مالمیمە یەکەم پێشانگەی شێوەکاریی لە کوردستان دەکاتەوە

19-05-2024
پەسار فایەق
مالمیمە، شێوەکارێکی کورد
مالمیمە، شێوەکارێکی کورد
نیشانەکردن مالمیمە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مالمیمە، شێوەکارێکی کوردە لە ئەنەتۆڵیای تورکیا و لە ئەڵمانیا دەژی، دوای کردنەوەی دەیان پێشانگەی شێوەکاری لە وڵاتانی ئەوروپا، یەکەم پێشانگەی تایبەتیی خۆی لە هەولێری باشووری کوردستان کردەوە.
 
پێشانگەکە ئیوارەی شەممە 18ـی ئایاری 2024 لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هێلان"ـی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ و گەلەری سێڤ، لە گەلەری فرێمینگ کرایەوە.  
 
شێوەکار نوێترین ئەزموونی هونەریی خۆی لە پێشانگەکەدا خستەڕوو، لە دەستپێکی پێشانگەکەدا دڵخۆشی خۆی پێشاندا کە بۆ یەکەمجارە پێشانگەیەک لە کوردستان دەکاتەوە.
 
مالمیمە، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی ئایاری 2024 میوانی نووڕۆژی رووداو بوو و باسی لە یەکەم سەردانی بۆ باشووری کوردستان و پێشانگەکەی لە هەولێر کرد.
 
مالمیمە، رایگەیاند، تەمەنی 52 ساڵە و بە حەسرەتی کوردستان ژیاوە، بۆیە بۆی گرنگ بووە پێشانگەیەک لە کوردستان بکاتەوە و دڵخۆشە بەو پێشوازیەی لە پێشانگەکەی کراوە.
 
لەبارەی مژاری تابلۆکانی لە پێشانگەکەدا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە تابلۆکانیدا میوزیکی کێشاوە، میوزیکی هونەرمەندانی کورد، فەرەنسی و ئەڵمانی. گوتیشی، ئەو وێنەکێشە، بەڵام لە هەمانکاتتدا نمایشی هونەریش دەکات و بەشێوەیەکی راستەوخۆ پێشکێشان دەکات.
 
مالمیمە، بەشێک لە کارە هونەرییەکانی بەشێوەی ئۆنلاین بۆ فرۆشتن خستووەتەڕوو، بەڵام بە بۆچوونی ئەو لە 5٪ هونەرمەندانی شێوەکار دەتوانن لە رێگەی هونەرەکەیان بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن.
 
مالمیمە، ناوی تەواوی حەسەن حوسێنە و لە 1972 لە ئەنەتۆڵیای ناوین لە تورکیا لەدایکبووە، نازناوی مالمیمەی لە ناوی ماڵباتەکەی وەرگرتووە، لە 1994 رووی لە ئەڵمانیا کردووە، هەر لە وڵاتە لە بواری هونەری شێوەکاری خوێندوویەتی، خاوەنی دەیان پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە لە ئەوروپا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە