رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند گانی میرزۆ، کۆنسێرتێک لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا دەگێڕێت و داهاتی کۆنسێرتەکە بۆ قوربانییانی ئەم دواییەی بوومەلەرزەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریایە.
گانی میرزۆ، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی بارسێلۆنای ئیسپانیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرووپی گانی میرۆز، جگە لە خۆی؛ لە دوو ئەندامی دیکە پێکهاتووە، رۆژی پێنجشەممە 23ـی ئازاری 2023 کۆنسێرتێک لە ڤالێنسیا سازدەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا، جگە لە میوزیک و گۆرانی، بەڵگەفیلمی 'هارمۆنیای دوای جەنگ'ـی بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداو و چەند دیمەنێکی کاریگەری و زیانەکانی بوومەلەرزە پێشان دەدرێن.
'هارمۆنیای دوای جەنگ' باس لە جەنگ و هونەر لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و رۆڵی هونەر لە جەنگدا دەخاتەڕوو.
فیلمەکە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە 2018 بەرهەمهێنراوە، دوو دەرهێنەری ئەرجەنتینی کاری دەرهێنانیان بۆ کردووە و لە ماوەی یەک ساڵدا وێنەگیراوە.
لە بەڵگەفیلمەکەدا میوزیکژەنی ئەرمەنی و ئیسپانی بەشدارن و دیمەنەکانی لە رەققە، قامشلۆ و کۆبانێ تۆمارکراون.
گانی میرزۆ، لە 1968 لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە ئەوروپا درێژەی بە خوێندنی میوزیک داوە و ماوەی 20 ساڵە لە بارسێلۆنا دەژی و چالاکییەک هونەرییەکانی ئەنجام دەدات.
ئەو هونەرمەندە کوردە، لە رێگەی فێرگەیەکی میوزیکی بەناوی خۆی بۆ کوردانی ئێزدی کە قوربانی دەستی داعش بوونە، گرووپێکی میوزیکی بەناوی گرووپی گانی میرزۆ دامەزراندووە و لە 2022 چالاکییەکانی دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ