كچە كوردێك بەشداری كێبڕكێیەكی نێودەوڵەتی شاجوان دەكات

23-09-2019
دیمەن بورهان
نیشانەکردن شاجوان جاسمین ئەردەڵان
A+ A-

رووداو - هەولێر 

خانمێكی كوردی دانیشتووی ئوسترالیا بۆ یەكەمجار بەشداری لە ركابەریی شاجوانی یونایتد نەیشنس (نەتەوە یەكگرتووەكان) دەكات كە 40 كەس لە 40 وڵاتی جیاوازەوە ركابەری لەسەر نازناوەكە دەكەن. ئەو خانمە وڵاتینامەی ئوسترالیای هەیە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ بەناوی كوردستانەوە بەشداری لەو پێشبڕكێیە دەكات كە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هیندوستان بەڕێوەدەچێت.


جاسمین ئەردەڵان محەممەد، تەمەنی 29 ساڵە و خەڵكی قەزای كۆیەیە. ماوەی 12 ساڵە لەگەڵ خێزانەكەی لە ئوسترالیا نیشتەجێیە. بڕوانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی منداڵ هەیە. ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ گەنجێكی مالیزی هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی كچێكن.

جاسمین هەمیشە سەرقاڵی كاری مرۆیی و پڕۆژەی خێرخوازی بووە، وەك خۆی دەڵێت ئێستا بەو خەونەی گەیشتووە "خەونی من كاركردن بوو لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە بواری هاوكاریی مرۆیی و پڕۆژەی خۆبەخشی. ئێستا بە خەونەكەم گەیشتووم و ماوەی چوار ساڵە بە خۆبەشی كاری وەرگێڕان بۆ ئەو پەنابەرە كوردانە دەكەم كە دێنە ئوسترالیا. سێ ساڵیشە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان خەریكی پڕۆژەی خێرخوازین بۆ منداڵان و كەسانی پەككەوتوو".

ئەمساڵ جاسمین دەیەوێت بەشداری پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتی بكات بۆ هەڵبژاردنی شاجوان. لەبارەی ئەو كێبڕكێیە و بەشداریكردنیشی دەڵێ: "لە كێبڕكێی شاجوانی یونایتد نەیشنس، هەموو وڵاتێك دەتوانێت بەشدار بێت. هەر ساڵە لە وڵاتێك بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەمساڵیش ركابەرییەكە لە هیندوستان بەڕێوەدەچێت. كێبڕكێیەكە بۆ سێ گرووپی جیاوازە و بەسەر چەند لیستێكدا دابەش بوون. ئەوانیش هەڵبژاردنی شاجوان بۆ كچان، شاجوانی ژنە جیابووەوەكان لە هاوژینەكانیان و هەروەها هەڵبژاردنی شاجوان بۆ ئەو ژنانەی هاوژین و منداڵیان هەیە".

جاسمین یەكێكە لە بەشداربووەكانی ركابەری لە كێبڕكێی شاجوانی گرووپی سێیەم و دەڵێت: "لەم كێبڕكێیەدا ژنانی تەمەن 28 بۆ 52 ساڵی لە وڵاتە جیاوازەكان بەشدار دەبن. 40 ژنی 40 وڵات لە ركابەریدا دەبن بۆ لەسەرنانی تاجەكە. من دەمتوانی لەسەر ناوی ئوسترالیا بەشداری بكەم، بەڵام لەسەر ناوی كوردستان و وەكو ژنە كوردێك و تاكە نوێنەری كوردستان و عێراقیش بەشداری ركابەرییەكە دەكەم، چونكە من كوردم و هیچ شتێك ناتوانێت ئەمە بگۆڕێت، دەمەوێت ناو و توانای ئافرەتی كورد پێشانی دونیا بدەم".

بەگوتەی جاسمین، ئەم ركابەرییە جیاوازە لەو كێبڕكێیانەی كە جوانی و لەشولار مەرجی سەرەكییە بۆ بەدەستهێنانی تاجەكە و دەڵێت: "پێوەری یەكەمی ركابەرییەكە كاری خۆبەخشی و ئاستی رۆشنبیریی بەشداربووەكانە نەك جوانی و لەشولاری رێك، بەڵام ئەگەر بەشداربووەكە كەسێكی چالاك و لێهاتوو بێت لە بواری خێرخوازیدا، لەپاڵیشیدا خاوەن لەشولارێكی رێك بێت، چانسی زیاتری هەیە بۆ تاج لەسەرنان".

گوتیشی: "یەكێك لە خەسڵەتەكانی ئەم كێبڕكێیە ئەوەیە كە بەشداربووەكانی دەبێت ساڵێك پێشتر ناوی خۆیان تۆمار كردبێت و بڕی 2500 دۆلاریان دابێت بە سەرپەرشتیارانی پرۆسەكە، ئەوانیش لەبەرامبەردا تاجێك و جلوبەرگی شاجوانی دەدەن بە بەشداربووەكان و لەماوەی ساڵێكدا دەتوانن كاری خێرخوازی بكەن، كێبڕكێیەكەش لە سەرەتای مانگی 11ـی داهاتوو بەڕێوەدەچێت".

جاسمین كە پێشتر كاری مرۆیی و خۆبەشی كردووە، پێیوایە بتوانێت ئەنجامێكی باش لە ركابەرییەكە بەدەستبێنێت. ئەو دەڵێ: "پێشبینی دەكەم بەهۆی زۆریی كار و چالاكییەكانی چەند ساڵی رابردووم، ئەگەر تاجی شاجوانیش لەسەرنەكەم، نازناوێكم پێبدرێت. ئەو تاجەش دەبێتە موڵكی خۆمان، دەتوانین بەردەوام و لە هەر وڵاتێك بێت كاری خێرخوازی پێ بكەین".

ئەو ژنە كۆییە داوای پشتیوانی و هاندان لە خەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت: "باوكم و هاوژین و خێزانەكەم زۆر هاوكارمن و هانم دەدەن، دەمەوێت خەڵكی كوردستانیش پشتگیریم بكەن، چونكە پێویستم بە پاڵپشتی خەڵكی كوردستانە، تا بتوانم كارە خێرخوازییەكانم لە كوردستانیش بكەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە