رووداو دیجیتاڵ
بینەرێکی فیلم لە مارسیلیاوە هاتووە بۆ کان، بلیتی نمایشی فیلمێکی فەڕەنسی دەوێت و دەستی نەکەوتووە، ئینێس کاخەزێکی بەدەستەوە گرتووە و داوای بلیت لە کەسێکی بەخشندە دەکات. ئەمە رێگەیەکە پێش هەر نمایشی فیلمێک دەیان کەس بۆ دەستکەوتنی بلیت بەکاری دەهێنن.
ئینێس یایاوی، بینەری فیلمە و بە رووداوی گوت: "هیچ ئاسان نییە، خۆت و چانستە دەستکەوتنی بلیتی فیلمەکان زۆر سەختە".
سینەماکانی فێستیڤاڵی کان پڕن لە خەڵک، بینەری فیلم لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە هاتوون، کاتێکی کەم و ژمارەیەکی دیاریکراو لە بلیت، خەڵکێکی زۆری لە بینینی فیلمەکان بێبەش کردووە.
لویسی سەرامەژین (24 ساڵ) بینەرێکی سەرسەختی فیلمە نوێیەکانی فێستیڤاڵەکەیە، لەسەرەتای فێستیڤاڵەوە تاوەکو ئێستا 27 فیلمی بینیوە، لە رۆژێکدا کاژێر نۆی بەیانی ئامادەی نمایشی فیلم بووە، تاوەکو دووی شەو.
سەرامەژین، بە رووداوی راگەیاند: "بە بڕوای من دەتوانم بەدەستی بهێنم، چونکە پێشتر زۆربەی هاوڕێکانم ئەوەیان کردووە و سوودی هەبووە، ئێستاش نۆرەی منە".
بەشێک لەوانە لە فێستیڤاڵی کانن، بۆ ماوەی شەش کاژێر دەوەستن پێش دەستپێکردنی نمایشەکە، لەو ماوەیە خۆیان و بەختیان کە بلیتێکیان دەستدەکەوێت یاخود نا.
کۆرالی بروکس، لەنێو قەرەباڵخی خەڵکدا کاخەزێکی بەدەستەوە بوو و داوای بلیتی دەکرد و بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت ئەوە بکەم چونکە بلیتم نییە".
لەو کاتەدا کەسێک بە ناوی ئۆگنێن بێلک دێت و دەپرسێت: "تۆ بەدوای بلیتدا دەگەڕێی؟".
بروکس دەڵێت: "تۆ هەتە؟!".
بێلک: "بەڵێ".
بروکس: "ئۆو واو، زۆر سوپاس".
لە کاتی هەڤپەیڤینەکەماندا بەخت یاوەری کۆرالی بوو و گەنجێکی سڕبی بلیتەکەی خۆی پێبەخشی.
ئۆگنێن بێلک، گەنجە سڕبییەکە، لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت: "راستگۆبم بۆیە بلیەتەم بەخشی چونکە حەزم لەم فیلمە نییە، جارێکی دیکەش بەخشیومە، ئەو کات قاتی فەرمیم لەبەر نەبوو و کاتیشم نەبوو بچم جلم بگۆڕم، بۆیە ناچار بەخشیم بە کەسێک کە بلیەتەکەی دەویست".
لەبەرامبەردا کۆرالی بروکس گوتی: "زۆر دڵخۆشم و سوپاسی ئەو کوڕە دەکەم، زۆر خۆشە ئێستا دەتوانم بڕۆم و بچمە لای هاوڕێکانم کە بلیتیان هەیە، بەهەمان شێوازی من دەستیانکەوت بۆیە زۆر دڵخۆشم".
دەستکەوتنی بلیتی فیلمەکانی فێستیڤاڵی کان لە رێگەی ئۆنڵاینە و بێ بەرامبەرە، هەر مامەڵەیەکیش بە بلیتەکان لای بینەران رێگەپێنەدراوە و سزای بۆ دانراوە، تەنانەت لە کان ئەگەر بلیتێک دیاری بکەی و نچێت بۆ سەیرکردنی، ئەوکات فێستیڤاڵ بەیەکجاری بلۆکت دەکات لەسەیرکردنی هەر فیلمێکی دیکەی فێستیڤاڵ، بۆیە خەڵک بلیت دەبەخشنە یەکدی و بێبەرامبەرە.
لە 77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، لە ماوەی 12 رۆژدا نزیکەی 150 فیلم لە 28 ژووری سینەمای تایبەت بە فێستیڤاڵ نمایش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ