رووداو دیجیتاڵ
نووسەری کورد گۆران سەباح، نوێترین کتێبی خۆی چاپ و بڵاودەکاتەوە کە رۆمانێکە بەناوی (مرۆڤی هەرزان).
گۆران سەباح، نووسەری کتێبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " 'مرۆڤی هەرزان' ئەزموونێکی نوێیە لەڕووی ژانری رۆمان، زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی گێڕانەوە، کات، شوێن، تێما و کارەکتەر. ژانرەکە خەیاڵی زانستییە (خەز). لە ماوەی رابردوودا، 10 باسی تێروتەسەلم لەبارەی خەز نووسی، بەدرێژی باسی چۆنێتیی نووسینی خەزم کردووە. زمانی (مرۆڤی هەرزان) ورد و پاراوە، تایبەتە بە خەز. زمانی خەز ئاسان نییە، چونکە دەبێ رەچاوی لایەنی زانستی و تەکنیکی بکرێت، ئەمەش پێویستی بە زاراوەی تایبەتە. 'مرۆڤی هەرزان' هەوڵێکە بۆ دانانی بناخەی زمانێکی تایبەت بە خەیاڵ و زانست کە جیای بکاتەوە لە ژانری دیکەی رۆمان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گۆران سەباح ئاماژە بەوە دا: "تەکنیکی گێڕانەوەکە کەسی سێیەمی سنووردارە کە ئاستەمترین تەکنیکە، تێمای (مرۆڤی هەرزان) رۆمانەکە جیا دەکاتەوە لە رۆمانەیلی دیکە. باسی خۆکوشتن دەکات، پێمان دەڵێت: 'بۆچی فەلسەفە و هزری رۆژئاوا مرۆڤیان بەرەو ئاقاری خۆکوشتن برد'. پێشمان دەڵێت: 'فەلسەفەی رۆژهەڵات و ئایین و زانست دەتوانن چی بکەن بۆ چارەسەری خۆکوشتن'.
لەبارەی رۆمانەکەیەوە گۆران سەباح دەڵێت: رۆمانەکە باسی داهاتووە، باسی ساڵی 2100 دەکات. (مرۆڤی هەرزان) فرەشوێنە: بۆشایی ئاسمان، هەولێر، نیویۆرک، پاریس، تاران، چەندان شوێنی دیکە. کارەکتەری سەرەکیی (مرۆڤی هەرزان) گەنجن، لەنێوان 14-20 ساڵدان، ئەمەش رۆمانەکە دەکاتە جۆری (گەنجی تازە پێگەیشتوو، واتە: Young Adult)".
ئەو رۆماننووسە ئاماژەی بەوەشکرد، وەک هەوڵێکی نوێ، داوای لە دوو نووسەر و کەسایەتیی دیاری بوارەکە کردووە کە پێشوەخت و پێش لە چاپکردنی رۆمانەکە، خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بنووسن و دواتر لە بەرگی پشتەوەی رۆمانەکە دادەنرێت. ئەو دوو نووسەرش: خانمە نووسەری کورد ''ئاڤە هوما'' کە بە زمانی ئینگلیزی رۆمان دەنووسێت. لەگەڵ نووسەری بەئەزموون: بەدران ئەحمەد حەبیب.
''مرۆڤی هەرزان'' لە 200 لاپەڕە پێکهاتووە و لە کۆتایی مانگی شووبات بڵاودەبێتەوە. ئەو رۆمانە لێوانلێوە لە داهێنان، هەجوی سیاسی و هۆشیاریی ئیکۆلۆژی. رۆمانەکە ئاستێکی نێودەوڵەتی هەیە و چێژ و رۆشنایی بە خوێنەر دەبەخشێت، لەسەر بنیاتی فەلسەفە، ئایین و کولتوور هەوڵ دەدات گەورەترین پرسیارەکانی ژیان وەڵام بداتەوە.
گۆران سەباح، ساڵی 1982 لە هەولێر لەدایکبووە، بڕوانامەی ماستەری لە بواری رۆژنامەڤانی و بڕوانامەی دکتۆرا لە رۆژنامەڤانی و نووسینی رۆمانی لە زانکۆی کانزەسی ئەمریکا بەدەستهێناوە. یەکەم رۆمانی بە ناوی (شاخوێنبەری سەرکردە) لە ساڵی 2005 دا بڵاو کردەوە، رۆمانی دووەم (ترس و رق) لە 2011، رۆمانی سێیەم (دووی سوور) لە 2013.
رۆمانەکانی (ترس و رق) و (دووی سوور) بە زمانی ئینگلیزیش بڵاوبوونەتەوە لە ئەمریکا. (مرۆڤی هەرزان) چوارەم رۆمانیەتی. نووسەر سێ رۆمانی چاپ نەکراویشی هەیە. وەک وەرگێڕیش تاوەکو ئێستا 25 کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی لەوانەش: هاملێت، بانەکانی وێزەرینگ، تیۆری سیاسی، حکومەت و گەندەڵی، بەهاری عەرەبی، جووەکانی کوردستان، داهێنانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و چەند کتێبێکی دیکە، هەروەها هەڵگری خەڵاتی کاڵدەر پیکێت و باب سیگمانیشە لە بواری نووسین و لێکۆڵینەوەی رۆژنامەڤانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ