رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سووری سعودی، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لەگەڵ گۆڤاری 'ڤانێتی فێیەر'، شەش سینەماکاری ژنی خەڵاتکرد.
خەڵاتەکە بەهۆی هەنگاونانی گەورە و شکاندنی بەربەستەکان و رێگە خۆشکردنی بۆ نەوەی داهاتوو، لە شاری ریڤیێرای فەرەنسا بەخشرا.
جومانا راشد، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەزگای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، پاڵپشتیی و هاندانی فێستیڤاڵەکەی بۆ دەنگی ژنان دووپاتکردەوە کە بە بڕوای ئەو، لە رێگەی سینەماکار و فیلمسازانی ژن، سینەمای گەشە دەکات و بەرەو پێش دەچێت.
لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە، دوو سینەماکاری ژن خەڵاتکران، ئەویش فاتیمە نەبەوی، ئەکتەر، دەرهێنەر و نووسەر بوو، هەروەها میلا زەهرانی، ئەکتەری سعودی بوو.
سارا عەلی خان، ئەکتەری هیندی، تارا عیماد، ئەکتەر و نمایشکاری جلوبەرگی میسری، رەزان جەمال، ئەکتەری بەریتانی - لوبنانی و گاید ئۆسیبرۆ، دەرهێنەر، نووسەر و بەرهەمهێنەری نێجیری، چوار هونەرمەندەکەی دیکە بواری سینەما بوون و لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتکران.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سووری، نزیکەی سێ ساڵە دامەزراوە و بڕیارە خولی سێیەمی لە 30ـی تشرینی دووەم و تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە شاری جەدەی سعودیە سازبکرێت.
نوێنەری زۆربەی فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا، لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ئامادەبوونە و بەشێکیان پڕۆژە نوێ و هاوبەشەکانیان رادەگەیێنن و چالاکی ئەنجام دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ