رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی تەندروستییە و فۆکەسی سەرەکیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ ئەم ساڵ پاراستنی منداڵانی تازەلەدایکبوو و خانمانی دووگیان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، ساڵانە چوار ملیۆن و 800 هەزار منداڵ ناگەنە تەمەنی پەنجاکانیان و هەریەک لە هەوکردنی تووندی سییەکان، سکچوون و مەلاریا بە هۆکارە سەرەکییەکان دادەنێت.
رۆژی جیهانیی تەندروستی لە 7-4ـی هەموو ساڵێک بە مانشێت و مەبەستی جیاوازەوە لە جیهاندا یادی دەکرێتەوە و ئەو رۆژە بەرزڕادەگیرێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، کار لەسەر ئەوە دەکەن کە تەندروستیی منداڵانی تازەلەدایکبوو باشتر بکەن
دێسکی تەندروستیی رووداویش لە ماوەی ئەم ساڵ بە درێژایی بەرنامە و پڕۆژەکانی لەسەر ئەو ئامانجە دەبن و لەسەری بە شێوازی جیاواز دەدوێت.
هەر بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، ''ساڵانە زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵی ساوا لە مانگی یەکەمی تەمەنیان گیانلەدەستدەدەن'' و ''ساڵانە 300 هەزار خانم، بەهۆی دووگیانی و منداڵبوونەوە گیانلەدەستدەدەن''.
د. تیدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی WHO دەڵێت: بایەخدان بە هەڵمەتی کوتان یەکێکە لە گرنگترین کارەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی منداڵان و رێگریکردن لە مردنی پێشوەختەیان بەتایبەت لە وڵاتە کەمداهاتەکان.
ئامانجەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی:
کەمکردنەوەی بۆشایی و کەموکورتییەکانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ خانمانی دووگیان و منداڵانی تازەلەدایکبوو.
باشترکردنی خزمەتگوزاریی بنکە تەندروستییەکان بۆ چاودێریی زیاتری خانمانی دووگیان.
بایەخدان بە بەرنامەی کوتان بۆ منداڵانی تازەلەدایکبوو.
کەمکردنەوەی مردنی خانمانی دووگیان بۆ کەمتر لە 70 مردن لە هەر 100 هەزار خانمێکی دووگیان تاوەکو ساڵی 2030 کە ئێستا 197 حاڵەتی مردنە بۆ هەر 100هەزار منداڵبوونێک.
کەمترین و بەرزترین رێژەی مردنی خانمانی دووگیان
بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان، لە ساڵی 2023 دا وڵاتانی ئەفریقی 70٪ـی خانمانی دووگیان گیانیان لەدەستداوە و، لە ئاسیاش ئەو رێژەیە 17٪ بووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئێستا لە سریلانکا مردنی خانمانی دووگیان بەهۆی منداڵبوونەوە کەمبووەتەوە بۆ 25 گیانلەدەستدان لە هەر 100 هەزار منداڵبوونێک؛ بەهۆی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی رۆتینی زیاتر و بەخۆڕایی کردنییان، هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان.
یونیسێفیش دەریدەخات، لە ساڵی 2000 تاوەکو 2023 رێژەی مردنی خانمانی دووگیان لەکۆی 100 هەزار منداڵبوون لە 328 حاڵەتەوە کەمبووەتەوە بۆ 197 حاڵەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ