خودای پاسکال له‌ ململانێی عه‌قڵ و دڵدا

18-01-2020
عادل قادری
نیشانەکردن پاسکال ئەدەب
A+ A-
بێلز پاسکال بلیمەتێکی زانستمەند و ماتماتیکزانێکی سەدەی حەڤدەهەم بوو کە ساڵەکانی کۆتایی ژیانی بۆ بەرگری لە مەسیحیەت تەرخان کرد. هاوکات وتارنووسێکی گەشاوە و گەورە بەتێڕوانینی روونی فەلسەفی و دەروونناسانەی قووڵ بوو. ناودارترین کتێبی، واتە (بیرکردنەوەکان) ی بۆ ئەو ئینسانە دنیایی و لێبڕاوانە نووسی کە بە چاوی گومانەوە لە دینیان دەڕوانی، یان دینیان بە بابەتێکی تاکەکەسی دەزانی. 
 
پاسکال باش دەیزانی کە ڕوانین بۆ جیهان لە پێگەی بڵندی عەقڵەوە و بەبێ دەستەودامانی ئیمان و ئامۆژگارییە دینییەکان چی بەسەر ئینساندا دێنێت. دەیزانی چۆن سەرنجی ئەوانە رابکێشێت کە بەباشتریان دەزانی بەبێ وەها دەستەودامان و پەنایەک بژین. ئەگەرچی ئەنجامگیرییە دینییەکانی پاسکال مرۆڤی وه‌های رازی نەکرد، بەڵام ئەفسوونی روانینی ئەو بۆ دۆخ و دۆزی مرۆیی و ململانێگەلێک کە لە هەمبەر چاوی ئەو کەسانە دەینەخشاند کە دەیانەویست لە سوکنایی و هێوریی دین چاو بپۆشن، سه‌رنجڕاکێش و جێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌.
 
ستراتیژی گشتیی پاسکال لە (بیرکردنەوەکان)دا دەتوانرێت لەقەوارەی بەڵگاندنێکی پێنج بەشیدا فام بکرێت. یەکەم، ئەو دەیەوێت بەو خوێنەرانەی لە تواناکانی عەقڵی مرۆیی زۆر دڵنیان، بسه‌لمێنێ کە ئەم دڵنیاییەیان بێ جێیە. دەڵێت عەقڵ، زانست و رێکخراوە مەدەنییەکان (حکوومەت، پیشەکان و هتد) هیچکام رێنوێنێکی شیاوی پشتپێبەستن نین تاوەکوو ئێمە بەرەو راستی و بەختەوەری رێنوێنی بکەن. پاسکال دەڵێت قووڵترین شهوودەکانی ئێمە پەیوەست نییە بە عەقڵەوە: (دڵیش بەڵگەی خۆی هەیە کە عەقڵ نایانناسێت».(Pascal،78) 
 
 دووەم، پاسکال دەیەوێت پیشانی بدات کە دۆخی مرۆیی بە بێدەربەستبوونی تاکەکەسی بە خودایەکی رەحمان و هومێد بۆ رزگاریی ئەبەدی، دۆخێکی هەشبەسەرانەیە. ئەو دەڵێت ئینسان لەسۆنگەی دڵتەنگی و غروورەوە شوێنکەوتەی سەرکەوتنە گچکە و شانازییە پووچەکان دەبێ و لەبەرامبەریشدا حاشا لەو شتە دەکات کە دەبێت زۆرتر لە هەر شتێک بۆیان گرینگ بێت: حاشاهەڵنەگریی مەرگ و ئەگەری ژیانی ئەبەدی.
 
 سێیەم، پاسکال دەیەوێت پیشانی بدات کە عەقڵ ناتوانێ بوونی خودا بسەلمێنێ یان رەت بکاتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە دەتوانێ بیسەلمێنێ کە ئێمە زۆر گەمژەین ئەگەر لەسەر شیمانە یان ئەگەری بوونی خودایەکی رەحمان گرەو نەکەین. 
 
ئەمە ئەو «گرەوە» ناودارەی ئەوە. سەرئەنجام، پاسکال تێدەکۆشێ بۆئەوەی بیسەلمێنێ ئەگەر کەسێک لەسەر بوونی خودا گرەو بکات، نیشانەگەلێکی زۆر هەیە، دەتوانێت بەهەمان شێوە کە مەسیحیەت فێرمان دەکات، ئیمان بە خودا بهێنێت و پێی بگات. ئەو بە درێژی باسی دەکات کە مەسیحیەت راپۆرتێک لە مێژووی مرۆیی و پێوەندیی ئینسان لەگەڵ خودا دەدات بەدەستەوە کە زۆر بەهێزتر، گونجاوتر و کۆکراوەترە لە راپۆرتەکانی هەر ئایینێکی دیکە.
 
یەکێک لە داهێنەرانەترین و رەسەنترین تیۆرەکانی پاسکال تیۆری «هەڵگەڕانی یاد»ەکەیەتی. ئەو ئەم بیردۆزییە دەخاتە پێشەوە تا بتوانێت لەڕێگەیەوە خواست و داگەڕانی پووچی راشکاوی ئینسانەکان بۆ لەبەرچاونەگرتن، خستنەمەترسی، یان تەنانەت قوربانیکردنی بەرژەوەندییە هەمیشەییەکانیان لەهەمبەر شانازییەکی گچکە و یان تۆزێک جۆشوخرۆش، باس بکات. لە بڕگەیەکی ناوداری بیرکردنەوەکاندا دەنووسێت:
تێگەیشتووم کە هەموو بەدبەختی مرۆڤ لەم تاکە راستییەوەیە، ئەو راستییەی کە مرۆڤەکان ناتوانن بە ئارامی لە ژوورۆچکەکەی خۆیاندا دانیشن. ئینسانێک کە بە ئەندازەی بژێوی ژیانی هەیە، ئەگەر بیزانیبایە چۆنچۆنی بە چێژەوە لە ماڵەوە دانیشێت، هیچکات ماڵ و مەئوای خۆی بەجێنەدەهێشت و بەرەو زەریا نەدەڕۆیشت و شارێکیشی گەمارۆ نەدەدا... بەڵام بە تێڕامانی زۆرتر، پاش دۆزینەوەی ئەم تاکە هۆیەی هەموو بەدبەختییەکان، کاتێک بە شوێن هۆکارەکەیدا گەڕام، تێگەیشتم کە لەپشتەوەی هۆکارێکی واقیعی هەیە و ئەوەش هەژاریی سرووشتیی دۆخی ئێمەیە کە دەستکورت و داماو و بمرین و بەچەشنێک بێچارە کە هیچ شتێک کاتێک بە جیددییەتەوە بیری لێ دەکەینەوە ناتوانێت ئاراممان بکاتەوە. (Pascal،39)
 
بانگەشەی پاسکال ئەوەیە کە زۆرێک لە کردارەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی نەستەوەرانە (ناخودئاگایانە) لەم ئیرادەیه‌وە هەڵدەخێزێت کە ئێمە نامانەوێت بیر لەوە بکەینەوە تا چەندە ژیانی ئێمە بێ بنەمایە و چەندە لەمەرگەوە نێزیکین. هەڵبەت پاسکال قبووڵ دەکات کە بخێزگەلێکی تر (انگیزە)یش وەکوو دڵتەنگی، غروور و حەزی خۆشنوودی لە بژاردنەکانی ئێمەدا بەشدارن، بەڵام تامەزرۆیە دەورێکی نهێنی ئاشکرا بکات کە ئارەزووی ئێمە بو «هەڵگەڕان لە یاد» دەیگێڕێت.
هه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا پاسکال له‌ فامی خۆی بۆ دۆز و دۆخی مرۆیی و ئه‌و ته‌نیایی و دۆشداماوییه‌یدا ده‌ڵێت: 
نازانم کێ منی لەم جیهانەدا جێ کردووەتەوە، نازانم جیهان چییە، نازانم خۆشم چیم. بێ خەبەری من لە هەموو شتێک تۆقێنەرە... لە هەموو لایەک جگە لە ناکۆتا شتێک نابینم... تەواوی ئەو شتەی دەیزانم ئەوەیە کە دەبێت بە زووترین کات بمرم، بەڵام ئەوەی وا کەمتر لەهەموو دەیزانم و دەیناسم هەر ئەم مەرگەیە کە ناتوانم لە چڕنووک و چنگی هەڵبێم. Pascal،55)
 
لە بڕگەیەکی دیکەدا، پاسکال دۆخی مرۆیی لەگەڵ دۆخی زیندانیانی سزادراو بەمەرگ بەراورد دەکات:
وەرن تاقمێکی کۆتوبەندکراو بێنینە پێش چاومان کە هەموو مەحکووم کراون بە مەرگ و هەر رۆژ بڕێک لەوان لە پێش چاوی ئەوانیدی دەکوژرێن و ئەوانەی کە دەمێننەوە راستەوخۆ چارەنووسی خۆیان لە چارەنووسی ئەوانی تردا دەبیننەوە و چاوەنواڕی نۆرەی خۆیان دەبن و بە ئاخ و ئۆف و رەنج و بێ هیواییەوە چاو لەیەکدی دەکەن. ئەمە وێنەیەکە لە دۆخی مرۆڤ (Pascal،60).
 
پاسکال دەڵێت تاقانە ئاڕاستەی ئاوەزمەند کە بە سەرنجدان بە دۆخی مرۆیی دەتوانرێت بگیرێتەبەر، گرەوکردن لەسەر ئەو شیمانەیەیە کە خودایەکی رەحمان هەیە و ئەگەر لە کانگای دڵەوە پێی بگەین، ژیانی ئەبەدیمان پێدەبەخشێت. پاسکال بە سانایی قبووڵی دەکات کە عەقڵ ناتوانێ بوونی ئاوەها خودایەک بسەلمێنێ یان رەتی بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێت ئێمە بە بەستنی ئاوەها گرەوێک زۆر شت بەدەستدێنین و هیچ لەدەست نادەین. ئەگەر لەسەر بوونی «خودایەکی ئەوتۆیی» گرەو بکەین و خودا هەبێت، دەگەین بە ژیانی شادی ئەبەدی و ئەگەر لەسەر بوونی خودا گرەو ببەستین و ئەو نەبێت، هەمدیس دەگەینە باشی و چاکەگەلێک و لە بەرامبەردا تەنیا لە چێژگەلێکی ساکار چاوپۆشی دەکەین. ئەگەر لەسەر نەبوونی ئەم خودایە گرەو ببەستین و ئەویش نەبێت، تەواوی ئەو شتەی بەدەستی دێنین شتێک نییە بێجگە لەوەی بۆچوونێکی درووستمان دەربڕیبێ. ئەگەر لەسەر نەبوونی ئەم خودایە گرەو ببەستین و ئەو هەبێت، ژیانی شادی ئەبەدی لەدەست دەدەین و رەنگە ژیانی پڕ لە رەنجی ئەبەدیشمان بەربکەوێت. 
 
گرەوی پاسکال بەڵگاندنێکی موجەڕەد و دەرهەست نییە، بەڵکوو ئاڵقەیەکە لە زنجیرە بەڵگەهێنانەوەی سازدراو و درووستکراو لە بڕگەکانی "بیرکردنەوەکان"دا. سەرێکی لەناو خوێندنەوەی پاسکالە بۆ دۆخی مرۆیی - بێچارەیی مرۆڤی بێ خودا - و سەرێکی دیکەی لەناو تێگەیشتنێتی لەو شتەی لە گرەوکردن لەسەر بوونی خودا هەیە، واتە لە تێگەیشتنی لە رەحمەتی ئیلاهی و بەڵگاندنی سەبارەت بە ئاوەزمەندبوون و دەسەڵاتی باسکارانەی مەسیحیەت. بۆ نموونە توانجیان گرتووە لەوەی خودا قووڵایی جەهەننەم ته‌رخان ده‌کات بۆ کەسانێک کە باوەڕیان بە ئەو تەنیا گرەوکردنێکە. بەڵام ئەم توانجە تەنیا کاتێک مانادارە کە گرەوکردن لەسەر خودا تەنیا گرەوکردنێکی چانسی و بەهەڵکەوت بێت، واتە داکۆکیکردنێکی بەرژەوەندخوازانە بەبێ هیچ باوەڕێکی راستەقینە. بەڵام بەهەمان شێوە کە پاسکال روونی دەکاتەوە، بیرۆکەی گرەوکردنی ئەو لەسەر بوونی خودا زۆر دوورە لەم گرەوکردنە چانسی و بەرژەوەندخوازانە. ئەوەی وا پاسکال لەزەینیدایە هەڵبژاردنی فەردیانەی شێوازێک لەژیانە کە تێیدا دین دەورێکی تەوەری و سەرەکی هەیە.
 
 پابەندیی خودی پاسکال به‌ مەسیحیەت بەپێی کاریگەریی بنەماڵە و ئەزموونی تاکەکەسی بوو، نەک لەسەر بنەمای گرەوکردن. باوکی و خوشکەکەی، جاکلین، لەئەندامانی گرووپی کاتۆلیکی ژانسنیسم (ناوی دەستەواژە و رێبازێکی ئایینی- فەلسەفییە کە باوەڕی بە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی مرۆڤ هەیە، و) بوون کە تێڕوانینێکی توندوتیژی لەمەڕ بارودۆخی رزگاری هەیە. لەشەوی 23ی نۆڤەمبەری ساڵی 1654، پاسکال ئەزموونێکی قووڵی دینی بەسەردا تێپەڕی. ئەم ئەزموونە ئەوەندە بۆ پاسکال گرینگ بوو کە«یادنامە»یەکی لەبارەیەوە نووسی، «یادنامە»یەک کەتاکوو رۆژی مەرگ بە جلەکانییەوەی درویبوو. لەبەشێک لەم «یادنامە»یەدا وا هاتووە:
«خودای ئیبراهیم، خودای ئیسحاق، خودای یەعقووب، نە خودای فەیلەسووفان و زانستوانان، یەقین، یەقین، شادی رەها، ئارامی. خودای عیسا مەسیح... شادیی ئەبەدی لەهەمبەر یەک رۆژ تێکۆشان لەسەر زەوی» (Pascal 1995،285-6).
پاسکال باوەڕی وابوو کە حەقیقەتی مەسیحیەت دەزانێت، بەهەمان پلە لەیەقینەوە کە دەشێت هەر شتێکی دیکە بزانرێت. پاسکال هەروەها باوەڕی وابوو کە زۆربەی خەڵک ئەم جۆرە یەقینەیان نییە بۆیە لە ئەنجامدا پێویستە بە بەڵگاندنی جۆراوجۆر هانیان بدرێت کە پێ بنێنە رێگە و سەرزەمینی دین و ئیمانەوە.
 
سەرچاوە:
 
1- فروغی، محمد علی، ١٣٩٣، سیر حکمت در اروپا، تهران، زوار
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە