رووداو دیجیتاڵ
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'ما ئەز چ بکەم' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە وەک تەواوی کارە هونەرییەکانی سەفقان ئۆرکێش لە ئاوازی خۆیەتی و لە تێکستی عیماد حەمدییە.
سەفقان ئۆرکیش، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئالان خەلەف دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکەیە و دیمەنەکانی لە گوندی حەج ناسر لە نێوان قامشلۆ و عامودای رۆژئاوای کوردستان وێنەگیراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاری میوزیکی بەرهەمەکە لەلایەن ژەنیارانی کورد، لە باکووری کوردستان، ئەڵمانیا و رۆژئاوای کوردستان کراوە و لە عامودا تۆمارکراوە.
سەفقان ئۆرکێش ناوی تەواوی محەممەد رەمەزان حەسەنە، لە 1976 لە عامودای رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە منداڵییەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لە پارچە تەنەکە و دار ئامێری سازی دروستکردووە و میوزیکی ژەنیوە.
لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئاگری گۆرانی گوتووە، بەرهەمەکانی لەسەر کاسێت تۆمار و بڵاوکراوەنەتەوە، ئەو کات یەکەم منداڵ بووە لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، دواتر لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئۆرکێش کاری کردووە.
ئۆرکێش، خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانی و چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپیە، جگە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، کۆنسێرت و ئاهەنگی لە رووسیا، ئیمارات و قەتەر گێڕاوە.
جگە لە گۆرانیگوتن، توانای ژەنینی چەندین ئامێری میوزیکی هەیە و بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی لە نووسین و ئاوازی خۆیەتی.
ئەو هونەرمەندە کوردە وەک پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کاریکردووە و جگە لە بەرنامەی 'پاشیڤ'، دوو بەرنامەی دیکەی بەناوی 'ئاوازێن رۆژئاڤا' و 'ژ رۆژئاڤا' پێشکێشکردووە.
سەفقان ئۆرکێش، لە قامشلۆ دەژی و پێشتر رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە هەر دۆخێکدا بێت، ئامادە نییە جێبیهێڵێت و لە کوردستان دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ