هەیە و تێی بگەیێندرێت.
بەگوتەی زەنگەنە، وڵاتانی دراوسێ سەرچاوە پزیشکییەکانیان بە زمانی خۆیانە و زمانی پزیشکی مەرج نییە تەنیا بە ئینگلیزی بێت و دەکرێت کتێبی کوردیش بنووسرێن.
هەر بۆیە گوتی، ''پێویستە بایەخ بە وەرگێڕانی وشە پزیشکییەکان بۆ زمانی کوردی بدرێت''.
د. یوسف خەتی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان بە رووداوی گوت، ''بەداخەوە بایەخ بە وەرگێڕانی کتێبە پزیشکی و تەندروستییەکان لەلایەن کەسانی شارەزا و پزیشکانەوە نەدراوە بۆ سەر زمانی کوردی''.
هاوکات د. سامان تاهیر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی دەڵێت: دەکرێت رۆشنبیریی تەندروستی لە کتێبەوە زیادبکرێت و ئەگەریش رۆشنبیریی تەندروستی زیادبێت، ئەوا گوشاری سەر نەخۆشخانەکان، خەرجیی چارەسەر و نەخۆشکەوتنیش کەمدەبنەوە.
هەر بۆیە دەشڵێت: پێویستە پێشانگەکان بایەخی زیاتر بە کتێبی تەندروستی بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ