رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی مارک توین تایبەتە بە بواری کۆمێدیا و کەسانی قسە خۆش و ساڵانە دەبەخشرێتە کەسانی کۆمێدی، ئەمساڵیش ئادەم ساندلەر، ئەکتەری کۆمێدی ئەمریکی وەک براوەی خەڵاتەکە دیاریکراوە.
خەڵاتەکە ساڵانە لەلایەن ناوەندی جۆن ئێف کێنەدی دەبەخشرێت و بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا لە 19 ئازاری 2023 رادەستی ئەو ئەکتەرە کۆمێدییە بکرێت.
ناوەندی ئێف کێنەدی لەبارەی خەڵاتکردنی ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە رایگەیاند، ئادەم ساندلەر زیاتر لە سێ دەییە بە فیلمەکانی بینەرانی سەرقاڵ کردووە و وای لە بینەر کردووە، پێبکەنێت و بگریت.
ساندلەر تەمەن 56 ساڵ، ئەمساڵ رۆڵی سەرەکی لە فیلمی درامایی – کۆمێدی 'Hustle' گێڕا و لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە و بە فیلمی 'Happy Gilmore'، 'Billy Madison'، 'Grown Ups'، 'Big Daddy'، ' The Longest Yard' و 'The Waterboy' ناوبانگی پەیداکردووە.
ئادەم ساندلەر، لە 9ـی ئەیلوولی 1966 لە ئەمریکا لە دایکبووە، تەواوی فیلمەکانی داهاتیان 100 ملیۆن دۆلاریان تێپەڕکردووە، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکەم رۆڵی سەرکەوتووی لە فیلمی 'Going Overboard' بوو کە لە 1989 بڵاوکرایەوە.
کۆی داهاتی فیلمەکانی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکیان تێپەڕکردووە، لە 2020 داهاتی گەیشتە 420 ملیۆن دۆلار و گرێبەستێکی لەگەڵ تۆڕی نێتفلێکس بۆ بەشداربوون لە چوار فیلمی نێتفلێکس و بەهاکەیان 250 ملیۆن دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ