ژیانی مەلا سەعیدی کوردی (سەعید نووڕسی) بڵاوکرایەوە

06-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای وەرگێڕانی ژمارەیەک کتێب لە تورکی و کورمانجی و تورکی عوسمانلی، وەرگێڕ و رۆژنامەڤان محەممەد عزەدین پەرتووکی (ژیانی مەلا سەعیدی کوردی) لە تورکییەوە کردە کوردی.
 
محەممەد عزەدین لەبارەی پەرتووکەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم پەرتووکە بەراورد بەو پەرتووکانەی لەبارەی ژیانی مەلا سەعید بڵاوکرانەتەوە لە دوو خاڵدا جیاوازن. 
 
یەکەم: کتێبەکە لەلایەن عەبدولڕەحمان نوڕسی برازای مەلا سەعید نووسراوە کە بەردەوام نووسەر لەگەڵ مەلا سەعید بووە تاوەکو یەکەمین جەنگی جیهانی. 
 
دووەم: بەشێکی زۆری ئەو پەرتووکانەی لەسەر مەلا سەعید نووسراون، لەگەڵ بەشێکی زۆری پەرتووکەکانی خۆشی، بە تایبەتی ئەوانەی لە تورکیا چاپ و بڵاوبوونەتەوە، ناوی کورد و کوردستان لەناودەقەکاندا دەرهێندراون، بەڵام لەم کتێبەدا ناوی کورد و کوردستان و مژارەکانی وەکو خۆی بە بێ دەستکاری و دەرهێنان نووسراونەتەوە.
 
ئەم پەرتووکە لە پێنجەم چاپی تورکییەوە کراوەتە کوردی، کتێبەکە لەلایەن وەشانخانەی (نووبەهار) لە باکووری کوردستان بڵاوکراوەتەوە. لە باشووری کوردستانیش چاپە کوردییەکەی لەلایەن دەزگای فامەوە بڵاوکراوەتەوە. د.سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێشەکی بۆ وەرگێڕانە کوردییەکی نووسیوە.
 
مەلا سەعیدی کوردی، لە ساڵی 1878 لە بەدلیسی باکووری کوردستان لە دایکبووە و ساڵی 1960 لە رووهای باکووری کوردستان کۆچی دوایی کردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە