ئەو رۆژانەی نیشتمان مانگا بوو

16-01-2020
رەسووڵ سوڵتانی
نیشانەکردن ئەدەب و کولتوور
A+ A-
ساڵانێك دواتر دیتمەوە. لە چایخانەی مەچكۆ دانیشتبوو، مۆبایل و سویچ و پاكەتێكی جگەرەی لە پێش خۆی دانابوو. ئەو رۆژەم بیر كەوتەوە كە پاڵی دابووە كۆڵەكە سەوزەكەی مزگەوتی هەباساغا و هەر جگەرەكەی تەواو دەبوو، وەك خوویەكی لە منداڵییەوە پێیەوە گەورە بووبێ، دەستی بۆ قوتووە تووتنەكەی دەگێڕا، بە حاستەمێك سەری پەنجەیەكی تەڕ دەكرد و پەڕێكی لێ دەكردەوە و تووتنەكەی تێ دەكرد. 
 
ئینجا دەیپێچاوە و بە نووكی زمانی لە ڕاستەوە بۆ چەپ تەڕی دەكرد و هەردوو سەری بادەدا و بێ ئەوەی سەیری بكا، بە چڵێك شقارتە دایدەگیرساند و بە دەم یەكەم مژەوە ئاخێكی هەڵدەكێشا، دەتگوت لەو دووكەڵەی هەڵیمژیوە هیچی نایەتەوە دەرێ، كەچی كە دووكەڵەكەی دەداوە دەرێ، هەستت دەكرد دووكەڵی هەناویشی تێكەڵ بووە و دووهێندە زیادی كردووە.
 
ئێوارە بوو كە یەك یەك و دوو دوو لە پاسەكە دابەزین. بابم گوتی، ئەوانە خوشك و برا و هاوزمانی خۆمانن، لە گەرمێنەوە هاتوون. ئەودەم كەس نەیدەگوت باشووری كوردستان، بەتەمەنەكانمان بەو بەشەیان هەر دەگوت گەرمێن و خەڵكی گەرمێنیش بەلای ئێمەیان دەگوت كوێستان. دەیانگوت ئەوە دەچمە دیوی كوێستان. ئێستاش پیرەكان هەر دەڵێن ئەودیو و ئەمدیو. جا كە دابەزین، هەموو ماندوو و شەكەت و نیگایان پڕ لە نیگەرانی. پێكەنی و گوتی، ئەمن ئەوە سێیەم جارمە پاڵ بەم كۆڵەكەیەوە دەدەم.
 
گوتم، چۆن؟
 
گوتی: پێشتریش دوو جار ئاوارە بوومەتەوە. هەردوو جارەكەی پێشووش هەر هاتوومەوە ئەم مزگەوتە. ئیتر نازانم ئەوە دوا جارم  دەبێ یان چەند جارێكی دیكەیش دێمەوە. 
 
ئەو شەوە لەگەڵ من هاتەوە ماڵێ و چەند رۆژێك لەوێ گیرساوە و دوایی گوتی دەڕۆم. دەبێ بڕۆم كارێك بدۆزمەوە. دەچم كارێك دەكەم. هەرچی لە دەست و پلی ورد دەبوومەوە، وێنەدەچوو پێشتر هیچ كارێكی كردبێ.
 
گوتم: چ پیشەیەك دەزانی؟
 
گوتی: هیچ شتێكی وا نازانم. دەچمە ئەو دێهاتانە، بەشكم یەكێك بمگرێ بە شوان، یان گاوان.
 
جەمەدانییەكەی هێنابووە نێوچاوانی. سمێڵی ماشوبرینجی ببوون و، هەر جارێكی مژی لە جگەرەكەی دەدا، نیگای دوور دوور دەفڕین. وەك بڵێی دیوارەكان نەتوانن بەرهەڵست و بەرگری نیگای بن و هیچ شتێك سنوور بۆ فڕینی نیگای دانەنێ. جاروبار لەبەرخۆیەوە وەك بە سەرتاپای ژیان و چارەنووس پێبكەنێ، زەردەخەنەیەكی تاڵ لە لێوی دەگەڕا.
 
زۆرم هەوڵدا قانع بێ بەو نانە هەژارانەیەی هەمانە و لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە، بەڵام گوتی لە ژیانمدا سەرباری باوكیشم نەبووم، نانی كەسم لە گەروو ناچێتە خوارێ. ئەگەر ئاشنایەك، كەسێكت پێ شك دێ، كارێكم بۆ بدۆزەوە.
 
بەو قسەیە سەری ئاسمانم لێ وێكهات. ئەوەی دەمناسین، هەموو شاعیر و نووسەر بوون و ئەسپێ لە گیرفانیاندا سەوزەڵێی دەگوت. سەری شەرمەزاریم داخست و گوتم، بڕوات بێ كەس شك نابەم. سێیەم بەیانی كە ماڵاوایی لێ كردم، بە زۆر و زۆرداری شتێكم لە گیرفانی نا، گوتم بۆ رێگە پێویستت دەبێ.
 
دە دوازدە ساڵێك دواتر كە ناویم لە گۆڤارێكدا دیت، لە پێشدا بڕوام بە چاوی خۆم نەكرد، بەڵام وێنەكە وێنەی خۆی بوو، ناوەكەیش هەر ئەو ناوە بوو وا پێی گوتبووم و لەو ساڵەوە هەر لەبیریشم نەمابوو. نازانم بۆچی لەبەرخۆمەوە گوتم: ئەرێ باشە، ئەو كابرایە كە شەرمی كرد رووبكاتەوە ماڵی من، ئەی ئەمن بۆچی جارێك لە جاران سۆراغێكم نەكرد؟ هەر خۆیشم دەستبەجێ پاساوێكم هێناوە و گوتم: ژیان هێندە قورسە، باب ئاگای لە كوڕی خۆی نییە. چیرۆكەكە زۆر سەرنجی راكێشام، بەتایبەتی ناو و ناوەڕۆك و شێوازی نووسینەكەیم زۆر بەدڵ بوو، بەڵام خەفەتیشم خوارد كە چۆن ئەو سێ شەوەی لە ماڵم بوو، سوور دەیزانی ئەمن شیعر دەنووسم و ئەدیبم، كەچی وەسەر خۆی هەر نەهێنا و نەیگوت ئەمنیش نووسەرم؟ بۆ وای گوتبایە، هیچم لەدەست دەهات؟ نازانم، بەڵام سەیرە هەر باسیشی نەكرد، هەر جۆرێكیش قسەی نەكرد وەك بڵێی حەزی لە كتێبخوێندنەوە و شتی واش بێ. بەدەم خوێندنەوەی چیرۆكەكەیەوە، خەمم لەوە دەخوارد كە نووسەرێكی ئاوا چۆن بیری لەوە دەكردەوە بچێ مەڕ و ماڵات بلەوەڕێنێ بۆ ئەوەی پارووە نانێك پەیدا بكا؟ هەرچۆنێك بێ، بەبێ ئەوەی بیناسم رۆیشت. كە دیتمەوە، لەسەر قەنەفە كۆن و چڵكنەكەی مەچكۆ چایەكی تەڵخی لەپێش بوو، بەڵام ئەمجارە جگەرەی پەڕ و تووتنی نەدەكێشا. لە تەنیشت سویچی سەیارە و هەردوو مۆبایلەكەیەوە پاكەتێك مارڵبۆرۆ و چەرخەكەیشی لەسەر دانابوو. زۆر زوو ناسیمەوە. 
 
خاڵێكی گۆشتی لە مابەینی چاوی و پەڕەی لووتی هەبوو، كە هەر ئەوێ ساڵێیش زۆر سەرنجی راكێشام. لە تەنیشتی دانیشتم، بە سیلەی چاو سەیرێكی كردم و بە حاستەمێك سڵاوی ئەستاندمەوە. نەیناسیمەوە. كە كوڕە ڕەشتاڵە باریكەلەكەی چایخانە هات و گوتی: چیت دەوێ؟ ئاو؟ نیسكافە؟ شیر؟ قاوە؟ و ئەمن گوتم ئاوێكم بۆ بێنە، هەستم كرد لێم ورد بووەتەوە. خۆم لێ گێل كرد. كە ئاوەكەم لە پێش دانرا، بە دەم بادانی سەری دەبە ئاوەكەوە بەو كوڕەم گوت، چایەكیشم بۆ بێنێ. ئەویش داوای كرد قاوەیەكی بۆ بێنن. 
 
كە قاوەكەیان لە پێش دانا، دەستی برد لە كورسییە بەتاڵەكەی تەنیشت خۆی  كە كۆمەڵێك كتێب و گۆڤار لەسەریەك دانرابوون و دیاربوو ئی ئەون، گۆڤارێكی هەڵگرت و دەستی كرد بە هەڵدانەوەی و هەستم دەكرد لەسەر هێندێ لاپەڕە پتر دەوەستێ و دیارە چەند رستە یان پەرەگرافێكی لێ دەخوێنێتەوە جا هەڵیدەداتەوە. نەمدەزانی خۆمی پێ بناسێنمەوە یان نا؟ ئەویش دیار بوو دوودڵ بوو، نەیدەزانی پرسیارم لێ بكا یان نا؟ چونكە هەرجار نە جارێك هەستم دەكرد بە سیلەی چاو سەیرێكم دەكا. پێموابوو ئەگەر خۆمی پێ بناسێنم، وا لێكدەدرێتەوە قەرزێكی لەسەرە و دەبێ خوڵكم بكا و بمباتەوە ماڵێ. 
 
گوتم دەی خۆ من بێ ماڵ و جێ نیم. ئەوە سێ ساڵە لێرەم و ماڵ و ژیانی خۆمم هەیە، با خۆمی پێ بناسێنم و ئیتر خۆمم پێ نەناساند. هەستام و ئەویش هەستا. كە پارەی چا و ئاوەكەم دەدا، مەچەكمی گرت و گوتی: كاكە تۆ میوانی خۆمی. زانیم ناسیومیەتەوە. گەڕامەوە و باوەشم پێدا كرد و ئەویش باوەشی پێدا كردم و بەدەم وردە بیرەوەرییانەوە بە دەوری قەڵادا سووڕاینەوە، نازانم چەند جار ئەمسەرەوسەری بازاڕەكەمان كرد، ئەوەندە دەزانم كە وەخۆ هاتمەوە، تینم لە ئەژنۆدا نەمابوون و سەعات لە هەشتی شەو لایدابوو.
 
لەپێشدا پێیوابوو بۆ سەفەر و سەردان هاتووم، كە زانیی دەربەدەر بووم، ملێكی بادا و گوتی: دڕندەیی ئەوان هەمیشە سفرەیەك بۆ سەركردەكانی ئێمە دەڕازێنێتەوە.
 
گوتم: مەبەستت چییە؟
 
گوتی: نازانم چۆنت تێگەیەنم. من دەزانم ئێمە داوایەكی هەق و رەوامان هەیە، بەڵام رێگەكەمان هەڵەیە. چۆنت بۆ باس بكەم؟ چۆن بڵێم كە ئەوانی ئێوەش هەر دەبنە بازرگانی خوێن. هەڵبەت هیوادارم وا نەبێ. هیوادارم، نازانم.... لێیگەڕێ، كاكە ئەو بەردە تا سەری خۆت نەشكێنێ، نایناسی. نامەوێ دوودڵ و بە گومان بی، بەڵام هیچ شتێك شیاوی ئەوە نییە خۆتی بۆ بە كوشت بدەی.
 
گوتم: نیشتمان...
 
قسەكەی پێ بڕیم و گوتی: لەگەڵ رێزم، نیشتمانی ئێمە ئێستا هوتێلی كۆمەڵێك بازرگانە. نەخێر هوتێل نییە، مانگایە مانگا، هەر دەیدۆشن و هیچی دی. تكایە ئەمن لەو دەستەواژانە بێزار بووم، داوای لێبوردن دەكەم با بچینەوە سەر ئەدەبیات و نووسین و ئەو شتانە.
 
دیسان لێم پرسی ئاخۆ كە ماڵاوایی لێ كردم، بەرەو كوێ رۆیشت و چیی بەسەر هات و ئەوەندە ساڵە خەریكی چ بووە؟ گوتی هیچ شتێكت بۆ ناگێڕمەوە. لە نێو كتێب و گۆڤارەكانیدا یەكێكیانی دەرهێنا و گوتی، لەم كتێبەدا بە وردی هەموو شتێكم نووسیوە و باسی ماڵی ئێوە و جەنابیشتم كردووە.
 
ئەو شەوە تا درەنگانی شەو پێكەوە بووین. بە دەم وردە بیرەوەریانەوە جاروبار فرمێسكی دەهاتنە خوار. زۆر شتی بۆ گێڕامەوە. گوتی خۆزگە هەر لەودیو مردبایەم و نەهاتبامەوە و ئەو هەمووە كارەساتەم نەدیتبایە. دیار بوو دوو برای لە شەڕی ناوخۆدا و هەركام لە سەنگەری بەرانبەریدا دژ بەوی دی تێداچووبوون. ئەوەی لە دڵ دەرنەدەچوو. گوتی ئەمن لەودیو بووم، رێك لە یەك رۆژدا و لە سەنگەرێكی دژ بەیەكدا كوژرابوون. 
 
كە ئەو شتانەی بۆ دەگێڕامەوە، هەر مووچڕكەم پێدا دەهاتن و هیچم پێ نەدەگوترا. نەمدەزانی دڵی بدەمەوە یان بەزەییم بە خۆماندا بێتەوە. ماڵاواییم لێ كرد، نە ئەو گوتی ماڵت لە كوێیە و نە من لەوم پرسی. چونكە زۆر پرسیاری دیكەشی بێ وەڵام هێشتمەوە و هەرچی لێم دەپرسی، ئاخێكی هەڵدەكێشا و قسەكەی بەبارێكی دیكەدا دەگۆڕی و خۆی لێ دەدزییەوە. سەعاتێك پتر بوو بەجێیهێشتبووم كەچی دەنگی هەر وا لە گوێچكەمدا بوو. بەتایبەتی كە گوتی، هیوامە ئەوانی ئێوەش وەك ئەوانەی ئێمە نەبنە بازرگانی خوێن و كە كتێبەكەی ئیمزا كرد، بە پەرۆشەوە گوتی: پێم خۆشە بیخوێنییەوە. ناوی كتێبەكە، ناوی یەكێك لە چیرۆكەكانمە، كە باسی دوو براكەم دەكەم. 
 
تا ئەو ساتە سەیری بەرگی كتێبەكەم نەكردبوو، ناوەكەیم نەدیتبوو "ئەو رۆژانەی نیشتمان مانگا بوو"...
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە