رووداو دیجیتاڵ
کوتانی خەڵک بە ڤاکسینی کۆرۆنا لە دوورگەکانی سەیشێلز لە رۆژهەڵاتی ئەفریقیا بە چڕی دەستی پێکردووە، لەوانەیە سەیشێلز ببێتە یەکەم وڵات لە جیهاندا بەرگریی بەکۆمەڵ لە دژی کۆرۆنا دروستبکات.
ژمارەی دانیشتووانی ئەو دوورگەیە 100 هەزار کەسە، ئامانجییەتی تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە 70٪ی خەڵکەکەی ڤاکسین وەرگرن، سەرۆکی سەیشێلز لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی دابینکردنی ڤاکسین بۆ خەڵکەکەی، وڵاتانی هەژاری لەبیر نەچووە دەڵێت، "عەیب نییە وڵاتێکی وەکو سەنیگال ژمارەی دانیشتووانی 16 ملیۆن کەس بێت 200 هەزار ژەم ڤاکسین وەرگرێت کە تەنیا بەشی 100 هەزار کەس دەکات؟"
واڤیل رامکالاوان، سەرۆکی سەیشێلز ئاماژە بەوە دەدات: "وڵاتانی دەوڵەمەند دەبێت فریای وڵاتانی هەژار بکەون تاوەکو هەموو جیهان بە بەرنامەی کوتان تێپەڕێت. نابێت ڤاکسین بە هەموو شتێک بزانین، دەبێ لە رێوشوێنی خۆپارێزی بەردەوامبین."
سەیشێلز لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی بە هەڵمەتی کوتانی خەڵکەکەی بە ڤاکسینی کۆرۆنا کردووە. ئێستا زیاتر لە 44٪ی خەڵکەکەی ژەمی دووەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان بۆ دەستکەوتنی بەرگریی باشتر لە دژی کۆرۆنا، ماوەی نێوان هەردوو ژەمە ڤاکسین هەتاوەکو درێژتربێت باشترە، ئەگەر بەهۆی پەیڕەوکردنی ئەو خاڵە نەبووایە، دەمێکبوو دوورگە بچکۆلانەکە بەرگریی بەکۆمەڵی دروستکردبوو.
ئامیلی ریچمۆند، پەرستارێک لە سەیشێلز دەڵێت: "پێموایە پێویستە سەیشێلز بتوانێت بەرگریی بەکۆمەڵ دروستبکات، چونکە خەڵکەکەی دەیانەوێ ڤاکسین وەرگرن، پەرۆشن ڤاکسین وەربگرن". هەروەها دەشڵێت: "تاوەکو کۆتایی ئادار و نیسان، دەتوانین بەرگری بە کۆمەڵ دروستبکەین."
ئیمارات لە چوارچێوەی پەیوەندیی دوولایەنە و کاری خێرخوازی، ڤاکسینی سینۆفارمی چینی و دژەتەنی داوە بە دوورگەی سەیشێلز کە دژە تەنەکە لەلایەن ئاسترازینیکا بەرهەمهێنراوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2600 تووشبووی کۆرۆنا و 11 مردنی بە کۆرۆنا لە دوورگەی سەیشێلز تۆمارکراوە.
دوورگەی سەیشێلز لەسەر گەشتیار و راوەماسی و بەرهەمهێنانی گوێزی هیندی و ڤانێلا و دارچین، دروستکردنی پەت و بەلەم و چاپکردن و قەنەفە دەژێت. لە 2017دا بایی 564 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە و بایی یەک ملیار و 155 ملیۆن دۆلاریش کاڵا و خۆراکی هاوردە کردووە، داهاتەکەشی هەر لە هەمان ساڵدا 593 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ