شیعری گۆران و چەمکی ئیمەیجیزم

19-12-2019
هەرێم عوسمان
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-
 
(شیعری گۆران و چەمکی ئیمەیجیزم) ناونیشانی ماستەرنامەیەکی (سامان جەلال)ـە کە بەسەرپەرشتیی (پ.د.ی. ئەنوەر قادر) ساڵی (2010) پێشکەشی کۆلێجی زمانی زانکۆی سلێمانی کردووە. سەرەتای نامەکە، دوو بەیاننامەی ئیمەیجیستەکان بە کوردی بڵاوکراوەتەوە کە توێژەر لەسەر بنەمای چەمکەکانی ئەم قوتابخانەیە، بە سێ بەش لە شیعری گۆرانی کۆڵیوەتەوە.
 
بەشی یەکەم، گەشتێکە بەناو مێژوو و چەمکە بنەڕەتییەکانی ئیمەیجیزمدا. سەرەتا زاراوە و چەمکی (ئیمەیج- وێنە) دەخاتەڕوو. لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا پێنج مانا بۆ زاراوەکە هاتووە: ئینتباعێکە، کەسێک، رێکخراوێک یان بەرهەمێک دەیدات. وێنەی هۆشەکیە، کۆپیی کەسێکە یان وێنەی بینراوی کەسێک یان شتێکە لە ئاوێنەدا، وشە یان فریزێکە بە خەیاڵئامێز پەسنی شتێک دەکات. وێنە گرنگترین بەرجەستەکانی خەیاڵە لە شیعردا. سەرچاوەی چێژی شیعر بۆ خوێنەر لە مۆسیقا و وێنەدایە. لای بیلینسکی شیعر تەنیا بیرکردنەوەیە بە وێنە. 
 
توێژەر بە یارمەتیی کۆمەڵێک نووسەر جەخت لەسەر ڕەسەنایەتی شیعر بەهۆی وێنە دەکاتەوە. وێنەی شیعری یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی بنیاتی شیعر، بۆیە توانای دروستکردنی وێنەی شیعری نیشانەیە بۆ شاعیربوون. توێژەر ئاماژە بە وێنەی شیعری بەپێی قۆناغەکان دەکات کە سەرەتا وەک رەگەزی رازێنەرەوە لە سەدەی بیست‌ و هاوچەرخیشدا وەک رەگەزی سەرەکی بینراوە، چونکە وێنە لەگەڵ گیان ‌و هەست و خەیاڵدا دەدوێت. 
 
لە بەیاننامەی یەکەمی ئیمەیجیستەکاندا بەم شێوەیە پێناسەی وێنە کراوە: "وێنە، ئاڵۆزێک لە هزر و سۆز لە ساتێکی کورتدا پێشکەش دەکات...ئەم ئاڵۆزکاوە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی هەستێکی ئازادبووی لەناکاو لە سات ‌و شوێنێکی سنوورداردا". 
 
دواتر توێژەر ئاماژە بۆ قوتابخانەی ئیمەیجیزم دەکات کە لە 1910 بەدواوە بە رابەرایەتی (ئیزرا پاوەند، هیوڵم، تی.ئێس.ئەڵیۆت‌ و هتد) راگەیەنرا و لە ساڵی 1913 لەلایەن ف.س فلینتەوە لە گۆڤاری شیعردا بڵاوکراوەتەوە. توێژەر پێیوایە ئەم قوتابخانەیە کاریگەرییەکی فراوانی لەسەر بزووتنەوە ئەدەبییەکان ‌و ژانرە جیاوازەکان داناوە، هەرچەند کەمی لەسەر نووسراوە و زانیارییەکان لەسەریان زارەکی بووە. بەرهەمەکانیان لەنێوان پێش جەنگی یەکەم و دوای جەنگدا بڵاوبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی ‌و پاوەند وەک داهێنەر و ناودۆزەرەوەی قوتابخانەکە و رێکخەری ناسراوە، بەڵام بۆچوونی جیاوازیش لەسەر پۆلێنی قۆناغەکانی سەرهەڵدانی دەکرێت. قوتابخانەی ئیمەیجیزم سوودی زۆری لە بێرگسۆن، فرۆید و ولیام جەیمس، هەروەها شاعیرە دێرینەکانی یۆنان‌ و شیعری هایکۆ و تانکای چینی ‌و ژاپۆنی بینیوە. ئێدوارد ستۆرەر لە 1908 شیعرێکی بڵاوکردەوە کە بە یەکەم شیعری مۆدێرنی ئینگلیزی دادەنرێ ناوی "وێنە"ی لێنرابێت:
 
دڵدارە لێکجیابووەوەکان
دەسووتێن بۆ مانگی سپی پاکیزە
لەنێو ئاگردانە نەناسراوەکانی تەنیایی‌ و
نەهاتیدا
 
دیارە ناکۆکی ‌و جیاوازیی پاوەند و فلینت بووە هۆی دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نوێ لەلایەن پاوەند بەناوی "فۆرتیسیزم" لە 1915 دا.
 
دواتر توێژەر ئاماژە بە بنەماکانی ئیمەیجیزم دەکات کە لە بنەڕەتدا قوتابخانەکە دژی زیادەڕەویی رۆمانتیکەکان لە خودێتی ‌و سۆزدارێتیدا سەریهەڵداوە. بنەماکان بە گشتی ئەمانەن: سادەیی ‌و ڕاستەوخۆیی نووسینی راستییەکان نەک ئاڵۆزی ‌و ژاوەژاوی ڕەوانبێژانە. دژی شێوە شیعرییە باوەکان بوون ‌و باوەڕیان بە فۆرمێکی شیعرییە کە بابەتی شیعرەکە دەیخوازێت، نەک قاڵبی ئامادە؛ کەواتە ڕێزیان لە شیعری ئازاد گرتووە و جەختیان لە وێنە بەرجەستەکان دەکردەوە، دەیانگوت ئەدەب بۆ تێگەیشتنی گشتە نەک دەستەبژێر، هەروەها هەستەکانیان لا پەسەند بووە نەک هۆشیان، بایەخیشیان بەبابەتێکی دیارکراو نەداوە، بەلایانەوە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەت گرنگ بوو. بنەماکان بۆ ئەوان ناکرێت دۆگمایانە ببینرێت، بەڵام لایەنی تەکنیکیشیان لا گرنگ بووە، بۆیە دەنووسن "وشەی زیاد و ناپێویست بەکارمەهێنە، ئاوەڵناوێکیش بەکارمەهێنە شتێک دەرنەخات... سڵ بکەرەوە لە نابەرجەستە. لە شیعرێکدا ئەوەی تاڕادەیەک بە پەخشانێکی باش گوتراوە مەیڵێرەوە". دواتر توێژەر لەسەر ئەم بنەمایانە دەوەستێ ‌و شیکارییان دەکات.
 
لە بەشی دووەمدا توێژەر بەشێوەیەکی پراکتیکی شەش لەو بنەمایانە لە شیعرەکانی گۆراندا دەخاتەڕوو:
 
١ـ کۆنکرێتبوون نەوەک ئەبستراکتبوون لە پێشکەشکردنی وێنەدا.
٢ـ ناپێویست فڕێدان‌ و چڕکردنەوە- تەرکیزکردن.
٣ـ بەکارهێنانی وشەکانی زمانی رۆژانە و وشەی پڕبەپێست.
٤ـ تایبەتمەند بەکارهێنانی کردار و خۆدزینەوە لێی.
٥ـ بایەخدان بە خستنەپاڵ یەک بەتایبەتی بۆ بەراورد لە بنیاتی وێنەی شیعریدا.
٦ـ بایەخدان بە هەستەکان لەبری هۆش.
 
توێژەر بۆ بنەمای یەکەم نزیکەی 120 بەیت کە چەندین شیعر دەگرێتەوە، دەخاتە ناو ئەم بنەمایەوە. گۆران لەبری وەسف، وێنەمان پێشکەش دەکات.
 
چەن جوانی بەرەو مەغریب ئەچی زەردە ئەدا لێت
پرشنگی خشڵ ئەبڵەق ئەکا دەوروبەری ڕێت
ڕۆژی دەمی کەل حازرە بۆ پێشکەشی بەر پێت
ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەی تازە‌!
 
شاعیر مامەڵەیەکی کۆنکرێتی لەگەڵ وێنە پێشکەشکراوەکاندا کردووە. توێژەریش ئاماژە بۆ چەندین شیعری گۆران دەکات کە بابەتی لێکچوواندن ‌و میتافۆری کەم تێدایە یان هەر تێیدا نییە، بۆ نموونە "ئافرەت ‌و جوانی". گۆران توانیویەتی مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیاردە و شتەکاندا بکات؛ ئەمەش چڕێتی بە شیعرەکانی بەخشیوە؛ کە بە وتەی پاوەند "چڕێتی گیانی شیعرە".
 
 لە بنەمای دووەمدا کە بەکارنەهێنانی ئەو وشانەیە بەشداریی راستەوخۆ لە پێشکەشکردنی وێنەدا ناکەن، توێژەر دەڵێ: گۆران لە 120 بەیتدا 152 وێنە دەخاتەڕوو کە زۆرترینیان وێنەی وەک خۆیین، دەشڵێ: ئاوەڵناوەکانی ڕەنگ ناکرێت لاببرێن ‌و بە زیاد دابنرێن، هەروەها لە 22 بەیتدا 16 وێنەی لە ڕێگەی ئاوەڵناوی لۆجیکییەوە خستووەتەڕوو، کە ئەوانەن وێنەی شیعرییان پێکنەهێناوە، بۆ نموونە:
 
عەکسی سەوزایی ڕووی پڕ لەرەی ئاو
تیا ئەشکایەوە پرشنگی هەتاو!
 
سەبارەت بە بەکارهێنانی وشەی رۆژانە کە مەبەست لەو زمانەیە خەڵکی ناوچەیەکی دیاریکراو بۆ پەیوەندیکردن لەنێوان خۆیاندا بەکاریدەهێنن، ئەم زمانەش ڕۆشن‌ و بێ گرێیە، هاوکات کوردییەکی پوختە و نوێکردنەوەی شیعری کوردیش هەنگاوێک بوو بۆ بەکارهێنانی کوردیی پەتی ‌و گەڕانەوە بۆ زمانی خەڵک کە گۆران شیعرەکانی نموونەی ئەم جۆرە زمانەن. سەبارەت بە بنەمای چوارەمیش، توێژەر دەڵێ، لە زمانی کوردیدا رستە بەبێ کردار نابێت، بەڵام لێهاتوویی گۆرانی شاعیر و کاریگەربوونی بە سالمی شاعیر، لەم رێچکەیەدا یاریدەدەر بووە تا ئەو کردە شیعرییە نائاساییە ئەنجام بدات. گۆران ژمارەیەک وێنەی بەبێ کردار پێشکەش کردووە، خوێنەریش هەست بەوە ناکات کرداری بەکارنەهێنابێت:
 
شنەی بای ناو دۆڵ فێنک ‌و عاستەم
ڕێ لاپاڵی شاخ، لای خواروومان چەم.
 
گۆران 10 وێنەی لە 17 بەیتدا بەبێ کردار پێشکەش کردووە.
 
سەبارەت بە بنەمای پێنجەمیش کە هونەری خستنەپاڵی چەند وشە، دەستەواژە و وێنە و دیمەنێکە بۆ مەبەستی بەراوردکردن بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەیانەوە، گۆران دەنووسێ:
 
ئەڕۆی بەعیشوە، بەلەنجە، بەوەزنی گۆرانی
ئەڕۆی.. زڕەی کەمەرت دێ هەتاکو بەرکانی!
 
لێرەدا چەند جۆری ڕۆیشتنی بۆ دەرخستنی وێنە گەورەکە مۆنتاج کردووە. گۆران لە ئاستی وشە و فرێز و ڕستە و دەستەواژەدا خستنەپاڵی بۆ نیشاندانی وێنە جۆراوجۆرەکان ئەنجامداوە:
 
خەوە، خەیاڵە، عەردە، بەهەشتە؟
هەڵپەڕکێی ژنە یا هی فریشتە؟
 
گۆران ئەم وێنەیەی بەهۆی دووجار ئەنجامدانی خستنەپاڵ یەک، لە چوار ڕستەی کورت ‌و دوو ڕستەی پرسیندا خستووەتەڕوو. لە بنەمای شەشەمیشدا کە بایەخدانە بە هەست نەک هۆش، گۆران نموونەی شاعیری بایەخدەر بە هەستەکانە. بۆ نموونە لە شیعری "ئاواتی دووری" پەنای بۆ چوار لە پێنج هەستەکانی مرۆڤ بردووە، پێشکەشکردنەکەشی بەشێوەی هونەری ‌و ریزبەندی کە لە بینین [دوور] بۆ دەستلێدان [نزیک] بووە.
 
بەشی سێیەم، بۆ چەند بەهایەکی ئیستاتیکی ‌و هونەریی وەک کێش‌ و سەروا و وێنەی جۆراوجۆر تەرخان کراوە. سەرەتاش ئاوڕ لە مێژووی سەرهەڵدانی جوانکاری دەداتەوە. دواتر باسی کێشە جواروجۆرەکانی شیعرەکانی گۆران دەکات، لەوانە: عەرووز کە 40 شیعری بەم کێشە نووسیوە. کێشی بڕگەیی-خۆماڵیش کە زۆرترین شیعرەکانی بە رێژەی (65%)بەم کێشەیە، بەتایبەتیش کێشی 8 و 10 و 11 بڕگەییە. هاوکات کێشی تێکەڵیشی بە ڕێژەی (10%)بەکارهێناوە. 
 
سەبارەت بە سەرواش گۆران زۆرترین شیعری بە سەروای هەمەڕەنگ داناوە. دواتر توێژەر ئاماژە بە پەیوەندی ‌و کاریگەریی گۆران بە شیعری فۆلکلۆر و شاعیرانی کلاسیک دەکات. لە کۆتایی ئەم بەشەشدا ئاماژە بە چەندین وێنەی جۆراوجۆر دەکات کە فرەو دووبارەبوونەتەوە لە دیوانی گۆراندا. سەبارەت بە ئاکامی توێژینەوەکەش، 17 خاڵ دەخاتەڕوو، لەوانە: گۆران بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ‌و دوور لە تەمومژ و سیمبول وێنەی پێشکەش کردووە، بایەخی بە هونەرەکانی ڕەوانبێژی بە تایبەت لێکچوواندن داوە. زۆر کەم ئاوەڵناوی نرخاندنی بەکارهێناوە، ئەمەش لەپێناو بەپوختی ‌و چڕی پێشکەشکردنی وێنەکان. هاوکات ڕێژەی ئاوەڵناوە هونەرییەکان لەچاو ئاوەڵناوە لۆجیکییەکان کەمترن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی ئاوەڵناوەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و مانای فەرهەنگییان، هەربۆیە بە دەگمەن وشەی ناباوی دوور لە زمانی ڕۆژانە بەکارهێناوە، لەبەرئەوە گۆران پابەندی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە بووە نەک کوردیی پەتی. گۆران شێوازێکی نزیک لە سەبکی هندی بەکارهێناوە. بۆ مەبەستی بە کراوەیی هێشتنەوەی وێنەکان سوودی لە کۆما (،) و (...) و نیشانەی پرس ‌و سەرسوڕمان بینیوە. بایەخی بە هەستەکان‌ و بەتایبەتی هەستی بینین داوە، لە کۆی 77 وێنە 38یان بە هەستی بینین بنیاتنراوە. گۆران کێشی شیعرەکانی لەسەر بنەمای بابەتی شیعر بەکارهێناوە. بایەخێکی فرەی بە سروشت داوە کە ئافرەتیش بەشێکن لە سروشت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە