یه‌کێک له کێشه جه‌وهه‌رییه‌کانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئێمه، ئه‌وه‌یه که له هه‌مبه‌ر ده‌قه لاوازه‌کان بێده‌نگ ده‌بێت و ده‌قه ناوداره‌کان (ئه‌گه‌رچی گه‌وره و سه‌رکه‌وتووش نه‌بن) ده‌خاته چه‌قی باس و شرۆڤه‌ی خۆیه‌وه.
کاتێک ده‌ڵێم "باس و شرۆڤه" مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که چه‌ندین چه‌مک و ده‌سته‌واژه له هه‌ناوی ده‌ق ده‌ردێنن و به گۆشه‌نیگایه‌کی فه‌لسه‌فیی گشتییه‌وه ههڵیدهپێکن، یان به پێچه‌وانه‌وه چه‌ندین چه‌مکی فیکری و فه‌لسه‌فی (کۆمه‌ڵناسانه، ده‌روونناسانه، ده‌روونشیکارانه، جێنده‌ری، سیاسی و کولتووری) زه‌ق ده‌که‌نه‌وه و ده‌یدوورن به باڵای ده‌قی کورتهباڵادا و له ئه‌نجامیشدا ستایش و چه‌پڵه‌لێدان دوا وێستگه و ئهنجامگیرییهتی.
ئه‌مه دۆخێکی دروست کردووه که ئێستا ژمارەی نووسه‌رانمان له خوێنه‌رانمان زیاتر بێت. کاریگه‌ریی ده‌زگای چاپ و نهشرهکانمان له ڕێکخراوه هزری و کولتوورییه‌کانمان زیاتر بێت و ڕاده‌ی قسه‌ی بێ سه‌روبه‌ر و بڕیاری پێشوه‌خته و ڕه‌ها له ئه‌ڵقه ڕهخنهییەکان و چالاکیی ڕێکخراوه پرسیارسازهکان زۆر زۆرتر بێت.
کاتێک ده‌ڵێم نووسه‌رانمان له خوێنه‌رانمان زیاتره، زۆرتر ئاماژه‌دان به وه‌همێکه که له پانتای کولتووری هه‌ژار و ده‌ستکورتی ئێمه‌دا ئاوساوه، زیاتر ئهنگوستدانانه له‌سه‌ر دیارده‌یه‌کی درۆزنانه و قه‌ڵب که به‌هۆی تاکڕه‌هه‌ندی یان جووتڕهههندی (دوالیزم) گه‌شه و نه‌شه‌ی جه‌مسه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگا، "وههم" وه‌ها زه‌ق ده‌بێته‌وه و کو‌لتوور به واتا گشتییه‌که‌ی ده‌کات به ڕووبه‌ری ته‌راتێن و شه‌پۆلسواریی خۆی. جه‌مسه‌رێکی گرینگی ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه بهردهنگانن. به‌رده‌نگان به‌شێکی زۆری ئه‌م قه‌یرانه ده‌خه‌مڵێنن، ئه‌وان هه‌زاران هه‌زار که‌سن له یه‌ک ئاستدا و به لێشاویش ده‌ق ده‌خوێننه‌وه و تێیناپه‌ڕێنن و بۆ یه‌ک مه‌به‌ستیش ده‌یخوێننه‌وه! حه‌سانه‌وه و حەوانهوه! به زمانی میتافیزیک بیڵێین گه‌یشتن به که‌ناری ئارامی و هێوری له ڕێگه‌ی که‌شف و پێڕه‌وکردنی حه‌قیقه‌تێکی وه‌همییه‌وه! ئه‌مه له کاتێکدایه هه‌م ده‌قێکی ئه‌ده‌بی و هه‌م ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی لێدانن له دۆخ و فه‌زای باو، کوشتنی حه‌قیقه‌تی تاکڕه‌هه‌ند و ڕه‌هان و گێڕه‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته شیمانه‌یی و مومکینهکانن، ده‌ق به‌م واتایه شتێکی دژه‌باو ده‌گێڕێته‌وه و "ڕه‌خنه"ش به واقیعبینی و بوێری و مێژوومه‌ندییه‌وه سه‌رکه‌وتوویی یان ژێرکهوتوویی ئه‌م جۆره ده‌رکه‌وتن و گێڕانه‌وه‌یه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ. ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی که به‌رگری له شه‌پۆلی زه‌ریای به‌رده‌نگانی زۆر و زه‌به‌ندی زه‌رد و ئاپۆره‌ی مێگه‌لی ده‌کات، ڕه‌نگه بۆ ماوه‌یه‌کی کورت وه‌کوو تیشکی ڕه‌ش یان قاوه‌یی! خاڵی گه‌ردن و سه‌رلێوی ئه‌کته‌ر و سیلیبریتییه‌کان بدره‌وشێته‌وه، به‌ڵام هیچ ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ک له‌ڕووی ناوه‌رۆک و فۆرم و هیچ تازه‌گه‌رییه‌ک به‌رهه‌م ناهێنێ، ئه‌م ده‌رکه‌وتانه له "وههم" و نووسین و به‌رده‌نگ و به‌گشتی له پانتای کو‌لتووردا به‌ر له‌وه‌ی واقیعێک بن له‌ناو مێژوو یان ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ڕه‌سه‌نی ناو زمان و ئه‌ده‌بی کۆمه‌ڵگایه‌ک، وه‌کوو ڕه‌نگ و بره‌ندی سه‌رده‌من، مۆرک و مۆده‌ی ناو بازاڕن.
لێره‌دا بازاڕ له دوو چه‌مکدا زه‌ق ده‌بێته‌وه.
ئهلف: پاره واته ده‌سه‌ڵاتی ده‌رکه‌وتن و سهماکارانهبوون له‌ناو بازاڕدا.
ب: سیما و ڕواڵه‌ت واته خه‌رمانه و هه‌یمه‌نه‌ی درۆزنانه‌ی ده‌وری نووسه‌ران و خاوه‌ندارانی کولتووری.
با من پرسیارێک له هه‌موومان بکه‌م: ده‌رکه‌وتن و به‌رجه‌سته‌بوونی به‌رهه‌مێک ئه‌نجامی چییه؟ واته چی له پشته‌وه‌یه؟ ئایا به‌رهه‌مێک ده‌توانێت به که‌مترین ئاستی ڕه‌سه‌نایه‌تی و سه‌رکه‌وتوویی و تازه‌گه‌ری و به‌بێ لێدان له دۆخی باو بێته ناو جه‌ماوه‌ر و ده‌نگ داخات و ببێت به لۆسه و پێوه‌ر بۆ گۆڕانی بیرکردنه‌وه و زه‌وق و جوانیناسیی کۆمه‌ڵگا؟ به‌ڵێ بێگومان ده‌توانێت! ئێسته بای ئاره‌زوو به ئاڕاسته‌ی شه‌قام و پۆپۆلیزمدا هه‌ڵده‌کات و هه‌ڵیکردووه و ئازادیی سه‌ره‌ڕۆ و ڕه‌شۆداماڵراوی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ته‌خته‌ی شانۆ و سته‌یجه‌کانی نواندن و نمایشکردنیش ته‌واو ئه‌م دۆخه‌ی گه‌یاندووه‌ته ته‌شقی ملهوڕی و سینگدهرپهڕاندن و ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆرییه‌تی خۆی. له هه‌ر کوێ ئاپۆره‌یه‌ک هه‌بوو، خه‌ڵکێکی زۆریش له‌وێن که مه‌رج نییه دوو پرسیاری بنه‌مایی بگرنه ده‌ق. له‌ناو ئه‌م دۆخه‌دا و لێره چه‌ند هۆکاری ناڕه‌سه‌ن که ده‌قێک دێننه سه‌ره‌وه و پێگه‌ی درۆزنانه‌ی ده‌ده‌نێ، ده‌ژمێرم و پێناسه‌ی ده‌که‌م.
1-حیزب
2-خێڵ
3-ژنانهییبوون
4-میدیا
1- حیزب له ڕێگه‌ی پلان و پرۆژه‌یه‌کی زیره‌کانه‌وه ئه‌کته کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان دێنێته ناو ڕه‌وتی دابینکردنی زیاتری جه‌ماوه‌ر و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ خۆی، حیزب وه‌کوو ڕۆحی سرووشتیی خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری ده‌کات و ئه‌وه ئه‌رکی ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیرییه ئه‌کتی به‌رگری و ڕه‌خنه‌کردن بنوێنێ. به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته به هۆی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه که باسمکرد تاکوو ئێسته به زیانی نووسین و له قازانجی ململانێی سیاسی ته‌واو بووه. کاریگه‌ریی حیزب وه‌کوو جومگه‌ی سه‌ره‌کیی ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن میدیا و ڕۆژنامه به‌سه‌ر هۆکاره‌کانی دیکه‌شه‌وه دیاره و ده‌کرێت بڵێین حیزب یه‌کێک له جه‌مسه‌ره هه‌ره کاریگه‌ر و کهڵهگاکانه له‌ناو هاوکێشه‌که‌دا. حیزب باوکه!
2- خێڵ، له وڵاتی ئێمه‌دا خێڵ نه‌ک هه‌ر به‌شێک له کرۆک و کایه‌ی حیزبی و گرووپی پێکدێنێ، به‌ڵکوو له ڕووبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و بازاڕیشدا ده‌سه‌ڵاتدار و ملهوڕه، چه‌ندین سه‌رۆک خێڵمان هه‌بووه و هه‌یه که هه‌ڕه‌شه‌یان له نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان کردووه و تا ئاستی ڕێگری و کوشتن و تۆقاندنیش هه‌نگاویان هه‌ڵگرتووه و هیچ سڵێکیشیان له میدیاییبوونهوهی ڕوخساره ناوه‌خت و دواکه‌وتووه‌که‌یان نه‌کردووه. ئه‌مه لایه‌نێکه به قازانجی ئه‌و نووسه‌رانه دێته‌وه که ڕواڵه‌تیان به مۆدێرنیته مه‌کیاج کراوه، به‌ڵام له ده‌رگای پشته‌وه‌ی خێڵه‌وه دێنه ژووره‌وه و ده‌بن به نووسه‌ری دیار و ناودار. خێڵ، ڕۆحانه‌تی مه‌کیاجکراو و سافولووسکراوی حیزبه و دیارترین ڕوخساری مۆدێرنیته‌ی خواروخێچی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه. ئه‌گه‌ر حیزب باوک بێت، ئه‌وا خێڵ باپیر و ڕۆح و بتی ئه‌و باوکه‌یه!
3- له‌م مۆدێرنیته ده‌ڵه‌مه و ده‌ستکرد و ئامێرییهدا شانۆیه‌کی ڕه‌نگین و ورووژێنه‌ر بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕه‌گه‌زی مێ ڕێکخراوه، شانۆیه‌ک که ژن نه‌ک وه‌کوو سووژه، به‌ڵکوو وه‌کوو ئامراز و ئامێر له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که سه‌ره‌ڕای پیاوسالارانهبوون، به‌ڵکوو نهریتپهرستیش پێناسه ده‌کات و ڕۆڵی بۆ دیاری ده‌کات. له‌م شانۆیه‌دا ژنان و کچانی ئه‌کته‌ر، گۆرانیبێژ، نووسه‌ر، شاعیر و نیگارکێش و... ده‌رده‌که‌ون و خۆ ده‌نوێنن و به خێرایی دێنه سه‌ره‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئایدیا یان گۆشه‌نیگا یان چه‌مکێک یان دڵه‌ڕاوکێیه‌ک بخه‌نه ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی سڕ و خه‌وتووه‌وه. ژنان لێره‌دا ده‌بن به کاڵایه‌ک بۆ سڕکردن و له‌باربردنی خه‌ونه گه‌وره‌کانی مرۆڤی ئێمه به گشتی و ژنان خۆیان به‌تایبه‌تی و ئه‌و ڕۆڵه ڕاسته‌قینه شارستانیسازهیان له وه‌ها پێکهاتێکدا لێ ده‌سێنرێته‌وه و ده‌بن به ماتۆڕ و مه‌کینه‌ی سامناک و کوشنده‌ی له‌باربردن و خه‌ساندن و دوورکه‌وتنه‌وه له ڕه‌سه‌نایه‌تی له لایه‌ن سیسته‌می پیاوسالار و نه‌ریتپه‌رست و ڕۆحی کاڵاخواز و چێژپه‌رست و مهسرهفگهراوه. ئه‌م حاڵه‌ته به پله‌ی یه‌که‌م زیاتر ژن قوربانی ده‌کات و سه‌پاندنی هه‌مان ڕۆحی "بان و خوار" و چه‌سپاندنی فۆرمێک له دیسپۆتیزم و ئاغا و کۆیله‌ییه له ژینگه‌یه‌کی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و جێنده‌ریدا. ئه‌م حاڵه‌ته له‌گه‌ڵ دۆخی نه‌کراوه‌یی و نهریتگهرێتی و ئایینیبوونی کۆمه‌ڵگا و دۆخی تێپه‌ڕ و هه‌ڵپه‌سێردراوی کۆمه‌ڵگا یه‌کانگیر ده‌بێت و ئه‌کته ناڕه‌سه‌نه‌کانی ژن زیاتر زه‌ق ده‌کاته‌وه.
کۆمه‌ڵگایه‌کی هه‌ڵپه‌سێردراو و تێپه‌ڕ: ئایینی و مۆراڵێکی ڕادیکاڵیی ئاسمانی هه‌یه و بناژۆخوازه، به‌ڵام ئاره‌زووه جه‌سته‌ییه‌کانی بۆ ڕاناگیرێت، درۆ ده‌کات که باوه‌ڕی به مافی ژن و یه‌کسانی هه‌یه، ته‌نها له ده‌رگای جه‌سته‌وه دێته ژووره‌وه و فۆرمی "سه‌ر و ژێر" به هاوتای هاوسانی ده‌زانێت، کۆمه‌ڵگایه‌ک که: باوه‌ڕی به ڕۆح و غه‌یبانییه‌ت هه‌یه، که‌چی تا سه‌ر ئێسقان مادیخواز و جهستهپهرست و مه‌سره‌فگه‌رایه. ئه‌م دۆخه گشتییه واده‌کات کۆمه‌ڵگا چاوی سێهه‌می نه‌بێت و ته‌نها به دوو چاو، چاو له شاشه و شانۆ و واقیع و جیهان و شوێنه ته‌رچک و توردهکانی جه‌سته بکات و ته‌نها ڕووکار و توێژاڵی سه‌ره‌وه‌ی ببینێت. ئه‌م حاڵه‌ته‌ی سێهه‌م که هاوکات بووه له‌گه‌ڵ بزاڤێکی فیمینیستیی ناته‌واو و ده‌سته‌به‌ربوونی هه‌ندێ ئازادیی بچووک بۆ ژنان و داننان به هێزیان وه‌کوو قه‌واره‌یه‌کی کۆمه‌ڵگا، زیاتر مه‌جالی ده‌رکه‌وتنی بۆ ڕه‌خساوه و ڕوخسار و سیما دیاره‌کانی ژنانی ناههڵکهوتوو و بێ ئایدیا هه‌ر ده‌م له ژێر سێبه‌ری ئه‌م لێشاوانهدا ده‌رکه‌وتوون و به هه‌ڵکه‌وتوو و ئایدیابهخش مانیفێست کراون، ئه‌مه گشتییه‌تی جیهان و ژینگه‌ی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازی ژن داده‌به‌زێنێته سه‌ر ئاستی هه‌ندێ وێنه و نیگار له جه‌سته و لێو و قسه‌ی عاتیفی و له‌نجه‌ولار و به‌گشتی ده‌یانخاته پرۆسه‌ی به ئامرازبوونێک که سیسته‌مێک له‌ناو بازاڕ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، نه‌ک هێزێک له عه‌قڵی خه‌مخۆری ژیان و چاکسازی کۆمه‌ڵگا و به‌م شێوه‌یه سایکۆلۆژی و جیهانبینی و ئاره‌زووه‌کانی ئێمه له ڕێگه‌ی بازاڕه‌وه ده‌ستکاری ده‌کرێت. جیا له‌مه‌ش نه‌ریتێکی مردوو و کۆنه به‌رهه‌م ده‌هێنێ: " به له‌نجه و لار هاته‌وه یارم له ڕێگه‌ی کانی..." به‌کاڵاکردن و به‌کاڵابوونی ژن ئه‌و گورزه کوشنده‌یه له ده‌ق و کولتووری ئێمه ده‌دات که سووژه‌ی وه‌گێڕ و پرسیارسازی ژنمان له‌ناو ئه‌و هه‌موو مانکه‌ن و په‌یکه‌ره سێکسی و نازکهدا بۆ نادۆزرێته‌وه و ڕۆحه ڕه‌سه‌نه ده‌گمه‌نه‌کان ده‌کات به ژێر تۆز و گه‌ردی ده‌رکه‌وتنی خۆیه‌وه. ئه‌گه‌ر حیزب باوک و خێڵ باپیر بێت، ئه‌وا ژن به‌م واتایه و له‌ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی بازاڕدا ده‌بێت به باوه‌ژن و دایکێکی زڕ که نه گرێدراوه‌تی پێی گه‌وره‌مان ده‌کات و نه تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵی ده‌مانخاته ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئودیپووسی و فرۆیدیانه له قه‌یرانی مانا و بوون به نیسبه‌ت دایک و ژنه‌وه!
4- له دوای تێزی گوندی جیهانییه‌وه له‌لایه‌ن مارشال مه‌ک لۆهان و ده‌ربڕینی ڕسته‌ی "میدیا په‌یامه" تاکوو ئێسته ئێمه ئیدی له‌گه‌ڵ تێزێکدا ململانێی زه‌ینی ناکه‌ین، به‌ڵکوو ئێستا گوندی جیهانی واقیعێکی به‌رهه‌ست و بینراوه و زه‌قه و میدیاش ئه‌م جیهانه‌ی زۆر بچووک و له هه‌مان کاتدا ئاڵۆز کردووه. هه‌موو چوار حاڵه‌ته‌که‌ی پێش له ڕیگه‌ی میدیا و له‌ناو میدیا به‌ریه‌ک ده‌که‌ون و ڕۆحی ناڕه‌سه‌ن و پاوانخواز و بوتپه‌رست و کاڵامهند و چێژتهوهر و نهگۆڕخواز به‌رهه‌م دێنن. میدیا وه‌کوو "جیهانی واقیعه!" بۆ ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ی که چوار حاڵه‌تی پێشووم تێدا باسکرد، لێره‌دا ئێمه جیهانی واقیع ده‌دۆڕێنین و دێینه ناو جیهانی ناواقیعی و مه‌جازی که نه ڕه‌سه‌نایه‌تی هه‌یه و نه مێژوویه‌کی به‌رهه‌ست و نه خاوه‌نی ڕووداوانی ناو جیهانی واقیعه و نه گوزارشتێکی ڕاست و سادق له جیهان ده‌کات. میدیا له‌ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا "گۆی جیهاننوێن" و شووشه‌ی جادوویی و چاوبه‌ستکاری فانتازیا سه‌رکوتکراوه‌کانی کۆمه‌ڵگایه، میدیا به‌م پله و واتایه جگه له فیچقه و ته‌قینه‌ی ناهۆشیاری له غیابی عه‌قڵ و هۆشیاری شتێکی دیکه نییه!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ