دوو سەماکاری رووسی هەڵپەرکێی کوردی پێشکێش دەکەن و خەڵات دەکرێن

29-04-2023
پەسار فایەق
گرووپی مێڕۆنینکۆ لەگەڵ کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا
گرووپی مێڕۆنینکۆ لەگەڵ کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا
نیشانەکردن هەڵپەرکێی کوردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی سەما و هەڵپەڕکێی رووسی مێڕۆنینکۆ، هەڵپەڕکێی کوردی لە 19یەمین ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەکان پێشکێشکرد و لە بەشی دوو سەماکاردا، خەڵاتی دووەمی بەدەستهێنا. 
 
چالاکییەکە ئەمڕۆ شەممە 29ـی نیسانی 2023 دەستیپێکرد کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە وەک رۆژی سەمای جیهانی دیاریکراوە و تاوەکو 9ـی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت و یەکەم رۆژی تایبەت بە سەما و هەڵپەڕکێ رۆژهەڵاتییەکان بوو.
 
بۆ ناساندنی هەڵپەڕکێی کوردی و وەرگرتنی خەڵاتەکە، د. دانەر ئەبوبەکر، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا، دیاریی و پیرۆزبای گەرمی ئاڕاستەی لیلی میرۆنۆڤ، راهێنەری رووسی و هاوکارانی و هەردوو بەشداربووی سەرکەتووی ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەکان نەدێژدە و ماریا کرد. 
 
د. دانەر ئەبوبەکر، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ‎نوێنەرایەتی حکومەت لە رووسیا بەردەوام پاڵپشتی ئەو بیرۆکە کولتوورییانە دەکات کە زیاتر کولتووری کوردی بە دنیا دەناسێنن و لە پاڵ کولتووری وڵاتان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پێشکێش دەکرێن، هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پڕۆژەی کولتووری و کاروباری نەتەوەیی گەڵاڵەکراون و چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی تواناکانی نوێنەرایەتین بۆ جێبەجێکردنیان.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گرووپی مێڕۆنینکۆ ساڵانێکە کار بۆ ناساندنی سەما و هەڵپڕکێی کوردی دەکات و ئەمساڵ بە هەڵپەڕکێی کوردی لە 19مین ئۆلمپیادی سەمای جیهانی بەشداربوو، نوێنەرایەتییەکەیان لە رووی دابینکردنی جلوبەرگ و هەندێ کەرستەوە هاوکاریان بووە.
 
روونیشیکردەوە، لە نەورۆزی ئەمساڵ، گرووپی هەڵپەڕکێی دهۆک، لە ئاهەنگی نەورۆز لە مۆسکۆی رووسیا بەشداربوون و سەما و هەڵپەڕکێی کوردییان پێشکێشکرد.
 
رووسیا یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی جیهانە لە هونەری سەما و هەڵپەڕکێدا و لە پێشبڕکێ و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە سەما و هەڵپەڕکێ؛ ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە و خەڵات بەدەست دێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە