ڕۆمان وه‌ك یه‌كێك له ژانره گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب، خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیه‌تی كه ڕه‌نگه یه‌كێك له گرنگترینی ئه‌وانه شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی بێت، چونكه گێڕانه‌وه و دوای ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌ناسی ئه‌و به‌شه گرنگه‌ی هه‌ر ڕۆمانێكن كه ده‌توانرێت تێكستێكی باشی پێ له تێكستێكی دیکە جیابكرێته‌وه. (عه‌تا محه‌ممه‌د) ده‌رباره‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی مرۆڤی دروستكرد گێڕانه‌وه بوو. مێژووی مرۆڤ له‌و ساته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه توانی به‌سه‌رهاتێك بگێڕێته‌وه و ئیدی له جیهانی ئاژه‌ڵان دابڕا". له كتێبی (گێڕانه‌وه‌ناسی)شدا (هاشم ئه‌حمه‌دزاده) ئاوا له گێڕانه‌وه‌ناسی ده‌دوێت: "گێڕانه‌وه‌ناسی لێكدانه‌وه‌ی ده‌قی گێڕانه‌وه‌ییه بۆ دیاریكردنی گێره‌ڕه‌وه‌ی شاراوه، ئاشكرا، ده‌ره‌كی یاخود ناوه‌كیی ده‌قه‌كه". لێره‌وه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ جدییه‌تی هه‌ر تێكستێك له (چیرۆك و ڕۆمان) بكه‌ین، بێگومان ده‌بێت سه‌یری شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی بكه‌ین. ئه‌گه‌رچی بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو چیرۆك و ڕۆمانێك شێوازی جیا و جۆراو جۆر هه‌یه، به‌ڵام به‌گشتی ده‌توانین چه‌ند جۆرێك له شێوازی باوی گێڕانه‌وه ده‌ستنیشان بكه‌ین.
شێوازه‌كانی گێڕانه‌وه:
یه‌كه‌م: شێوازی گێڕانه‌وه‌ی كۆن:- ئه‌م شێوازه یه‌كێكه له باوترین ئه‌و ڕێگایانه‌ی كه زۆر له نووسه‌رانی دونیا په‌یڕه‌ویان لێكردووه و به‌شێكی زۆری ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كانی دونیای ئه‌ده‌بی به‌م شێوازه نووسراون. ئه‌ویش پابه‌نده به نووسینی (سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست، كۆتایی).
دووەم: شێوازی گێڕانه‌وه‌ی نوێ:- ئه‌م شێوازه تا ڕاده‌یه‌ك به به‌راورد لەگەڵ مێژووی په‌یدابوونی ڕۆمان نوێیه و زیاتر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆمانی مۆدێرندا په‌یدابووه، كه ئه‌ویش زیاتر گێڕانه‌وه‌یه به زمانی كه‌سی قسه‌كه‌ر و زمانی دوێنه‌ر، یان به به‌كارهێنانی شێوازی مه‌نه‌لۆگ و پێش و پاشخستنی كات و دروستكردنی شوێنی خه‌یاڵی و فه‌نتازی. جگه له‌مانه‌ش، ئێمه شێوازی گێڕانهوهناسیشمان هه‌یه كه ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین به‌سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌شی بكه‌ین:
أ- گێڕانه‌وه‌ناسیی داستان: كه بریتییه له ڕه‌وتی زه‌مانیی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كان.
ب- گێڕانه‌وه‌ناسیی گوتار: بریتیه له‌و ده‌ستكارییانه‌ی كه له داستانه‌كه‌دا بۆ پێشكه‌شكردنی گێڕانه‌وه‌كه ئه‌نجام دراون. هه‌ریه‌كه له‌م شێوازانه جۆر و شێوازی كۆتایی نین و ده‌كرێت نووسه‌ران بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانیان چه‌ندین شێوازی تر تاقیبكه‌نه‌وه.
ڕۆمانی عێراقی و چێژی خوێندنه‌وه
ئه‌گه‌رچی به‌هۆی ئه‌و هه‌موو دۆخه ناله‌باره سیاسیه‌ی كه حكومه‌ته‌كانی عێراق به‌سه‌ر گه‌لی كوردیاندا هێناوه، هه‌میشه ناوی عێراق بۆ زۆربه‌مان ناوێكی خۆشه‌ویست و له‌به‌ردڵان نییه، به‌ڵام له واقیعدا ئه‌ده‌بیات شتێكی تر و ده‌روازه‌یه‌كی تره بۆ دووباره تێگه‌یشتنێكی نوێ له‌م بۆچوونه. چونكه وه‌ك ڕۆماننووسی دیاری عێراقی (موحسین ئهلڕملی) له وه‌ڵامی پرسیاری دیدارێكمدا له‌گه‌ڵی گوتی: "هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورد و گه‌لانی عێراقدا به‌گشتی هاتوون، له‌لایان حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه كراون كه هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك و گه‌ل نه‌بوون، بۆیه گه‌لی عێراق بێبه‌رییه لێیان و هه‌میشه په‌یوه‌ندی (كورد و عه‌ره‌ب) له ئه‌ساسدا په‌یوه‌ندیی هاوخوێنی و هاونیشتمانی و ئینسانییه"، بۆیه ئه‌ده‌ب ده‌كرێ ڕێگایه‌ك بێت كه ئه‌م دیوه ڕاسته‌قینه جوانه‌مان پیشان بدات. له ماوه‌ی ڕابردوودا و له درێژه‌ی ئه‌و زنجیره به‌رنامانه‌دا كه بۆ خۆمم وه‌ك خوێنه‌رێك داناوه، چه‌ند ڕۆمانێكی عێراقی وهرگێردراوم بۆ زمانی كوردی خوێندنه‌وه، له‌وانه ڕۆمانی (كوژانی كابرای كتێبفرۆش)ی نووسه‌ر سه‌عد محه‌ممه‌د ڕه‌حیم و (پاشاكانی لم) و (تووتنه‌وان) و (بابه سارته‌ر)ی عه‌لی به‌در و (كه‌رێك له‌سه‌ر چیا)ی عەبدولستار نەسر و (فرانكشتاین له به‌غدا) ی ئه‌حمه‌د سه‌عداوی و (یادداشته‌كانی سه‌گێكی عێراقی)ی عه‌بدولهادی سه‌عدون و (كوشتن له به‌غدا)ی سینان ئه‌نتۆن و هه‌ریه‌كه له ڕۆمانه‌كانی (وردوخاش و په‌رته‌وازه)، (باخچه‌كانی سه‌رۆك)، (خورمای سه‌ر په‌نجه‌كان)ی موحسین ئهلڕملی. هه‌ریه‌كه له‌م ڕۆمانانه خاوه‌نی گێڕانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی پڕ تاموچێژن و هه‌مووشیان به‌رهه‌می پاش ڕووخانی دیكتاتۆریهتن له عێراق. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه ڕۆمانه سه‌رنجی بۆ گه‌ڕان به‌دوای مێژووی ڕۆمانی عێراقیدا ڕاكێشام و وای لێكردم بۆ له‌مه‌ودوا له هه‌ركوێ ڕۆمانی نووسه‌رێکی عێراقی ببینم بیخوێنمه‌وه، كه بێگومان تاكه هۆكار بۆ ئه‌مه، ئه‌و شێوازە جوانەی گێڕانه‌وه و ئەو ته‌كنیكه به‌هێزه‌یه كه نووسه‌رانی ئێستای عێراقی له نووسیندا به‌كاری ده‌هێنن. با ئێستا كه‌مێك بۆ سه‌ره‌تاكانی مێژووی ڕۆمان له عێراق بگه‌ڕێینه‌وه.
مێژووی ڕۆمانی عێراقی
ئه‌گه‌رچی به‌هۆی ئه‌و مێژووه ڕه‌شه‌ی دیكتاتۆریه‌ت و كوشتن و بڕینه‌ی له ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت له عێراق هه‌بووه، نه‌توانراوه به دیاریكراوی و به شێوه‌یه‌كی دروست ته‌واوی مێژووی ژانره‌كان وه‌ك خۆیان تۆمار بكرێن و سه‌رچاوه و بۆچوونی جیاواز هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه، مێژووی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمان له عێراقی كۆندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی (1909) كه ئه‌ویش ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراو بووه به‌ناوی (العدل اساس الملك) واته (دادپه‌روه‌ری بنه‌مای فه‌رمانڕه‌واییه) كه له ڕۆژنامه‌ی (صدی بابل) دا، به شێوه‌ی به‌ش به‌ش بڵاكراوه‌ته‌وه. بێگومان به‌دوای ئه‌ویشدا چه‌ند هه‌وڵێكی دیكه هه‌بووه. به‌ڵام له ساڵی (1921) بۆ یه‌كه‌م جار به‌رهه‌می نووسه‌رێكی عێراقی به‌ناوی (فی سبیل الزواج) بڵاوكراوه‌ته‌وه كه زۆر کەس ئه‌م ڕۆمانه به سه‌ره‌تای ڕۆمانی عێراقی ناوده‌به‌ن. به‌دوای ئه‌میشدا هه‌ریه‌كه له (مصیر الچعفاو) له (1922) و (جه‌لال خالد) له (1928) هاتوون. به‌ڵام به‌بڕوای شاره‌زایانی ئه‌ده‌بی عێراقی، یه‌كه‌م ڕۆمانی عێراقی كه له‌ڕووی هونه‌ری ڕۆمانه‌وه ئه‌ژمار بكرێت و خاسیه‌ته‌كانی گێڕانه‌وه و هونه‌ری ته‌كنیكی تێدابێت، ڕۆمانی (النخلە والجیران)ه كه ساڵی (1966) بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئێستا ئه‌گه‌ر بۆ زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌مان ڕۆمانی عێراقی به‌پێی ساڵه‌كان پۆلێن بكه‌ین، ده‌توانین ئه‌و مێژووه به‌سه‌ر سێ قۆناغی گرنگدا دابه‌ش بكه‌ین به‌م جۆره:
قۆناغه‌كانی ڕۆمانی عێراقی
1- ساڵانی 1921 ----- 1975 – ئه‌م قۆناغه به‌سه‌ره‌تای مێژووی ده‌ركه‌وتنی ڕۆمانی هونه‌ریانه‌ی عێراقی ده‌زانرێت و تیایدا نزیكه‌ی (25) ڕۆمان نووسراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه، گرنگترینیان ڕۆمانی (النخلە والجیران)ه كه ساڵی (1966) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
2- ساڵانی 1975 ------- 2003 – ئه‌م قۆناغه ده‌توانرێت وه‌ك قۆناغی نسكۆ و پاشه‌كشه‌ی ڕۆمانی عێراقی ناوببرێت، بێگومان ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆره‌ی كه دیكتاتۆریه‌ت له عێراقدا په‌یڕه‌وی لێكردووه و ئازادی، به‌تایبه‌تی ئازادیی نووسینی قه‌ده‌غه كردووه و ئه‌دیبانی وه‌ك هه‌موو چینێكی تری كۆمه‌ڵگا به‌و هۆیه‌وه چهوساندووەتهوه.
3- 2003------تا 2015- ده‌توانرێت ئه‌م قۆناغه به قۆناغی گه‌شانه‌وه و به‌ره‌وپێشچوونی ڕۆمان له عێراق دابنرێت، چونكه نووسه‌ر و ئه‌دیبان له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئازادانه به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان ده‌نووسن و بڵاوده‌كه‌نه‌وه، به‌جۆرێك به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه ته‌نیا له نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2014) نزیكه‌ی (470) ڕۆمان له عێراقدا بڵاوكراونه‌ته‌وه. ئه‌م ژمارەیەش به هه‌موو تێبینییهكانەوە له‌سه‌ر شێوازی هونه‌ری و گێڕانه‌وه‌یان، جێگای ده‌ستخۆشی و دڵخۆشییه بۆ ڕۆمانی عێراقی له‌ڕووی بهرهوپێشچوونیهوه.
من له نێوان ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه له‌م ماوه‌یه‌دا خوێندوومنه‌ته‌وه، ته‌نیا دوو ڕۆمان وه‌ك نموونه وه‌رده‌گرم و هه‌وڵده‌ده‌م كه‌مێك له‌سه‌ر ئاستی گێڕانه‌وه له‌م دوو ڕۆمانه‌دا بوه‌ستم.
یه‌كه‌م: ڕۆمانی (یادداشته‌كانی سه‌گێكی عێراقی)
ئه‌م ڕۆمانه له نووسینی ڕۆماننووس (عه‌بدولهادی سه‌عدون)ه و به وه‌رگێڕانێكی جوان (فاروق جه‌میل كه‌ریم) بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌ریگێڕاوه و ناوه‌ندی ئه‌ندێشه له ساڵی (2018) چاپ و بڵاوی كردووەته‌وه. نووسه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ی به‌سه‌ر (30) به‌شدا دابه‌ش كردووه، هه‌ریه‌كێك له‌و به‌شانه گۆشه‌یه‌كی نوێی ڕووداوێكه كه تیایدا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی كه سه‌گێکه، وه‌ك گێڕەرەوەی هه‌مووشتزان ته‌واوی چیرۆكه‌كان ده‌گێڕێته‌وه. بێگومان ئه‌و دابهشكارییهش هه‌وڵێكی شاره‌زایانه‌ی نووسه‌ره بۆ گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر، تا له‌سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌دا بێزار نه‌بێت و له ڕووداوێكه‌وه هه‌نگاو بۆ بیستنی به‌سه‌رهاتی ڕووداوێكی دیكه بنێت. چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه باسكردنه له بیره‌وه‌رییه‌كانی (سه‌گێك) كه چۆن پاش ڕووخانی دیكتاتۆریه‌ت ئه‌ویش و خاوه‌نه‌كه‌ی له‌بری ئازادی و به‌ده‌ستهێنانی ژیانێكی شكۆمه‌ندانه، به‌هۆی بێسه‌روبه‌رییه‌وه تووشی ئازار و نه‌هامه‌تی و سه‌رئه‌نجام فهوتانیش ده‌بن. چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه یه‌كێكه له به‌هێزترین ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی كه نووسه‌ر له ڕێگایه‌وه وێنه‌یه‌كی زۆر روونی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری و پاشان به‌ربه‌ریی میلیشیاكان ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جوان و سه‌رنجڕاكێش و هونه‌ریانه له گێڕانه‌وه و ته‌ونی پێكه‌وه به‌ستنی گرێچنهكانی ڕووداوه‌كانی ناو چیرۆكه‌كه. ئه‌م ڕۆمانه ده‌چێته خانه‌ی جۆرێك له‌و هه‌وڵه جیهانیه‌ی كه له دونیای ئه‌ده‌بدا نووسه‌ران هه‌وڵیانداوه له ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ری ئاژه‌ڵه‌وه چیرۆكه‌كانیان بگێڕنه‌وه. دیارترینی ئه‌و نموونانه (مه‌زرای ئاژه‌ڵانی جۆرج ئۆروێڵ و به‌دگۆڕانی كافكا و په‌نده‌كانی كتێبی كلیلە و دمنه‌ی حه‌كیمی هندی پەیدەپا و كه‌رێك له‌سه‌ر چیای عەبدولستار نەسر)ن. نووسه‌ر له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌گێكه‌وه، پێمانده‌ڵێت، ئه‌وه به‌ته‌نیا هه‌ر مرۆڤه‌كان نه‌بوون كه بوونه قوربانیی ده‌ستی دیكتاتۆریه‌ت، به‌ڵكو ئاژه‌ڵه‌كانیش پشكیان له‌و نه‌هامه‌تیانه به‌ركه‌وت و هه‌موو زینده‌وه‌ره‌كانی ئه‌م وڵاته قوربانیی ده‌ستی جه‌لادێكی دڕنده بوون.
دووه‌م: ڕۆمانی باخچه‌كانی سه‌رۆك
ئه‌م ڕۆمانه له نووسینی (موحسین ئه‌لڕه‌ملی)یه. وه‌رگێڕ (ڕه‌نجده‌ر جه‌بار) بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌ریگێڕاوه و له‌لایه‌ن خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی چوارچراوه ساڵی (2018) چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌م ڕۆمانه باسكردنه له ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری له عێراقدا و خستنه‌ڕووی تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس ده‌رهه‌ق به گه‌له‌كه‌ی خۆی و هه‌ڵدانه‌وه و ئاشكراكردنی شوێن و شێوازی ئه‌و تاوانانه‌یه پاش نه‌مانی ئه‌و ڕژێمه. نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا تا ئاستێكی باڵا شێوازێكی به‌هێزی گێڕانه‌وه په‌یڕه‌و ده‌كات، به‌جۆرێك كه خوێنه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوی تاوانه‌كاندا موچڕك به له‌شیدا دێت و بێ‌ئاگا ده‌بێته به‌شێك له كاره‌كته‌ری ناو چیرۆكه‌كان و ئاره‌قه ده‌رده‌دات له ئاست بێویژدانیی جه‌لاده‌كاندا.
ئه‌مه‌ش شاره‌زایی و توانای نووسه‌ر ده‌رده‌خات له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا. گێڕانه‌وه له‌م ڕۆمانه‌دا فره‌ده‌نگه و زیاد له گێڕهرهوهیهك هه‌یه كه هه‌ر یه‌كێك له‌وانه به‌شێك له چیرۆكه‌كه له گۆشه‌نیگایه‌كی جیاوازه‌وه ده‌گێڕێته‌وه. گێڕانه‌وه له هه‌ردوو ئه‌م ڕۆمانه‌دا به شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی كۆن نووسراون، واته شێوازی (سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست، كۆتایی)یان تێدا په‌یڕه‌وكراوه. هه‌ر بۆیه ئه‌م دوو ڕۆمانه و خوێندنه‌وه‌یان، یه‌كێكن له شاهیده زیندووه‌كانی تاوانه‌كانی دڕنده‌ترین دیكتاتۆر له مێژووی عێراقدا و به‌ڵگه‌ی به‌هێزیشن بۆ تێگه‌یشتن له هۆكاری نسكۆ و پاشه‌كشه‌ی ڕۆمانی عێراقی له قۆناغی دووه‌مدا كه له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد، واته قۆناغی ساڵانی (1975 بۆ 2003). هه‌ر هێزی هونه‌ریانه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ش دیسان به‌ڵگه‌ن بۆ تێگه‌یشتن له به‌ره‌وپێشچوونی خێرای ڕۆمان و ئه‌ده‌بی عێراقی پاش نه‌مانی ئه‌و ڕژێمه دیكتاتۆره. واته قۆناغی سێیه‌م و گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌ب به‌گشتی له پاش ساڵانی (2003) وه. ئه‌گه‌رچیش تێبینی له‌سه‌ر زۆر له ڕۆمانه نووسراوه‌كانی پاش ساڵانی (2003)یش له عێراقدا هه‌یه و زۆر کەس پێیانوایه به‌شێك له‌و ڕۆمانانه به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنی گیانی تایه‌فه‌گه‌ری و هاندان بۆ مه‌زهه‌بگه‌رایی و به‌هێزكردنی ڕۆحی تۆڵه‌سه‌ندن، دوور له ئیتیكی ئه‌ده‌بیانه هه‌نگاویان ناوه. به‌ڵام به هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه ڕۆمانی عێراقی ئێستا له سه‌ره‌تای گه‌شانه‌وه و هه‌نگاونانه به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی ڕوون و گه‌ش.
ڕۆمان چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه:
(كۆڵن وڵسن) له كۆندا گوتوویه‌تی: "كاریگه‌ریی ڕۆمان له‌سه‌ر كولتووری مرۆڤایه‌تی له تێكڕای تێزه‌كانی (داروین و فرۆید و ماركس) زیاتر بووه. به‌وپێیه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی سه‌رقاڵ و به‌هه‌ڵپه و ئاڵۆزه له ژیاندا و خاوه‌نی ڕۆحێكی ماندووه به‌ده‌ست ڕاكهڕاكهوه. ڕه‌نگه خوێندنه‌وه، به‌تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان یه‌كێك بێت له‌و شتانه‌ی كه كه‌مێك ئاسووده‌یی به ڕۆحی ببخشن. چونكه "ڕۆمان له ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی دیكه گونجاوتره بۆ چوونه ناو شوێنه تاریك و نادیار و داخراوه‌كانی دنیا، بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگادا پێویسته ئاشكرا بكرێن و چاوی مرۆڤ له واقیعدا نایانبینێ، یان واقیع ناتوانێ ئاشكرایان بكات" (1).
هه‌ر بۆیه ڕۆمان وه‌ك هونه‌رێكی باڵا ڕۆژ دوای ڕۆژ له په‌ره‌سه‌ندندایه. (هاشم ئه‌حمه‌دزاده) ده‌رباره‌ی گرنگیی ڕۆمان بۆ مرۆڤ ده‌ڵێت: "له دنیای ئه‌مڕۆدا گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانیانه ئه‌وه‌نده به‌ربڵاو بووه، كه ئه‌سته‌مه مرۆڤی خوێنده‌واری سه‌رده‌م بتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ژانره وێنا بكرێت، به واتایه‌كی تر، هه‌م كرده‌ی نووسینی ڕۆمان و هه‌م كرده‌ی خوێندنه‌وه یان گوێگرتن له ڕۆمان بووه‌ته تایبه‌تمه‌ندییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری بوون".
كه‌واته خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان بۆ مرۆڤی مۆدێرن یه‌ك له پێشترین پێداویستیه‌كانه پێش زۆر پێداویستیی دیکە . وه‌ك (به‌ختیار عه‌لی)ش ده‌ڵێت: "ڕۆمان هاواری هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه كه كه‌س ده‌نگیان نابیستێ". به‌م پێیه‌ش ده‌كرێت بڵێین ڕۆمان له دونیای ئێستادا په‌نجه‌ره‌ی ڕوانین و تێفكرینه‌كانی مرۆڤه بۆ بینین و تێگه‌یشتنی زیاتر له دونیا.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دوو ڕۆمانه بۆ؟
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانانه چ په‌یوه‌ندیه‌كیان به دونیای ئێمه‌وه هه‌یه؟ مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی گه‌ردوونی هه‌میشه چه‌ندین ڕێگا و شێوازی بۆ خۆنیشاندان یان بۆ گه‌یاندنی په‌یام و داواكارییه‌كانی تاقیكردووەته‌وه، به‌تایبه‌ت له گه‌یاندن و پیشاندانی هه‌موو ئه‌و زوڵم و ناهه‌قیانه‌ی به‌رامبه‌ری كراون، ئینجا له‌سه‌ر ئاستی تاك بووبێت یان كۆ. ئه‌گه‌ر له دونیای ئێستاماندا ڕاگه‌یاندن به‌تایبه‌ت (tv) و به‌دیاریكراویش پاش هاتن و په‌یدابوونی كه‌ناڵی ئاسمانی بۆ مرۆڤی ئێستا یهكێكبن له‌و ڕێگایانه، ئه‌وا بێگومان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له كۆنه‌وه شێوازێكی زۆر فراوان و به‌هێزبوون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. به‌تایبه‌ت هونه‌ری (شانۆ له‌كۆندا و سینه‌ما) له ئێستادا. كه ده‌توانین ڕۆمانیش وه‌ك ژانرێكی گرنگی ئه‌ده‌ب ناوببەین. چونكه ڕۆمان سهرزهمینێكه له كاغه‌ز، كه مرۆ ده‌توانێت خه‌ونه‌كانی خۆی تێدا بنیات بنێت و جیهانێك بخوڵقێنێ كه له واقیعدا وجودی نییه. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (میلان كۆندێرا) ده‌ڵێت: "ڕۆماننووسه‌كان نه‌خشی وجود ده‌كێشن". بۆیه ڕۆمان یه‌كێكه له ده‌روازه‌كانی گه‌یاندنی په‌یامی مرۆڤ، چ وه‌ك تاك یان كۆ و په‌یامی گه‌لێك، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی زۆر له‌و ڕۆمانانه‌دا به‌دی ده‌كه‌ین كه پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ئه‌ده‌بی عێراقیدا نووسراون و جیاواز له مێژووی سیاسییه‌كان، زۆر به جوانی و ڕوونی چه‌ندین لایه‌نی هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌یان خستووەته ڕوو كه ئه‌و دیكتاتۆره ده‌رحه‌ق به گه‌لانی عێراق به‌بێ جیاوازی کردوونی. بۆیه بۆ تێگه‌یشتن له مێژووی په‌نجا ساڵی ڕابردووی عێراق، ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی به‌سه. به‌و پێیه‌ی ئێمه‌ش وه‌ك كورد به‌شێكین له مێژووی ئه‌م وڵاته و قوربانییه‌كانی ناوی، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانانه بۆمان پێویست و گرنگن، بریا نووسه‌رانی ئێمه‌ش وه‌ك نووسه‌رانی عێراقی سوودیان له‌و هه‌موو چیرۆكه به‌جێماوه‌ی پاش به‌عس ده‌بینی و له به‌رهه‌می ڕۆمانی به‌پێزدا دووباره دایانده‌ڕشته‌وه. ئه‌م دوو ڕۆمانه نموونه‌ی ڕۆمانی به‌رزی ئه‌ده‌بی نوێی عێراقین، كه دڵنیام خوێنه‌ر چێژ له خوێندنه‌وه‌یان ده‌بینێ و ده‌كرێت وه‌ك ئاسۆ نوێیەكانی ئه‌ده‌بی ڕاقیی عێراقی چاویان لێبكرێت.
بۆ ئه‌م نووسینه سوودم له‌م كتێبانه بینیوه.
- الرواية العراقية: رصد الخراب العراقي في أزمان الديكتاتورية والحروب. www.dohainstitute.org
- هونه‌ری ڕۆمان --- سه‌نگه‌ر زراری -- ده‌زگای ته‌فسیر
- گێڕانه‌وه‌ناسی --- هاشم ئه‌حمه‌دزاده --- چاپه‌مه‌نیی مانگ
- هونه‌ری ڕۆمان --- میلان كۆندێرا -- ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ