پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی: تووشبووانی جەڵتەی مێشک ئەگەری مانەوەی ئەندامەکانی دیکەیان 3 تاوەکو 7 ساڵە

09-05-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی چەند کاریگەرییەکی جەڵتە رووندەکاتەوە و دەڵێت، ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن دەشێت دووچاری چەندین پاشهاتی لاوەکی ببنەوە تەنانەت دەشێت ئەگەری مانەوەی ئەندامەکانی دیکەیان سێ تاوەکو حەوت ساڵ بێت.
 
دکتۆر محەممەد میرزا، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لەبارەی جەڵتەی دڵەوە بە رووداوی راگەیاند، جەڵتەی دڵ لە ئەنجامی گیرانی شادەمارەکان و رێرەوی خوێن روودەدات بەمەش دڵ لە ناردنی نیشانە کارەباییەکان بۆ بەشەکانی دیکە دەوەستێت. 
 
دکتۆر محەممەد دەڵێت: ''هەندێکجار وادەزانرێت دڵ لەکارکەوتووە، بەڵام  راستییەکەی وانییە''، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بڕێکی کەم لە سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لەنێو خانەکانی دڵدا هەن و کەمتر گرژبوونەوە و خاوبوونەوەیان تێدا روودەدات. 
 
بەگوتەی پسپۆڕەکە، ئەگەر دڵێک تووشی ئەو دۆخە بێت، ئەوا نەمردووە و بە پێدانی مادە کانزاییەکان بە کەسەکە، فەرمانی دڵەکە ئاسایی دەبێتەوە. 
 
دکتۆر محەممەد ئەو کاریگەرییانە باسدەکات کە دوای جەڵتەی مێشک تووشی جەستە دەبن و دەڵێت: ''دوای جەڵتەی مێشک بەرگریی جەستە لاوازدەبێت و دەشێت سییەکان تووشی هەوکردنی تووند ببن.'' گوتیشی: "ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، ئەگەری مانەوەی ئەندامەکانی دیکەیان 3 تاوەکو 7 ساڵە"
 
لەبارەی هۆرمۆنەکانیشەوە پسپۆڕەکە گوتی، مێشک شوێنی سەرەکیی بەرهەمهێنان و دەردانی بەشێکی سەرەکیی هۆرمۆنەکانە، بۆیە جەڵتەی دڵ دەبێتەهۆی ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان. 
 
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکە ئاشكرای دەکات، ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن گورچیلەکانیان سستدەبێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ناڕێكیی لە دەردانی پڕۆتینەکان دروستدەبێت، تەنانەت پەنکریاس و سپڵیش زیانیان پێدەگات.
 
بۆ پێشگیری و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک دکتۆر محەممەد رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە 'پەستانی خوێنیان رێکبخەن، بایەخ بە خۆراکی تەندروست بدەن، خۆراکە خێراکان و سوورەوەکراوەکان کەمبکەنەوە، وەرزش بکەن و کێشیان رێکبێت، هەروەها دووربکەونەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە و رێژەی شەکری خوێنیان کۆنتڕۆڵبکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە