زیاتر لە 700 توشبووی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا تۆمارکراون

04-06-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی، 3-6-2022، ناوەندەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەر و رێگریکردن لە نەخۆشی (CDC)، راگەیێندراوێکی لەبارەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوە تائێستا 700 توشبووی ئاوڵەی مەیموون لە تەواوی جیهان تۆمارکراون و تەنیا 31 تووشبوویان لە ئەمریکان و توێژەران هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە لەو وڵاتە دەدەن.
 
جووتبوونی نێوان هاوڕەگەزخوازانی (نێر و نێر) 16 تووشبووی یەکەمی نەخۆشییەکەن لە ئەمریکا، 14 تووشبووش نەخۆشییەکەیان بەهۆی گەشتکردنەوە بۆ گواستراوەتەوە و یەک نەخۆشیش تائێستا هۆکاری تووشبوونی دیار نییە. دامەزراوەی (CDC) باسی لەوەش کردووە، تەواوی تووشبووان لەژێر چارەسەردان و تائێستا بارودۆخی هەموویان جێگیرە.
 
ئاوڵەی مەیموون نەخۆشییەکی دەگمەنە و نزیکە لە نەخۆشی ئاوڵەی بچووکەوە (smallpox)، بەڵام نیشانەکانی لە ئاوڵەی بچووک کەمترە کە بریتین لە لەرز و تا، سووربوونەوە و خوران لە جەستەدا.
 
نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون سەرەتا لە رۆژئاوا و نێوەڕاستی ئەفریقاوە دەرکەوت و لە مانگی ئایارەوە ژمارەیەک تووشبوو لە ئەوروپا تۆمارکراون؛ لەو کاتەوە ژمارەی تووشبووان لە زیادبووندایە.
 
رۆژی هەینی 3-6-2020، کەنەدا ئامارێکی نوێی لەبارەی ژمارەی تووشبووان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو ئەو رێکەوتە 77 توشبوو تۆمارکراون کە هەموویان لە پارێزگای کویبیک بوون و ڤاکسینیان بەدەست گەیشتووە.
 
زانایان هۆکاری بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشییەکە بۆ فیستیڤاڵی هاوڕەگەزخوازەکانی ئەوروپا دەگەڕێننەوە، بەڵام تائێستا جووتبوونی نێر-نێر بە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دیارینەکراوە. یەکێک لە هۆکارە باوەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەش بەریەککەوتنی راستەوخۆی جەستەیە لەگەڵ کەسی تووشبوودا. ئەوانەی تووشبووی ئەو نەخۆشیەن تاوەکو تەواوی برینەکانی سەر جەستەیان ساڕێژ نەبێت، بە چارەسەرکراو پۆلێن ناکرێن.
 
"ڤاکسینی پێویست بەردەستە"
 
راج پانجابی، بەرپرسی گشتیی تەندروستیی جیهانی کۆشکی سپی بۆ ئاسایشی تەندروستی و بەرگریی بایۆلۆجی رایگەیاندووە، هەزار و 200 ژەمە ڤاکسین و 100 کۆرسی چارەسەر گەیێندراونەتە ویلایەتە جیاجاکانی ئەمریکا.
 
ئێستا دوو جۆر ڤاکسینی باو بەردەستن کە بریتین لە (ACAM200) و (JYNNEOS)؛ هەردوو جۆری ڤاکسینەکە سەرەتا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی بچووک دروستکراون و JYNNEOS جۆرە نوێیەکەیانە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەڵگری نەخۆشییەکە کەمترە.
 
دەون ئۆکۆنێڵ، سکرتێری یاریدەدەر لە دامەزراوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئامادەیی و وەڵامدانەوەی نەخۆشی دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ڤاکسینی زیاتر".
 
دامەزراوەی (CDC) هەروەها راشیگەیاندووە، هەردوو دژە ڤایرۆسی TPOXX و Cidofovir کە بۆ چارەسەری ئاوڵەی بچووک بەکاردەهاتن، دووبارە بۆ چارەسەری ئاوڵەی مەیموون بەکاردەهێنرێنەوە. هاوکات لە راگەیەنراوێکی دیکەی ئەو دامەزراوەیەدا باس لەوە کراوە، بە پێویستی دەزانن رێکاری تایبەت لەگەڵ کۆمەڵگەی هاووڕەگەزبازەکاندا بگرنەبەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.