کۆبەرهەمی د. کەمال مەزهەر بڵاوکرایەوە

13-03-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
کتێبی سەرجەم بەرهەمەکانی د. کەمال مەزهەر
کتێبی سەرجەم بەرهەمەکانی د. کەمال مەزهەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دووەمین ساڵیادی کۆچی دوایی د. کەمال مەزهەر ئەحمەد، مێژوونووسی نێوداری کورد، رێوڕەسمی ناساندن و دابەشکردنی کتێبی سەرجەم بەرهەمەکانی بەڕێوەچوو کە لەسەر ئەرکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاپکراون.
 
رێوڕەسمەکە لە هەولێر بەڕێوەچوو و بەرپرسانی دەزگا و دامەزراوە کولتوورییەکان و ژمارەیەکی بەرچاوی ئەکادیمیست و رۆشنبیران ئامادەی بوون.
 
دوای گوتەی بەخێرهاتن لەلایەن دکتۆر ئاراس عەبدولکەریمەوە، گوتاری نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئاریان فەرەج، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری میدیا لە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتاری لیژنەی ئامادەکاری کۆبەرهەمەکە لە لایەن دکتۆر جەبار قادر و گوتاری بنەماڵەی د. کەمال مەزهەر لەلایەن دکتۆر هەندرێن سۆران لە رێوڕەسمەکەدا پێشکێشکران.
 
هەروەها گوتارێک بە زمانی عەرەبی لەلایەن کوڕی شاعیری بەنێوبانگی عێراقی جەواهیری، گێڕانەوەی چەند بیرەوەرییەک لە لایەن هونەرمەند و نووسەر حەمەرەشید هەرەس و گوتەیەک لەلایەن هاوژینی د. کەمال مەزهەریش پێشکێشکران. 
 
حەمەرەشید هەرەس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرهەمەکانی د. کەمال مەزهەر "زۆر بە پێز و پیرۆزن، باخی کورد کەم بەرهەمی وا جوان دەدات بەدەستەوە."
 
لیژنەیەک بەرهەمەکانی کۆکردووەتەوە و چاویان پێدا خشاندووەتەوە، پاشان چاپکراون. 
 
د. کەمال مەزهەر ئەحمەد کێیە؟
 
- لە ساڵی 1937 لە گوندی ئاغجەلەری پارێزگای کەرکووک لەدایکبووە
- قۆناخەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردوون
- ساڵی 1959 بەشی مێژووی کۆلیژی ئەدەبیاتی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە
- ساڵی 1959 لەگەڵ ئەو خوێندکارانەدا بووە کە نێردراون بۆ یەکێتیی سۆڤیەت 
- لە ساڵی 1963 دکتۆرای لە مێژووی هاوچەرخی کورد بەدەستهێناوە
- وەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد خزمەتێکی زۆری کردووە 
- چەندین بەرهەمی وەکو کتێب لەسەر مێژووی کورد و جیهان چاپکردوون
- مانگی ئاداری 2021 لە تەمەنی 84 ساڵی لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد
 
هەندێک لە بەرهەمەکانی: 
 
- ئافرەت لە مێژوودا: کورتە باسێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی
- تێگەیشتنی راستی؛ شوێنی لە رۆژنامەنووسی کوردیدا
- چینی کرێکارانی عێراق
- چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد - بەرگی 1
- چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد - بەرگی 2
- خەباتی رزگاریخوازی کورد و ئازەر لە ئێران
- رێنیسانس
- زاراوەی کارگێڕی، (عەرەبی کوردی)
- كوردستان لەساڵەكانی شەڕی یەكەمی جیهاندا
- میر

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە