رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداری زیاتر لە هەزار میوزیکژەن، ئەلبوومێکی میوزیکی بێدەنگ بڵاوکرایەوە، وەک ناڕەزاییەک لە بەرامبەر گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکان بۆ یاسای مافی خاوەنداریەتی بەریتانی، کە رێگە بە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا دەدات راهێنان بە نموونەکانی ژیریی دەستکرد بکرێت، لە رێگەی بەکارهێنانی بەرهەمە میوزیکییەکانیان.
بوارەکانی داهێنان لەسەر ئاستی جیهاندا رووبەڕووی ئاڵنگاری یاسایی و ئاکاری دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی بەرهەمەکان وەک نموونە بە ژیریی دەستکرد دەدرێت بۆ ئەوەی دواتر توانای ئەوەی هەبێت بەرهەمی تایبەتی لە رێگەیەوە بەرهەمبهێندرێت. بەمەش کەسانی داهێنەر، هیچ مافێکی مادییان لە بەکارهێنانی بەرهەمەکانیان نابێت.
بەریتانیا دەیەوێت لە رێگەی کەمکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە مافی خاوەنداریەتی بۆ خاوەن بەرهەمە ئەدەبی، میوزیکی، درامایی و هونەرییەکان، ببێتە پێشەنگ لە بەکارهێنانی بواری ژیریی دەستکرد.
ئەو پێشنیازە ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی نیگەران کردووە و رەخنەی تووندیان گرتووە.
کەیت بۆش، گۆرانیبێژی بەریتانی، خاوەن گۆرانیی بەناوبانگی "Running Up That Hill" کە لە 1985 بڵاوکرایەوە و لە 2022 بەهۆی بەکارهێنانی لە زنجیرەی "Stranger Things" لە نێتفلێکس، ناوبانگی زۆری پەیداکرد، دەپرسێت: "لە میوزیکی داهاتوودا، دەنگی ئێمە بیستراو نابێت؟".
ئەلبوومە نوێیە میوزیکییە بێدەنگەکە بەناوی "Is This What We Want"ـە، بێدەنگی و دیمەنی ستۆدیۆ چۆڵەکان لەخۆدەگرێت، ئەمەش پێشاندەری ئەوەیە، لە داهاتوودا هونەرمەندان بێکار و ستۆدیۆکانی تۆمارکردن چۆڵ دەبن.
لە وەڵامی ئەلبوومە نوێیەکە و ناڕەزایی هونەرمەندان لە بەریتانیا، رۆژی سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، حکومەتی بەریتانیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، سیستەمی مافی خاوەنداریەتی رێگری لە پیشەسازییەکانی داهێنان و کەرتی میدیایی و ژیریی دەستکرد دەکرێت بۆ گەیشتن بە تەواوی تواناکانی.
دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی لە بواری هونەریدا، ناڕازەیی زۆری هونەرمەندانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کاری داهێنەرانەیان لە داهاتوودا دەبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ