حکومەتی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەک لەبارەی ناچارکردنی وەرگرتنی ڤاکسین دەباتە پەرلەمان

06-12-2021
دڵزار زوبێر
نیشانەکردن ڤاکسین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا دەیەوێت ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هەندێک شوێنی وەک نەخۆشخانە، خانەی بەساڵاچووان و کارمەندانی تەندروستی بکاتە ناچاری. 
 
حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەکی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لە 16ـی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا وەرگرتنی ڤاکسین بۆ ژمارەیەک کەرتی دیاریکراو بکرێتە ناچاری. ئەمەش لەکاتێکدایە، وڵاتەکە بەنێو شەپۆلێکی نوێی تووندی کۆرۆنادا گوزەر دەکات. 
 
سۆسیال دیموکراتەکان، سەوزەکان و پارتی دیموکراتی ئازاد کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا پێکبهێنن، چاوەڕواندەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەیاساکە پێشکێشی پەرلەمان بکەن. 
 
ئەو رەشنووسی یاسایە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کارمەندانەی لەو بوارانەدا کاردەکەن لە 15ـی ئادارەوە دەبێت بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسین یان چاکبوونەوە لە کۆرۆنا پیشانبدەن، بەپێچەانەوە رێگەیان پێنادرێت کاربکەن.  
 
تا ئەو کاتەش کە وەرگرتنی ناچاریی ڤاکسین دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ژمارەیەک رێکاری کاتی دەگیرێنەبەر کە رێگە بە هەرێمە فیدراڵییەکانی ئەڵمانیا دەدات تا ئاستی قەدەخەی هاتووچۆش رێکارەکان تووند بکەنەوە.  
 
رۆژی شەممە 4-12-2021 ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا داواکەی بۆ خەڵکی ئەڵمانیا لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسین نوێکردەوە و پێی راگەیاندن کە مەترسی کۆرۆنا بە جیدی وەربگرن و گوتی، "گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی نوێ وا دەردەکەوێت کە مەترسیدارتر بێت لە گۆڕاوەکانی پێشووی".  
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا 68.9٪ ـی دانیشتووانی ئەڵمانیا بەتەواوەتی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ئامانجی حکومەتیش ئەوەیە زۆرترین ژمارە ڤاکسین وەربگرێت. ژمارەی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە وەکو هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم چەند هەفتەیەدا دادەندرێت. 
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی لە ئەڵمانیا، تووشبوونی هەفتانە بە 442.7 کەس لەنێو هەر 100 هەزار کەسێکدایە.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەش ملیۆن و 179 هەزار و 839 کەس لە سەرتاسەری ئەڵمانیا تووشی پەتاکە بوون و 103 هەزار و 604 کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە