تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات ئەو پەیج و پێگانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخرێن کە رێکلام بۆ "بەناو گیای دەرمانی"ی دەکەن.
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات، ئەو پەیج و پێگانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخەن، کە رێکلام بۆ "بەناو گیای دەرمانی"ی دەکەن. پزیشکێکی پسپۆڕی پێستیش دەڵێت، بەبێ راوێژی پزیشک نابێت دەرمانی ئۆنلاین بۆ پێست بەکاربهێندرێت.
لە نووسراوێکدا وەزارەتی تەندروستی داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات: "هەموو پەیج و پێگە ساختەكان لە فەیسبووك، سناپچات، ئینستاگرام و تیكتۆك كە پڕووپاگەندە بۆ بەرهەمی بەناو گیای دەرمانیی، مادەی جوانكاریی رووخسار و پێست؛ رواندنەوەی قژ لەگەڵ بەهێزكردنی هەستە سێکسییەکان دەكەن دابخرێن".
لەبارەی هۆکاری نووسراوەکەش وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "پێچەوانەی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستین". داواش دەکات رێكاری یاسایی دژی ئەوانەی ئەم كارە دەكەن بگیرێتەبەر.
لە هەرێمی کوردستان سەدان پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی ئۆنلاین کەرەستەی جوانکاری و هاوشێوەکانی دەفرۆشن، زۆرکات تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ئەو بەرهەمانەی دەیفرۆشن بە فیلتەری کوالێتی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستاندا نەڕۆیشتوون.
دکتۆر گەشبین کەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، رۆژی شەممە، 11ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە دڵنیاییەوە ئەو کرێم و دەرمانانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن نابێت بەکاربهێندرێت، چونکە چۆنیەتی هاوردەکردن و کۆگاکردنیان دیار نییە".
ئەو پزیشکە پسپۆڕە گوتی، پێست هەستیارە و ناکرێت هیچ کەسێک بەبێ راوێژی پزیشک دەرمان لە ئۆنلاین بکڕێت و بەکاری بهێنێت: "بەرهەمەکانی ئۆنلاین هەندێک کات شتێکی سرووشتی تێدایە کە زیانی زۆر بە پێست دەگەیێنێت".
دکتۆر گەشبین گوتی: "بە دڵنیایەوە ئەو دەرمانانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن خراپ نەبوونایە لە دەرمانخانەکاندا دەفرۆشران. من جەخت دەکەمەوە، سەرەتا پزیشک پێستەکە ببینێت پاشان دەرمانی بۆ بەکاربهێندرێت؛ زۆر جار پێستەکەش ببینین ئێمە ئەو دەرمانانە نانووسین بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن، چونکە کەس نازانێت پێکهاتەکانی چین".
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد: "هەندێک گیراوە لە ئۆنلاین دەفرۆشرێن دەگوترێت سەرسووڕهێنەرە؛ راستە هەفتەی یەکەم پێستەکە وەکو گوڵ جوان دەکات، بەڵام دواتر کەسەکە گرفتار دەبێت بە خراپببوونی پێستییەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ