چركەسات

06-10-2019
رەسووڵ سوڵتانی
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-

هیچ كوێی نەدەدی. بۆی گرینگ نەبوو. ئیتر دیتن و نەدیتن وەك یەك بوو. لەبەر خۆیەوە گوتی: تەواو، چەند ساتێكی تر من نەماوم. لەگەڵ هەر هەنا و ترپەیەكی دڵی، چركە بە چركە چاوەڕێ بوو تەقەیەك بێ و شتێك زرمە لە سینگی بێنێ و ئەژنۆی بنووشتێنەوە و بكەوێ. ئەژنۆی دەلەرزین. 

نەیدەزانی دەترسێ یان نا.. نا، نیگەران بوو.. دەشترسا. یان نە دەترسا و نە نیگەرانیش بوو. نەیدەزانی، بۆی لێك نەدەبوونەوە. رێك وەك ئەو رۆژەی لە بن دەست و پێ و كەڵبەی سەگەكانی ماڵی حەمە قەرەچیدا یەكبەخۆی دەیزیڕاند و هاواری دەكرد و ئەوانیش بە مڕەمڕ و حەپەحەپ تێی ورووكابوون. بابی هەموو جارێ بە دایكی گوتبوو، مەهێڵە ئەو منداڵانە بچنە دەرێ. ئەو كابرایە سەگەكانی نابەستێتەوە و ئەوەندەش بێحەیا و بێشەرم و بێ ئابڕووە، بۆوەی نابێ دوو قسەی لەگەڵ بكەی. ئەو منداڵانە بەڕەڵا مەكە، ئاگات لێیان بێ، ئەو سەگانە یانیگرن، دەیانخنكێنن. ئەو رۆژە دایكی لەسەر تەندوور تەشتێكی هەویر دانابوو و خەریك بوو ئەنگوتكی دەگرت. گوتبووی سلێمان كوڕم دە بچۆ لە ماڵی پوورە فاتم قەڵانگەكەم بۆ بێنەوە.

پوورە فاتم كە نانی دەكرد، هەموو جارێ دەهات قەڵانگەكەی ئەوانی دەبرد. دەیگوت ئاردی ئەمجارەمان زۆر خراپە، هەمووی دەچێتە نێو تەندوورەكەوە و بەبێ قەڵانگ ئەو هەمووە كۆڵووەم پێ نایەتە دەرێ. ئەوە بە وەستا مستەفام گوتووە قەڵانگێكی باشم بۆ دروست بكا. دەڵێ شیشم نەماوە. درۆیانیش دەكا، پێیوایە پارەی نادەمێ. دەنا ئەوێ رۆژێ یەكی هێندە جوانی بۆ ئامین چاوشین دروست كردبوو، دەتگوت دارحەیزەرانە هێندە جوان بوو. ئاخر ئامین فەرق دەكا. ئەو مەكر و نازەی ئامین دەیكا بە ئێمە ناكرێ. لە عەبەی مێردیشی رادەبینێ خوشكێ. 

پوورە فاتم كە ئەو قسانەی كردبوو، ئەو تێنەگەیشتبوو. مەكر و نازی چی؟ دادە ئامینی هاتبووە پێش چاوی. دوو چاوی شینی گەش گەش، دەم بە پێكەنین. گوتبووی، پوورە فاتم بۆ وا بە دادە ئامین دەڵێ؟ خۆ دادە ئامین زۆر جوانە. زۆریش باشە. هەمیشە جلوبەرگی جوان لەبەر دەكا. ئێواران كە دێتە دەرێ و پرچی هێشتا وشك نەبووەتەوە و بریسكەی دێ، چەند جوانە. خۆزگە دایكم و پوورە فاتمیش وا بوایەن. ئەی ئەگەر ئەوانیش وا بوایەن، خەڵك پێیان دەگوتن مەكر و ناز دەكەن؟ نازانم.... لەو خەیاڵانەدابوو، سەگە بۆرەكەی حەمە قەرەچ لەسەر دیوارەكەوە خۆی فڕێدابووە خوارێ و تەنانەت هاوار و قیژەشی نەدابوویێ و لە عەرزی دابوو، سەگەكانی دیكەش بە دوویدا. خۆ ئەگەر لەو دەمەدا پوورفاتم وەك فریشتەیەك نەگەیشتبایە و وەبەر تێڵای نەدابایەن كەوڵیان دەكرد. لەو كاتەدا بیری لە چ كردبووەوە؟ زۆر دواتریش كە لێیان دەپرسی، وەختێك سەگەل چیی نەمابوو بتخنكێنن، لەو دەمەدا بیرت لە چی دەكردەوە، ئەو هەر وەبیری نەهاتبووەوە. وەك بڵێی سڕ بووبێ و مێشكی تەواو لەكار كەوتبێ. هەر زریكاندبووی. 

رەنگە تەنیا بیری لە قیژە و زریكاندن كردبێتەوە. ئەو رۆژە كە گەیاندبوویانە خەستەخانە و برینەكانیان بۆ شووشت و دەرزییان لێ دابوو، دكتۆرەكە گوتبووی، ئەو سەگانە دەبێ بكوژرێن. باوكی گوتبووی، دكتۆر گیان دەبێ بتۆپێنرێن. سەگ ناكوژرێ. دكتۆرەكە هەر سەرێكی لەقاندبوو و گوتبووی باش. بەڵام نابێ لەوێ بمێنن. باوكی گوتبووی مەگەر دەوڵەت بێ بیانتۆپێنێ، كەس دەرەقەتی خاوەنەكەی نایە. دەوڵەتیش نەچووبوو بیانتۆپێنێ. باوكی گوتبووی، ئەوانیش دەزانن چەندە بێحەیایە. چۆن نازانن؟ دەیناسن. بەوەی نییە ئێمە لەو كوێرە دێیەین، دەیناسن. كەس هەیە دەوڵەت نەیناسێ؟ دەزانن چ خواردنێك لەسەر سفرەكانیشمانە. چۆن نازانن. 

دارودیواریان كردووە بە سیخوڕی خۆیان. سیخوڕ، تۆ بڵێی سیخوڕ شتێكی چۆن بێ؟ بابم یەك دوو جاری دیكەش گوتوویەتی سیخوڕ. سیخوڕی هێنابووە پێش چاوی خۆی، شتێكی وەك دێوەزمەی نێو هەقایەتەكان، بەڵام گوێی هێندە تیژ و بەهەستە لەو دیوی دیواریشەوە گوێی لە هەست و خوستی خەڵكە. بەلای هەر كەسدا تێپەڕێ، دەزانێ بیر لە چی دەكاتەوە و یەكسەر دەچێ بە دەوڵەتی دەڵێ. دەوڵەت چییە؟ سەربازە؟ زۆری هێنابوو و بردبوو نەیزانیبوو. مێشكی منداڵانەی ئەو دەوڵەتی هەر وەك ئەو سەرباز و چەكدارانە دیتبوو كە كتوپڕ بە گوندەكەیان وەردەبوون و پیاوەكانیان كۆ دەكردنەوە و دەیاندانە بەر شەق. ئەوەیە دەوڵەت. ها ها جارێكیشیان لە محەممەد باڵەكییان دا و كوشتیان. بە كەڵەگایی. كوشتیان و رۆیشتن و كەسیش نەیتوانی هیچیان پێ بڵێ. زۆر سووك و ئاسان. ئێوارەیەك بوو، كە بە گوندەكە وەربوون، ماڵەوماڵ گەڕان و پیاوەكانیان بردە بەر دەركی مزگەوت. لەوێ قسەیان بۆ كردن. دواییش ریزیان كردن و دایاننە بەر شەق و مست و پێلەقە و قۆناغە تفەنگ.

محەممەد باڵەكی بە زمانێكی دی، وەك بزانم توركی بوو، قسەیەكی كردبوو. دەیانگوت جوێنی داونەتێ. سەیزادەی ژنی دەیگوت وەڵا بیللا جوێنی نەداوە، هەر لێی لە بیانوو بوون. یەك دوو جاری دیكەش ویستبوویان بیكوژن. ئیدی چەكدارێك تەقەی لێ دەكا. دەیانگوت هەر ئاوڕیشی لێ نەداوە بزانێ گوللەكە وەكوێی كەوتووە. وەك هەر لێی نەدابێ. نەیدەهێشت خەڵكیش هەڵیگرنەوە. ژنان بە قژڕنین و شین و گریان چووبوون هەڵیانگرتبۆوە. لەو دەمەدا ئەوان یانی دەوڵەت هەر لە خەڵكیان دەدا. دەوڵەت ئەوە بوو. دوایی كە گەورە بوو زانیی دەوڵەت شتێكی دیكەیە و پاسدار و چەكداری دی پیاوی دەوڵەتن. بە تایبەتی كە چووە قوتابخانە و خوێندی و دوایی تەلەفزیۆنیان كڕی و زۆر شتی دیكەی لێ روون بووەوە، حەپەحەپ و مڕەمڕی سەگەكانی حەمە قەرەچیی هەر لە گوێدا نەمابوو. وەك خەونێك دەهاتەوە بیری، بەڵام شەق و لە خەڵکهەڵدانی پاسدارەكانی هەر لەبیر نەدەچووەوە. 

تا ئەو ئێوارەیەی بە رەحمانی عەبە جەبەلیی گوتبوو، رەحمان تۆ عەیب ناكەی سیخوڕی دەكەی؟ كە وشەی سیخوڕی بەزاردا هاتبوو، بۆ چركەیەك وێنەی ئەو دۆڵپایەی هاتبووە پێش چاوی كە بە منداڵی وەختێك گوێی لە وشەی سیخوڕ دەبوو، دەهاتە بەر زەینی. بەڵام رەحمان ریوەڵە و لەڕ و لاواز بوو. یەكی مووزەردی چاوشین، ددانێكی پێشەوەی شكابوو. رەحمان بە دەم بەباداكردنی جگەرەكەیەوە گوتبووی، ئەو قسانە لە دەمت زیادن. ئەمن سیخوڕ نیم. ئەمن خزمەتكاری ئەو دەوڵەتەم و ئەركی سەرشانمە خزمەتی بكەم. ئیدی لێیان ببوو بە شەڕ. ئەو مستێكی لە دەمی رەحمان دابوو ددانێكی دیكەشی شكابوو. بۆ سبەینێ كار كەوتبووە شكایەت و شكایەتكاری و خەڵكەكە هاتبوونە نێوانیان و كەیخودا و ریشسپی مەسڵەتیان بۆ كردبوون. تاقە مانگایەكیان بوو، فرۆشتیان و دایان بە رەحمان وازبێنێ. 

بەڵام رەحمان كە ئێستا دوو ددانی پێشەوەی نەمابوون و بیچمی ئەوەندەی دیكە ناشیرین ببوو، هەر لەبیری نەدەچوو. دەیبوغزاند و لە نێو خەڵكی جوێنی دەدایێ. خەڵك دەیانگوت لا لە لای رەحمان بدە. ئەو لە هەر جێیەك بوو تۆ لەوێ بڕۆ. ئەوە بەڵایە. ئاخری ئەو ئێوارەیەی لەنێو دێ تەقە و گرمە و بگرە و بەردە پەیدا بوو، دڵی خۆش بوو. گوتی: ئۆخەیش ئەوە هاتن. كوڕە با بڵێم ئەو سەگبابە هێندێك تەمبێ بكەن. دوو سەعاتێك سەگ خاوەنی خۆی نەدەناسییەوە. كەس نەیدەوێرا لە ماڵی خۆی سەر بێنێتە دەرێ. دڵەڕاوكێ و ترس باڵی بەسەر گوندەكەدا كێشابوو. 

كادێنەكەی ماڵی حەمە قەرەچی دووكەڵی لێ هەڵدەستا. لەخۆوە دڵی بەوە خۆش بوو. با بسووتێ كادێنی ئەو سەگبابە. دوای دوو سەعات، دەنگی تەقەكە كپ بوو. خەڵك وردە وردە لە دەرگای حەوشەوە سەریان دەركێشا دەرێ. ترسەكە كەمێك رەویبووەوە. خەڵك هاتنە كۆڵان، لێرە و لەوێ بنیادەم كەوتبوون و چەكەكەیان لە تەنیشتیانەوە كەوتبوو. غاری دا و پڕی دایە تفەنگێك و بە پەلەپەل هێنایەوە. گوتیان، شەش كەس بوون. لە ماڵی حەمە قەرەچی بوون. سێ شەو بووە لەوێ بوون. هەر دەمودەستیش گوتیان رەحمان بەوەی زانیوە و تەلەفۆنی كردووە و هاتوونەتە سەریان. بەڵام كتوپڕ دەنگ داكەوت، رەحمان كوژراوە. دوو رۆژ دواتر هەواڵ هات، گوتیان لە خەستەخانە وەهۆش هاتۆتەوە و نەمردووە. گوللەیەك لاملی گرتووە و یەكیش لاقی. پێشمەرگەكان بە باغەكانی پشتەوەدا خۆیان دەرباز كردبوو. 

كە دووبارە پاسدار بە گوندەكە وەربوونەوە و كوژراوەكانیان كۆكردنەوە، تفەنگێك دیار نەبوو. ماڵ بە ماڵ گەڕان. لە ماڵی ئەواندا دۆزییانەوە. دایكی بە لەخۆدان و خۆڕنین هاواری دەكرد، ئەوە بە فیتی رەحمان خراوەتە نێو ماڵی ئێمە. ئێمە نە چەكمان هەبووە و نە هێناویشمانە. كە دایكی ئاوڕی داوە و ئەوی دی وا دوو پاسدار گرتوویانە دەیبەن، ئاوقایان بوو. ویستی لە دەستیان بێنێتە دەرێ، پاڵێكیان پێوە نا و قۆنداغێكیان لە لاسەری دا و كەوت. ئەو خۆی راپسكاند و جوێنی دانێ. لێیان دا. سەروچاوی خوێناوی بوو. بردیان. ئەفسەرێك گوتی: ئەوە هاودەستیان بووە. یەكێكی دی گوتی ئەوە هەر لەگەڵیان بووە. 

لەو دەمەدا لە دەم چۆمەكەوە دیسان دەنگی تەقە هات. فەرماندەكەیان ئاماژەی بە چەكدارێك كرد و گوتی: ئەوە ببەن. چەكدارەكە نەیپرسی بۆ كوێی ببەن و چیی لێ بكەن. هات و هەرا و تەقە و گرمەی دەم چۆمەكە هەر دەهات و خەستتر دەبوو. دوو سەربازی دیكەش هاتن و بوون بە سێ. بردیان. بە پەڕۆیەك چاویان بەست. دەنگی شین و گریان لەوسەری گوندەكەوە دەهات. تەنیا بیری لای دایكی بوو، خۆی سەركۆنە دەكرد كە بۆچی تفەنگەكەی شاردەوە و تەقەی نەكرد؟ بۆ هێندە ترسنۆك بوو؟ بە دیوارەكەیانەوە نا. نەیزانی دیواری كێیە؟ كوێیە؟ گوتی: بەس ئەمجارە بەربم لە دەستیان، خۆم دەزانم چی دەكەم... 
تەقەیەك هات.... 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە