جۆنی دێپ رۆڵی شا لویسی پازدەیەم دەگێڕێت

16-07-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن جۆنی دێپ شا لویسی پازدەیەم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکانی دادگە و بڕیاردانی لە بەرژەوەندی جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی، ئەو ئەکتەرە بەشداری لە فیلمێکی نوێی سینەماییدا دەکات.
 
دێپ، بەهۆی تۆمەتبارکردنی لەلایەن ئەمبێر هێرد، ئەکتەری سینەمایی و هاوژینی پێشووی، بە بەکارهێنانی توندووتیژی خێزانی، هیچ کۆمپانیاییەک ئامادە نەبوو لە فیلمەکانیاندا بەشداری پێبکات، بەڵام لە دوای بڕیاردانی دادگە لە بەرژەوەندی دێپ، دووبارە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی لە هۆلیوود و جیهاندا دەرگایان بە روویداو کردووەتەوە.
 
ئەو فیلمەی بڕیارە دێپ رۆڵی سەرەکی تێدا بگێڕێت، بەناوی'Jeanne du Barry'یە و لە دەرهێنانی مایوین، دەرهێنەری فەرەنسییە و لە جۆری بەرهەمە درامایی و مێژووییەکانە و بڕیارە بەم نزیکانە کاری وێنەگرتنی بۆ بکرێت.
 
لەم بەرهەمەدا دێپ، رۆڵی شا لویسی پازدەیەم دەگێڕێت کە 59 ساڵ فەرمانڕەوایی فەرەنسای کردووە و بۆ ئەم مەبەستە دێپ ئێستا لە پاریسە.
 
جۆنی دێپ، لە 9-7-1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
 
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street' رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
 
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی ' What's Eating Gilbert Grape' و فیلمی 'Benny and Joon' لە 1993، دواتریش لە فیلمی 'Dead Man' لە 1995، هەروەها لە فیلمی 'Donnie Briscoe' لە 1997 و 'Loathing in Las Vegas' لە 1998.
 
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلار بووە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
 
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە