نوێترین زانیاری لەسەر تەندروستیی بابەشێخی کوردانی ئێزدی؛ ''جەڵتەی مێشک لێی داوە''

05-04-2025
شکار رێبوار
عەلی شێخ ئیلیاس، بابەشێخی کوردانی ئێزدی  - ئەو پزیشکەی ئێستا سەرپەرشتی دەکات.
عەلی شێخ ئیلیاس، بابەشێخی کوردانی ئێزدی - ئەو پزیشکەی ئێستا سەرپەرشتی دەکات.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

شەوی رابردوو دۆخی تەندروستیی بابەشێخی کوردانی ئێزدی تێکچوو و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتە لە دهۆک، پزیشکەکەی دەڵێت: جەڵتەی مێشک لێی داوە و پێویستی بە چارەسەر لە دەرەوەی وڵات نییە.
 
ئەمڕۆ شەممە 5-4-2025 نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە دهۆک لەنێو نەخۆشخانەکە لەگەڵ د. محەممەد عەزیز قسەدەکات و دکتۆرەکە دەڵێت، جەڵتەی مێشک لێی داوە و هۆکارەکانیش باسدەکات.
 
د. محەممەد عەزیز، هۆکاری جەڵتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بابەشێخی کوردانی ئێزدی جگەرەی زۆری کێشاوە و ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێنی بەرزبووە هەر بۆیە تووشی جەڵتەی مێشک بووە، بەڵام دەڵێت: ''جەڵتەکە لاوازبووە و ئێستا ئەو لەژێر چاودێریدایە''.
 
ئەوەشی راگەیاند کە عەلی شێخ ئیلیاس، بابەشێخی کوردانی ئێزدی سێ بۆ چوار رۆژی دیکە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تاوەکو چارەسەری گونجاوی بۆ بکەن.
 
دامەزراوەی جەڵتە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن وەکو؛
 
- ناڕێکیی رووخسار
- سڕبوونی لایەکی جەستە
- قورسبوونی زمان
- تێکچوونی جووڵە
- ناڕێکیی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازبوونی بینین
 
هەروەها دامەزراوەکە هۆشداریدەدات، هەر کەسێک تووشی یەکێک یاخود چەند نیشانەیەکی جەڵتەی مێشک بوو، پێویستە لانیکەم لە 30 خولەکدا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و کاریگەریی جەڵتەکە لەسەر جەستە و مێشکی تووشبووەکە کەمببێتەوە و باشتریش چارەسەربکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە